"ئیسرائیل.. وڵاتە بێباك و تەحەدیكارەكە قــومـــــار بە داهــــاتـــوویـــــەوە دەكــــــــات"  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

لەگەڵ گەڕانەوەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆكی ئیسرائیل لە واشنتۆن و شكستخواردنی لەئاساییكردنەوەی بارگرژی پەیوەندیەكانی لەگەڵ باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكادا، دەنگی رەخنە و ناڕەزایی لەنێو ئیسرائیلدا بەرزبووەوە و هۆشداریاندا لەمەترسی پاشەكشەكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا لەسەر دەستی حكومەتی راستڕەوی ئیسرائیلی بەسەرۆكایەتی بنیامین ناتانیاهۆ، لەكاتێكدا ئیسرائیلییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی، دەوڵەتی عیبری بێ بوونی ئەو پەیوەندیە لەمڕۆی جیهاندا ناتوانێت لەو پێگەیەی ئێستا و لەئاشتیدا بژی.
دوای راگەیاندنی پڕۆژەی نشینگەی "رمات شلۆمۆ"ی ئیسرائیلی تاپڕۆژە تازەكەی نشینگەی یەهودییەكان لەقودسی رۆژهەڵات نیگەرانی ئیسرائیلیەكان لەبارەی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكادا زیاتر بووە. هەموو ئەو لایەنانە پێیان وایە ئیسرائیل ناتوانێت ئامانجە ستراتیجی و ئەمنی و سیاسییەكانی بێ پاڵپشتی ئەمریكا بەدی بهێنێت و گەشە بە ئابوورییەكەی بدات.
لەبارەی ناكۆكییە ئاشكراكانی نێوان ئۆباما و ناتانیاهۆ رۆژنامەی "سەندەی تەلەگراف"ی بەریتانی لەراپۆرتێكیدا لەژێر ناوی "كۆتایی پەیوەندیە تایبەتییەكان"دا نوسیویەتی "بارگرژی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لەكاتێكی هەستیار دایە، كە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانی پێدا تێپەڕ دەبێت، رەنگە بشبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێكی سیاسی لەكاتێدا ئیسرائیل پێویستی بە پاڵپشتی ئەمریكا هەیە".
رۆژنامەكە باس لەمێژووی ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكات و ئاماژەی بەوەش داوە، لەكاتێكدا سیاسەتەكانی ئۆباما بەرامبەر بە جیهانی ئیسلامی جۆرێك لەكرانەوە بە خۆیەوە دەبینێ، لەبەرامبەردا جۆرێك لەساردوسڕی بەرووی ئیسرائیلدا پێوە دیارە.
رۆژنامەكە باس دەكات، كە ئەم ماوانەی دوایی دەریخست، كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی "ناتانیاهۆ" بەقۆناغێكی سەختدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەت دوای ئاشكرابوونی وردەكاری تیرۆركردنی "مەحمود مەبحوح" سەركردەی بزووتنەوەی حەماس لەدوبەی و بەكارهێنانی پەساپۆرتی ئەوروپی ساختە لەلایەن ئەنجامدەرە ئیسرائیلیەكانەوە.
هەموو سەركردە ئیسرائیلیەكان پەیوەندیە توندوتۆڵەكانیان لەگەڵ ئەمریكادا پاراستووە، بێ لەبەرچاوگرتنی سیاسەتەكانی سەرۆكەكانی ئەمریكا، ئەمەش نەوەك تەنیا بۆ بەردەوامبوونی پشتگیرییە سەربازیەكانی بۆ ئیسرائیل، كە بە هۆیەوە هەمیشە سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی ئیسرائیل پشتئەستوورن و لێدوانی بەهێز و ترسێنەر دەدەن، بەڵكو بۆ بەردەوامبوونی ئەو هاوكارییە مەدەنیانەش، كە ئەمریكا پێشتر پێشكەش بە ئیسرائیلی دەكرد و ماوەی سێ ساڵە وەستاندویەتی.
بە گوێرەی ئەو بەڵێنەی جۆرج بۆشی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بە "ئەیهود ئۆڵمەرت"ی سەرۆكی پێشووی ئیسرائیلی دابوو، ئەمریكا تاساڵی 2018 هاوكاریە سەربازییەكانی بۆ ئیسرائیل دەگەیەنێتە بەهای 3 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا.
پسپۆرە ئابوورییەكانی ئیسرائیل پێیانوایە ئەو هاوكاریانەی ئەمریكا پێشكەش بە ئیسرائیلی دەكات، هاوكاری ئابوورین نەوەك سەربازی، چونكە گەر ئەمریكا چەك و تفاقی سەربازی پێشكەوتووی پێ نەبەخشێت، ئیسرائیل ناچار دەبێت ساڵانە 3.7 ملیار دۆلار لەمیزانەكەی ببڕێت و بۆ بواری سەربازی تەرخان بكات. جگە لەمەش تەنیا لەساڵی رابردوودا ئیسرائیل بە بەهای 17 ملیار دۆلار بەرهەمەكانی ناردۆتە ئەمریكا و لەبەرامبەریشدا تەنیا بە بەهای 6 ملیار دۆلار بەرهەمی ئەمریكی هاوردە كردوە، لێرەشدا 11 ملیار دۆلاری زیادەی ئەمریكی دێتە ئیسرائیل و بە هۆیەوە كورتهێنانی داراییەكەی پڕدەكاتەوە.
ئیسرائیلەكان پێیانوایە بە لەدەستدانی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئەمریكادا، لەرووی گرنگیەوە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەونە پەراوێزەوە. هەروەك بێ پاڵپشتی سەربازی ئەمریكا و رێگەپێدانی ئەو وڵاتە، قسەكردن لەسەر وەشاندنی گورزی سەربازی لەئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە تەنیا وەهمێكە.
نوسەری بەریتانی "ماكس هیستنگ" لە وتارێكیدا لەرۆژنامەی "فاینانشەڵ تایمز" لەژێر ناونیشانی "ئیسرائیل، وڵاتە بێباك و تەحەدیكارەكە قومار بە داهاتوویەوە دەكات" باس لەوە دەكات، كە رۆژێك دێت ئەمریكییەكان باجێكی ستراتیجی گەورەی زێدەڕۆییەكانی ئیسرائیل بدەن. هیستنگ نوسیویەتی "ئیسرائیل پێیوایە مافێكی ئەخلاقی لەقودسی رۆژهەڵاتدا هەیە، ئەمەش هەموو جیهان رەتی دەكاتەوە. رەنگە بتوانێت تەواوی قودس بخاتە نێو سنورەكەی خۆیەوە، بەڵام بەو هەنگاوەی، خۆی توشی مەترسیەكی مێژوویی دەكات و دەبێتە وڵاتێكی لەخۆدەرچوو و سەركێش".
هەر لەئەنجامی ئەو بارگرژیەی كەوتە پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، لەكاتی سەردانەكەی نەتانیاهۆ بۆ ئەمریكا، كاتێك دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئۆبامادا هیچ گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی نەبەسترا. هەندێك لەدەزگا راگەیاندنەكانی ئیسرائیل رایانگەیاند، كە ناتانیاهۆ لەلایەن ئۆباماوە سوكایەتی پێكراوە. بەڵام كۆشكی سپی لەرێگای وتەبێژەكەیەوە سەرسوڕمانی خۆی لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیە نیشاندا و "گیبس"ی وتەبێژی كۆشكی سپیش وتی "من سەرم سوڕماوە لەو بۆچوونەی باس لەدووچاربوونی نەتانیاهۆ بە سوكایەتیپێكردن لەلایەن ئۆباماوە دەكات".
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لەراپۆرتێكیدا لەژێر ناونیشانی "لۆبی ئیسرائیلی فشار دەخاتە سەر كۆنگرێس تاهەڵوێستی ئۆباما بەرامبەر نەتانیاهۆ نەرم بكات" و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، كە لێژنەی كاروباری گشتی ئەمریكی – ئیسرائیلی "ئیباك" و لۆبی ئیسرائیلی ژمارەیەك ئەندام كۆنگرێسیان كۆكردۆتەوە، بۆ فشارخستنە سەر كۆشكی سپی و نەرمكردنی هەڵوێستەكانی بەرامبەر بە ئیسرائیل.
نوسەری ئەمریكی "كریس ماكگریل" لەوتارێكیدا باس دەكات، كە ئامانج لەو هەنگاوەی "ئیباك" قۆستنەوەی ناكۆكیانەی نێو ئیدارەكەی ئۆبامایە، كە تا ئێستا قەیرانی نشینگە یەهودییەكان لەقودسدا وەك فشارێك لەدژی ئیسرائیل بەكار دەهێنێت، تا سازش لەسەر هەندێك شت بكات و دانوستانی ئاشتی دەست پێ بكاتەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com