لــــۆبی ئــەرمــەنی.. دووەم گـــەورەتـــریـن لـــــۆبی دوای یەهودییەكان لە ئەمریكادا  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

زیـــاتر لـــە 20 وڵاتی جیــــهان رووداوەكــانی ساڵی 1915ی توركەكانیان دژ بە ئەرمەنیەكانیان بە "جینۆساید" ناساند

دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 90 ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا، كەچی هێشتا مشتومڕی زۆر لە بارەی "قەسابخانەی ئەرمەنییەكان" لە توركیا و لەماوەی جەنگی جیهانی یەكەمدا دەكرێت و بۆتە بابەتی ناكۆكییەكی گەورەی نێودەوڵەتی. لەوەش زیاتر، بۆتە سەرچاوەی ململانێیەك، كە تەنیا لەنێوان توركیا و ئەرمینیادا نیە، بەڵكو لەنێوان ئەنقەرە و زۆربەی پایتەخەكانی جیهان و بە تایبەتیش رۆژئاوادایە.
تێڕوانینی ئەرمەنیەكان جەخت لەسەر ئەو قەسابخانە كۆكوژی و هەڵمەتی جینۆسایدە دەكاتەوە، كە دەوڵەتی عوسمانی لەماوەكانی رابردوودا لەدژی ئەرمەنەكان ئەنجامی داوە. بەشێكیان لەمیانەی جەنگی نێوان عوسمانی - رووسیادا لەنێوان ساڵانی 1877-1978 ئەنجام دراون، بەڵام هەرە توندوتیژترینان لەمیانەی جەنگی جیهانی یەكەم و لە ناوەڕاستی ساڵی 1915دا بووە، كە تێیدا ملیۆن و نیوێك ئەرمەن و هەندێ تایەفەی تری مەسیحی وەك سریان و كلدان و ئاشووریەكان و هی تریش كوژران، بە تۆمەتی هاوپەیمانیەتیكردنیان لەگەڵ رووسیا لەدژی دەوڵەتی عوسمانی بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.
ئەوكات رووسیا ئەرمەنەكانی وڵاتەكەی و ئەوانەی نزیك سنووری نێوان رووسیا و دەوڵەتی عوسمانی هاندا و چەك و تفاقی پێدان و لەسەر خاكەكەی خۆی مەشقی پێكردن و گرووپی چەكداری لە نمونەی "جەنجاق" و "تەشناق"ی لێ پێك هێنان، بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی.
لە لایەكی ترەوە توركیا ئەو واقیعە رەت دەكاتەوە و كوژرانی ملیۆن و نیوێك ئەرمەن بە كارێكی ئەستەم دەزانێت، چونكە ئەوكات ژمارەی ئەرمەنەكان لەناوچەی عوسمانیەكاندا لەنێوان ملیۆنێك تا ملیۆنێك و نیوێك كەس بووە و لە نێوانیشیاندا زیاتر لە 700 هەزاریان پەنایان بردۆتە بەر وڵاتانی تر.
وەك توركەكان دەڵێن، دەوڵەتی عوسمانی ئەوكات نەیتوانیوە قەیرانی ناپاكی بەشێك لە ئەرمەنەكان لە دژی دەوڵەت و هاوكاریكردنیان بۆ رووسەكان چارەسەر بكات، تەنیا بۆ ناوچە سنووریەكان رایگواستوون، تا هیچ پەیوەندیەك لە نێوان ئەرمەنەكان و سوپای رووسیادا نەمێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو ئەرمەنیانەی بۆ ناوچەكانی سوریا و لوبنان و عێراق راگواستووە، بە هۆی زۆری ژمارەی پەنابەرەكانیش، كە 600 هەزار كەس بوونە، هەروەها بە هۆی نەتوانینی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە لەكاتی بارودۆخی سەختی جەنگدا لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە، ئەو راگواستنە بە شێوازێكی زۆر سادە و سەرەتایی ئەنجام دراوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆریان بە هۆی برسیەتی و سەرما و نەخۆشیەوە گیانیان لە دەست داوە. بەڵام لە هەمان كاتیشدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە لەكاتی جەنگی جیهانی یەكەمدا تەنیا 300 هەزار ئەرمەن كوژراون، دانیش بەوەدا دەنێن، كە خەڵكانێك بە هۆی هاوكاریكردنی سوپای سۆڤیەت لەكاتی جەنگی یەكەمی جیهاندا كوژراون.
لەئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان هەمان تێڕوانینی ئەرمەنەكانیان بەرامبەر بە توركیا هەیە، جگە لەوڵاتی ئەرمینیا، قوبرس یەكەم دەوڵەت بوو لەنیسانی 1982دا كوشتاری ئەرمەنەكانی بە جینۆساید لەقەڵەم دا. دواتر هەر یەكە لەئەرجەنتین، بەلجیكا، كەنەدا، چیلی، فەرەنسا (لەساڵی 2006)، ئەڵمانیا، یۆنیان، ئیتاڵیا، لیتوانیا، هۆڵەندا، پۆڵەندا، روسیا، سلۆفاكیا، سوید، سویسرا، ئۆرۆگوای، ڤاتیكان، فەنزوێلا، ئیسرائیل، دانیان بە كۆمەڵكوژی توركەكان لە دژی ئەرمەنەكاندا نا.
بەڵام پەرلەمانی لوبنانی تاكە پەرلەمانی عەرەبی بوو، كە لە 9ی ئایاری 2000دا لەگەڵ بۆچوونی ئەرمەنی هاوڕا بوو.
جگە لە وڵاتان، زۆر لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئەو كۆمەڵكوژیەی لە دژی ئەرمەنەكان و لە سەردەمی عوسمانیەكاندا لە ساڵانی (1915-1918) ئەنجام دراوە، بە جینۆساید ناساند، لەنێوانیاندا پەرلەمانی ئەوروپی لەساڵی1987، ئەنجومەنی كڵێسا جیهانییەكان، یەكگرتووی مافەكانی مرۆڤ لەتوركیا، پەیمانی ئەوروپی بۆ كۆمەڵەی لاوانی مەسیحی، یەكێتی زانایانی بواری كۆمەڵكوژیی (IAGS). بەڵام بەریتانیا رەتی دەكاتەوە لەكاتی ئێستادا بە راشكاوانە دان بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكاندا بنێت، بە هۆی گرنگی پەیوەندیەكانی لەگەڵ توركیادا، بەڵام سەركۆنەی كوشتارگەكانیش دەكات.
گرووپەكانی فشاری ئەرمەنی، یا لۆبی ئەرمەنی لەئاستی جیهاندا هێزێكین گاڵتەیان پێناكرێت. ئەوان هۆكاری سەرەكی بە جینۆساید ناساندنی دۆزی ئەرمەنەكان و بەدەستهێنانی ئەو هاوسۆزیە نێودەوڵەتیە بوون. لە نێوانی ئەو لۆبیانەی ئەرمەنەكاندا، ئەرمەنەكان لە ئەمریكا لۆبێكی گەورە و زۆر كۆمەڵە و گرووپیان هەیە، وەك "لێژنەی نیشتمانی ئەرمەن لە ئەمریكا"، كە گەورەترین رێكخراوی ئەرمەنیە لە ئەمریكادا و لە لایەن لۆبی یەهودیەوە پشتیوانی لێ دەكرێت.
هەروەك زیاتر لە ملیۆن و نیوێك ئەمریكی ئەرمەنی هەن و ئەندامانیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە، ژمارەیەك رۆژنامەیان بە زمانی ئینگلیزی هەیە. بەو شێوەیە لە دوای لۆبی یەهودیەكان لەئەمریكا، لۆبی ئەرمەنیەكان خاوەن گەورەترین كاریگەرین لەسەر سیاسەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
لەفەرەنسا نزیكەی نیو ملیۆن ئەرمەنی هەن، ئەندامیان لەپەرلەمانی ئەو وڵاتەدا هەیە و لەهەر حكومەتێكیشدا كە پێكبهێنرێت، وەزیرێك یا دوویان هەیە. لۆبی ئەرمەنی لەفەرەنسا توانی پەرلەمانی فەرەنسا رازی بكات لەساڵی 2006دا كوشتاری ئەرمەنەكان بە "جینۆساید" بناسێت.
شەرقلئەوسەت
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com