|
"راستە
خەڵك خۆشی دەوێین، بەڵام چۆن سیاسەتەكانمان
جێبەجێ بكەین؟!"
سڤیل: مەریوان عومەر
ماوەیەك لەمەوبەر باراك ئۆبامای سەرۆكی
ئەمریكا، بۆ مەبەستی هۆشداریدان بە "حەمید
كارازای" لەبارەی دژایەتیكردن و ریشەكێشكردنی
گەندەڵی لەحكومەتەكەیدا، سەردانی ئەفغانستانی
كرد. دیدارەكە كورت و دڵخۆشكەر نەبوو،
لەمیانەیدا ئۆباما ترسی خۆی لەبارەی
هەڕەشەكانی گەندەڵی بۆ سەر حكومەتەكەی كارازای
نیشاندا، لەكاتێكدا ئەمریكا دەیەوێت ئەو
حكومەتە بەهێز بكات، بەڵام ئەو دیدارە
گۆڕانكارییەك لەسیاسەتی دەرەوەی ئۆبامادا
نیشان دەدات، كە جەخت لەسەر دیمانەی رووبەروو
لەگەڵ سەركردەی وڵاتان دەكاتەوە.
سەرەتا ئۆباما وازی لەسیاسەتەكانی "جۆرج بۆش"ی
سەرۆكی پێشووی ئەمریكا هێنا، كە زیاتر جەختی
لەسەر تاكەكەس و سەركردەكان دەكردەوە، بەڵام
سیاسەتەكانی ئۆباما كاركردن بووە لەسەر گەلان
و پەسەندكردنی زیاتری وێنای ئەمریكا لایان،
پاشان هەوڵدان لەگەڵ سەركردەكانیاندا بۆ
بەهێزكردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانی
ئەمریكا لەو وڵاتانەدا. بەڵام لەبارەی
"ئۆباما"وە سیاسەتمەدارێكی پارێزگار دەڵێت
"ئەو هیچ دۆستێكی لەدەرەوەدا نییە، تا بتوانێت
بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەدەرەوەی وڵاتدا
برەو پێ بدات".
ئۆباما چوار مانگ دوای دەسبەكاربوونی،
لەبەرامبەر وڵاتانی تردا، گرنگیپێدانی خۆی
لەگەلانەوە بۆ سەركردەكانیان گواستەوە، بەو
ئومێدەی لەرێگای ئەو پەیوەندیانەوە بتوانێت
وێنای ئەمریكا لەدەرەوەدا باشتر بكات. ئەم
سیاسەتەش داننانە بە پێویستی نزیكبوونەوەی
راستەوخۆ لەو كەسانەی داڕێژەری سیاسەتی
وڵاتەكانیانن، سەرەڕای ئەو خەڵكانەی دەنگیان
پێ دەدەن و هەڵیاندەبژێرن.
"لی هاملتۆن" ئەندامی پێشووی كۆنگرێس و سەرۆكی
ناوەندی "وردۆ وڵسن"ی ئەكادیمی نێودەوڵەتی
دەڵێ "سەركردەكان كەسایەتی سیاسین، كاری
سیاسیش پشت بە توانای بەستنی پەیوەندی شەخسی
دەبەستێت".
بە بەراورد بە ساڵی پار، ئەو گۆڕانەی
لەسیاسەتەكانی ئۆبامادا رووی داوە بەئاشكرا
هەستی پێ دەكرێت. ئەو لەوتارێكیدا لەحوزەیرانی
رابردوو لەقاهیرە، نشینگە ئیسرائیلیەكانی
لەناوچە داگیركراوەكاندا بە "ناشەرعی" وەسف
كرد. پاشانیش لەكۆشكی سپیدا لەگەڵ "بنیامین
ناتانیاهۆ"ی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلدا كۆبۆوە
و هانیدا دروستكردنی كۆمەڵگا جولەكەنشینەكان
رابگرێت.
بەر لەساڵێك باراك ئۆباما لەفەرەنسا،
لەكۆنگرەیەكدا و لەبەرامبەر سەدان كەسدا وتاری
دەدا، لەنیسانی 2009دا لەیەكێك لەگۆڕەپانەكانی
"پراگ"ی پایتەختی چیكدا، بەرامبەر بە هەزاران
هاوڵاتی چیكی داوای جیهانێكی خاڵی لەچەكی
ئەتۆمی كرد، بەڵام لەمانگی داهاتوودا بە نیازە
زیاتر لە 40 سەركردەی جیهانی بانگێشتی واشنتۆن
بكات، بۆ ئامادەبوونیان لەكۆنگرەیەكی تایبەت
بە كەرەسەی ئەتۆمی. بەرپرسێكی كۆشكی سپیش
دەڵێت "ئەمە یەكەم جارە سەرۆكێكی ئەمریكی
لەبارەی پرسێك، لوتكەیەك لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرە
لەسەركردەكانی جیهاندا ببەستێت".
"بۆش" گرنگی زۆری بەپەیوەندیە شەخسییەكانی و
رەسمیاتی نێوان خۆی و سەركردەكانی تری دەدا.
وەك گوزارشتێك لەهاوڕێیەتی و پەیوەندی نزیكی
نێوانیان، لەكۆنگرەیەكدا تەنیا بە ناوە
كۆتاییەكەی "بلێر" ناوی سەرۆك وەزیرانی پێشووی
بەریتانیای هێنا. لەگەڵ سەرۆكی مەكسیك "فیستنی
فۆكس" ئەسپسواری دەكرد و وەك دیاری
ماڵئاواییش، گەشتێكی بە "جۆنشیرۆ كۆیزۆمی"
سەرۆك وەزیرانی یابانی كرد بە نێو
"گراسلاند"دا، هەروەك لەبارەی "ڤلادیمێر
پۆتین"ی سەرۆكی ئەوكاتی روسیاشەوە دەڵێت "من
دەتوانم رۆحی ئەو پیاوە بناسم". بەڵام جەنگی
دژە تیرۆری بۆش، سەلماندی كە سیاسەتەكانی
لەزۆر ناوچەی جیهاندا پەسەند نین. كە
پۆستەكەشی جێهێشت، ژمارەیەكی كەم هاورێی
لەریزی سەركردەكاندا هەبوو، كە بتوانێت تا
ماوەیەكی درێژتر لەگەڵیان بەردەوام بێت.
ئۆباما كە چوار ساڵ بەر لەوەی ببێتە سەرۆك،
ئەندامی ئەنجومەنی پیران بوو لە ویلایەتی
"ئیلینۆی"، كاتێك ئەو پۆستەی وەرگرت،
ژمارەیەكی زۆر كەمی لەسەركردەكانی جیهان
دەناسی. لەو كاتەشەوە پەیوەندیەكی پتەوی لەگەڵ
سەركردەكانی وڵاتانی تردا دروست نەكردوە،
بەسەركردەی وڵاتە تازە گەشەسەندووەكانیشەوە،
كە سەركردەكانی پێشووی ئەمریكاش نەیاندەناسین
و خۆیان لێیان بەدوور دەگرت، بۆ هێشتنەوەی
پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانە
تەقلیدیەكانی.
لەو كاتەوەی 200 هەزار ئەڵمانی لەبەرلین
ئامادەی وتارەكەی ئۆباما بوون، لەكاتی
هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لە 2008دا، ئۆباما
جەختی لەسەر پەیوەندی و دیداری راستەوخۆ لەگەڵ
هاووڵاتیاندا دەكردەوە. لە (ئەستەنبوڵ و
شەنگەهای و ستراسبۆرگ)یشدا دیداری راستەوخۆی
لەگەڵ قوتابیانی زانكۆدا هەبووە.
"بن رودس" جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی
ئەمریكا دەڵێت "هەموو راپرسیەكان دەریدەخەن
پشتگیری خەڵك لەسەرتاسەری جیهاندا بۆ
سەركردایەتی ئەمریكا لەزیادبوون دایە،
ئاسانیشە بۆ سەركردەكان هاوكاریمان بكەن،
كاتێك گەلەكانیان بیانەوێت".
بەڵام كۆمارییەكان رەخنە لەسیاسەتەكانی ئۆباما
دەگرن، كە كێشكردنی جەماوەر و هێزی جەماوەری
ئۆباما نەیتوانیوە لەرێگای جەماوەری چینی و
ئێرانیەوە هیچ گۆڕانكاریەك لەحكومەتی ئەو
وڵاتانەدا ئەنجام بدات. "سیمون سیرفاتی"
پسپۆری سیاسی ئەمریكیش دەڵێ "ئۆباما لەسەر
گەلان كاری دەكرد، ئەو پەیوەندی لەگەڵ گەلی
فەرەنسا زۆر باشە، ساركوزیش پێی وابوو گەر
ئۆبامای خۆش بووێت، جەماوەرەكەی زیاد دەكات.
بەڵام ناتوانرێت هەمیشە جەماوەریبوونەكەی بۆ
پەسەندكردنی سیاسەتەكانی وڵاتەكەی بەكار
بهێنێت، بۆش كێشەی شەرعیبوونی دەسەڵاتی
ئەمریكای هەبوو، ئۆباماش كێشەی كارابوونی
سیاسەتەكانی. راستە خەڵك خۆشی دەوێین، بەڵام
چۆن سیاسەتەكانمان جێبەجێ بكەین؟!"
لەجەنگی ئەفغانستانیشدا، ئۆباما نەیتوانی
جەماوەر لەوێ دروست بكات، بەهۆی ئەمەشەوە
زەحمەت بوو بۆی لە رێگای جەماوەری
ئەفغانستانەوە فشار بۆ كارازای بهێنێت. بۆیە
بەیاوەری زۆربەی گەورەبەرپرسانی ئیدارەكەی
سەردانی ئەفغانستانی كرد و لەوێش تەنیا چاوی
بە كارازای و هێزەكانی ئەمریكا لەئەفغانستان
كەوت. لێرەدا دەردەكەوێت ئۆباما چ گرنگیەك بەو
پەیوەندیانە دەدات، كە پێشتر بەهۆی
پشتگوێخستنیەوە رەخنەی زۆری لێ دەگیرا.
|