دادگا ئیسلامیەكانی سۆماڵ .. ئەزموونێــكی تـری تاڵیبان  
 

سڤیل: مەریوان عومەر

قەدەغەكردنی ددانی زێڕ و مەمكــــدان و لغاوی ئاسنینی گوێدرێژ و موسیقا و فیلم

لەو چەند رۆژەدا جارێكی تر ئیسلامیەكانی سۆماڵ جۆرێك لە رێوشوێن و رێسا بە ناوی جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی پێڕەو دەكەن، زۆر لە رەخنەگرانیش ئەو ئیسلامیانە بە كۆپیەكی تری تاڵیبانی ئەفغانی وەسف دەكەن. لە نمونەی ئەو جۆرە كارڕاییانە، سەپاندنی جۆر و شێوەی دیاریكراوی جلوبەرگی ژنان و پیاوان و جیاكردنەوەی هەردوو رەگەز لە یەكتر لە شوێنە گشتییەكان و ناچاركردنی خەڵك بە داخستنی فرۆشگاكانیان لە كاتی نوێژەكاندا، رێگرتن لە بەكارهێنانی لغاوی ئاسنین بۆ گوێدرێژەكان و قەدەغەكردنی تەماشاكردنی فیلم و گوێگرتن لە مۆسیقا و بڕینی قژی درێژی لاوان. هەموو ئەوانەش بە بیانووی پێچەوانەبوونیان لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی.
لە نێو هەندێك گرووپی توندڕەوتری ئەو چەكدارە ئیسلامیانەدا، رێوشوێنی توندتریش دەگیرێتەبەر، وەك قەدەغەكردنی بەستنی مەمكدان لە لایەن ئافرەتان و قەدەغەكردن و كێشانی ددانی زێڕ.
زۆر كەس پێیان وایە چیرۆكی جێبەجێكردنی حوكمەكانی شەریعەتی ئیسلامی، رەگوڕیشەی لە كۆمەڵگای دوای جەنگی ناوخۆی سۆماڵدا دروست بووە. سەرەتا لە ساڵی 1991 و دوای رووخانی دەسەڵاتی ناوەندی، ئیسلامییەكانی سۆماڵ ئەو بیرۆكەیان وەك دروشمێك بەرزكردەوە. لەوكاتەشدا ئەو بیرۆكەیە هێندەی دروشمێكی حەماسیانە بوو، بۆ كارتێكردن لە دەروونی ئەو ئیسلامیانەی بە درێژایی فەرمانڕەوایەتی سەرۆكی پێشووی سۆماڵ (جەنەڕاڵ محەمەد سیاد بری) (1969-1991) كاری سیاسیان لێ قەدەغەكرابوو، هێندە بیرۆكەیەكی دیراسەكراو نەبوو.
یەكەمین ئەزموونی جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی بە شێوەیەكی سادە بوو، وەك لێدانی جەڵدە و سەركۆنەكردن و سزادان لە شوێنە گشتییەكان، بەڵام هەر دوای هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ ئەو رێوشوێنانەش نەمان، چونكە ئیسلامییەكان بارودۆخێكی شیاویان بۆ جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی نەبوو. پاشان لە ساڵی 1993 لە چەند ناوچەیەكی باشووری مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵدا، «موسا سودی یەلحو» سەركردەی پێشووی جەنگ بە هاوكاری باڵی ئیسلامییە سەلەفیەكان جارێكی تر بە شێوازێكی سادە شەریعەتی ئیسلامی پێڕەوكردەوە، بەڵام ئەمەشیان زۆری نەخایاند. دواتر لە ساڵی 1994 لەناوچەكانی باكووری مەقادیشۆ ئەزموونێكی تری بەهێزی جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی هاتە كایەوە، ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشووی سۆماڵ «عەلی مەهدی مەحەمەد» بوون. لەو ناوچانەدا دادگا ئیسلامییەكان خەسڵەتێكی خێڵەكیان هەبوو و دەسەڵاتیشیان تەنیا ئەو ناوچانەی ژێر دەستی «عەلی مەهدی»یان دەگرتەوە. ئەو ئیسلامیانەی سەركردایەتی ئەو ئەزموونەیان دەكرد، باڵی سۆفییەكان بوون و ئەوانی تر قورساییەكی ئەوتۆیان نەبوو.
ئەو دادگا ئیسلامیانە لەكاتی پاشاگەردانیدا دروستكران و زیاتر مامەڵەیان لەگەڵ كێشە مەدەنییەكان و تاوانە گەورەكانی وەك كوشتن و تاڵان و دزیدا دەكرد. دادگاكان هەرخۆیان رۆڵی پۆلیسیشیان دەبینی و تۆمەتبارانیان دەسگیر دەكرد و حوكمیشیان دەدان. بەهۆی ئەوەی توانیان لەناوچەیەكی بەرفرەوانی سۆماڵدا سەقامگیری بگێڕنەوەو دزی و راووڕووت بنەبڕ بكەن، جەماوەرێكی زۆریان بۆخۆیان دروست كرد. چەندین حوكمی رەجمكردنی زیناكەران و دەستبڕین و دەست و قاچ بڕینی ئەو كەسانەی چەتەیی و رێگریی دەكەن، جێبەجێ كرد، هەروەك بە نمایشكردنی دەستوقاچی بڕاوی تاوانباران لە شوێنە گشتییەكاندا، ترسێكی زۆریان لە دڵی باندەكانی دزی و راووڕووتدا دروست كرد. هەموو جۆرێكی سزادانیش لە لەسێدارەدان و بەردبارانكردن لەشوێنە گشتییەكان و بە ئامادەبوونی هەزاران كەس ئەنجام دەدران. ئەو ئەزموونەش تا ساڵی 1997 بەردەوام بوو. بەڵام لە چەندین لایەنەوە رەخنە لەو رەفتارانەیان گیرا، بەهۆی نەگرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر بە تۆمەتباران. ئێستا ئەم جۆرەی ئیسلامییەكان لەگەڵ دادگا ئیسلامییەكانی ئێستا لەباشووری سۆماڵدا جارێكی تر گەڕاونەتەوە.
لەساڵی 1997 بە هۆی دروستبوونی كێشە لە نێوان سەرۆك عەلی مەهدی و سەرۆكی دادگا ئیسلامیەكان «شێخ عەلی تەیری» دادگا ئیسلامیەكان لە نێوان خۆیاندا دابەش بوون و جارێكی تر فەوزا و پاشاگەردانی وڵاتی گرتەوە.
ساڵی 1998-2002 جارێكی تر دادگا ئیسلامییەكان گەڕانەوە، بەڵام بە هێزێكی كەمتر و توندڕەوییەكی كەمترەوە. هەروەها ژمارەی چەكدارەكانیشان كەمتر بوو، بۆیە تەنیا مامەڵەیان لەگەڵ كێشە مەدەنیەكان و تەمبێكردنی هەرزەكاران لەگەڵ خانەوادەكانیاندا دەكرد. ئەو دادگایانە هیچ فەرمانێكی بەردبارانكردن و دەستبڕین و سزای تری لەو شێوەیان دەرنەكرد. هەر لەو قۆناغەدا نفوزی باڵە سەلەفی و ئیخوانیەكان لە نێو ئەو دادگایانەدا لە پەرەسەندندابوو.
ساڵی 2002 كاتێك سەرۆكی پێشووی سۆماڵ «عەبدولقاسم سەڵاد حوسێن» گەیشتە دەسەڵات، جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لەنێوان ئەو و دادگا ئیسلامیەكاندا هەبوو، بە تایبەت كاتێك چەند كورسیەكی پەرلەمانیان پێدرا و دادوەرانی دادگا ئیسلامیەكانیش تێكەڵ بە دەزگا دادوەرییە لاوازەكانی حكومەت كران. بەڵام ئەو ئەزموونەش شكستی هێنا بەهۆی نەتوانینی عەبدولقاسم بە فراوانكردنی نفوز و دەسەڵاتەكەی لە مەقادیشۆ و ناوچەكانی تری سۆماڵ، چونكە سەركردە جەنگیە نەیارەكان مەقادیشۆ و ناوچەكانی تری وڵاتیشان لەنێوان خۆیاندا بەشكردبوو و دەبوونە رێگر لەبەردەم سەرۆكی تازەدا.
بۆیە دادگا ئیسلامییەكان بۆ جاری چوارەم كەوتنە بیركردنەوەوە بۆ گێڕانەوەی دادگا ئیسلامیەكان بەشێوەیەكی تۆكمەتر و بەهێزتر. بۆ ئەو مەبەستەش لە هەر ناوچەیەكی خێڵەكی وڵاتدا دادگایەكی ئیسلامیان دامەزراند، تا ژمارەیان گەیشتە دەیان دادگا، پاشان بیرۆكەی یەكگرتن و یەكخستنی كار و دۆسیەكانی ئەو دادگایانە دروست بوو. لە ساڵی 2004دا لە پاڵ لایەنی دادوەری، ئەو دادگایانە لایەنی سیاسیشان هەبوو، هەرچەندە هێشتا وەك بەرەیەكی سیاسی خۆیان رانەگەیاندبوو. تا دواتر پێكهێنانی «ئەنجومەنی دادگا ئیسلامیەكان» بە سەرۆكایەتی «شێخ شەریف شێخ ئەحمەد» سەرۆكی ئێستای سۆماڵ و «شێخ حەسەن تاهر ئاویس» سەرۆكی ئەنجومەنی شورای دادگاكان راگەیەندرا. لاوانی موجاهید لەریزی دادگاكاندا ناونوسكران، وەك باڵێكی بەهێزی دادگا ئیسلامیەكان. پاشانیش لەگەڵ سەكردەكانی جەنگ كە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكران، چوونە نێو جەنگێكی خوێناویەوە و لەناوەڕاستی 2006دا بە سەركەوتنی دادگا ئیسلامییەكان كۆتایی هات. بەڵام ئەمەش تەنیا 6 مانگ درێژەی كێشا، كاتێك ئەسیوپیا هاتە نێو كێشەكەوە و ئەم دۆخەش تا ساڵی 2009ی خایاند.
هەرچەندە كیانی دادگا ئیسلامییەكان بەهۆی دابەشبوونیان لە نێوان لایەنگران و نەیارانی سەرۆك شەریف شیخ ئەحمەددا لەرووی عەمەلیەوە لەبەینچووە، بەڵام هێشتا لەو ناوچانەی هەندێك گروپی ئیسلامی تێیدا باڵادەستن حوكمەكانی شەریعەتی ئیسلامی لە بەردبارانكردن و دەست بڕین و دەست و پێ بڕین بە ئامادەبوونی هەزاران كەس و لە شوێنە گشتیەكاندا جێبەجێ دەكرێت. ئەم حاڵەتەش لە لایەن رەخنەگرانی ئیسلامیەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی توندی لێ دەگیرێت، بە تایبەت جێبەجێكردنی سزاكان بەبەرچاوی خەڵكەوە، كاریگەری نێگەتیڤی دەروونی بەسەر خەڵكەكەوە جێدەهێڵێت. بەشێكیشیان پێیان وایە ئەم دۆخە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵیبانە لە سۆماڵدا.
شەرقلئەوسەت
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com