سیناریۆكانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران  
 

بۆ ئەم هێرشە ئیسرائیل پێویستی بە 80 فڕۆكەی جەنگی و 30 موشەكی بالیستی و 66 بۆمبی لیزەری ئەمریكی هەیە

 مەریوان عومەر

چاودێران پێیان وایە ئاشكراكردنی دامەزراوە ئەتۆمیەكای شاری (قوم) بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، وا لە ئیسرائیل دەكات ئەگەری هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە تەنیا ئەگەرێك و بیرلێكردنەوەوە بگۆڕێت بۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی هێرشەكان، بەڵام ئەم سیناریۆیەی ئیسرائیل چۆن دەبێت؟
ئەنتۆنی گۆردسمان لە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە وتارێكیدا لە ژێر ناونیشانی (پلانی ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران) دەڵێت "ماوەیەكی زۆرە سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی ئیسرائیل نیازی خۆیان بۆ هەر كردەوەیەكی سەربازی لە دژی ئێران نەشاردۆتەوە، گەر ئەو وڵاتە بەردەوامی بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی خۆی بدات".
گۆردسمان باس لەوەش دەكات، كە بە گوێرەی راپۆرتەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی و چەند سەرچاوەیەكی تریش، لە كاتی ئێستادا ئێران توخمە سەرەكیەكانی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی هەیە. هەروەك سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی كۆكردنەوەی پێداویستی و زانیاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە لە لایەن ئێرانەوە روون دەكاتەوە، وەك كۆریای باكوور و سەرچاوەی جیاوازی تری لە نمونەی زانای پاكستانی "عەبدولقەدیر خان".
تاران دامەزراوە ئەتۆمیەكانی بەسەر چەندین ناوچە و شاری دوور لە یەكترەوە دابەش كردوە، بۆ ئەوەی لە كاتی ئەگەری هەر پەلامارێكیدا، ئیسرائیل لە لەناوبردنیان سەركەوتوو نەبێت، بەڵام گۆردسمان دەڵێت "ئەوەی سەركردە سەربازییە ئیسرائیلیەكان بدوێنێ، تێدەگات كە ئەوان بەردەوام لە خەیاڵی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دان، بە بیركردنەوە لە هەموو ئەو كێشە و مەترسیانەشەوە، كە لەخۆی دەگرێت".
سەرەكیترین بەربەستی بەردەم ئیسرائیلیەكان، دووری ماوەی نێوان ئیسرائیل و ئامانجەكانیەتی لە نێو ئێراندا، كە 1500 تا 2200 كیلۆمەتر دەبێت، ئەمەش زۆرترە لەو مەودایەی فڕۆكە هێرشبەرە ئیسرائیلیەكان دەتوانن بیبڕن، تەنانەت گەر لە ئاسمانیشدا پڕ سوتەمەنی بكرێنەوە.
سەرەڕای ئەمەش، گۆردسمان دەڵێت، كە ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێوشوێنی خۆپارێزی زیاتری گرتۆتەبەر و دامەزراوەی ئەتۆمی نهێنی دروست كردوە، بۆ روبەروبوونەوەی ئەگەری هەر هێرشێكی سەربازی. بۆیە پێی وایە هەر هێرشێكی ئیسرائیلی لە باشترین حاڵەتدا لە لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمیەكانی سەركەوتوو نابێت، جگە لە دواخستنی هەوڵەكانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، لە دوای هەر هێرشێكی لەم شێوەیەش، تاران هەوڵەكانی بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمیەكانی خێراتر دەكات.
بە بۆچوونی گۆردسمان سەرەڕای هۆشدارییەكانی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب، لە ئەگەری پەنابردنە بەر هێرشی سەربازی لە دژی ئێران، هەروەها سەرەڕای ئەو مەترسی و زەحمەتی و كێشانەی دێنە پێشەوە لە توڕەبوونی وڵاتانی عەرەبی دراوسێی ئێران و وڵاتانی تری وەك چین و روسیا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپی، كەچی ئیسرائیل بەردەوامە لە پلاندان بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی، گەر پێویست بكات.
چاودێران پێیان وایە، لە حاڵەتی روودانی ئەم ئەگەرە، ئیسرائیل لە پەلامارەكانیدا جەخت دەكاتە سەر سێ دامەزراوەی (نەتنز و بورشەهر و ئاراك). دامەزراوەی (نەتنز) سەرەكیترن ئامانجی ئیسرائیلە، زۆر لە پسپۆران پێیان وایە ئەو دامەزراوەیە لە ماوەی ساڵی 2010دا دەتوانێت چەكی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، بەڵام دوو دامەزراوەكەی تر پێویستیان بە كاتی زیاتر هەیە.
ئیسرائیل فڕۆكەی جەنگی تایبەتی هەیە، كە هەر لە ئاسمانەوە سوتەمەنیان بۆ دابین دەكرێ، ئەمە جگە لە چەكی تری زەمین بە ئاسمان، كە دەتوانێت لە ئیسرائیلەوە بە وردییەكی زۆرەوە بیانوەشێنێت، لەو كاتەشدا سنوری ئاسمانی هەندێك وڵاتی عەرەبی دەبەزێنێت. سیستەم و چەكە بەرگرییەكانی سوریاش ناتوانن رێگەی لە فڕۆكە سەربازییەكانی ئیسرائیل بگرن، تەنانەت ئەوكاتەش نەیانتوانی، كە بەر لە ماوەیەك چەند ناوچەیەكیان لە نێو سوریادا بۆردومان كرد، بە گومانی هەبوونی دامەزراوەی ئەتۆمی تێیاندا.
ئیسرائیل دوو بەربەستی سەرەكی تری لەبەردەم دایە، یەكەمیان رەنگە نەتوانێت دامەزراوە ئەتۆمیەكەی "نەتنز" لەنێو ببات، كە بە شێوەیەكی تۆكمە و لە ژێر زەویدا دورست كراوە، دووەمیان، ئیسرائیل گەر كارێكی وا بكات، دەبێ هێرشەكەی بەرفرەوانتر بێت و چەندین ئامانجی تریش بگرێتەوە، نەوەك تەنیا ئەو سێ دامەزراوە ناسراوە. لە نێوانیشیاندا سەرچاوەی هەڕەشەكانی ئێران لە دژی ئیسرائیل، كە موشەكە دوورهاوێژەكانی تارانە.
دوای ئاشكرابوونی دامەزراوە تازەكەی تاران لە (قوم)، وڵاتە ئەوروپیەكان هەڕەشەی سزای سەخت و ئەگەری چارەسەری سەربازیان لە ئێران كرد. لە پەراوێزی كارەكانی لوتكەی بیست وڵاتەكە لە پترسبێرگ، هەریەكە لە باراك ئۆباما و ساركۆزی و گۆڵد بڕاون سەركۆنەی هەوڵەكانی ئێرانیان بۆ دروستكردنی دامەزراوەی نهێنی كرد و هەڕشەی سزادانیان لە تاران كرد.
لە میانەی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیشدا، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەیزانی ئیسرائیلی لە وتەیەكیدا لە بارەی هەوڵەكانی ئێرانی بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی وتی "ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە رووبـــــــەڕووی جیـــــــــهان دەبێتەوە".
ناتانیاهۆ رەخنەی توندی لە نەتەوە یەكگرتووەكان گرت، كە لە میانەی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیدا رێگەی بە ئەحمەدی نەژادی سەرۆكی ئێرانی داوە وتارێك پێشكەش بكات و ئەمەی بە "پەڵەی شەرمەزاری" بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان وەسف كرد، بە تایبەت كە ئەم وتارەی دوای چەند رۆژێك دێت لە جارێكی تر نكۆڵیكردنی لە كۆمەڵكوژی یەهودیەكان. ناتانیانۆ وتی "دوای تەنیا 60 ساڵ لە كۆمەڵكوژیی یەهودیەكان، ئێوە رەوایەتی بە پیاوێك دەدەن، كە نكوڵی لە كوژرانی 6 ملیۆن یەهودی دەكات، كەچی دەشڵێت كە بەرنامە ناوكیەكەی بۆ مەبەستی ئاشتی و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبایە!"
ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی ئەمریكی (CSIS) لە راپۆرتێكی ئەم دواییانەیدا باس لە دوو سیناریۆی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش پێوستی بە زیاتر لە 80 فڕۆكەی شەڕكەر، یا 30 موشەكی بالیستی جۆری (ئەریحا 3) هەیە، كە كڵاوەی موشەكەكە هێزی 750 كیلۆگرام تەقەمەنی هەیە.
شیكەرەوەكانی ناوەندی (CSIS) پێیان وایە ئـــــەم هێرشەی ئیــــــــــسرائیل پێویستی بە دەیان بۆمبی ئەمریكی ئاڕاستەكراو بە لیزەر هەیە، كە توانای بڕینی 1.8 تاوەكو 6 مەتر بەربەستی كۆنكریتی هەیە.
لە سیناریۆكەی ئیسرائیلدا هاتووە، كە لەنێوبردنی دامەزراوە ئەتۆمیەكەی ئەسفەهان، كە لەسەر رووی زەویە، پێویستی بە ئاڕاستەكردنی 7 بۆمب هەیە، هەروەها دامەزراوە ئەتۆمیەكەی (ئاراك) 4 بۆمب، بەڵام دامەزراوەی پیتدانی یۆرانیۆم لە "نەتنز" كە لە ژێر زەوی دروست كراوە، پێوستی بە 55 بۆمب دەبێت، كە فڕۆكە شەڕەكەركانی جۆری F-161 و F-15E بۆمبەكان دەگوزانەوە.
سیناریۆی یەكەم پێویستی بە سێ هێڵی ئاسمانی هەیە، كە فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسرائیل بتوانن لێیەوە گوزەر بكەن، بەسەر ئـــــــــــاسمانی وڵاتانی ئەردەن و سعودیە و سوریا و توركیادا، بەڵام هەریەك لەو رێگا ئاسمانیانەش مەترسی خۆیان هەیە.
هەر بە گوێرەی زانیاریەكانی راپۆرتەكە، لە سیناریۆی دووەمیشدا ئیسرائیل پەنا دەباتە بەر موشەكی بالیستی بۆ بۆردومانكردنی دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران، لەمەشیاندا سوود لە لاوازی سیستەمی بەرگری دژە موشەكی ئێرانی دەبینێت.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەكات، كە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی سیستەمێكی كۆنە و لە كۆمەڵەی "س-200"ی رووسی و "3-75" و "تور-31" پێك دێت.
***
ئەلجەزیرە، ئەلقودس ئەلعەرەبی

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com