|
سڤیل:
مەریوان عومەر
ئەو ناوچەیەی بەدرێژایی مێژوو پێگە و
مـــــــــەڵبەندی گروپە ئاینییە توندڕەوەكان
بووە
جوگرافیا تاكە خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو تاكە
چەكدارە رزگاربووەی هێرشە تیرۆریستییەكەی
"بۆمبای" و "زاكیۆر رەحمان لاكفی"ـی داڕێژەری
هێرشەكانی بۆمبای و "حافیز محەمەد سەعید"ـی
سەرۆكی پێشووی بزووتنەوەی (تیبە)یە، ئەو
بزووتنەوەیەی ساڵی 1987 لەسەر دەستی حافیز
دامەرزاوە و یەكێكە لەچالاكترین و گەورەترین
گرووپە تیرۆریستییەكانی باشووری ئاسیا. لەگەڵ
جیاوازی پاشخانی سەربازییان، هەر هەموویان
لەناوچەیەكی جوگرافیای دیاریكراوەوە هاتوون،
ئەویش ناوچەی "پەنجاب"ـی پاكستانییە.
لەساڵی پارەوە سەركردە سەربازییەكانی ناوچەی
"پەنجاب"ـی پاكستان زۆرینەی سەركردە و
رەمزەكانی نێو بزووتنەوەی تاڵیبان پێك دێنن،
زیاتر لەوانەی لەناوچە خێڵەكییەكانی
پاكستانەوە هاتوون، وەك "بەیتوڵڵا مەحسود" و
"حەكیموڵڵا مەحسود". ئەمەش بەهۆی ئەو گرنگییەی
دەزگا راگەیاندنەكانی پاكستان بەچالاكییە
تیرۆریستییەكانی ناوچەی "پەنجاب"ـیان داوە و
بەردەوام ئەو رووداوانە پانتاییەكی زیاتریان
لەدەزگاكانی راگەیاندنی نوسراو و ئەلیكترۆنیدا
داگیركردوە، زۆر زیاتر لەو گرنگییەی بەچالاكی
تیرۆریستانی ناوچە خێڵەكییەكان دراوە.
ئوتێلی "ماریوت"ـی مێژوویی لەئیسلام ئاباددا
سوتێنرا، تیمی "كریكیت"، كە تاكە تیمی بیانییە
و لەپاكستاندا كار دەكات، لەنێو جەرگەی
(لاهور)ـدا لەلایەن چەكدارانەوە پەلاماریان
درا. لە بنكەی مەشقی"ماناوان" چەكدارە
توندڕەوەكان هێزێكی پۆلیسیان گەمارۆ دا،
زۆربەی زۆری ئەنجامدەرانی ئەو چالاكیانە خەڵكی
ناوچەكانی "پەنجاب" بوون. لەدواین هێرشی
توندڕەوانیشدا بۆ سەر مۆڵگەیەكی سوپای پاكستان
لە"راولبەندی"، سەركردەی هێرشبەران كەسێكی
ناوچەی پەنجاب بوو.
زۆرینەی نوخبەی سیاسی و سەربازی پاكستان خەڵكی
"پەنجاب"ـن، كە خەڵكەكەی 60ـی دانیشتوانی ئەو
وڵاتە پێك دێنێت و لەسەر ئاستی سیاسی و
ئابووریدا هەرە كاریگەرترین ناوچەی وڵاتیشە.
لەو چەند ساڵەی دواییدا پارێزگای "پەنجاب"ـی
پاكستانی گەشەیەكی ئابووریی ناڕێكی بەخۆیەوە
بینی، لەزۆر لەناوچەكانیدا جموجۆڵی پیشەسازی
بەرفرەوان سەری هەڵدا و كاریگەری ئەرێنی لەسەر
بژێوی و خۆشگوزەرانی خەڵكی ناوچەكە هەبوو،
بەڵام ئەمە نەبوویە رێگر لەوەی ناوچەكە ببێتە
پێگە و مۆڵگەی گرووپە چەكدارییە توندڕەوەكان.
بۆیە ئەم راستیە بۆچوونی پەیوەندی نێوان
هەژاری و نەبوونی گەشەی ئابووری لەگەڵ
توندڕەوی ئاینی رەت دەكاتەوە، چونكە پەنجاب
لەكاتێكدا لەگەشەیەكی ئابووریدا بوو، بووە
مۆڵگەی توندڕەوان.
لەهەمان كاتدا بەدرێژایی مێژوو رایەڵی زۆر
بەهێز كۆمەڵگای "پەنجاب"ـی بەبزووتنەوە
ئیسلامییەكانەوە بەستۆتەوە. "نەدیم مالیك"ـی
كۆمەڵناسی پاكستانی دەڵێت "لەرووی مێژووییەوە
زۆربەی بزووتنەوە ئاینییەكان لەناوچەی
پەنجابدا دەستیان پێكردوە. لەهەمان كاتیشدا
رەگوریشەی تیرۆری تایەفی هەر بۆ ناوچەی پەنجاب
دەگەڕێتەوە. ئەو بزووتنەوە ئیسلامییانەی
لەسەدەی نۆزدەدا لەهیند هەبوونە، بارەگایان
لەشارەكانی "پەنجاب"ـدا هەبووە". لەو ماوانەی
دواییشدا بزووتنەوەی تاڵیبان سەلماندی كە
توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ بارودۆخی تازە و
بەهێزكردنی بازنەی چالاكییەكانی هەیە،
لەوكاتەی كە "پەنجاب" دواین پێگەیان بوو.
بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیس و بەرپرسە حكومییەكانی
پاكستان، كۆمەڵێك رێكخراوی چەكداری توندڕەوی
پاكستانیی دەرچوو لەیاسا و پشتبەستوو
بەتوندوتیژیی تایەفی، كە لەكشمیریشدا لەدژی
هیند دەجەنگن، بەناوی "تاڵیبانی پەنجاب"،
لەرێگای ئەو پەیوەندیانەی بەهەندێك گرووپی تری
چەكداری پاكستانیەوە هەیانە، توانیویانە
دەستیان بگاتە ناوچەی "پەنجاب" و رەگەوڕیشەی
تێدا دابكوتن. پێدەچێت ئەو هاوبەشییەی نێوان
تاڵیبان و ئەو گروپانە یارمەتی تاڵیبانی
دابێت، لەناوچەكانی پەنجابدا پێگەی خۆی بەهێز
بكات.
بەرپرسانی پاكستانی ئاماژە بەهاوكاری نێوان
بزووتنەوەی تاڵیبانی "پەنجاب" و گرووپە
چەكدارییە خێڵەكییەكانی تر دەدەن و پێیان وایە
تاڵیبانەكانی "پەنجاب" زانیاری و یارمەتی
پێشكەش بەچەكدارە خێڵەكییەكانی سەر
بەبزووتنەوەی تاڵیبان دەكەن، لەبارەی شار و
ناوچەكانی پەنجاب، تا بتوانن هێرشە
تیرۆریستییەكانیان تێیدا ئەنجام بدەن،
لەبەرامبەریشدا بزووتنەوەی تاڵیبان لەكاتی
هەڵمەت و راوەدوونانی پۆلیسی پاكستانیدا
داڵدەی تاڵیبانەكانی پەنجاب دەدەن.
چاودێران پێیان وایە پەیوەندی و هاوكاری
توندوتۆڵی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبانی پاكستانی
و بزووتنەوە چەكدارییەكانی "پەنجاب" حاڵەتێكی
سەیر نییە، چونكە هەردوو لایەنیان لەسەردەمی
فەرمانڕەوایەتی تاڵیباندا لەسەربازگەكانی
ئەفغانستاندا مەشقیان بینیووە، بەڵام ئەم
هاوكارییە تاساڵێك بەر لەئێستا بەو شێوەیە
نەبووە. بەرپرسە ئەمنییەكانی پاكستانیش
بەكۆتاهێنانی ئەو هاوكارییەی نێوان
هەردوولایەن، بەكلیلی سەركەوتن بەسەر
تیرۆریستاندا دەبینن.
ناوچەی "پەنجاب"ـی پاكستانی لەباكووردا لەگەڵ
"وەزیرستان" هاوسنوورە، ئەو ناوچەیەی مۆڵگەی
سەرەكیی چەكدارەكانی تاڵیبانە. "میر بادش خان
قیسرانی" سەرۆكی خێڵی "قیسری" لەباكووری
پەنجاب و نزیك سنووری وەزیرستان، كە ئەندامی
ئەنجومەنی یاسادانانی هەرێمی "پەنجاب"ـیشە،
ئاماژە بەوە دەكات، كە زۆر لەپیاوانی خێڵەكەی
دەچنە ناوچە خێڵەكییەكان و دەپەڕنەوە دیوی
ئەفغانستان و شانبەشانی تاڵیبان دەچنە
جەنگەوە.
ماوەی ساڵێكە بزووتنەوەی تاڵیبانی "پەنجاب"،
كە هەر بەو ناوە لەدەزگا راگەیاندنە پاكستانی
و نێودەوڵەتیەكانیشدا ناسراون، لەلایەن سوپا و
هەواڵگریی ئەمریكاوە گرنگی زۆریان پێدەدرێت.
بزووتنەوەكە توانویەتی پێگە و بنكەی زۆر
بەدرێژایی سنووری ئەفغانستان دروست بكات. لەو
ماوەیەشدا فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە ئەمریكییەكان
هێرشەكانیان بۆ ناوچە خێڵەكییەكانی پاكستان
چڕتر كردۆتەوە و چەكدارەكانی سەر بەبزووتنەوەی
تاڵیبانی "پەنجاب" دەكەنە ئامانج، كە لەسەر
سنووری نێوان پاكستان و ئەفغانستاندا خۆیان
حەشار داوە.
لەو ماوانەی دواییدا كەمبوونەوەی ناڕەزایی و
نیگەرانییەكانی حكومەتی پاكستان لەهێرشی فڕۆكە
بێ فڕۆكەوانە ئەمركییەكان بۆ سەر ناوچە
خێڵەكییەكانی پاكستان و ناوچە سنورییەكانی
نێوان ئەفغانستان و پاكستان، دانپێدانانی
حكومەتی پاكستانی دەردەخات، بەپێویستی
هێرشكردنە سەر چەكدارەكانی بزووتنەوەی
تاڵیبانی پەنجاب، لەچوارچێوەی هەوڵە
نێودەوڵەتییەكان لەبواری نەهێشتنی تیرۆردا.
|