|

ئەمریـــكا بەنیــــازە بە فڕۆكەی B2 و موشەكی
كروز پەڕوباڵی ئێران بشكێنێت
سڤیل: مەریوان عومەر
رۆژنامەی "یەدعوت ئەحرەنوت"ی ئیسرائیلی
نوسیویەتی "شۆڕشەكەی ساڵی 1979ی خومەینی لە
ئێران، كە ئەوكات رەگەزە سەرەكیەكانی بریتی
بوون لە (قوتابیان و بازرگانان و دانیشتوانی
شارە گەورەكان و گەورە پیاوانی ئاینی)، ئێستا
دوای ساڵێك لە هەڵبژاردنە ساختەكەی ئێران و
خۆپێشاندانی هەزاران هەزار هاووڵاتی ئێرانی و
دوای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر بایكۆتكردنی
نەوت و غازی ئێرانی لەلایەن جیهانەوە، ئێستا
لە لەیەكترازان و هەڵوەشانەوە نزیك بۆتەوە"،
لە روونكردنەوەی زیاتری ئەو راستیەش رۆژنامەكە
باس لەوە دەكات، كە ئێستا قوتابیان سەرسەخترین
نەیاری درۆكانی شۆڕشی ئیسلامین، بازرگانانیش
لەو گۆشەگیركرانەی ئێران و تێكچوونی بارودۆخی
ئابووریی و سزاكانی سەر بانكەكانی ئەو وڵاتە
زۆر نیگەرانن. دانیشتوانی شارە گەورەكانیش،
هەر ئەوان بوون بەر لەساڵێك لەدژی رژێمی
فەرمانڕەوا رژانە سەر شەقامەكان. سیستەمەكەی
خومەینی "ویلایەتی فەقیهـ" و خودی ئایەتوڵڵا
عەلی خامەنائیش لەكاتی ئێستادا هیچ رێز و
بەهایەكی ئەوتۆیان لەلایەن گەورە پیاوانی
ئاینیەوە نەماوە. بەو شێوەیە رەگەزەكانی شۆڕش
هیچ پەیوەستیەك لە نێوانیاندا نەماوە و بە
تەواوەتی لەبەریەك ترازاون، تەنیا سوپا و
پاسەوانانی شۆڕش بەدەست رژێمەوە ماونەتەوە، كە
پێشتر رەگەزێك نەبوونە لە شۆڕشی ئیسلامی و لە
ئێستاشدا تەنانەت ئەحمەدی نەژادیش وەك
یارییەكی منداڵانە بە دەستیانەوە. ئێران چیتر
دەوڵەتێكی ئاینی نیە، بەڵكو وڵاتێكی
سەركوتكاری سەربازییە، بەڵام تاكەی دەتوانێت
دژ بە هەموو جیهان بجەنگێت؟ تاكەی خەڵكانی
خاوەنڕا و رۆشنبیری ئێرانی بەرگەی ئەم دۆخە
دەگرن؟ لەكاتێكدا حیزبوڵڵا و حەماسیش كە وەك
دوو مانگ لە خولگەیەكدا بەدەوریدا دەخولێنەوە،
خەریكە تێدەگەن كە هەسارەی دایك "ئێران" لە
لاوازبوون دایە.
دوجار رۆژنامەكە دەپرسێت "لە دۆخێكی وادا
پێویستە ئیسرائیل لاوازیەكانی رژێمی ئێرانی
بقۆزێتەوە و پەلاماری بدات؟ نەخێر، چونكە
رژێمی ئێرانیش خۆی دەزانێت، كە لەگەڵ هەر
هەنگاوێكی سەربازیدا كە بیەوێت بیهاوێت، بەڵا
و كارەساتی گەورە لەناوخۆیدا روودەدەن. رەنگە
پەلاماری ئیسرائیلی هەموو رەگەزە
هەڵوەشاوەكانی پێشووی شۆڕشی ئیسلامی بۆ
بەرژەوەندی رژێمەكە یەكبخاتەوە، ناپلیۆنیش
گوتیەتی (من دەست لەكاری دوژمنێكەوە وەرنادەم،
كە خەریكی خۆكوشتن بێت)".
زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە دوای
سەپاندنی زنجیرەیەك سزای قۆناغبەند و یەك
لەدوای یەك لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە
بەسەر ئێراندا، سووربوونی رژێمی ئێرانی لەسەر
هەڵوێستەكانی و ملنەدانی بۆ داخوازیەكانی
كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، زۆر نزیكە دووچاری
هێرشێكی سەربازی لەلایەن ئەمریكا و وڵاتە
هاوپەیمانەكانی بكاتەوە، بەرلەوەی بتوانێت
ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی. هەروەك بەرپرسە
سەربازییە ئەمریكیەكانیش لەم دواییانەدا چەند
جارێك جەختیان لەسەر ئەم راستیە كردۆتەوە.
راپۆرتێكی رۆژنامەی "واشنتۆن تایمز"ی ئەمریكی
وردەكاری زیاتری سەبارەت بە پلانی ئەمریكا بۆ
هێرشكردنە سەر ئێران ئاشكرا كردوە. راپۆرتەكە
باس دەكات، كە ئەو هێرشەی ئەمریكا بە شێوەیەكی
تایبەت پشت بە فڕۆكەی موشەكهاوێژی “B2” و
موشەكی "كروز" دەبەستێت، بۆ وەشاندنی زەبرێكی
خێرا و كاولكردنی پڕۆگرام و كورە ئەتۆمیەكانی
ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی "مایكڵ مۆڵن"ی
سەركردەی دەستەی ئەرانی هاوبەش رایگەیاند، كە
"پنتاگۆن پلانی ئامادەی هەیە بۆ لێدانی ئێران
لە كاتی پێویستدا، بەڵام هەر پەلامارێكی
سەربازی بۆ سەر ئێران دەرەنجامی
چاوەڕواننەكراوی لێ دەكەوێتەوە، كە زەحمەتە
بتوانرێت پێشبینی بكرێت، بە تایبەت لە
ناوچەیەكی ناسەقامیگری وەك رۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەوەشدا ناشێ واشنتۆن رێگە
بە ئێران بدات چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت".
راپۆرتەكە لە شارەزایانی بواری سەربازی
ئەمریكی گواستۆتەوە، كە لەگەڵ دەسپێكی ئەو
هێرشەدا، فڕۆكە موشەكهاوێژەكانی جۆری “B2”
هەزاران تەن بۆمب و موشەكی هەرە پێشكەوتوو
بەسەر ئەو حەشارگە و كورە ئەتۆمیە شاراوانە
دادەبارێنێت، كە باوەڕ وایە تاران لەژێر
زەویدا بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دروستی كردبن.
جەنەڕاڵی خانەنشینی هێزی ئاسمانی ئەمریكی
"تۆماس ماكاینیرنی" دەڵێ "ئەم هێرشە هاوكات
دەبێت لەگەڵ وروژاندنی شۆڕشێكی مەخمەڵی
لەناوخۆی وڵاتەكە و لەلایەن گەلی ئێرانیەوە،
بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتەكەیان. لە هێرشەكەشدا
فڕۆكەكانی “B2” لە ئاسمانی ئەو وڵاتەوە موشەك
دەوەشێنن، موشەكی (كروز)یش لە كەنداوەوە".
"جۆن بایك"ی شیكەرەوەی سەربازی و بەڕێوەبەری
رێكخراوی "گلۆباڵ سیكیوریتی"یش دەڵێ "هەرچەندە
لەناو ئێراندا زۆر ئامانجی جۆراوجۆر بۆ
پێكانیان هەیە، بەڵام شەش دامەزراوەی سەرەكی
لە وڵاتەكەدا هەن، گەر خێرا لەناوببرێن،
گورزێكی كوشندە دەبێ بۆ پڕۆگرام ئەتۆمیەكەی
ئێران. ئەم هێرشەی ئەمریكاش خێراتر دەبێ لەو
هێرشەی ئیسرائیل ساڵی 1981 كردیە سەر
دامەزراوەی "تەمموز"ی ئەتۆمی عێراقی، هاوشێوەی
رۆژە یەكەمینەكانی هەڵمەتی سەربازی 2003ی
ئەمریكا دەبێ بۆ سەر عێراق".
لە بەرامبەر ئامادەكارییەكانی ئەمریكا بۆ
هێرشێكی خێرا و لەناكاو، عەمید "ئەحمەد
وەحیدی" وەزیری بەرگری ئێران هۆشداری دایە
ئەمریكا، كە وڵاتەكەی پلانێكی ئەوتۆی
لەبەردەستە وا لە دوژمندان دەكات لە هەر
هێرشێكیان بۆ سەر ئێران پەشیمان بن. وەحیدی
وتی "پلانێكی بەرگریمان ئامادە كردوە، دوژمنان
دەهەژێنێت و وایان لێدەكات پەنجەی پەشیمانی
بگەزن". لێدوانەكانی "مایك مۆڵن"یشی بە "فاشی"
وەسف كرد، كە لەگەڵ بانگەشەكانی ئیدارەی
ئەمریكی بۆ گرتنەبەری لۆژیكی گفتوگۆ و
ئاشتیانە ناكۆكە".
"مەنوچەهر موتەكی" وەزیری دەرەوەی ئێران هەر
لە بارەی ئەم هەڕەشانەی ئەمریكاوە وتی "گەر
ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران، خراپتر لە
چارەنوسە شوومەكەی لە عێراق و ئەفغانستاندا
چاوەڕێی دەكات. بەڵام تا ئێستاش ئومێدمان وایە
هێزی لۆژیك لە واشنتۆندا زاڵبێت بەسەر لوژیكی
جەنگدا و جارێكی تریش شكۆ و ئابڕووی
ئەمریكیەكان نەفرۆشنەوە". ئاژانسی هەواڵی
ئێرانی "ئێرنا" لە "ئەسفەندیار رەحیم مەشائی"
راوێژكار و بەڕێوەبەری نوسینگەی ئەحمەدی
نەژادی گواستۆتەوە، كە "ئێران بەرووی هەر وڵات
و لایەنێكدا دەوەستێتەوە، كە هاوكاری ئەمریكا
و دژایەتی بەرژەوەندیەكانی ئێران بكات".
هەروەك وتوشیەتی كە سەرەڕای سزاكان و
هەڕەشەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، بەڵام
"ئێران بۆ بەرگریكردن و مانەوەی لەسەر هەڵوێست
و شێوازی مامەڵەكردنی، پێویستی بە پشتگیری هیچ
وڵاتێكی زلهێز نیە".
|