|
سڤیل:
مەریوان عومەر
ئیسرائیل بەردەوام وەك چەكێكی كاریگەر
لەجەنگەكـــــــــــــــــــــانیــــدا
پەنـــــای بۆ تیرۆركـردنی نەیارەكانی بردووە
بەر لەدوو ساڵ سەركردەی ئەمنی و سەربازی
مێژوویی حیزبوڵڵا "عیماد موغنیە" لەرێگای
ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە لەدیمەشق تیرۆر
كرا. ئەوكات ئیسرائیل بەرپرسیاریەتی خۆی
رانەگەیاند، بەڵام ئەو بزە و زەردەخەنەی لەسەر
رووی سەركردە ئیسرائیلیەكان دەبینرا، زۆر
مانای دەگەیاند.
لەو ماوانەی دواییدا بەپرسێكی بزووتنەوەی
حەماس "مەحمود ئەلمەبحوح" لەدوبەی تیرۆر كرا،
دیسان ئیسرائیل دانی بەكردەوەكەدا نەنا،
"بەڵام بزە و پێكەنینی وەزیرە ئیسرائیلیەكان
شتێكی تریان دەگوت" وەك "یوسی میلمن"ی
رۆژنامەنوسی رۆژنامەی "هارتس" رۆژێك دوای
رووداوەكە نوسیویەتی.
ئیسرائیلیەكان لەدواوەی ئەو بزە و پێكەنینەیان
حەزێكی قوڵی راگەیاندنی ئەو سەركەوتنانەیان
حەشار داوە، كە ترسیان لەناودەنگی ئیسرائیل،
یا لەهەندێ كاردانەوە وایلێكردون بیشارنەوە.
بەڵام كردەوە تیرۆركارییە سیاسیە
ستراتیجیەكانی ئیسرائیل بەر لەدروستبوونی
قەوارەی ئیسرائیل ئەنجام دراون، هەروەك
توێژەری لوبنانی "محەمەد خواجە" جەختی لەسەر
دەكاتەوە. بەڵگە و دۆكیومێنتەكان دەریدەخەن،
كە ئیسرائیل مێژوویەكی پڕ لەئەنجامدانی
كردەوەی تیرۆركردنی هەیە، كە دەزگای هەواڵگری
و سوپای ئیسرائیلی لەدژی ژمارەیەك سەركردەی
لایەنە نەیارەكانی لەسەرتاسەری جیهاندا
ئەنجامیانداون.
ئیسرائیل توانیویەتی ژمارەیەك لەسەركردە
دامەزرێنەرەكانی بزووتنەوەی "فەتح"ی فەڵەستینی
بسڕێتەوە، بەڵام توانیویەتی نزیكە تەواوی
نەوەی یەكەمی بزووتنەوەی حەماس لەناو ببات،
هەروەك ژمارەیەك لەسەركردەكانی بزووتنەوەی
"جیهادی ئیسلامی" و حیزبوڵڵاشی بەرێژەیەكی
كەمتر تیرۆر كردوە.
"هارۆن یاریف" بەڕێوەبەری پێشووی بنكەی
توێژینەوەی ستراتیجی لەزانكۆی "تەلئەبیب" و
سەرۆكی دامەزراوەی هەواڵگری ئیسرئیلی لەكاتی
كردەوەكەی "میونخ"دا، لەساڵی 1993
لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵێكی تەلەفیزیۆنی
بەریتانی شێوازی ئەو كردەوە تیرۆركاریانە
دەگێڕێتەوە، كە ئیسرائیل وەك تۆڵەسەندنەوەیەك
لەدژی سەركردە فەڵەستینیەكان لەپایتەختە
عەرەبی و جیهانیەكاندا ئەنجامی داون. ئەو
كردەوانەی لەنێوان ساڵانی 1972 تا 1984 ئەنجام
دراون، بەوردەكاری و پڕۆفیشناڵی
لەئەنجامدانیاندا دەناسرێنەوە و ئەنجامدانی
هیچ كامێكیان لەدوو خولەك زیاتری نەخایاندوە.
محەمەد خواجە زیاتر دەڵێت "ئیسرائیل كردە
تیرۆركاریەكان لەو شوێنانەدا ئەنجام دەدات، كە
دەسەڵاتی سەربازییەكەی پێیان ناگات". ئاماژەش
بەوە دەكات، كە ئیسرائیل لەتەكنیكی
تیرۆركردندا ئامێر و دامەزراوەی مەشق و
راهێنانی تایبەتی هەبووە. دەزگای سیخوڕی
"مۆساد"یش بەشێكی تایبەت كردوە بەكردەوەكانی
چاودێریكردن و بۆسەنانەوە و تیرۆركردن.
توێژەری ئیسرائیلی "رۆفن بیداتسۆر" دەڵێ
"لەناوبردنی تیرۆریستان كێشەیەكی ئەخلاقی
دێنێتە پێشەوە، چونكە كەس نازانێت ئەو سزای
لەناوبردنە پشت بەچ بنەما و پێوەرێك
دەبەستێت؟!"
لەساڵی (1972)دا چەند كەسێكی سەر بەمۆساد
"غەسان كەنفانی" نوسەر و ئەندامی سەركردایەتی
بەرەی میللی بۆ رزگاری فەڵەستینیان "فەتح"
بەهۆی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە تیرۆر كرد.
هەمان ساڵ نوێنەری "فەتح" لەلیبیا "وائیل
زوەیتر" لەشوقەكەی خۆیدا لەرۆما لەلایەن چەند
چەكدارێكەوە تیرۆر كرا. هەر لەو ساڵەدا
نوێنەری "فەتح" لەفەرەنسا "مەحمود ئەلهەمشەری"
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لەنێو
تەلەفۆنەكەیدا لەپاریس تیرۆر كرا. لەساڵی
1973دا نوێنەری فەتح لەنیقۆسیا "حوسێن بەشیر"
بەهۆی بۆمبێكی چێنراو لەژێر جێگای نوستنەكەیدا
لەپایتەختی قوبرس تیرۆر كرا. دوای سێ مانگ
تیمێكی كۆماندۆی ئیسرائیلی، كە (یەهود باراك)
یەكێك بوو لەئەندامەكانی، 3 سەركردەی رێكخراوی
فەتحیان تیرۆر كرد بەناوەكانی"كەمال عەدوان،
كەمال ناسر، محەمەد نەجار". تەنیا دوو رۆژ
دواتر نوێنەرێكی تری فەتح لەنیقۆسیا "زیاد
موشاتی" لەئۆتێلێكی ئەسینای پایتەختی یۆناندا
تیرۆر كرا.
پاشان ئیسرائیل ژمارەیەك لەبەشداربووانی
رووداوەكەی میونخی تیرۆر كرد (رووداوی رفاندنی
فڕۆكەی وەرزشوانە ئیسرائیلیەكان، كە كوژارنی
11 وەرزشوانی ئیسرائیلی لێكەوتەوە)، كە
دواینیان كوژرانی "عاتف بسیسۆ" بوو لەساڵی
1992 لەسەر دەستی مۆسادی ئیسرائیلی. لەساڵانی
هەشتاكانیشدا ئیسرائیل ژمارەیەك كردەوەی
تیرۆركردنی ئەنجام داوە، هەرە دیارترینیان
تیرۆركردنی زانای ئەتۆمی میسری "محەمەد یەحیا
ئەلمەشد" بوو، كە مۆساد لەهۆتێلی "میریدیان"
لەپاریس تیرۆری كرد. جگە لەتیرۆركردنی یەكێك
لەسەركردە هەرە دیارەكانی فەتح "ئەبو جیهاد"،
لەلایەن تیمێكی كۆماندۆوە لەساڵی 1985.
لەساڵانی نەوەتەكانیشدا مەیدانی جەنگەكە بۆ
چالاكوانانی حیزبوڵڵای لوبنانی و حەماسی
فەڵەستینی گوێزرایەوە. حەماس زۆر گورزی بەئێشی
ئیسرائیلی بەركەوتووە و ژمارەیەكی زۆر
لەسەركردە دیارەكانی بەدەستی ئیسرائیل تیرۆر
كراون.
دواین كردەی تیرۆركردنی ئیسرائیل، كە
قەیرانێكی گەورەی لێ كەوتەوە، تیرۆركردنی
"مەحمود ئەلمەبحوح"ی سەركردەی حەماس بوو
لەدوبەی. پۆلیسی دوبەی توانی لەكۆی 26
گومانلێكراوی كردەوەكە، 15 كەسیان دەسگیر بكات
و ناو و رەگەزنامە و پەساپۆرتەكانیان ئاشكرا
بكات. پۆلیس راشیگەیاندوە، كە ئەنجامدەرانی
كردەوەكە لەئەوروپاوە هاتونەتە دوبەی و
رەگەزنامەی ئەوروپیان پێبووە. "فەریق زاحی
خەلفان" سەرۆكی پۆلیسی دوبەی دەڵێت "نیمچە
دڵنیاین كە مۆسادی ئیسرائیلی ئەو تیرۆركردنەی
ئەنجام داوە".
"دەیڤد گاردنەر" نوسەری بەریتانی لەوتارێكیدا
لەرۆژنامەی "فاینانشەڵ تایمز"ی بەریتانی لەژێر
ناونیشانی "ئیسرائیل زیان بەدۆزەكەی
دەگەیەنێت، گەر وەك وڵاتێكی خراپەكار تەماشای
بكرێت" نوسیویەتی "لەگەڵ ئەو رۆڵەی دوبەی
گێڕای لەدەسگیركردنی بكوژانی هونەرمەندی
لوبنانی (سۆزان تەمیم) لەساڵی 2008 بەهۆی
كامێراكانی چاودێرییەوە، كە لەسەرتاسەری
دوبەیدا بڵاو كراونەتەوە، بەڵام دەزگای
هەواڵگری ئیسرائیلی بایەخی بەو كامێرا
چاودێریانە نەدا و تیمێكی 26 كەسی بۆ
تیرۆركردنی مەبحوح و لەرێگای پاسەپۆرتی
ساختەوە ناردە دوبەی. ئێستا دوای ئەو رووداوە
ناودەنگی مۆساد و ئیسرائیل لەژێر بڕیاری
تێڕوانینی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دایە".
نوسەری وتارەكە باس لەكۆمەڵێك كردەوەی
تیرۆركاری سەرگرتوو و شكستخواردووی مۆسادی
ئیسرائیلی دەكات، پاشانیش باس لەخۆنەبانكردنی
ئیسرائیل لەیاسا نێودەوڵەتیەكان دەكات و
دەپرسێت "ئایا بەرپرسە ئیسرائیلیەكان هیچ
لەبارەی یاسای نێودەوڵەتیەوە نازانن؟! یا
پێیان وایە لەسەر ئەوان جێبەجێ ناكرێت، بەپشت
بەستنیان بەو (ڤیتۆ)یەی ئەمریكا لەئەنجومەنی
ئاسایشدا بۆ بەرژەوەندی ئەوان بەكاری
دەهێنێت؟!"
. |