ئێران.. ویلایەتی فەقیه و كۆڵەگەكانی شۆڕشی ئیســــلامی لەژێر هەڕەشەی ناوخۆ و دەرەكیدا  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

دوای ئەو پێشوازییە جەماوەریەی لەسەردانەكەی لوبناندا لێیكرا، ئەحمەدی نەژادی سەرۆكی ئێران گەڕایەوە وڵاتەكەی، كە تێیدا كۆمەڵێك كێشەی ئاڵۆزی ناوخۆیی لەچاوەڕوانی ئەودابوون. ئایەتوڵڵا "ئەحمەد جەننەتی" سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لەوتاری رۆژی هەینی رابردوودا هۆشداری دایە نەژاد، كە كەمكردنەوەی پاڵپشتی حكومی بۆ كاڵا سەرەكیەكان، لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئاگری رق و توڕەییەكی جەماوەری بەرووی حكومەتدا هەڵدەگیرسێنێت.
بەشێك لەچاودێران پێیان وایە ئەو سەردانە چاوەڕوان نەكراوەی نەژاد بۆ لوبنان، لەو كاتەی لوبنان گیرۆدەی كۆمەڵێك كێشەی سیاسی ئاڵۆز و هەڵپەسێردراوەوە بووە، رێخۆشكەر دەبێت بۆ هەڵگیرسانی ئاگری جەنگی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل، بەتایبەت كە بەر لەو سەردانە، هیلاری كلینتۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەمریكا دژ بەهەر هەوڵێكی تێكدانی بارودۆخ و سەقامگیری لوبنان دەوەستێتەوە. "فلیپ كراولی" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری دیپلۆماسی گشتیش وتی "ئەمریكا زۆر نیگەرانە لەهەوڵەكانی ئێران بۆ پێدانی چەك بەسوپای لوبنانی، ئێران و حیزبوڵڵا دەیانەوێت حكومەتی نیشتیمانی و سەروەری لوبنان تێكبدەن".ئەو سەردانەی نەژاد بۆ ئیسرائیلیەكانیش مایەی توڕەیی و بێزارییەكی زۆر بوو، "بیگال بالمور"ی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وتی "سەردانەكەی نەژاد زۆر ئیستفزازی و بێزاركەرە، نیازی دوژمنكارانەشی ئاشكرایە، ئەو هاتووە یاری بەئاگر بكات. دەبێ جیهانی عەرەبی لەو دەربڕینە هەڕەشەئامێزەی نەژاد تێبگەن، كە دەڵێت لوبنان سنوری ئێرانە لەگەڵ ئیسرائیل". بەلای "تسیبی لیفنی" سەرۆكی حزبی "كادیما"ی ئیسرائیلیش پێشوازی گەرمی جەماوەری لوبنانیەكان لەنەژاد جێگای نیگەرانیە، وتیشی "ئێران و حزبوڵڵا دوولایەنی توندڕەون و خراپ سوود لەكێشە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرن".
لەبەرامبەر ناڕەزایی و ئەگەری تەقینەوەی كێشەكانی ناوخۆ و هەڵوێستی توندی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژبە ئێران، ئەحمەد خاتەمی لەوتاری هەینیدا لەهەڵوێستێكی بەرگریكارانەیدا لەنەژاد وتی "لێدانی كۆڵەگەكانی خێوەتی شۆڕشی ئیسلامی شێوازی دوژمنانە، ئێستا ولایەتی فەقیه كە بنچینەیەكی سەرەكی شۆڕشی ئیسلامیە، لەژێر هەڕەشەدایە". خاتەمی دوژمنانی ویلایەتی فەقیهی بەسەر دووبەرەی ناوخۆ و دەرەكیدا دابەشكرد، ئەوانەی لەناوخۆی ئێراندا پلان لەدژی رابەری گشتی شۆڕشی ئیسلامی دەگێڕن، لەگەڵ ئەوانەی لەدەرەوەدا بەئاشكرا دژ بەویلایەتی فەقیهن. لەگەڵ توندبوونی هەڵوێستەكانیش دژ بەئێران و هەوڵی سەپاندنی سزای زیاتر و گەمارۆدانی زیاتری لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە، عەلی خامەنائی رابەری شۆڕشی ئیسلامی لەوتارێكیدا لەبەرامبەر جەماوەرێكی زۆر لەشاری قوم داوای لەخەڵكی وڵاتەكەی كرد لەدەوری نەژاد كۆببنەوە و پشتگیری لەحكومەتەكەی بكەن، رەخنەی لەو لایەنانەش گرت، كە "پڕوپاگەندە" سەبارەت بەئەدای حكومەتەكەی بڵاو دەكەنەوە. خامەنائی، كە ئەو حەشاماتە لەئامادەبووانی بەردەمی زوو زوو بەهوتافی "مەرگ بۆ ئەمریكا"، "مەرگ بۆ ئیسرائیل" قسەكانیان پێ دەبڕی، وتی "فیتنەكەی ساڵی 2009 (دوای هەڵبژاردنەكان) وڵاتی لەو میكرۆبە سیاسی و كۆمەڵایەتیانە پاراست، كە رەنگ بوو كاریگەری خراپیان لەسەر گەلی ئێران هەبێت".
لەكاردانەوەی حكومەتی ئێرانیدا بەرامبەر بەدەنگی ناڕەزایی لەناوخۆی وڵاتدا، دەسەڵاتداران سەردانیكردنی ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی هەردوو سەركردەی چاكسازیخواز"محەمەد خاتەمی" و "میر حوسێن موسەوی"یان بلۆك و قەدەغە كردوە. دەسەڵاتدارانی ئێران زۆر بەوردی چاودێریان خستۆتە سەر ئەو پێگە ئەلیكتڕۆنیانەی لێیانەوە رەخنە لەحكومەت دەگیرێت.
لەدەرەوەی ئێرانیشدا، ئەمریكا و ئیسرائیل لەهەر وڵاتێكی تر زیاتر بەپڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی ئێران و نیازی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نیگەرانن. واشنتۆن و تەلئەبیب پێیان وایە ئێران لەكاتی ئێستادا "گەورەترین كێشە و تەحەدی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە". دوای كۆبوونەوەكەی (نیویۆرك)یش لەبەیاننامەیەكی هاوبەشی هەردوو وڵاتدا هاتووە "رێزنەگرتنی ئێران لەئەركە نێودەوڵەتیەكانی لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی و هاوكاریكردنی رێكخراوە تیرۆریستیەكان، بۆ هەردوو وڵات و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش جێگای نیگەرانیەكی ترسناكە". لەهەمان كاتدا ئەمریكا لەهاوكاری نێوان ئێران و چین نیگەرانە و بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاش بە BBC راگەیاندوە، ئەمریكا لیستێكی ناوی ئەو دامەزراوانەی داوەتە چین، كە سزاكانی سەر ئێرانیان پێشێل كردوە. بۆیە لەمیانەی چڕكردنەوەی زیاتری هەوڵەكان بۆ گەمارۆدانی زیاتری ئێران، بڕیارە "ستیوارت لیفنی" جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لەم هەفتەیەدا سەردانی توركیا بكات، بۆ لێكۆڵینەوە لەو هۆكار و ئامرازانەی دەتوانرێت بەهۆیانەوە ئێران زیاتر گۆشەگیر بكرێت. ئەمریكا دەیەوێت هەموو جیهان و هاوپەیمانەكانی رازی بكات دەسبەرداری هەر پەیوەندیەكی بازرگانی لەگەڵ ئێران ببن، لەنێوانیشیاندا توركیا كە ئەندامی ناتۆیە و پێشتر لەدژی بڕیاری سزادانی ئێران لەئەنجومەنی ئاسایش وەستایەوە، چونكە بۆ توركیا ئێران گرنگیەكی زۆری هەیە، رۆژانە 15-18 ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی لەئێرانەوە وەردەگرێت، هەروەك گرێبەستێكیشان كردوە لەماوەی 3 ساڵدا لەرێگای توركیاوە رۆژانە 60 ملیۆن مەتر سێجا غاز رەوانەی ئەوروپا بكەن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com