|
سڤیل
لەبیستەكانی سەدەی بیستەم كاڵاكانی ئەمریكا
تووشی بێبازاڕی بووە، لەو ساڵانەدا ئاستی
دەرخستن لەبەرامبەر داواكاری زۆر زیاتر بوو،
ئابووریناسانی ئەمریكا كەوتنە بیركردنەوە بۆ
دۆزینەوەی رێگاچارەیەك بۆ دەربازبوونی ئەمریكا
لەو تەنگەژە ئابووریە، یەكێك لەو زانایانەی
ئابووری كینز بوو، كە جیا لەلێكدانەوەی
دیاردەكە پێشنیاری كرد، كە ئابووری ئەمریكا
زیاتر روو لەچەك و بەرهەمهێنانی كەلوپەلی
سەربازی بكات، بۆیە ئەمریكا كەوتە بەر
حاڵەتیك، كە ئەگەر چەك بەرهەم بهێنێت دەبێت
بازاڕیشی بۆ ببینێتەوە.
ئێستا سەدەیەكە بە سەر ئەو تیۆرەدا تێدەپەرێت،
زۆرترین وڵاتانی خاوەن ئابووری بەهێز روویان
كردۆتە فرۆشتنی چەك و بازرگانی چەك، تەنانەت
هێمنترین وڵاتی وەك سویسرا پشكی لەبازرگانی
چەك هەبووە، ئەمەشە بە پێی ئاشكراكردنێكی
وەزیرێكی پێشووی عێراق، حامد جبوری وەزیری
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەكەناڵی جەزیرە كە
ساڵی رابردوو ئاشكرای كرد، عێراق لەرێگای
سویسراوە لەنیوەی دووەمی هەشتاكانەوە، چەكی
كریوە، لەكاتێكدا سویسرا هیچ شەڕێكی تێدا
نەبووە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوكراونەتەوە، وڵاتی
سین و هیند پلەی یەكەمیان لەكڕینی چەك هەیە،
لەفرۆشتنی چەكیش ویلایەتە یەكگرتووەكانی
ئەمریكا بەپلەی یەكەم دێت، لە ساڵی 2004
ئەمریكا بە بەهای 12،4 ملیار دۆلار چەكی
فرۆشتووە، كە دەكاتە بڕی %33 چەكفرۆشتن
لەجیهان، لەكاتێكدا بازاڕی ئەمریكا دابەزیوە
كە پێشتر بە بەهای %15ملیار دۆلار ساڵانە چەكی
دەفرۆشت.
روسیاش بە پلەی دووەم دێت، كە بەبڕی 6،1ملیار
دۆلار چەك دەفرۆشێت، چاوەروانیش دەكرێت، بەهۆی
پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای بەرهەمێنانی چەك روسیا
لەساڵانی داهاتوو بازاڕی باشتر بێت.
بە پێی لێدوانێكی میخائیل زافالی بەرپرس
لەكۆمپانیای روس ئۆبورون ئیكسپۆرت، كە
لەئاژانسی نوفۆستی بڵاوكراوەتەوە، روسیا
بەپلەی ئیمتیاز دێت لەرۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ
فرۆشتنی چەك، ئەو بەرپرسە روونی كردەوە، كە
چەندین ساڵە سەرجەم وڵاتە عەرەبییەكان چەك
لەوڵاتی روسیا دەكڕن، تا ئێرە باسی بازاڕی ئەو
چەكانە دەكرێت كە بەئاشكرا بەپێی گرێبەست
لەلایەن وڵاتانەوە دەكردرێت.
بازاڕی قاچاخی چەكیش لەو بازاڕە گەرمترە،
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی لێبوردنی
نێودەوڵەتی، چەندین ساڵە زۆربەی وڵاتانی جیهان
لەهەوڵی قەدەغەكردنی قاچاغچیەتی چەكدان، ئەو
دەوڵەتانەی كە داوای قەدەغەكردنی چەك دەكەن
ژمارەیان 153 دەوڵەتە، كەچی 19 ئامادە نەبوون،
دەنگ بۆ قەدەغەكردنی چەك بدەن، لەوانە بەحرێن
و چین و كوبا و میسر و هیند و لیبیا و ئێران و
نیكاراغوا و پاكستان و قەتەر و روسیا و سعودیا
و سوریا و سودان و ئیمارات و فەنزویلا و یەمەن
بوو. ئەو وڵاتانەی داوای قەدەغەكردنی چەكیان
كردبوو، بەو ئامانجە بوو، مرۆڤ لە كوشتارییەكی
قاچاغچییەكانی چەك نەجاتی بێت و چیتر چەك
نەكەوێتە دەست گروپە تیرۆریستی و مافیاكان.
ئانا ماكدوناڵد لە رێكخراوی ئۆكسفامی
نێودەوڵەتی دەڵێ "تا ئەو كاتەی دەوڵەت رێگا
بدەن، چەك لە بن دەستیان قوتار بێت، ئیش و
ئازار و مردن لەو شوێنانە زیاتر دەبێت كە زۆر
هەژارن، ساڵانە سەدەها كەس بە چەك دەكوژرێت،
ئەو چەكانەی بە نایاسایی لەدەستی تاوانبارانە
هەڕەشە لەكۆمەڵگا دەكات".
|