لوبنان لە چاوەڕوانی ئاشووب و بەڵای جەنگێكی تری ناوخۆدا  

 

 

ئەگەری بڕیـــاری دادگـــــــای نێودەوڵەتی تینی بۆ حیزبوڵڵا هێناوە و هەڕەشە لەهەموو لایەك دەكات

سڤیل: مەریوان عومەر


لەگەڵ ئەو دۆخە گەشبینیەی سەردانەكەی "شا عەبدوڵڵا"ی شای سعودیە و "بەشار ئەسەد"ی سەرۆكی سوریا بۆ لوبنان و لوتكەی سێقوڵیەكەی "بەعبدا" بە بەشداری "میشێل سلێمان"ی سەرۆكی لوبنان دروستیان كرد، كەچی قەیرانی دادگای نێودەوڵەتی و ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی سەبارەت بەو لایەنەی "رەفیق حەریری" سەرۆك وەزیرانی پێشووی لوبنانی تیرۆر كرد و ئەگەری تۆمەتباركردنی "حیزبوڵڵا" لە ئاڵۆزبوونی زیاتر دایە و لەگەڵ خۆیدا بارگرژییەكی زۆر دژواری سیاسی لێكەوتۆتەوە.
راگەیاندنەكەی "حەسەن نەسڕوڵڵا" سەبارەت بە ئاشكراكردنی بەڵگە و زانیاری پێویست، كە دەیسەلمێنن ئیسرائیل حەریری تیرۆر كردوە، هەموو لایەكی توشی سەرسوڕمان كرد. نەسڕوڵڵا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەڵگەكانی خستەڕوو، كە رەنگە دەرگای پڕۆسەیەكی تری لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئیسرائیل لەبارەی تیرۆركردنی حەریریەوە بكاتەوە. لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا چەندین كاسێتی تۆماركراوی دەنگ و رەنگی چەند كەسێكی بەكرێگیراوی ئیسرائیلی پەخش كرا، كە دان بەوەدا دەنێن هەوڵیان داوە چیرۆكێكی درۆین لەبارەی پلانی حیزبوڵڵا بۆ تیرۆركردنی حەریری هەڵبەستن، پاشان چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی فڕۆكە ئیسرائیلیە سیخوڕیە نمایش كران. نەسڕوڵڵا جارێكی تر دووپاتی كردەوە، كە متمانەی بەكارەكانی لێژنەی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی نیە، ئامادەیی خۆشی نیشاندا ئەو بەڵگانە بداتە دەست حكومەتی لوبنانی، كاتێك لایەنێك كە جێگای متمانە بێت، داوای هاوكاری لێبكات.
نەسڕوڵڵا لەبارەی ئیسرائیلەوە وتی "ئێمە ئیسرائیل بەتیرۆركردنی رەفیق حەریری تۆمەتبار دەكەین، چونكە ئەو بەرژەوەندی لەوەدابوو و توانای جێبەجێكردنی كردەوەیەكی لەو شێوەیەشی هەبوو، كە لەساڵی (2004)ەوە تاكو ئێستا لە لوبنان بەردەوامە و سەركردە لوبنانیەكان لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا دەكاتە ئامانج. ئەوان كە نەیانتوانی بە تیرۆركردنی حەریری ئاشوبێكی تایەفی لە لوبنان دروست بكەن، هەوڵی تیرۆركردنی "نەبیه بیری" سەرۆكی پەرلەمانیان دا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو".
ئەو بەڵگانەی نەسڕوڵڵا لەوكاتە درەنگەدا خستنیەڕوو، گومان و پرسیاری زۆری لەلای گروپی "14ی ئادار" و رەوتی "موستەقبەل" دروست كرد، كە بۆچی ماوەی پێنج ساڵە تائێستا حیزبوڵڵا و حەسەن نەسڕوڵڵا ئەو بەڵگانەیان لای خۆیان حەشار داوە و نەیانداوەتە لێژنەی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و دادگای نێودەوڵەتی، كە تاكە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ دادگاییكردنی تاوانباران و سزادانیان، كە لەوكاتیشەوە تاكو ئێستا ئەوان هەر ئیسرائیلیان بەتیرۆركردنی حەریری تۆمەتبار كردوە؟!!
لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا چاودێران مەترسیان نیشانداوە، لەوەی هەوڵی لوتكەی "بەعبدا" بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان بێسوود بێ، لەگەڵ بەردەوامبوونی كاری دادگای نێودەوڵەتی. ئەڵتەرناتیڤی چارەسەرییە عەرەبیەكەی لوتكەی "بەعبدا"ش یا هەڵوەشاندنەوەی ئەو دادگایەیە، بەهەموو ئەو كاردانەوە جیهانیانەی لێی دەكەوێتەوە، یا دووچاربوونی لوبنانە بەئاشووب و بەڵایەكی ناوخۆ، ئەمەش ترسی لای وڵاتە عەرەبیەكان دروست كردوە و لەهەوڵی هەنگاوی خێرادان بۆ بەرگرتن بەو ئەگەرە، لە سەروورشیانەوە سعودیە و سوریا و قەتەر، چونكە ئاگری جەنگێكی لەو شێوەیە تەنیا لەسنوری لوبناندا قەتیس نامێنێت، رەنگە دەوروبەریشی بگرێتەوە.
لەو كەشوهەوا پڕ لەهەڕەشە و تۆمەتباركردنی یەكتر بە ناپاكی و سیناریۆی جۆربەرە لەماوەی ئەو 5 ساڵەدا لە لوبنان، حیزبوڵڵا لەقۆناغی جەنگێكی سارددا بووە لەبەرامبەر دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بە لوبنان، بەڵام ئێستا ئەو جەنگە چۆتە قۆناغێكی ئاشكراوە و ئامانج لێی هەڵوەشاندەوەی ئەو دادگایەیە، كە بە "پڕۆژەیەكی ئیسرائیلی" و هەموو ئەو لایەنانەی هاوكاریشی دەكەن بە "بەكرێگیراو" وەسف دەكات. جەنگەكەی حیزبوڵڵا لەبەرامبەر گروپی 14ی ئازاریشدا گەیشتۆتە ئەو قۆناغە ئاشكرایە و هۆشداری پێداون، كە گرەو لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دادگاكە نەكەن و مامەڵەش لەگەڵ بڕیارەكانیدا نەكەن. لەهەمان كاتیشدا پەرلەمانتارەكانی حیزبوڵڵا و سەركردە و سیاسەتمەدار و هاوپەیمانەكانیشی ئەركی هێرش و هەڕەشە و لێدوانی ئاگرینیان لە راگەیاندنەكانەوە پێ سپێردراوە، بە تۆڵەسەندنەوە و بەڵا بەسەرهێنانی ئەو لایەنانەی هاوكاری لەگەڵ دادگاكە و بڕیارەكانی دەكەن.
هەڕەشەكانی حیزبوڵڵا بەلێدانی گەردەنی بەگرێگیراوان، دەزگا ئەمنی و دادوەریەكانی لوبنانیشی نەپاراست، گەر بوێرن هاوكاری لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای نێودەوڵەتیدا بكەن، لەكاتێكدا گەر حیزبوڵڵا بە تیرۆركردنی حەریری تۆمەتبار بكات. نەسڕوڵڵا لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەشیدا ئەم هەڕەشەیەی كرد و گوتی "چاوەڕێی بڕیارە گوماناویەكەی دادگاكەین، تا بزانین چ هەنگاوێك دەنێین"، ئەمەش ئاماژەیەكی ئاشكرا بوو، بەقۆناغی جەنگێكی دژواری چاوەڕوانكراو و فیتنەیەكی ناوخۆی فرە سیناریۆ، كە قوربانیەكانی خەڵكی لوبنانی دەبن نەوەك دادگاكە و بڕیارەكانی. لوبنانیەكان لەترس و نیگەرانیەكی زۆر و دۆخێكی پڕ لەمەترسیدا دەخەون و رۆژ دەكەنەوە و چاوەڕوانی دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لاهای و كاردانەوەكەین لە وڵاتەكەیاندا.
نەسڕوڵڵا بۆ لایەنە لوبنانیەكان تەنیا دوو چارەسەری خستۆتەڕوو، یەكەمیان كەسوكاری حەریری "سەعد حەریری كوڕەكەی رەفیق حەریری و سەرۆكی ئێستای حكومەت" هاوكاری لوبنان لەگەڵ دادگاكە بوەستێنن و بڕیارەكانیشی رەت بكەنەوە، مادام ئیسرائیلی بە تیرۆركردنی باوكی تۆمەتبار نەكردوە. بەمەش دادگاكە لە رەگوریشەوە هەڵدەوەشێتەوە و هەموو ئومێدی دەركەوتنی بكوژانی حەریری لەناودەچێت. دووەم پێكهێنانی لێژنەیەكی دادوەری و ئەمنی و پەرلەمانی لوبنانیە بۆ لێكۆڵینەوە لەرووداوەكان و ئەو گەواهیەی شاهێدە دەسكردە ئیسرائیلیەكان بەدرۆ هەڵیانبەستووە، ئەمەش لێكۆڵینەوەكان دەگێڕێتەوە خاڵی سفر.
لەبەرامبەر دوو رێگاچارەكەی حیزبوڵڵادا، گروپی 14ی ئازار و بە تایبەت سەعد حەریری هیچ رێگایەكی لەبەردەمدا نیە، جگە لەدەستگرتن بەدادگای نێودەوڵەتیەوە، كە بۆتە پرسێكی مەبدەئی و گەڕانەوەی بۆ نییە. سەعد لەكۆنگرەی دامەزراندنی رەوتی "موستەقبەل" گوتی "رێڕەوی ژیانی رەفیق حەریری كە هیچ رۆژێك لەقۆناغی ململانێی ناوخۆی لوبنانیشدا بە دڵۆپێك خوێن خوێناوی نەبووە، رۆحی پاكیشی نابێ ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاشووب و فیتنە بۆ لوبنانیەكان". ئەم لێدوانە لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ كرا و لەلایەن نەیارە سیاسیەكانیشەوە پێشوازی لێكرا.
هەڵوێستە توندەكانی ئەم دواییەی حیزبوڵڵا بەرامبەر بەدادگای نێودەوڵەتی و هەڕەشەكانی بەپەنابردنە بەر 70 سیناریۆی توندتر لەوەی 7ی ئایاری 2008، لەكاتێكدا گەر بڕیارە گوماناویەكەی دادگا حیزبوڵڵا تۆمەتبار بكات، هەموو ئەمانە گومان و نیشانەی پرسیار لەسەر بڕیاری پێشینەی حیزبوڵڵا لە بارەی ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە و بڕیاری دادگاكە دروست دەكەن. بەڵام لە ئەگەرێكی وادا دەبێ لوبنانیەكان خۆیان بۆ شەپۆلێكی تری تازەی توندوتیژی ئامادە بكەن، كە خۆیان دەبنە سوتەمەنیەكەی و هیچ پەیوەندیەكیشی بە ئەوانەوە نیە.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com