|

سڤیل:
مەریوان عومەر
نەوەیەكی تــــــــازەی تونـــدڕەو بۆ
سەركردەكــــانی تاڵیبان بەڕێوەن هەرگیز بیر
لە ئاشتی ناكەنەوە
هیچ ئومێدێك نیە هەوڵەكانی سەرۆكی ئەفغانستان
(حەمید كارەزای) بۆ دەسپێكردنەوەی
دانوستانەكانی ئاشتی لەگەڵ (تاڵیبان) بەو
مەرجە قورسانە كۆتایی بەجەنگی 10 ساڵەی
بەردەوامی ئەو وڵاتە بهێنێت، تایبەت كە پێشتر
ئەم هەوڵەی شكستی هێناوە. بەهۆی داكۆكیكردنی
بەردەوامی كارەزای لەگفتوگۆ لەگەڵ چەكدارە
توندڕەوەكانی تاڵیبان، وتەبێژی كارەزای دانی
بەوەدانا، كە ماوەی 2 ساڵە پەیوەندی پچڕ
پچڕیان لەگەڵ تاڵیباندا هەیە و كارەزاش لیستی
ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای پڕۆسەی ئاشتی
بۆ مەبەستی دانوستانەكان ئاشكرا كرد.
كارەزای دوپاتی كردەوە وڵاتەكەی گفتوگۆی
نافەرمی لەگەڵ تاڵیباندا ئەنجام دەدات، بۆ
كۆتاییهێنان بەو جەنگە بەردەوامە.
لەدیمانەیەكی بەرنامەی "لاری كینگ لایف"ی
كەناڵی CNNی ئەمریكی وتی "ئێمە وەك گفتوگۆی
نێوان دوو هاووڵاتی لەگەڵ تاڵیباندا گفتوگۆ
دەكەین، بەڵام پەپوەندی رەسمی رێكخراومان
لەشوێنی دیاریكراو لەگەڵیاندا نیە، بەڵكو
پەیوەندیەكان زیاتر نافەرمی و لەسەر ئاستی
تاكەكەسی دان". لەگەڵ ئەوەشدا لەبارەی
ئەلقاعیدەوە وتی "ئەستەمە پڕۆسەی ئاشتی
ئەندامانی ئەلقاعیدە یا هەر تۆڕێكی تیرۆریستی
تر لەخۆبگرێت، كە بیروباوەڕێكی ئایدۆلۆجی دژ
بەحكومەت و ئەمریكایان هەبێت".
لایەنگرانی دانوستانەكان لەكابول و ئەوروپا و
ئەمریكاش پێیان وایە حكومەتی ئەفغانی
لەهەوڵەكانی پێشووی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ
تاڵیباندا شكستی خواردوە، بەمەرجی سەختی
دانانی چەك و پەسەندكردنی دەستوور و وازهێنان
لەتوندوتیژی و لەرێكخراوی ئەلقاعیدە بەرامبەر
بە بڕێك سەروەت و سامان و پۆستی حكومی، بۆیە
هیچ ئومێدێك لەو هەوڵانە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی
بەدی ناكرێت.
چاودێران پێیان وایە ئەندام و بەرپرسانی
بەتەمەنی تاڵیبان پشتگیری لە كۆتاییهاتنی جەنگ
و دانوستانەكان دەكەن، تابتوانن زۆرترین
دەسكەوت و دەسەڵات لەكاتی ئاشتیدا بەدەست
بهێنن. بۆیە شارەزایان پێیان وایە سەرنەگرتنی
دانوستانەكان لەكاتی ئێستادا، سەرانی تاڵیبان
زیاتر بەرەو توندڕەوی وتوندوتیژی دەبات،
بەتایبەت كە ژمارەیەكی زۆر لەئەندامانی
تاڵیبان و نەوەی "گوانتانامۆ" دەبن بە
سەركردەكانی تاڵیبان، زۆریش نزیكن لەئەلقاعیدە
و لەئەندازە بەدەریش توندڕەون، ئەوكات
بیركردنەوە لەپرۆسەیەكی ئاشتی لەم شێوەیە
ئەستەم دەبێت.
مەلا عەبدولسەلام زەعیف سەركردەی تاڵیبان و
باڵوێزی تاڵیبان لەئیسلام ئاباد، كە پێشتر
بەشداری لەدانوستانە نافەرمیەكانی ئاشتیدا
كردبوو، بەڵام رەتی كردبۆوە بچێتە نێو ئەو
ئەنجومەنی باڵای ئاشتیەی كارەزای پێكیهێنابوو،
لەبارەی تاڵیبانەوە دەڵێت "ئەو هەواڵانەی باس
لەوە دەكەن مەلا عومەری سەركردەی تاڵیبان واز
لەجیهاد دێنێت و بۆ بەدیهێنانی ئاشتی روو
لەسعودیە دەكات، ئەمانە پڕوپاگەندەی رۆژئاوان
بۆ لەبەریەك ترازاندنی ریزەكانی تاڵیبان".
مەلا عەبدولسەلام دووپاتی كردەوە، كە هەموو
موجاهیدانی تاڵیبان بەگروپی جەلالەدین
ئەفغانیشەوە لەژێر ئاڵا و سەركردایەتی مەلا
عومەردا جیهاد دەكەن.
چاودێران پێیان وایە مەیل و حەزی واشنتۆن و
حكومەتی ئەفغانی بۆ دانوستان لەگەڵ گروپی
تاڵیباندا پێشكەوتنێكی گرنگە لەبواری ئاشتیدا،
بەتایبەت كە پێشتر ئەمریكا هەرجۆرە
پەیوەندیەكی لەگەڵ تاڵیباندا بەهێڵی سوور
دەزانی. لەبارەی ئەو پاڵنەرانەی وایان
لەسەركردەكانی ئێستای تاڵیبان كردوە بیر
لەدانوستان بكەنەوە، پسپۆران پێیان وایە
تاڵیبانەكان پەرێشانن بەدەست هێرشە
ئاسمانیەكانی ئەمریكاوە، جگە لەوەش
سەركردەكانی ئێستایان لەنەوەی كۆنی
موجاهیدەكانیان زیاتر قەدری ئاشتی دەزانن و
دەیانەوێت بەرلەوەی گۆڕەپانەكە بۆ نەوەی تازە
لەئیسلامیە توندڕەوەكانی نێو تاڵیبان لەدەست
بدەن، لەرێگای دانوستانەوە بگەنە رێكەوتنێك.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكابولەوە ئاشكرای كرد،
كە دەزگای هەواڵگری پاكستانی بەربەست دەخاتە
بەردەم دانوستانەكانی ئاشتی، بەتایبەت دوای
ئەوەی "مەلا عەبدولغەنی برادەر" گەورە بەپرس و
دووەم كەسی تاڵیبان و زاوای كەسی یەكەمی
تاڵیبان (مەلا عومەر) لەنێو خاكی پاكستاندا
دەسگیر كرا، كاتێك خەریكی تێكدان و گرێتێخستنی
دانوستانەكانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و حكومەتی
ئەفغانی بوو. ئەو سەرچاوەیە وتیشی "ئەنجومەنی
شورای كویتا" كە دەستەی شەرعی و ئەنجومەنی
ئیدارەی بزووتنەوەی تاڵیبانە و لە 14 ئەندام
پێكدێت بەسەرۆكایەتی مەلا عومەر، رەنگە ناچار
ببێت هاوكاری دەزگای هەواڵگری تاڵیبان بكات،
بەڵام ئەمە وەك هاوسەرگیرییەكی ناشەرعی زۆر
ناخایەنێت.
لەلایەكی تریشەوە چەكدارانی تاڵیبان كە جەنگی
بەردەوام هیلاكی كردون، متمانەیان بەنیازی
پاكستانی دراوسێیان نیە و پێیان وایە كاتێك
دەتوانن بەجەنگ كۆنتڕۆڵی ئەفغانستان بكەنەوە،
جارێكی تر پاڵپشتیەكەیان بەكۆتا دێت، جگە
لەوەش یا لەلایەن نەوەی تازەی توندڕەوی نێو
بزووتنەوەكە پەراوێز دەخرێن. ئێستا لەرووی
سەربازییەوە بزووتنەوەی تاڵیبان باڵادەستە،
هەرچەندە 150 هەزار سەربازی بیانی لەوڵاتەكەدا
بڵاوەیان پێكراوە، زۆربەی لایەنەكانیش وەك
قەوارەیەكی گەندەڵ و نالێهاتوو و نەشارەزا
تەماشای حكومەتەكەی كارەزای دەكەن.
نوسەر و شیكەرەوەی سیاسی ئەفغانی "مەحمود
رەحمان" دەڵێت "تاڵیبان چی لەدانوستان دەست
دەكەوێت بەوەی بێتە ریزی حكومەت؟ ئێستا ئەو
بزووتنەوەیە خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت لەوەتەی
توانیویەتی دەست بەسەر باشوور و رۆژهەڵاتی
وڵاتدا بگرێت و بەرەو باكووریش هەڵكشێت،
لەبارودۆخێكی وەهادا ئومێدبوون بەدانوستان
بەمەرجە سەختەكانی حكومەتەوە ئومێدێكە مایەی
پێكەنین و گاڵتەجاڕیە". چاودێرانیش
لەكابوولەوە پێیان وایە گەر دانوستانی ئاشتی
سەرنەگرێت و سەركردە بەتەمەنەكانی تاڵیبان
بكوژرێن، ئەوكات لەماوەی دوو ساڵدا نەوەیەكی
تازە لەنێو بزووتنەوەكە دەگەنە دەسەڵات كە
هەرگیز نیازی دانوستانیان نیە، ئەوكات
بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارتر دەبێت.
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی عەرەبی و ئەفغانی،
نوێنەرانی بزووتنەوەی تاڵیبان و حكومەتی
ئەفغانی چەند دانوستانێكی نهێنیان
بەمیوانداریەتی سعودیە ئەنجام داوە، تا ئێستاش
دانوستانەكان لەقۆناغی سەرەتاییدان و ئەمە
جاری یەكەمیشە نوێنەرانی تاڵیبان و ئەنجومەنی
شورا دانوستان لەگەڵ حكومەتی ئەفغانیدا بكەن.
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لەدانوستانەكانیش
ئاشكرایان كردوە، كە پێدەچێت تاڵیبان ئەم
جارەیان بەجدی نیازی ئاشتی هەبیت، ئەنجومەنی
شورای كویتاش دەستی بەدانوستانەكان كردوە بۆ
بەشداریپێكردنی چەند ئەندامێكی تاڵیبان
لەحكومەتدا، هەروەها بۆ رێكەوتن لەسەر
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەپێی خشتەیەكی
كاتی كە رێكەوتنی لەبارەوە دەكرێت.
شەرقلئەوسەت |