|
سڤیل:
رائد ئەلعەزاوی- قاهیرە، تایبەت بە سڤیل
رۆژی سێشەممە 25ی یەنایری 2011 لەقاهیرە
رۆژێكی زۆر ساردبوو، دەنگوباس بڵاوبووەوە، كە
خۆنیشاندانێكی گەورەی هاوشێوەی
خۆنیشاندانەكانی تونس سازدەكرێت، كە بەر
لەچەند رۆژێك كۆتایی بەرژێمی (زێن ئەلعابدین)
هێنابوو. بەرەبەیانی ئەو رۆژە بۆ ئامادەكردنی
راپۆرتێك بۆ (سڤیل) چوومە ناوەڕاستی قاهیرە،
نزیك بارەگای سەندیكای رۆژنامەنوسان لەشەقامی
(عەبدولخالق سەروەت) كە تەنیا 400 مەتر
لەگۆڕەپانی تەحریرەوە دوورە، چونكە دەمزانی
بەهێزترین خۆنیشاندانەكانی لەپێشووتریشدا هەر
لەوێوە دەستیان پێكردووە.
بەئۆتۆمبێلی شەخسی خۆم نەڕۆیشتم، بەمیترۆ چووم
و لەوێستگەی جەمال عەبدولناسر دابەزیم، لەلای
سەندیكا تەنیا (محەمەد عەبدولقدوس)م بینی،
ئاڵایەكی میسری بەرزكردبووەوەو پڕ بەدەنگی خۆی
لەمیكرۆفۆنێكەوە هاواری دەكرد "ئازادی ئازدی
لەكوێی تۆ ئازادی". شەقامەكان چۆڵ بوون، ویستم
پەیوەندی بەچەند هاوڕێیەكمەوە بكەم، بەڵام
هێڵی مۆبایل بەباشی كاری نەدەكرد.
چوومە گۆڕەپانی تەحریر، پۆلیس و هێزە
ئەمنییەكان كۆنتڕۆڵیان كردبوو. تا نزیكەی
كاتژمێر 12 هاتوچۆ ئاسایی بوو. لەوێ بەرەو
شەقامی بارەگای كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی
بەڕێكەوتم، چەند لاوێكی كەمم بینی، لەماوەی 2
كاتژمێردا ژمارەیان بوو بەهەزاران كەس و بەرەو
پردی (15ی مایوو) لەگۆڕەپانی تەحریر
بەڕێكەوتن، بەر لەگەیشتنیان لەگەڵ پۆلیس
رووبەڕوو بوونەوە و بڵاوەیان پێكرا.
رۆژی 25ی یەنایر رێكەوتی یادی دامەزراندنی
پۆلیسی میسری بوو، لەو رۆژەدا چالاكوانە
سیاسییەكان لەرێگای ئینتەرنێتەوە بانگەوازی
خۆنیشاندایان دەكرد. هەریەكە لە(وائیل غەنیم)
و (عەبدولڕەحمان مەنسور) كە دوو چالاكوان
بوون، لەسەر ماڵپەڕی فەیسبووك پەیجێكیان
بەناوی "هەموومان خالد سەعیدین" كردەوە، ئەو
كەسەی لەژێر ئەشكەنجەی پۆلیسی میسریدا لە 2010
كوژرا و ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێكەوتەوەو
بووە سەرەتایەك بۆ شۆڕشی 25ی یەنایری 2011.
دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەم شۆڕشەدا، كە
كۆتایی بەفەرمانڕەوایەتی 30 ساڵەی موبارەك
هێنا، (سڤیل) رووداوەكانی ئەو رۆژە
دەگێڕێتەوە، كە لەناویاندا بووە.
رۆژی 25ی یەنایر خۆنیشاندەران بەهوتافی "الشعب
یرید اسقاگ النڤام" دەستیان بەخۆنیشاندان كردو
پۆلیس بەهێزەوە لەگۆڕەپانی تەحریر رووبەڕوویان
بوونەوەو تێیدا 3 هاوڵاتی و پۆلیسێك كوژران.
خۆنیشاندانەكان جگە لەقاهیرە شارەكانی: دمیات
و ئەسیوت و ئەسكەندەریە و مەنسور و سوێس و
ئیسماعیلیە و تەنتا و تەواوی شارەكانی باكووری
قاهیرەشی گرتەوە. خۆنیشاندەران هۆتافی "تونس
چارەسەرە"، "بڕوخێ حوسنی موبارەك"یان
دەگوتەوە. ئەو رۆژە وەزارەتی گەیاندنیش تەواوی
خزمەتگوزاریەكانی هێڵی موبایلی راگرت و بەشەو
خستیەوە كار.
لەرۆژی دووەمدا خۆنیشاندان بەردەوام بوو و
خەڵك هوتافی "ارحل"یان دەگوتەوە. پۆلیس لەگەڵ
دە هەزار خۆنیشاندەر لەنێو گۆڕەپانی تەحریر
رووبەڕوو بۆوە، لەشارەكانی تریش خۆنیشاندان
لەتەشەنەسەندندا بوو. دەسەڵاتی میسری هەردوو
ماڵپەڕی فەیسبووك و تویتەری فلتەركرد، كەچی
دزە كرایە نێو ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆ و حزبی
نیشتمانی فەرمانڕەوا و پێگەی سەرەكی
سەرۆكایەتی میسر و پەكیانخرا. لەدووەم رۆژدا 7
قوربانی كەوتەوە.
بابەتی خۆنیشاندانەكان لەكەناڵە میسرییەكاندا
وەك شتێكی ئاسایی تەماشا دەكرا، رۆژنامەی
ئەلئەهرام دەرچوو بەمانشێتێكی دوور لەبابەتی
خۆنیشاندانەكان، رۆژنامەی جمهوریەتیش بە
مانشێتی "تێكدەران دەیانەوێت میسر وێران بكەن"
دەرچوو.
هاوكاتی قاهیرە لەرۆژی سێیەمدا خۆنیشاندانەكان
لەشارەكانی ئیسماعیلیەو تەنتا دەستیانپێكرد.
خۆنیشاندەران چوونە نێو بارەگای وەزارەتی
دەرەوەی میسریەوە و لەشەقامەكانی شاردا گڕیان
بەردایە تایەی ئۆتۆمبێل. ناڕەزاییەكان
شارەكانی (سوێس) و (شبین الكوم) و شارەكانی
تریشیان تەنیەوە، لەوكاتەشدا (وائلی غەنیم)ی
بریكاری كۆمپانیای گۆگڵ لەمیسر لەبارودۆخێكی
گوماناویدا بێسەروشوێن كرا، حكومەتیش تەواوی
خزمەتگوزاریەكانی ئینتەرنێتی راگرت.
لەرۆژی چوارەمدا نزیكەی كاتژمێر 1ی دوای
نیوەشەو، هەڵمەتێكی بەرفراوانی دەستیگركردنی
چالاكوانانی سیاسی لەریزی ئیخوانەكاندا
دەستپێكرد. لەبەرەیانی داهاتوودا لەنزیك
بارەگای تەلەفزیۆنی میسری وەستابووم، لای
نوسینگەی ویستگەی رادیۆیی BBC. دوای نوێژی
هەینی سەدان هەزار خۆنیشاندەر لەقاهیرەو
ئەسكەندەریە و سویس و مەنسورە و ئیسماعیلیە و
دمیات و فیوم و دمنهور و بور سەعید و پارێزگای
باكووری سینا دەستیان پێكردەوە. لەقاهیرە
پۆلیس بەهەموو شێوەیەك هەوڵیدا رێگە
لەخۆنیشاندەران بگرێت بگەنە مەیدانی تەحریر،
بەڵام شەپۆڵی خۆنیشاندەران هەرهات و بەردەوام
بوو، بەرەو كۆشكی سەرۆكایەتی بەڕێكەوتن و
هوتافی كەوتنی رژێمی موبارەكیان دووبارە
دەكردەوە، پۆلیس و هێزە ئەمنیەكان لەبەرامبەر
خۆنیشاندەراندا بەچۆكدا هاتن و ژمارەیەكی
زۆریان رایاندەكرد و جلە سەربازیەكانی خۆیان
دادەكەند و دەیانخستە نێو رووباری نیلەوە،
هاوشێوەی رووداوەكانی ساڵی 2003ی بەغدا.
لەعەسری هەمان رۆژدا خۆنیشاندەران كۆنتڕۆڵی
تەواوی هەردوو شاری ئەسكەندەریە و سوێسیان
كرد. لەئەسكەندەریە هەموو بنكەكانی پۆلسیان
سوتاند، هێزە ئەمنیەكان لەشارەكە
پاشەكشەیانكرد و رایانكرد. كەچی لەسوێس
خۆنیشاندەران دەستیان بەسەر چەك و تەقەمەنی
بەشی پۆلیسدا گرت و بۆمبی فرمێسكڕێژیان دژ
بەپۆلیس بەكارهێنایەوە. لەقاهیرەش
خۆنیشاندەران دەسیان بەسەر بارەگاكانی هێزە
ئەمنیەكان و بارەگاكانی حزبی نیشتیمانیشدا گرت
و سووتاندیان، هەروەك لەچەند شارێكی تریش ئەمە
روویدا. خۆنیشاندەران لەشوێنی لەدایكبوونی
موبارەكدا لە(شبین الكوم)ی پارێزگای مەنوفیەدا
تەواوی وێنەكانی موبارەكیان لەناوبرد.
نزیكەی كاتژمێر 5ی دوای نیوەڕۆ هێزەكانی سوپا
گەیشتنە نێو گۆڕەپانی قاهیرە، ئێوارەی هەمان
رۆژ فەرمانڕەوای سەربازی بڕیاری قەدەغەكردنی
هاتوچۆی دا لەقاهیرە و ئەسكەندەریە و سوێس،
بەڵام خۆنیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری هەر
بەردەوام بوو.
زرێپۆشەكانی سوپا رژانە نێو شەقامەكانی شار بۆ
هاوكاریكردنی هێزەكانی پۆلیس كە بەرگەی فشاری
خۆنیشاندەرانیان نەدەگرت. لەوكاتانەدا چەندین
حاڵەتی دزی و تاڵان و راوڕووت دەستپێكرد.
دەسەڵات رایگەیاند، كە خۆنیشاندەران ئەم
كارانە دەكەن، بەڵام دواتر دەركەوت ئەو
كەسانەی وەزارەتی ناوخۆ لەزیندانەكاندا بۆ
ترساندنی خەڵك ئازادیان كردبوون، ئەوانن ئەو
كارانە ئەنجام دەدەن.
بەڵام لەهەینی "توڕەیی"دا حكومەتی میسری
بەتەواوەتی جڵەوی كاروباری لەپارێزگاكانی سوێس
و ئەسكەندەریەدا لەدەست دەرچوو، لەهەمان
كاتیشدا لەسەرتاسەری میسردا خۆنیشاندانی سەدان
هەزاری بەڕێوە دەچوو، زۆرینەی بارەگاكانی حزبی
نیشتمانی و پۆلیس وێرانكران، بۆرسەی میسری
هەرەسی هێنا و بە بەهای 72 ملیار جونەی میسری
زیانی پێگەیشت. لەنزیك بارەگای باڵوێزی
ئەمریكی و بەریتانی لەشەقامی (ئەلقەسڕ)
ئۆتۆمبێلێكی مەعدەنی سەر بەدەستەی دیبلوماسی
دەیان كەسی لەخۆنیشاندەران پانكردەوەو لانیكەم
15 كەسی كوشت و دەیانی تریشی زامدار كرد،
دواتر دەركەوت ئۆتۆمبێلەكە سەر بە باڵوێزخانەی
ئەمریكا بووە.
|