لوتـكەی ئـــاسایشی ئەتـۆمی واشـنـتـۆن.. هـــــــــــــــەوڵێك بۆ یەكخستنی جیهان لە دژی ئێران  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

"لوتكەی ئاسایشی ئەتۆمی" لەواشنتۆن، كە 47 سەركردەی وڵاتان تێیدا بەشدار بوون، رۆژی سێشەممەی رابردوو كارەكانی خۆی تەواو كردو وڵاتانی بەشداربووی كۆنگرەكە تێكڕا جەختیان لەسەر گرنگی نەهێشتنی تیرۆری ئەتۆمی و ترس لەگەیشتنی چەكی ئەتۆمی بەدەستی تیرۆریستان و رێكخستنی ئەلقاعیدە كردەوە. هەرچەندە وڵاتی ئێران بەفەرمی بۆ لوتكەكە بانگێشت نەكرابوو، بەڵام لەگفتوگۆ و دانیشتنە پەراوێزییەكان ئامادەیی هەبوو. سەركردەی وڵاتانی بەشداربووش رێكەوتن لەسەر ئەوەی لەماوەی چوار ساڵدا كار لەسەر پاراستنی مادە و كەرەسەی ئەتۆمی لەسەرتاسەری جیهاندا بكەن، بۆ رێگرتن لەگەیشتنی بە دەستی گروپە توندڕەوەكان.
"مایك هامر" وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكی دەڵێت "هەرچەندە ئەم لوتكەیە لەبارەی ئێرانەوە نەبوو، بەڵام پەیامێكی ئاشكرای لەخۆگرتبوو و گۆشەگیری ئێرانیشی دەرخست".
پێشتر ئۆباما داوای لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد، كەهەنگاوی بوێرانە و خێرا بنێن بۆ سەپاندنی سزای تازە بەسەر ئێراندا، بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیەكانیەوە. لەكۆتایی لوتكەی ئاسایشی ئەتۆمی لەواشنتۆنیشدا، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هیوای خواست كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوی خێرا و ئازایانە بنێت. ئاماژەی بەپێشكەوتنی هەوڵەكانی واشنتۆن لەو بارەیەوە دا و گوتی "گەر بەراوردی ئێستا بەساڵێك لەمەوبەر بكەین، ئێستا روسیا و چینیش لەگەڵ ئەندامانی تری ئەنجومەنی ئاسایشدا لەهەوڵی بڕیارێكی تازەدان. پێویستە لەسەر ئێرانیش دەسبەرداری وەستانەوە بەرووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بێت و بەشێوازێكی تر رەفتار بكات".
ئەم لوتكەیە دەرفەتێك بوو بۆ واشنتۆن، كە هەڵمەتێكی چڕوپڕی دیپلۆماسی تێدا ئەنجدام بدات، بۆ رازیكردنی ئەندامە دوودڵ و راراكانی ئەنجومەنی ئاسایش بە هەڵوێستەكانی واشنتۆن.
ئەمریكی و فەرەنسییەكان كۆششی زۆریان كرد، بۆ رازیكردنی چین بەسەپاندنی سزای تازەی نێودەوڵەتی بەسەر ئێراندا و بەدەستهێنانی زۆرینەی ئەنجومەنی ئاسایش لەدژی تاراندا. بەرپرسێكی فەرەنسی لەو بارەوە دەڵێت "هەر بڕیارێكی نێودەوڵەتی دژ بە ئێران، بێ رازیبوونی رووسیا و چین، رێوشوێنی توند لەخۆ ناگرێت".
لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەدا ئێران پێشوەختە رایگەیاند، كە پابەندی هیچ بڕیارێكی نێودەوڵەتی نابێت. ئەحمەی نەژادیش گوتی "ئەوان دەتوانن هەوڵی خۆیان بدەن، لێدوان بدەن و بڕیار دەربكەن، بەڵام چەندەی دوژمنكاریی ئەوان بەرامبەرمان زیاتر بێت، نەتەوەی ئێرانیش لەسەر بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمیەكانی سوورتر دەبێت".
پێدەچێت گۆڕانی هەڵوێستی چین و بۆ یەكەمجار رازیبوونی بەگەڕان بەدوای سزایەكی نێودەوڵەتی لەدژی ئێراندا، شانبەشانی ئەمریكا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، ئەگەری بەكارهێنانی "ڤیتۆ" دوور بخاتەوە، بەڵام دەرچوونی هەر بڕیارێك لەئەنجومەنی ئاسایشەوە پێویستی بەرەزامەندی 9 وڵات لەكۆی 15 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنەكە هەیە، بۆیە هێشتا زۆرینەی پێویست بەدەست نەهاتوە.
تا ئێستا لەوەتەی ساڵی (2006)ەوە پێنج بڕیار لەدژی ئێران دەرچووە، كە سێیان سزایان لەگەڵ بووە.
جگە لەپێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەندامە ناهەمیشەییەكانی لەكاتی ئێستادا بریتین لە "بەرازیل، توركیا، گابۆن، یابان، نەمسا، لوبنان، مەكسیك، نێجیریا، ئۆگەندا، بۆسنە". بەرازیل و توركیا نایانەوێت سزای تازە بەسەر تاراندا بسەپێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چوار ئەندامە هەمیشەییەكەی تر لە هەوڵی رازیكردنی گابۆن و یابان و نەمسادان.
جگە لەسزادان، وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل زۆر ئامرازی تریان بۆ كۆسپ خستنە بەردەم بەرنامە ئەتۆمیەكانی ئێران لەبەدەست دایە، لە تیرۆركردن، یا پێدانی بەرتیل بە زاناكانیان، تا دەگاتە پێدانی كەرەسەی نەشیاو بۆ پڕۆژە ئەتۆمییەكانی تاران.
رۆبەر گەیتسی وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، كە ئێران رادەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە 20% و گوتیشی "ئەوان بەرەوپێشەوە دەچن، بەڵام زۆر هێواشتر لەوەی خۆیان بۆیدەچوون". بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمیش پێویستی بەبڕێك لەیۆرانیۆمە، كە بەرێژەی 90% پیتێندرابێت. شارەزایان پێیانوایە ئێران بەهۆی ئەو ئامێرانەی هەیەتی، نزیكەی دوو تەن یۆرانیۆمی بەدەست هێناوە، كە بە رێژەیەكی كەم پیتێندراوە. بەڵام گەر بیەوێت ئەو ئامێرانە بەتەواوی توانایان بخاتەگەڕ، بۆ خێراتركردنی پڕۆسەكە، ئەوا ئامێرەكانی زۆر هیلاك دەكات. لێرەشدا رۆڵی دەزگا هەواڵگریەكان دەردەكەوێت.
ئاشكراكردنی شوێنی شاراوەی دامەزراوەیەكی ئەتۆمی ئێرانی لەچیای "قەرەم قوم" لەلایەن سیخوڕە فەرەنسیەكانەوە، گورزێكی كاریگەر بوو لەئێران. هەر ئەمەش وای لە مۆسكۆ كرد بە بیرۆكەی سزای تازە بەسەر ئێراندا رازی بێت.
لەهەندێ حاڵەتیشدا دەزگا سیخوڕیەكان دەستیان دەگاتە ئەو كەسانەی لەنێو بەرنامە ئەتۆمیەكانی ئێراندا كار دەكەن. لە كانوونی دووەمی پاردا زانای ئێرانی و مامۆستای فیزیای ئەتۆمی لەزانكۆی تاران، "مەسعود عەلی محەمەدی" تەمەن 50 ساڵان لەرێگای تەقینەوەی ماتۆڕێكی بۆمبچێندراوەوە لەكاتی دەرچوونی لەماڵەكەی لەتاراندا تیرۆر كرا. ئێرانیش تۆمەتی كوشتنەكەی خستە ئەستۆی "سی ئای ئەی" و "مۆساد". لە حوزەیرانی 2009شدا ئێران زانایەكی تری فیزیایی "شەهرام ئەمیری" لەسعودیە لەدەست دا. پاشان میدیاكانی ئەمریكا رایانگەیاند، كە ناوبراو رایكردوە و ئێستا لەگەڵ "سی ئای ئەی"دا كار دەكات.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com