|
سڤیل:
مەولود ئافەند
قەیران و كێشە سیاسییەكانی نێوان توركیا و
ئیسرائیل، هەفتەیەك زیاترە بۆتە رۆژەڤی
میدیاكانی هەردوو وڵات و میدیا ناوچەیی و
نێودەوڵەتی و جیهانییەكان، هەردوولایەنی
پەیوەندار بەرامبەر یەكتر گوتاریان زۆر توند
بوو و هەندێك جاریش دەچووە بواری هەڕەشە و
هەتا ئاستی بەرپەرچدانەوەی توند و هێرشكردنە
سەریەكتر بەزمانێكی تووند و زێدەڕۆیی دوور
لەعورفی دیپلۆماسی، بەتایبەت لەلایەن
توركیاوە.
توركیا وەڵامدانەوەكەی زۆر رەق و زەق و
تووندتر بوو، لەوەی كە ئیسرائیل بەرامبەر
باڵیۆزی توركیا كردی و دوای وەڵامدانەوە و
هەڕەشەی توركیا و "عەبدوڵڵا گوڵ" سەرۆك كۆماری
توركیا و مۆڵەتدانی بۆ ماوەی 24 كاتژمێر
بەحكومەتی ئیسرائیل، كە تا ئێوارە پۆزش
بهێنێتەوە و داوای لێبووردن لەحكومەت و گەلی
توركیا بكات، بەرامبەر بەو زێدەڕۆییەی دەرهەق
بەباڵیۆزەكەیان كردوویانە. لێرەدا ئیسرائیل
بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەسەر زمانی "عالییت
شالوم"ـی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری
پەیوەندییەكان داوای لێبووردنی كرد، كاتێ گوتی
ئێمە داوا دەكەین هەڵسوكەوتی حكومەت و
كارمەندانی دەوڵەتی ئێمە لەگەڵ نوێنەر و
میوانانی وڵاتانی تر لەناو وڵاتەكەماندا
بەشێوەیەكی باش بێت. بۆیە ئەگەر لەماوەی
ڕابوردودا بەرامبەر هەر نوێنەر و میوانێك
هەڵسوكەوتێكی نەشیاو و نالایەقیش كرا بێت،
ئێمە داوای لێبووردن دەكەین. ئەمجارەش ئەم
قسانەی "عالییت شالوم" بەداوای لێبووردن و
خاترجەم وەرگیرا و نێوان توركیا و ئیسرائیل
هێور بووەوە و بەلایەنی كەمەوە زمانی زبر و
تووندوتیژ بەرامبەر یەكتر ڕاگیرا.
لەگەرمیی ئالۆزییەكاندا باراك سەردانی توركیای
كرد
وەزیری بەرگری توركیا (وەجدی گونوڵ) رایگەیاند
"وڵاتەكەی لەهەموو بوارێكدا یارمەتی ئیسرائیل
دەدات و بەرژەوەندییەكانی ئێمە و ئیسرائیل زۆر
لەیەكەوە نزیكە و بۆ هێوركردنەوەی كێشەكانی
نێوان هەردوو وڵات كار دەكەین". هەر ئەو رۆژە
بۆ زیاتر خاوكردنەوەی بارگرژییەكانی نێوانیان
(ئەیهود باراك)ـی سەرۆك وەزیرانی پێشووی
ئیسرائیل لەئەنكەرە تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی
ئەتاتورك دانا. لەو كاتەی ئیسرائیل لەساڵی
رابردوو هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر غەززە،
بارگرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەرەو
ئاڵۆزی چوو و لەكۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی
وڵاتانیشدا "ئەردۆگان"ی سەرۆك وەزیرانی توركیا
بەهۆی تێكگیربوونی لەگەڵ سەرۆك كۆماری
ئیسرائیل "شەمعۆن پێرێس" كۆبوونەوەكەی جێهێشت.
وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش "ئەیهود باراك" و
سەرۆكی پارتی كار لەو سەردانەیدا دوای
گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەمەبەستی
هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و هەروەها
گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و
ئیسرائیل بۆ دۆخی جاران و مۆركردنی چەند
پڕۆتۆكۆڵ و پەیماننامەی دووقۆڵی لەهەموو
بوارەكاندا، بەتایبەتی هاوكاری سەربازی و
تەكنۆلۆژی نێوانیان و لەهەموو شت گرنگتر چەند
فایلێكی ترە، كە ئەوانیش بریتین لەهەڵوێست و
هاوكاری ئیسرائیل بۆ توركیا، بەرامبەر بەو
شەڕەی پێی دەگوترێت دژەتیرۆر، كە لەلای توركیا
بەپارتی كرێكارانی توركیا "پەكەكە" دەناسرێت و
لای ئیسرائیل و جیهانیش بەشەڕی دژی ئیسلامیی
سیاسیی توندڕەو دەناسرێت! وەك ڕێكخراوەكانی
قاعیدە و حیزبوڵڵا و حەماس و ئێران هتد...!
توركیا لەنێوان هاوپەیمانی ئیسرائیل و وڵاتانی
ئیسلامیدا
ئەم قەیرانەی ئێستای ئیسرائیل و توركیا، ئەم
هەڵوێستوەرگرتنە باكگراوندەكەی بۆ ساڵێك
لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی دوای هاتنە
سەر كاری پارتی داد و گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی
(ئەردۆگان)، كە هەڵگری هزرێكی موحافزكارانەی
ئیسلامییە، لەبنەڕەتیشدا دژ بەهزر و فەلسەفەی
عەلمانیەتی "كەمال ئەتاتوركە"، كە بنەما و
سەرەتاكەی ئەو دایناوە و بۆ سیستەمی حكومڕانی
و دەسەڵات لەكۆماری نوێی توركیادا دایڕشتووە.
دیارە هاتنی ئیسلامییەكان بۆ سەر كورسیی
دەسەڵات كۆمەڵە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی
لەتوركیادا خوڵقاند. لەزۆر بوار و ڕووەوە بۆ
نموونە لەبواری كۆمەڵایەتی گەڕانەوەی پەچەی
ئیسلامی و مانتۆ و جلوبەرگی خەلیجی و ئێرانی و
یەك دنیا لەخوڕەوشت و ڕووپۆش و ڕواڵەتی
ئیسلامگەرایی و عەرەبگەرایی و عوسمانلێتی و
كۆمەڵێك یاسا و رێسا و بڕیاریان بۆ ئەو
مەبەستە دەركردووە، لەهەمان كاتدا لەبواری
ئابووریی توركیا نرخی دراوی خۆی بەرز كردەوە و
سفری شەشی لەسەر دراوەكەی لابرد و سیستەمێكی
نوێی مامەڵەی هێنایە كایەوە. بەڵام پتر لە
(75) ملیار دۆلار قەرزی كەڵەكەبووی لەسەرە، كە
رۆژبەرۆژ ئەو بڕە قەرزە لەزیادبووندایە،
هەرچەندە لەم تەنگژە ئابوورییەی ئێستا جیهانی
گرتۆتەوە، توركیا لەچاو وڵاتانی تر كەمتر
زەرەرمەند بووە. لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانیش
توركیا توانیوێتی تۆڕێكی گەورەی پەیوەندیی خۆی
لەگەڵ وڵاتانی عارەبی و ئیسلامی پەرەپێدات و
هاوكات پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیشی
لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا تادەگاتە ئوسترالیا و
زەریای هێمن و دەریای كاریبی فراوان و گەورە
بكات و گەشەیان پێبدات! لەمەش گرنگتر توركیا
ئەمڕۆ لەگەڵ ئێراندا پەیوەندییەكی توندوتۆڵی
بازرگانی و ئابووری و رۆشنبیری و سیاسی هەیە.
پەیوەندییەكانی توركیا زۆر پتەو و فراوان بووە
و دەتوانین بڵێین تا رێژەیەك لەوڵاتانی ئاسیای
ناوەڕاست وەك ئازەربایجان و تاجیكستان و
توركمانستان و ئۆزبەكستاندا بەرزبۆتەوە بۆ
ئاستێكی بەرز و بەرچاو لەهەموو ڕوویەكەوە و
هەروەها توانیوویەتی دوژمنایەتی مێژوویی خۆی
لەگەڵ ئەرمەنستان بۆ پەیوەندیی دۆستایەتی و
هاوسێتییەكی چاك بگۆڕێت. ئەمە جگە لەوەی
توركیا رۆڵی گرنگی لەسەر رەوشی سیاسیی عێراق و
باشووری كوردستان و ئەفغانستان هەیە. هەروەها
لەناوبژیوانی وتووێژەكانی نێوان سوریا و
ئیسرائیل، توركیا بزوێنەر و هاندەر بووە و
سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی نێوانیانی كردووە.
دیارە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل
بەگەلێك پەرەسەندن و تەسكبوونەوەدا تێپەڕیووە.
واتە ساردی و گەرمی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام
ئەو پەیوەندییانە لەبەر چەند هۆكار و فاكتەرێك
زیاتر تێكچوو، لەوانە بڵاوكردنەوەی زنجیرە
درامای تەلەفزێونی بەناوی (دۆڵی گورگەكان)، كە
لەو زنجیرەیەدا رۆڵێكی نێگەتیفی ئیسرائیل و
دوو كاربەدەستی ئیسرائیلی بەپلەی ئەفسەر نیشان
دەدا، كە سەرپەرشتی باندێكی مافیای رفاندنی
منداڵان دەكەن، بەو هۆیەوە ئیسرائیل باڵیۆزی
توركیای لەتەلەڤیڤ بانگ كرد و ناڕەزایی
حكومەتی ئیسرائیلی بۆ خۆی و بۆ حكومەتەكەی
پێڕاگەیاند، وەك میدیاكان بڵاویان كردەوە،
هەڵسوكەوتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل زۆر
ناشرین بووە و لەهەموو دابونەریتێكی دیپلۆماسی
و میوانداری دوور بووە. لەو كاتەوە ئیتر
لەنێوان هەردوولادا هێرشی راگەیاندن زۆر توند
و گەرم و خەست بوو، دیسان پاریش لەنێوان
گفتوگۆكانی كۆڕبەندی ئابووری لە "داڤۆس"
سویسرا. دەمەقاڵێ لەنێوان سەرۆكی ئیسرائیل
"شەمعۆن پیرێس" و "ئەردۆگان"ـی سەرۆك كۆماری
توركیا روویدا، ئەمەش لەئاكامی پەرچەكرداری
توركیا بوو، بەرامبەر بەو هێرشەی ئیسرائیل
كردیە سەر كەرتی غەززە، چونكە توركیا و سەرۆك
و سەرۆك وەزیران و حیزبەكەی ئۆردگان زۆر
بەتوندی ناڕەزاییان دەربڕی و سەركۆنەی ئەو
هێرشەی ئیسرائیلیان كرد و بۆ وەستانی هێرشەكە
و كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئیسرائیل
رۆڵێكی گرنگیان بینی. دواتریش بۆ دانیشتوانی
غەززە هاوكاری ماددی و مەعنەویی زۆری دابین
كرد، كە ئەمڕۆ لەلایەن رێكخراوی "حەماس"ـی
هەڵگری هزری ئیسلامیی سیاسیی تووندڕەوەوە
حوكمڕانی دەكرێت، ئەم ڕۆڵە بەرچاوەی توركیا
لەهەموو قەیرانەكانی شەڕەكە و لەراگرتنیشیدا
ئیسرائیلی تووڕە كرد، هەتا ئەو ئاستەی وەزیری
دەرەوەی ئیسرائیل (لیبەرمان) بەئاشكرا لەپرێس
كۆنفرانسێكدا گوتی ئیتر پێویستمان
بەناوبژیوانی توركیا نییە، چونكە دەركەوت
میانگیرێكی بێلایەن نییە، بەڵكو لایەنگری
دەكات، بۆیە هەوڵەكانیشی بەپێویست نازانین!
هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاكەپە (پارتی داد و
گەشەپێدان) توركیای خستۆتە ناو قەیرانێكی
گەورەوە، بەتایبەتی كە ئەردۆگان زیاتر گرنگی
بەمەسەلەی پەیوەندیی وڵاتانی ناوچەكە دەدات و
ئەو مێژووەی كە توركیا لەپەیوەندی لەگەڵ
وڵاتانی جیهانی و دەرەوەدا دروستی كردووە،
بەرەو ساردبوونەوە بردووە، هەرچەندە توركیا
بەدەرێن دەوڵەت (دوو دەوڵەت لەناو یەكتریدا)
ناسراوە، ئەوەیش سیاسەتی دووفاقی سوپا و هێزی
ژنەڕاڵە خانەنشینكراوەكانە، بۆیە بەشێكی
سەرەكیی سیاسەت لەتوركیا لەژێر هەژموونی
سوپادایە و هەرگیز ڕێگە نادەن، پارتی داد و
گەشەپێدان پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ
وڵاتانی دەرەوەدا بەرەو ساردبوونەوە ببات، وەك
ئەوەی ئێستا روویدا، لەنێوان توركیا و
ئیسرائیل و هەڕەشە و رەخنەكانی ئەردۆگان
لەسیاسەتەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرامبەر
فەڵەستین و هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە.
فایلی ئەتۆمی ئێران خاڵی هاوبەشی نێوان توركیا
و ئیسرائیلە
خاڵیكی تری هاوبەشی نێوان توركیا و ئیسرائیل
بریتییە لەفایلی ئەتۆمی ئێران و شێوەی
مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە ناوچەیی و
نێودەوڵەتییەی، كە لەئاكامی ئەو پێشكەوتنەی
ئێران لەبواری چەكی ئەتۆمی بەدەستی هێناوە،
هەروەها مەترسییەكانی هەڵایسانی شەڕ لەدژی
ئێران و ئاكامەكانی و لەبەرامبەریشدا
باڵادەستی ئێران لەناوچەكەدا، كە هەندێ
لەچاودێرانی سیاسی و دەزگا سیخوڕییە
جیهانییەكان پێیانوایە ئێران ئێستا خاوەن چەكی
ئەتۆمییە و چەند ساڵ لەمەوبەر بەرنامەكەی خۆی
تەواو كردووە. ئەوەی ئێستاش دەیكات، تەنیا كات
بەسەربردن و خۆڵكردنە چاوی ڕای گشتی جیهان و
ئاژانسە ئەتۆمیەكەی و نەتەوەیەكگرتوەكان و
ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتە زلهێز و خاوەن
بڕیارەكانە، بۆیە ئیسرائیل هەرگیز نایەوێت
هاوسێیەكی بەهێز و خاوەن توانا و پێگەی
جوگرافیی گرنگ و تواناداری سەربازی و یەكەیەكی
ئابووریی جیهانی وەك توركیا لەدەست بدات،
لەمانەش زیاتر توركیا وڵاتێكی ئیسلامییە و
سەرۆكی رێكخراوی وڵاتانی ئیسلامیش لەئێستادا
هەر توركە و خەڵكی توركیایە، كە (پڕۆفیسۆر
كەمالەدین ئیحسان ئۆغڵۆ)ـیە، ئەمە سەرەڕای
ئەوەی توركیا تاكە وڵاتی ئیسلامی و گەورەیە،
كە دانی بەئیسرائیلدا نابێت. مەسەلەی كڕینی
(130) فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، كە توركیا لەگەڵ
ئیسرائیل گرێبەستەكەی مۆر كردووە، بەڵام
ئیسرائیل تائێستا ئەم "پاكیتە"ـی ڕاگرتووە،
بۆیە توركیا دەیەوێت پەیمان لەوەزیری بەرگری
ئیسرائیل وەگرێت، كە ئەگەر بەتێكڕایش نەبێت
لەچەند قۆناغێكدا ئەو فڕۆكانەیان بداتێ، لەگەڵ
سپێرپارت و مەشق و ڕاهێنان لەسەری. ئەمە
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل شانبەشانی هێزەكانی
ئەمریكا و ناتۆ لەزۆربەی بنكە سەربازی و
فڕۆكەوانییەكانی ئەوان بوونی هەیە، بۆ نموونە
بنكەی سەربازی "ئەنجەرلیك" كە لەجیهاندا
گەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمەریكایە و هەر
لەوێشەوە هێزەكانی سەرپەرشتی شەڕ و هاوكاری
لۆجیستی بۆ ئەفغانستان و تادەگاتە پاكستان و
بەشێكیش لەهیندستان دابین دەكەن. هەروەها
كوردستانیش بەشێكە لەچاودێری ئەمریكی و
هەروەها وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و كۆمارە
كۆمۆنیستەكانی یەكێتیی سۆڤێتی پێشوو.
|