|
ئا:
مەریوان عومەر
لەساڵی 2009دا رێكخراوی "ئەلقاعیدە"
هەستانەوەیەكی لەناكاوی لەزۆر ناوچەی
جۆراوجۆری جیهاندا بە خۆیەوە بینی، لەپاكستان
و ئەفغانستان و بە تایبەتیش نیمچە دوورگەی
عەرەبیدا. چەند رووداوێكی خێرا لەماوەیەكی
كەمدا دەریخست، كە هەوڵەكەكانی كۆنتڕۆڵكردنی
مەترسیەكانی ئەلقاعیدە هێشتا ئەگەرێكی لاوازە.
دیارترین ئەو رووداوانەش هەوڵی تەقاندنەوەی
ئەو فڕۆكە ئەمریكیە بوو، كە لە"ئەمستردام"ەوە
بەرەو "دیترۆت" لەئەمریكا دەچوو.
تەنیا بە دانپێدانانی "عومەر فارۆق" ئەو گەنجە
نێجیریەی هەوڵی تەقاندنەوەی فڕۆكە ئەمریكیەكەی
دابوو، بەوەی كە چالاكوانانی رێكخستنی
"ئەلقاعیدە" لەدوورگەی عەرەبیدا مەشقیان
پێداوە و ئامادەیان كردوە و كەرەسەی پێویستی
تەقینەوەكەیان بۆ دابین كردوە، پاشانیش
هۆشداریدانی بەوەی، كە چەندین كەسی تری ئامادە
بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لەئایندەیەكی
نزیكدا لەو ناوچەیەدا هەن، پەردەی لەسەر
چەندین زانیاری هەستیار و مەترسیدار لەسەر
تۆڕە نهێنییەكانی ئەو رێكخستنە تیرۆریستیە
لەنیمچە دوورگەی عەرەبیدا هەڵدایەوە، كە
هەڕەشەی لەسەر یەمەن و سعودیە و تەواوی
ناوچەكە دروست كردوە.
ئەلقاعیدە رێكخستنەكانی خۆی لەنیمچە دوورگەی
عەرەبی و بەتایبەت لەیەمەن و سوریادا ناوناوە
"ئەلقاعیدە لەدوورگەی عەرەبیدا". ئەو
رێكخستنانە لەو لێكۆڵینەوانەی لەبارەی
تیرۆرەوە دەكرێن گرنگی زۆریان پێدەدرێت، ئەمەش
نەوەك تەنیا لەبەر جۆری ئەو كارە
تیرۆریستیانەی ئەنجامی دەدەن، بەڵكو بەهۆی
هەندێك تایبەتمەندیەوەیە، كە ئەم رێكخستنە
جیاواز لەرێكخستنەكای تر هەیەتی. لەهەرە
گرنگرین ئەو تایبەتمەندیانەی "ئەلقاعیدە
لەدوورگەی عەرەبیدا" هەیەتی، یەكەمین لقی
رێكخستنی ئەلقاعیدەیە، كە بەفەرمانی راستەوخۆی
سەكردەی رێكخراوەكە "ئوسامە بن لادن" و لەسەر
دەستی جەنگاوەرە ئەفغانە عەرەبە گەڕاوەكان
دامەزراوە. هەروەك توانایەكی راگەیاندنی
گەورەی هەیە و لەژینگەیەكش دامەزراوە، كە
زەمینەكەی لەبارە بۆ وروژاندنی هەستی
هاوسۆزانیان و پاشانیش بەدەستهێنانی ئەندامی
كارا بۆ چوونە ریزەكانیان.
رێكخستنەكانی ئەلقاعیدە بۆ یەكەمین جار لەساڵی
2003 لەسعودیەدا دەركەوت، دوای ئەوەی
بەرپرسیاریەتی خۆی لەزنجیرەیەك هێرشی
تیرۆریستی راگەیاند، كە كرایە سەر سێ نشینگەی
بیانیەكان لە(ریاز)ی پایتەخت و 29 قوربانی
لێكەوتەوە. لەساڵی 2004یشدا پێنج كرێكاری
بیانیان لەكۆمەڵگەی پیشەسازی پترۆكیمیاوی
لەشاری "یەنبەع" گوللەباران كرد. لەهەمان
ساڵدا هێرشیان كردە سەر سێ ناوچەی نەوتیی
لەشاری "ئەلخەبەر" و 20 كەسی بیانی و سعودیان
كوشت، ئەو رووداوەی وڵاتی بەرەو لێواری
قەیرانێكی سیاسی برد و بووە بەرزبوونەوەی نەوت
لەبازاڕەكانی جیهانیدا. چەند مانگێك دواتر
كارمەندێكی فڕۆكەوانی ئەمریكی تەمەن 49
ساڵانیان سەربڕی.
بەڵام بە هۆی رێوشوێنە توندەكانی دەزگا
ئەمنیەكانی سعودیە و پاشانیش كوژرانی "خالد
ئەلحاج"ی یەمەنی سەركردەی رێكخستنەكە و
پاسەوانی تایبەتی ئوسامە بنلادن، چالاكیەكانی
ئەو رێكخستنە سنووردار كرا. بەڵام
"عەبدولعەزیز ئەلمەقرن"ی سعودی، كە
سەركردایەتیەكەی گرتە دەست، جارێكی تر چالاكی
بۆ رێكخستنەكە گێڕایەوە و لەناوخۆی وڵاتدا
چەند هێرشێكیان ئەنجام دا.
ئینتەرنێت سەرەكیترین ئامێری ئەو رێكخستنەیە
بۆ وەرگرتنی ئەندامی تازە لەرێزەكانیان.
"ئەلقاعیدە لەدوورگەی عەرەبی" هەموو هەوڵێكی
خۆی خستۆتە گەڕ، كە بتوانێت ئامادەییەكی باشی
لەماڵپەڕەكانی ئینتەرنێتدا هەبێت، بەتایبەت
لەرێگای ماڵپەڕە سەربەخۆكان و ئەو ماڵپەڕانەی
لەگەڵ ئەلقاعیدەدا هاوسۆزن.
هەریەكە لەرۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف" و
"ئیندیپێندەنت"ی بەریتانی دەقی وتەكەی "عومەر
فاروق عەبدولموتەڵیب"ی هاوڵاتی نێجیریان
گواستۆتەوە، كە دەڵێت "زۆری وەك من لەیەمەندا
هەن". رۆژنامەی "گاردیان" رێكخستنەكانی
ئەلقاعیدە لەیەمەندا بە "سەربازگەی تیرۆر"
وەسف كردوە و ئاماژەی بەو مەترسیانەش داوە، كە
رەنگە لەداهاتوودا ئەو وڵاتە ببێتە مۆڵگەی
نەوەیەكی تازەی ئەو جەنگاوەرانەی بە ئەلقاعیدە
كاریگەرن. گاردیان لەراپۆرتێكیدا لەژێر
ناونیشانی "سەربازگە تیرۆریستیەكانی یەمەن
چەندین بەریتانی بەرەوخۆیان كێش دەكەن"، بە
پشتبستن بە لێدوانی بەرپرسانی نەهێشتنی تیرۆر،
باس لەوە دەكات، كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك
لەبەریتانیاوە بۆ مەشقكردن پەیوەندیان بەو
سەربازگە تیرۆریستیە نهێنیانەوە كردوە، كە
لەناوچەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی یەمەنی
دان.
رۆژنامەی "سەندای تایمز"ی بەریتانیش لەچەند
سەرچاوەیەكی پۆلیسی بەریتانی گواستۆتەوە، كە
نزیكەی 20 هاووڵاتی بەریتانی و بە رەچەڵەك
پاكستانی ئێستا لەسەربازگەكانی یەمەندا مەشق
لەسەر رفاندن و تەقاندنەوەی فڕۆكە دەكەن.
لەماوەی پشتگیری (سی ئای ئەی) بۆ جەنگی
موجاهیدە ئەفغانیەكان لەدژی یەكێـتی سۆڤیەت
لەساڵانی هەشتاكاندا، هەیەكە لەسعودیە و یەمەن
زۆرترین رێژەی "موجاهید"یان پێشكەش بەو جەنگە
كرد. دوای تەواوبوونی جەنگەشەش، زۆربەی زۆریان
گەڕانەوە وڵاتەكانیان و بوونە هۆكارێكی
یاریدەدەر بۆ سەرهەڵدانی هەر رێكخستنێكی
ئیسلامی توندڕەوانە لەناوچەكەدا.
لەیەمەندا چەكدارە سوننەكانی سەر بە رێكخستنی
ئەلقاعیدە، لاوازی حكومەتی یەمەنیان قۆستەوە،
كە دەسەڵاتەكەی تا دەرەوەی "سەنعا"ی پایتەخت
بڕ ناكات، توانیان چەندین پێگە لەناوچە
جۆربەجۆرەكانی ئەو وڵاتەدا دابمەزرێنن.
لەهەرە گرنگترین سەركردەكانی ئەو رێكخستنە
تیرۆریستیە لەنیمچە دوورگەی عەرەبیدا "یوسف
ئەلعەبیری" دامەزرێنەری رێكخستنەكەیە، كە
پێشتر بەرپرسی یەكەمی راگەیاندن و خزمەتگوزاری
ئینتەرنێت بوو لەنێو رێكخراوی ئەلقاعیدەی
دایكدا، هەروەها گرنگترین ئەڵقەی پەیوەندی
نێوان بنلادن و خانە تیرۆریستیەكانی ئەفغانە
عەرەبەكان بوو لەساڵی (1999)ەوە. ئەو كەسە
لەرووی فیكری و زانستیشەوە رۆڵێكی بەرچاوی لەو
رێكخراوەدا هەبوو، تا لەساڵی 2003 لەناوچەی
"حائل" لەرووبەرووبوونەوەیەك لەگەڵ هێزە
ئەمنیەكانی سعودیەدا كوژرا.
"خالید ئەلحاج"ی بەرەگەز یەمەنی، كە پاسەوانی
تایبەتی بنلادن بووە، لەهەشتاكان
لەئەفغانستانەوە چۆتە جەزائیر، دواتریش
لەبۆسنە و سۆماڵ و هەرێمی "ئۆگادین" لەدژی
هێزە ئەسیوپیەكان جەنگاوە. "عەبدولعەزیز
ئەلمەقرەن" دوای ئەلحاج بەرپرسیاریەتی
رێكخستنەكانی ئەلقاعیدەی لەدوورگەی عەرەبیدا
پێ سپێردرا و ئەمیش لەساڵی 2004
لەپێكدادانێكدا لەگەڵ هێزە ئەمنیەكانی
سعودیەدا كوژرا. |