|
سڤیل:
مەریوان عومەر
دوای 35 ساڵ كاركردن لەیەكێك لەهەرە دیارترین
پۆستەكانی ئەمریكا، دادوەر "جۆن پۆڵ ستیڤنز"
لەدادگای باڵا ئەمریكا دەستی لەكار كێشەوە.
هەرچەندە ئەو لەتەمەنی 90 ساڵیدا بوو، بەڵام
بڕیارێكی لەو شێوەیە بۆ پیاوێك ئاسان نەبوو،
كە لەماوەی سەرۆكایەتی 7 سەرۆكی ئەمریكا
"جیراڵد فۆرد، جەیمس كارتەر، رۆناڵد ریگان،
بۆشی باوك، كلینتۆن، بۆشی كوڕ، ئۆباما"دا كاری
كردوە، چوارەم درێژترین ماوەی سەرۆكایەتیكردنی
هەبووە لەمێژووی دادگای باڵای ئەمریكادا.
كۆشكی سپی دووپاتی كردەوە، كە بەهۆی مێژووی
درەوشاوە و ئەزموونی "ستیڤنز" لەراڤەكردن و
لێكدانەوەی دەستووری ئەمریكا بەشێوەیەك لەگەڵ
گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیەكانی ئەو وڵاتەدا
بگونجێت، بیركردنەوە لەجێگرەوەیەك بۆ ئەو
پیاوە كارێكی ئاسان نیە. ئۆباماش لەبارەیەوە
دەڵێت "كەسێكی داهێنەر و واقیعی و
نائایدۆلۆجیە، لەهەر شتێكی تر زیاتر
بەدادپەروەری و شكۆ و سەروەری یاساوە
پابەندە".
ستیڤنز گەورەترین ئەندامی دادگای باڵا بوو و
نوێنەری نەوەیەكی پێشووتری دادوەرە باڵاكانی
ئەمریكا بوو، نەوەیەك كە لەقۆناغە سەختەكانی
وەك جەنگی جیهانی دووەم و جەنگی ڤێتنام و نسكۆ
سیاسیەكاندا ژیاون، ئەمانەش چەند لاپەڕەیەك
بوون لەگەڵ خانەنشینبوونی هەڵدرانەوە. شێوازی
كلاسیكی بەستنی بۆینباغەكەی و قسەكردنی
پڕئەدەبی ئەو پیاوە، وایلێكردبوو لەنێو نەوەی
پێشوودا بەیەكەمینی كەسایەتیەكانی ئەمریكا
بناسرێت.
لەسیستەمی دادگای باڵای ئەمریكادا دادوەران
دەستنیشان دەكرێن و بەدرێژایی ژیانیان
لەپۆستەكانیاندا دەمێننەوە، تەنیا مەگەر خۆیان
دەست لەكار بكێشنەوە. ئەمەش لەپێناو پێدانی
سەقامگیرییەكی فیكری و كردەیی و بۆ رێگرتن
لەكارتێكرانیان لەلایەن سیاسەتكار و
سەركردەكانەوە. بۆیەش بەشێك لەدادوەرانی
دادگاكە بەو تەمەنە هەڵكشاوە دەگەن.
ستیڤنز بەهۆی زۆری تەمەنیەوە بڕیاری دەست
لەكار كێشانەوەی دا، تاوەكو دەرفەتێك بەئۆباما
بدات بیر لەجێگرەوەیەكی گونجاوی ئەو بكاتەوە،
نەوەك دواتر بەهۆی مردنیەوە مەسەلەی
دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ بارودۆخێكی نادیار
جێبهێڵێت. لەچاوپێكەوتنێكیشدا لەگەڵ رۆژنامەی
"واشنتۆن پۆست" بەر لەدەست لەكاركێشانەوەی،
ستیڤنز وتی "من عەشقی پیشەكەی خۆمم، بڕیاری
وازهێنانیشم زۆر سەختە، بەڵام دەمەوێت باشترین
بڕیارێك بۆ ئایندەی دادگاكە بدەم".
بەدەر لەناوبانگی ئەو پیاوە لەنێوەندە
سیاسیەكانی ئەمریكادا، ئەو بەر لەگەیشتنی
بەدادگای باڵای ئەمریكا، ساڵانێكی زۆر خزمەتی
وڵاتەكەی كردوە. رۆژێك بەر لەهێرشی یابان بۆ
سەر بنكەی سەربازی "بێرڵ هاربەر"ی ئەمریكی
پەیوەندی بەسوپای مارێنزی ئەمریكاوە كردوە.
تێكەڵكردنی ئەزموونی سەربازی ودادوەریی
لەكارەكەیدا، ستیڤنزی كردۆتە پیاوێكی دەگمەن.
دواتر لەساڵی 1976 چۆتە داگای باڵای ئەمریكا.
دوای روودای ئابڕووبەری "وۆتەر گێت" و لادانی
"ریچارد نیكسۆن"ی سەرۆكی ئەمریكا، "جیڕاڵد
فۆرد"ی سەرۆكی دواتری ئەمریكا ستیڤنزی بۆ
پۆستی سەرۆكی دادگاكە دەستنیشان كرد.
گرنگیپێدانی ستیڤنز بەكاری دادوەری هەروا
بەكتوپڕی نەبوو. باوك و برا گەورەكەشی پارێزەر
بوون. ئەو لەشاری "شیكاگۆ" لەدایك بووە و لە
1941 لەزانكۆی شیكاگۆ بەكالۆریۆسی لەزمانی
ئینگلیزی وەرگرتووە. ویستی ماستەر بخوێنێت،
پاشان دوای جەنگی جیهانی دووەم رای خۆی گۆڕی و
پەیوەندی بەسوپاوە كرد. بەهۆی زیرەكی و
لێهاتووی ئەو پیاوە لە شیكردنەوەی مەتەڵ و وشە
نهێنیەكاندا، ئەركی هەواڵگی و كردنەوە و
ئاشكراكردنی جفرە و وشە نهێنیەكانی سوپای
یابانی پێ سپێردرا و مەدالیای رێزلێنانیشی لەو
بارەوە پێدرا.
دوای جەنگ براكەی باوەڕی پێهێنا روو بكاتە
بواری پارێزەری. لەساڵی 1947 بڕوانامەی یاسای
بەپلەی شەرەف پێبەخشرا و تا ساڵی 1970 پارێزەر
بوو. پاشان نیكسۆن كردی بەدادوەری داگای
تێهەڵچوونەوە، دوای ئەمیش چووە دادگای باڵا و
كرا بەسەرۆكی دادگاكە.
دوای دەسلەكاركێشانەوەی "ستیڤنز" و ئەو بوارەی
بە"ئۆباما"ی دا تا كەسێكی شیاو بۆ جێگرتنەوەی
دەستنیشان بكات، ئۆباما خاتوو "ئیلینا كاگان"ی
وەك سێیەم ئافرەتی سەرۆكی داگای باڵای وڵات بۆ
راڤەكردنی دەستوور دەستنیشان كرد. دوای ئەمە
"مایكڵ بارۆن" لەرۆژنامەی "واشنتۆن
ئیگزامینار"ی راستڕەوی ئەمریكی لەبارەی
دەستنیشانكردنی ئەو ئافرەتە لەلایەن ئۆباماوە
دەڵێت "لەزانكۆدا چرپەیان بەگوێی یەكتردا
دەكرد"، وەك توانجێك لەئۆباما، چونكە ئۆباما و
ئیلینا لەدوو شوێندا پێكەوە بوونە. جارێكیان
لەكاتی خوێندنیان لەكۆلێژی یاسای زانكۆی
"هاڤارد"، دووەم جاریش لەكاتێكدا پێكەوە
مامۆستای كۆلێژی یاسای زانكۆی "شیكاگۆ" بوون.
لۆمە و توانجی راستڕە و پارێزگارەكان بۆ
ئۆباما زیادی كرد، كە لەكاتی دەسنیشانكردنی
"ئیلینا"دا بە"هاوڕێكەم" وەسفی كرد. "ریش
لیمبۆ"ی پێشكەشكاری بەرنامەی “Radio Comments”
دەڵێت "كاتێك ئۆباما لەئاوێنەدا تەماشای
رووخساری خۆی دەكات وێنەی ئیلینا دەبینێت".
بەو مانایەی ئەو رەشپێستە و ئەمیش یەهودیە،
واتە هەردوكیان لیبڕاڵین و سەر بە كەمینەكانن.
بەڵام خاتوو "ئیلینا كاگان" كێیە و بۆ ئۆباما
دەستنیشانی كرد؟
كاگان لەساڵی 1960 لەبەری رۆژئاوای "نیویۆرك"
لەخانەوادەیەكی دەوڵەمەند لە دایك بووە. باوكی
پارێزەر و دایكی مامۆستا بووە. بەڵام لەمیانەی
كاركردن و خوێندنیدا تێكەڵ بەخەڵكانێكی زۆر
بووە، وەك "گیل كاتز"ی كچەمامەكەی دەڵێت
"ژیانمان تێكەڵێك بوو لەهەژاری و دەوڵەمەندی.
چونكە نیویۆرك شارێكە هەژار و دەوڵەمەندی تێدا
دەژی، میترۆكان رەمزی ژیانمان بوون، بۆ
قوتابخانە و زانكۆ و نوسینەگەكان
دەیانگواستینەوە و تێكەڵ بەخەڵك دەبووین.
ئیلیناش بەو شێوەیە پەروەردە بووە، ئەو ئازادی
و دادپەروەری مەبەستە".
بەڵام دوای دەسنیشانكردنی وەك دادوەری دادگای
باڵا، هاوڕێكانی ئیلینا كۆك بوون لەسەر ئەوەی
كە ئەو هەواڵەیان زۆر بەلاوە سەیر و كتوپڕ
نەبوو. "سوزانا جۆنسۆن" یەكێكە لەهاورێكانی و
دەڵێت "لەنێو قوتابیە زیرەكەكاندا، ئیلینا
هەرە زیرەكترینیان بوو". "جۆستین ئادماك"یش
دەڵێت "كاتێك قوتابی بووین، كەسمان
نەماندەزانی دەمانەوێ لەداهاتوو ببین بەچی،
كەچی ئیلینا دەیەویست ببێتە پارێزەر. كاتێك
ئێمە ترس و شەرممان لەروبەروبوونەوەی
مامۆستاكانمان دەكرد، ئیلینا بەجۆرێك مامەڵەی
لەگەڵ دەكردن، وەك ئەوەی لە ئاستی ئەواندا
بێت!"
بەڵام لەگەڵ زیرەكی باوەڕبوونی بێ پایانی
بەخۆی، ئەو كچێكی كۆمەڵایەتی و سادە و خاكیش
بووە. رۆژنامەی "نیۆیۆرك دەیلی نیوز"
نوسیویەتی "لەكەشێكی چەپڕەی یەهودی رۆشنبیر
گەورە بووە". ساڵی 1977 ئیلینا چۆتە زانكۆی
"برنستۆن" لەویلایەتی نیوجێرسی. ساڵی 1981
بەكالۆریۆسی بەنمرەیەكی بەرز لەمێژوودا بەدەست
هێناوە. پاشان چۆتە زانكۆی "ئوكسفۆرد" و
لەساڵی 1983 ماستەری لەیاسادا وەرگرتووە.
دواتر لەزانكۆی "هاڤارد" لەساڵی 1986 دكتۆرای
بەدەست هێناوە. لەوێ سەرنوسەری بڵاوكراوەی
یاسایی "لۆ ریڤیو" بووە. دواتر كاری پارێزەری
كردوە. لە 1996 و لەسەردەمی "بێڵ كلینتۆن"دا
بۆتە راوێژكاری یاسایی كۆشكی سپی. لە 2000
لەگەڵ هاتنی جۆرج بۆش بۆ كۆشكی سپی، ئیلینا
جارێكی تر دەبێتەوە بەمامۆستا زانكۆی هاڤارد و
دواتریش وەك یەكەمین ئافرەت دەبێتە راگری
كۆلێژی یاسای زانكۆكە. لەساڵی 2008دا كاتێك
ئۆباما (كە ساڵێك لەئیلینا بچووكترە) بوو
بەسەرۆكی ئەمریكا، پۆستی داواكاری گشتی دا بە
ئیلینا. دوای دەستلەكاركێشانەوەی دادوەر
"ستیڤنز"، ئۆباما لەئاهەنگێكی گەورە لەكۆشكی
سپیدا، رایگەیاند كە ئیلینای بۆ پۆستی سەرۆكی
دادگای باڵا دەستنیشان كردوە. لەوێ ئیلینای
بە"هاورێكەم" وەسف كرد و لەگەڵ
پیرۆزباییكردنیش روومەتی راستی ئیلینای ماچ
كرد. هەرچەندە تەمەنی ئیلینا 50 ساڵ دەبێت،
بەڵام ئەو تەمەنە بۆدادگای باڵای ئەمریكا
تەمەنێكی بچووكە، لەكاتێكدا تێكڕای تەمەنی
دادوەرەكانی دادگا 70 دەبێت. |