ئێران و سوریا و حیزبوڵڵا... بەرەی جەنگێكی چـــاوەڕوانــكراوی نـــاوچەكە دژ بە ئیســــــرائیل  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

هاوپەیمانیەتی بەهێزی سوریا و ئێران
"بەشار ئەسەد"ی سەرۆكی سوریا و "محەمەد رەزا رەحیمی" جێگری سەرۆكی ئێران لە دواین دیمانەیاندا باسیان لە گرنگی پێكهێنانی "كوتلەیەكی ئابووریی هەرێمیی" كرد، كە وڵاتانی ناوچەكە لە ژێر چەترێكدا كۆ بكاتەوە و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە بەهێز بكات. هەر لە دیمانەكە ئەسەد بە رەحیمی گوت "سوریا پشتگیری لە مافی ئێران بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە دەكات".
لە تاران ئاژانسی هەواڵی ئێرانی "ئارنا" باسی لە نیازی هەردوو وڵات كرد، بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانیان، كە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی (1979)ەوە بەردەوامە، بۆ گەیاندنی بە بڕی 5 ملیار دۆلار لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
پەیماننامە و هاوپەیمانیەتی نێوان هەردوو وڵات، بواری سەربازی و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنە هاوبەشەكانیان "ئیسرائیل و ئەمریكا"یش دەگرێتەوە. ئێران پەیمانی بە سوریا داوە، كە بەرپەچی هەر هێرشێكی ئیسرائیلی بۆ سەر دیمەشق بداتەوە. دڵنیایشی داوە بە سوریا، كە هەردوو لایان بەرامبەر بەو دوژمنە هاوبەشە لە سەنگەرێكدان.
هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا و لوبنان
ئیسرائیل ماوەیەكە سوریا بە پێدانی موشەكی جۆری (سكۆد) بە "حیزبوڵڵا"ی لوبنانی تۆمەتبار دەكات و ئەمەش بە "هەڕەشەیەكی بێزاركەر بۆ سەر سەقامگیری ناوچەكە" وەسف دەكات. لە ئەگەری بەردەوامبوونی سوریا لەسەر ئەم هەڵوێستەی، ئیسرائیل هەڕەشەی سەربازی لەو وڵاتە و لە لوبنانیش كردوە.
هەریەكە لە سوریا و لوبنان ئەو تۆمەتانەیان رەت كردەوە و "عیماد میشێل سلێمان"ی سەرۆكی لوبنان هۆشداری دایە ئیسرائیل، كە بە پەلاماردانی لوبنان باجێكی گەورە دەدات. سلێمان بۆ ئاژانسی راگەیاندنی نیشتیمانی وتی "دەبێ ئیسرائیل باش بزانێت، هەر كارێك بكات، ئێمە لە نێوان خۆماندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناكۆك نابین. بە پەلاماردانی لوبنانیش باجێكی گەورە دەدات و زیانی گەورەی بەردەكەوێت".
"عیمان جان قەهوەچی" سەكردەی سوپای لوبنانیش لە میانەی كردنەوەی بنكەیەكی سەربازیدا لە شارۆچكەی "بیقاعی رۆژئاوا" رایگەیاند، كە سوپای لوبنان بە هەموو توانایەكی خۆی بەرپەچی هەر هەوڵێكی دوژمنكارانەی ئیسرائیل دەداتەوە".
ترسی ئەمریكا لە روودانی جەنگ لە ناوچەكەدا
ئەم هەڵوێستانە دوای هۆشداریدانی "هیلاری كلینتۆن"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، بۆ بەشار ئەسەد، لە بارەی بەرپابوونی جەنگێكی هەرێمایەتی لە ناوچەكە، لە حاڵێكدا گەر سوریا سوور بێت لەسەر پێدانی موشەك بە حیزبوڵڵای لوبنانی.
هیلاری لە وتەیەكیدا لە بەرامبەر لێژنەی ئەمریكی-یەهودی رایگەیاند، كە ئەو بڕیارەی سەرۆك ئەسەد دەیدات، رەنگە بڕیاری جەنگ یا ئاشتی لە ناوچەكەدا بگەیەنێت. وتیشی "ئیسرائیل لە لایەن سوریا و ئێران و ئەو گرووپانەی یارمەتیان لێ وەردەگرن وەك حیزبوڵڵا و حەماسی فەڵەستینی، دووچاری گەورەترین مەترسی و تەحەدی بۆتەوە لە مێژووی خۆیدا. ئەو هەنگاوەی سوریاش پێشێلكردنی بڕیاری 1701ی ئابی 2006ی نەتەوە یەكگرتووەكانە، كە جەخت لەسەر وەستاندنی ناردن و دزەپێكردنی چەك بۆ لوبنان دەكات". جەختیشی لەسەر نیازی ئەمریكا بۆ ناچاركردنی ئەو لایەنانە بە گۆڕینی سیاسەتەكانیان كردەوە.
سوریا لێدوانەكانی كلینتۆنی بە "پڕوپاگەندە بێ بەڵگە و بنەما" وەسف كرد. "حەسەن نەسڕوڵڵا"ی ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا وتی "پڕوپاگەندەی پێدانی موشەكی سكۆدی دوورمەودا لە لایەن سوریاوە بە حیزبوڵڵا، بیانوویەكە بۆ فشارخستنە سەر سوریا و لوبنان".
هەرچەندە ئاژانسی "یۆنایتد پرێس ئینتەرناشناڵ" لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی سوپای ئیسرائیلی گواستۆتەوە، كە ترسی عەرەب لە هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زێدەڕۆیی تێدا دەكرێت، بەڵام چەند شیكەرەوەیەكی سیاسی ئیسرائیلی پێیانوایە هێشتا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێك لە هاوینی داهاتوو لە ناوچەكە لە ئارادایە، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە حیزبوڵڵا موشەكی پێشكەوتووتر لە رووی وردبینی لە پێكانی ئامانجەكانیدا بەدەست بهێنێت.
ئەمریكا سزاكانی سوریا نوێدەكاتەوە
"باراك ئۆباما"ی سەرۆكی ئەمریكا سوریای بە هاوكاریكردنی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی موشەك و چەكی كۆمەڵكوژ تۆمەتبار كرد و سزاكانی ئەمریكاشی لەسەر ئەو وڵاتە تازە كردەوە. ئۆباما وتی "رەفتار و سیاسەتەكانی سوریا هەڕەشەیەكی بەردەوام و نائاساییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی ئابووریی و دەرەكی ئەمریكا". بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا، كە حكومەتی سوریا لە سەركوتكردنی ئەو گروپە چەكدار و خۆكوژە بیانیانەی دێنە عێراقەوە چەند پێشكەوتنێكی بەدەست هێناوە.
ماوەیەك بوو ئیدارەكەی ئۆباما سیاسەتی خۆنزیككردنەوە لە سوریای پێڕەو دەكرد و پێیوابوو ئەو وڵاتە دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت. بەڵام ئەو سیاسەتانەی ئۆباما مانگی رابردوو لە لایەن كۆنگرێسەوە رەخنەی لێگیرا، بە تایبەت كە دیمەشق لە هەوڵی پێدانی چەك و موشەكی سكۆدە بە حیزبوڵڵای لوبنانی.
ئێران هەڕەشەی "بڕینەوەی قاچەكانی ئیسرائیل" دەكات
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئێرانی "محەمەد رەزا رەحیمی" هەڕەشەی "بڕینەوەی قاچەكانی ئیسرائیل"ی كرد، گەر هێرش بكاتە سەر سوریا، هەڕەشەكانی ئیسرائیلیشی بە بێ بەها وەسف كرد. رەحیمی وتی "ئێران لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەكدا لە پشت سوریا دەوەستێت. گەر داگیركەرانی خاكی فەڵەستینیش بیانەوێت كارێك بكەن، قاچەكانیان دەبڕینەوە!!"
رەحیمی لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا لەگەڵ "محەمەد ناجی عەتری" سەرۆك وەزیرانی سوریا لە كۆتایی كۆبوونەوەی لێژنەی باڵای سوریا-ئێران لە دیمەشق رایگەیاند "هەڕەشەكانی ئیسرائیل بەهایان نیە. هیچ لایەنێك هێندە ئازایەتی نیە دۆستایەتی نێوان ئێران و سوریا بهەژێنێت. سوریا وڵاتێكی بەهێزە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك، بێگومان ئێرانیش بە هەموو توانای خۆیەوە لەگەڵ سوریادا دەوەستێت".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com