|
سڤیل:
مەریوان عومەر
پیاوە بەهێزەكەی ئۆباما
"ستیوارت لیفی" پیاوێكی لاوازی سادە و
نەرمگیرە، گاڵتەی بەو بۆچوونانە دێت، كە پێیان
وایە كارەكەی ئەو پێویستی بە فشار و
زۆربۆهێنان هەیە، بۆ رازیكردنی بانكی
نێودەوڵەتی و دامەزراوە بازرگانییەكان، كە
مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی سەركەشی وەك ئێران و
كۆریای باكوور كارێكی خراپە. بەڵام ئەو پلانەی
"ستیوارت" لەسەردانە دوور لەراگەیاندنەكانیدا
بۆ ژمارەیەك لەبانكە جیهانیەكان ئەنجامیدا، بۆ
بێبەشكردنی ئێران لەیارمەتی و كۆمەكە
داراییەكان، وایكرد لەئیدارەكەی بۆشدا ببێتە
گەورەترین بەرپرس لەدوای "رۆبەرت گەیتیس"ی
وەزیری بەرگریەوە، هەر بە هۆی ئەمەشەوە باراك
ئۆباما لەشوێنەكەی خۆیدا هێشتیەوە و
دەسبەرداری نەبوو.
هەرچەندە ئەو پیاوێكی بێدەنگە و لەنێو
ئەمریكیەكانیشدا هێندە ناسراو نیە، بەڵام ئەو
كەسێكە تاران لێی دەترسێت و رقیشی لێیەتی،
هەروەك دیپلۆماتێكی ئەوروپی دەڵێت "هەموو
بەرپرسە ئێرانیەكان دەیناسن و بە جوانی
ناوەكەی دەزانن".
دەستنیشانكردنی "لیفی" وەك جێگری وەزیری
خەزێنەی ئەمریكا و تایبەت بە تیرۆر و هەواڵگری
دارایی، ناڕەزایی توندی ئێرانی لێكەوتەوە و
لیفیان بە "یەكێك لەنوێنەرەكانی سەهیۆنیەكان
لەحكومەتی ئەمریكادا" وەسف كرد.
هێشتا ئۆباما رێگای بە ستیوارت نەداوە كارەكەی
خۆی بكات، بەڵام دەشزانێت، كە مامەڵەكردنی
تەنیای ئەو لەگەڵ ئێراندا ئەنجامی پێویستی
نابێت. ئێران هاوكاریكردنی ئاژانسی ئەتۆمی
نێودەوڵەتی سەبارەت بە دامەزراوە ناوكیەكانی
رەتكردۆتەوە. كاتێك تاران بەڵێنیدا سەرجەم
عەمبارەكانی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی پیتاندنی
بنێرێتە دەرەوە، ئەو بەڵێنانەی بەجێنەگەیاند،
لەوەش خراپتر دروستكردنی 10 دامەزراوەی تری
راگەیاند.
بەڵام وەك بەرپرسێكی ئیدارەی ئۆباما دەڵێت
"سەرۆك بەنیازە لەكۆتایی ئەمساڵدا سزای سەختتر
بەسەر تاراندا بسەپێنێت، گەر مل بۆ داواكاری
كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەدات. ئەوەی گرنگە، ئێمە
شێوازی ئاشتیانەمان لەگەڵ تاراندا بەكارهێنا،
بۆیە كەس ناتوانێت بڵێت ئەو ئیدارەیەش تەواو
وەك ئیدارەكەی بۆشە".
پاسەوانانی شۆڕش.. سەری مارەكە
ئێستا كاتی ئەوەیە "ستیوارت لیفی" بێتە
گۆڕەپانەكەوە و مانۆڕەكانی خۆی ئەنجام بدات.
كۆشكی سپی پلانێكی تۆكمەی بۆ فشاری ئابووریی
لەسەر ئێران پەسەند كردوە، كە ستیوارت تێیدا
رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت. یەكێكیش لەئامانجە
سەرەكیەكان "پاسەوانانی شۆڕشی ئێرانی" دەبن.
ئەو هێزەی دەستی بەسەر وڵات و ئابوورییەكەیدا
گرتوە. لەوەتەی دواین هەڵبژاردنەكانی
ئێرانیشەوە ئەو هێزە بە هۆی پەلاماردان و
كوشتنی خۆنیشاندەران ناوبانگێكی خراپتری پەیدا
كردوە، دەستی بەسەر كۆمپانیای پەیوەندیەكانی
ئێرانیدا گرتوە، بە گوێرەی گرێبەستێكی 8 ملیار
دۆلاری، بە توندی دەستی بەسەر سیستەمی تەلەفۆن
و ئینتەرنێتی وڵاتدا گرتوە. هەروەك
دەسەڵاتەكانی ئەو هێزە هەردوو كەرتی دارایی و
وزەشی لەئێراندا گرتۆتەوە، ئەو دوو لایەنەی
"لیفی" بە وردی كاریان لەسەر دەكات. خۆشی
لەدیمانەكدا گوتویەتی "پاسەوانانی شۆڕش
دەستیان بەسەر بەشێكی گەورەی ئابووریی ئێراندا
گرتوە، كۆمپانیا كێبڕكێكارەكان دوور دەخاتەوە
و هەمیشە لایەنی یەكەمی براوەی گرێبەستەكانە،
بێ ئەنجامدانی كەمكردنەوە. ئەوەش رق و بێزاری
لەنێو خەڵكی ئێراندا بەرامبەر بەو هێزە دروست
كردوە".
لەكاتێكدا سەركردەكانی ئەو هێزە پێیان وایە
پاسەوانانی شۆڕش قەڵغانێكن شۆڕشی ئیسلامی
دەپارێزن و ناشكەوێتە گەندەڵیەوە، بەڵام
دەگوترێ زۆر لەسەركردەكانی بوون بە دەوڵەمەندی
گەورە و لەوڵاتانی دراوسێی وەك دوبەیدا خەریكی
بازرگانین. بەرپرسێكی هەواڵگریی ئێرانیش دەڵێت
"ئەوەی ئەو هێزە دەڕوخێنێت، گەندەڵیەكەیەتی،
ماوەی 20 ساڵە رابەری باڵای شۆڕش و حكومەتە
یەك لەدوای یەكەكان رێگای پێی دەكەن پارەیەكی
زۆر بە نهێنی كۆبكاتەوە". لەساڵی 2007یشدا
ئیدارەی بۆش هیزەكانی "قودسی" دەستەبژێری نێو
پاسەوانانی شۆڕشی خستە ریزی رێكخراوە
تیرۆریستیەكانەوە.
گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی لەدژی ئێران
ئێستا ئۆباما پاڵپشتیەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ
سەپاندنی سزای سەخت بەسەر ئێراندا. یەكێتی
ئەوروپا، كە لەسەردەمی بۆشدا لەگەڵ رێگاچارەی
تونددا نەبوون، ئێستا داوا دەكەن ئەو شێوازی
مامەڵەیە لەگەڵ تاران بگۆڕێت. وەزیرانی
دەرەوەی یەكێتیەكە بەیاننامەیەكیان دەركردوەو
داوا دەكەن سزای تازە لەئەنجومەنی ئاسایشەوە
بخرێتە سەر تاران. كۆنگرێسی ئەمریكیش بە
هەماهەنگی هەردوو حیزب لەهوڵی دەركردنی
یاسایەكدان، كە سزای گشتگیر بخاتە سەر تاران و
وەبەرهێنانەكانیش لەو وڵاتەدا بكێشێتەوە.
یاساكە هەر جۆرە مامەڵەیەكی بازرگانی هەر
كۆمپانیایەك لەگەڵ ئەمریكادا قەدەغە دەكات، كە
تەكنەلۆجیای هەستیار بۆ ئێران بگوازنەوە.
ئێستا ئەو كۆمپانیایانەی لەئێراندا كار دەكەن
لەژێر فشاری زۆردان، لەنێوانیشاندا كۆمپانیای
"یلانس"ی زەبەلاحی هیندی، كە چەند ساڵێكە وزە
و كەرەسە پترۆكیمیاویەكان بۆ ئێران دابین
دەكات. ساڵی 2008 لەژێر فشارەكانی "ستیوارت"دا
هەردوو گەورە بانكی فەرەنسی لەبەڵێنی
قەرزەكانیان بۆ تاران پاشگەز بوونەوە.
لەكاتی ئێستادا "دوبەی" كەوتۆتە ژێر باری
قەرز، ئەمەش خاڵێكی تری لاوازە بۆ ئێران. لەو
ماوانەی دواییدا ئێرانیەكان بە بڕی 250 ملیار
دۆلار وەبەرهێنایان لەدوبەیدا كردوە، كە
وادەزانرێت بەشێكی زۆری پارەی ئەو
كۆمپانیایانە بێت، كە لەژێر كۆنتڕۆڵی
پاسەوانانی شۆڕشی ئێرانیدان.
ستراتیجیەتی مامەڵەی لیفی
لەگەڵ ئیراندا
ستراتیجیەتی مامەڵەكردنی لیفی لەگەڵ تاراندا
بۆ ساڵی 2006 دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی ئەمریكا
پشتیوانیەكی نێودەوڵەتی نەبوو بۆ سەپاندنی
سزای هەمە لایەنە بەسەر ئێراندا، لەلایەن
نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. ئەوكات ئەمریكا بە
دوای شێوازێكی تازە و تۆكمە بۆ
رووبەڕووبوونەوەی ئێران و كۆریای باكووردا
دەگەڕا.
لیفی دوای دەرچوونی لەكۆلێژی "ماف" لەزانكۆی
"هاڤارد" كەوتە كاركردنەوە و پلە بە پلە
بەپۆستە حكومیەكاندا هەڵكشا. "جۆن كاسیدی"
مامۆستای یاسا سزاییە بازرگانیەكان لەبارەیەوە
دەڵێت "ئەو پیاوێكە بە شێوەیەكی كلاسیكی
بیرناكاتەوە".
لیفی دەستیكرد بەسەردان و گەڕانەكانی بە
سەرتاسەری جیهاندا، سەردانی نوسینگەی
دامەزراوە بازرگانیەكانی دەكردو لەمەترسی
بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران و كۆریای باكوور
ئاگاداری دەكردنەوە، بێ ئەوەی هیچ هەڕەشەیەك
بەكار بهێنێت.
لەكۆتاییدا گەڕانەوەی لیفی بۆ گۆڕەپانەكە،
بەڵگەیە لەسەر ئەو راستیەی، كە ئۆباما و
ئیدارەی پێشووی ئەمریكا، سەبارەت بە پرسەكانی
ئاسایشی نەتەوەیی و مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا
جیاوازییەكی زۆریان نییە. "لیفی" كە لەبەردەم
دەرگای نوسینگە گەورەكەی لەوەزارەتی خەزێنەی
ئەمریكادا وەستابوو، هەمان ئەو نوسینگەیەی
لەسەردەمی بۆشدا كاری تێدا دەكرد، بە
شانازیكردنێك بە خۆیەوە، ئاماژەی بە دوو وێنەی
جیاوازی سەر مێزەكەی خۆی كرد، كە لەیەكێكیاندا
بە بزەیەكەوە لەگەڵ بۆش و وەزیری ئەوكاتی
خەزێنەی ئەمریكادا دەردەكەوێت، لەدووەمیشیاندا
لەگەڵ ئۆباما و وەزیری تازەی خەزێنەی
ئەمریكادا.
نیوزویك
|