|
     
سڤیل: مەریوان عومەر
گۆڤاری "فۆرێن پۆلیسی" سەر بە دامەزراوەی
"واشنتۆن پۆست"ی ئەمریكی لەدواین ژمارەی مانگی
تەمموزی 2010دا، 23 سەركردەی وڵاتانی لەسەرووی
لیستی دیكتاتۆر و خراپترین سەركردەكانی جیهان
پۆلێن كردوە، كە سەرۆكی ئێرانی و ژمارەیەك
سەركردەی عەرەبی و ئاسیا و ئەمریكای لاتین و
ئەوروپاشی لەخۆگرتوە.
ئەو 23 سەركردە، كە فەرمانڕەوایی 1.8 ملیار
خەڵك لەسەرتاسەری جیهاندا دەكەن، لەپێناو
مانەوەیان لەفەرمانڕەوایەتیدا، هەر
بزووتنەوەیەكی ناڕەزایی و ئۆپۆزسیۆن لەسەر
حیسابی گەلەكانیان سەركوت دەكەن.
لەسەرووی لیستەكەوە "كیم یۆنگ ئیل"ی سەرۆكی
كۆریای باكوور دێت، كە 16 ساڵە فەرمانڕەوایەتی
ئەو وڵاتەی گرتۆتە دەست. لەراپۆرتەكەدا بە
"ستەمكار" وەسفی كراوە، كە بووە هۆكاری
شڵەژانی باری ئابووری وڵات و كەوتنەوەی
برسیەتییەكی كوشندە لەنێو گەلەكەیدا، لەگەڵ
ئەوەشدا بە ملیار دۆلار لەپێشخستنی پڕۆگرامە
ئەتۆمیەكانیدا خەرج دەكات، هەموو نەیار و
خەڵكانی ئۆپۆزسیۆنیشی لەزیندان و سەربازگەكانی
ئاخنیوە.
"رۆبەرت مۆگابی" سەرۆكی زیمبابۆی لەپلەی
دووەمی ریزبەندیەكە دێت، كە ماوەی 30 ساڵە
فەرمانڕەوایەتی ئەو وڵاتە دەكات و گۆڤارەكەش
بە "دیكتاتۆری خوێناوی" وەسفی كردوە، چونكە
لەماوەی فەرمانڕەوایەتییەكەیدا هەڵمەتی
بەرفرەوانی دەسگیركردن و جۆرەها شێوازی
ئەشكەنجەدانی خەڵكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن ئەنجام
دراوە، لەكاتێكدا ئابووری وڵات پاشەكشێی
گەورەی كردوە و تێكڕای هەڵاوسان لەزیادبووندا
بووە. سەرەتا مۆگابی وەك نمونەی سەركردەیەكی
تێكۆشەر و نیشتیمانی دژ بە كۆڵۆنیالی بەریتانی
دەسەڵاتی گرتە دەست، پاشان بووە سەركردەیەكی
زۆردار و خوێنڕێژ.
"زان شۆ"ی سەركردەی "بۆرما" سێەم ناوی
لیستەكەیە. ئەو 18 ساڵە سەرۆكی ئەم وڵاتەیە و
بە "فەرمانڕەوای سەربازی و بێ دڵ" وەسفی
كراوە. لەپێناو مانەوەی لەدەسەڵاتدا بە جۆرەها
شێوە گەلەكەی ئەشكەنجە داوە. لەساڵی 2008یشدا
یارمەتیە مرۆییەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی
لەئەنجامی گەردەلول و باوبۆرانی "نرجیز" بۆ
گەلەكەی رەت كردەوە و بووە هۆكاری مردنی
هەزاران هاووڵاتی خۆی و دەربەدەربوونی
هەزارانی تر.
هەر لەئەفریقیا "عومەر بەشیر"ی سەرۆكی سودان
لەپلەی چوارەمی ریزبەندی سەركردە ستەمكارەكانی
جیهان و لەسەرووی سەركردە عەرەبەكانی نێو
هەمان لیستەوە دێت. بەشیر 21 ساڵە سەرۆكی
سودانە، لەو ماوەیەشدا نەیارانی سەركوتكردوە و
بەرپرسیاریشە لەكوشتنی ملیۆنان هاووڵاتی
سودانی، بەهۆی ئەمەشەوە لەلایەن دادگای
تاوانەكانی جەنگەوە داواكراوە. ئەو بە كەسێكی
"خۆسەپێنەر و توشبوو بەنەخۆشی خۆبەگەورەزانین"
وەسفی كراوە. "جەنجەوید"ی میلیشیاكانی سەر بە
بەشیر لەهەرێمی دارفۆر قەسابخانەیان بۆهەزاران
كەس ساز كرد و تائێستاش بازرگانی بە مرۆڤەوە
دەكەن.
"جربانجۆلی بردی محەمەدۆف"ی سەرۆكی
توركمانستان بەپلەی پێنجەم دێت و 4 ساڵە
فەرمانڕەوای وڵاتە، "ئاسیاس ئافۆركی" سەرۆكی
ئەریتریاش بە پلەی شەشەم دێ و 17 ساڵە سەرۆكی
ئەم وڵاتەیە و وەك لەراپۆرتەكاندا هاتووە،
وڵاتەكەی كردۆتە زیندانێكی گەورە. سەرەڕای
ئەمەش پشتیوانی چەكدارە یاخبووەكانی سۆماڵ
دەكات، بۆ رووخاندنی رژێمی ئەو وڵاتە.
"ئیسلام كاریمۆف"ی سەرۆكی ئۆزبەكستان، كە 20
ساڵە سەرۆكی وڵاتە، لەپلەی حەوتەم هاتووە.
بەهۆی سیاسەتە خوێناوییەكانیەوە وڵات
سەركوتكردنێكی سیاسی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی و
رێگای لەدروستبوونی حزبی سیاسی گرت و هەموو
نەیارانیشی بەتوندڕەوی ئیسلامی تۆمەتبار دەكات
و هەزارانی لێ خستونەتە زیندانەوە.
هەر لەو ریزبەندەدا "ئەحمەدی نەژاد"ی سەرۆكی
ئێرانی لەپلەی هەشتەم دێت، هەرچەندە تەنیا
پێنج ساڵە سەرۆكی ئەم وڵاتەیە، بەڵام
راپۆرتەكە بە كەسێكی "سەیر و ناپاك بەرامبەر
بەبنەماكانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران" وەسفی
دەكات، كە هێشتا بەرامبەر بە ناڕەزایەتی
كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەستاوەتەوە و درێژە بە
پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی دەدات. لەماوەی ئەو پێنج
ساڵەشدا نەیارانی سیاستەكانی بە توندترین شێوە
ئەشكەنجە داوە، دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی
وڵاتەكەش، لەدواین كاردانەوەی توندوتیژانەی
هێزە ئەمنیەكانیدا دەیان كەس لەخەڵكانی
ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی سیاسەتەكانی كوژران و
سەدانیشیان لێخرایە زیندانەوە.
لەنێو سەركردە ناسراوەكانی تری عەرەبیشدا،
"بەشار ئەسەد"ی سەرۆكی سوریا، كە دوای مردنی
باوكی ماوەی 10 ساڵە سەرۆكی ئەو وڵاتەیە،
لەپلەی دووەمی پۆلینەكە هاتووە. راپۆرتەكە لە
بارەیەوە نوسیویەتی "كەسێكی خۆسەپێنە و هەوڵ
دەدات عەباكەی باوكی بدا بەخۆیدا، كە زۆر بۆی
گەورەیە". ئەسەد پارەیەكی بێشوماری سوریا
لەبارودۆخی عێراق و لوبنان خەرج دەكات،
لەكاتێكدا بارودۆخی نێوخۆی وڵاتەكەی فەرامۆش
كردوە. پشتیوانیەكی توندی دەزگا ئەمنیەكان
دەكات و بە هۆیانەوە كۆنتڕۆڵی هەموو گەلی
سوریای كردوە.
هەرچی "حوسنی موبارەك"ی سەرۆكی میسرە، كە دوای
كوژرانی "ئەنوەر سادات"ی سەرۆكی وڵاتەكە،
ماوەی 29 ساڵە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، لەپلەی
پازدەهەمدا هاتووە، راپۆرتەكە لەبارەیەوە
دەڵێت "فەرمانڕەوایەكی زۆردارە و توشبووە بە
نەخۆشی دەسەڵات و هەموو هەوڵێكی لەپێناو
مانەوەیەتی لەپۆستەكەیدا. پیاوێكە لەسێبەری
خۆی دەترسێت، ماوەی 30 ساڵە بەیاسای باری
نائاسایی بۆ سەركوتكردنی جموجۆڵی ئۆپۆزسیۆن
فەرمانڕەوایەتی میسر دەكات. ئێستاش لەخەمی
ئەوەدایە كوڕە بچووكەكەی "جەمال" بۆ شوێنی خۆی
ئامادە بكات. بۆیە شتێكی سەیر نیە كە لەدواین
هەڵبژاردەكانی سەرۆكایەتی وڵاتدا تەنیا 23%ی
میسریەكان بەشداریان كرد!"
"هۆگۆشاڤێز"ی سەرۆكی فەنزوێلا لەپلەی حەڤدەهەم
دێت، ئەو پیاوەی 11 ساڵی لەفەرمانڕەوایەتی
وڵاتەكەیدا بەڕێكردوە و گۆڤارەكەش لەبارەیەوە
نوسیویەتی "سەركردەی بەناو شۆڕشی بۆلیڤیە".
شاڤێز وادەی دا بنەماكانی دیموكراتیەت
لەوڵاتەكەیدا بچەسپێنێت و بوار بۆ بەشداریكردن
بڕەخسێنێت، بەڵام تائێستا ئەو تاكە بەشداری
پڕۆسەی سیاسیە و تەنیا لە گۆڕەپانەكە
ماوەتەوە، دوای ئەوەی سەركردە نەیارەكانی خستە
زیندانەوە. راشیگەیاند، كە ماوەی سەرۆكایەتی
وڵاتی بۆ كاتێكی نادیار درێژكردۆتەوە، لەپێناو
داخستنی دەمی ئۆپۆزسیۆنیش، دامەزراوە میدیاییە
سەربەخۆكانی داخست.
ئیلاف
|