|

سڤیل:
مەریوان عومەر
بۆش لە كتێبەكەیدا دانی پێدادەنێت كە پلانی
هێرشكردنە سەر ئێران و سوریای هەبووە
سەرۆكی پێشووی ئەمریكا "جۆرج بۆش" لەكتێبێكدا
بەناوی (DICISION POINTS) "چركەساتە
یەكلاكەرەوەكان" لەبارەی ئێرانەوە دان بەوەدا
دەنێت، كە فەرمانی بەپنتاگۆن داوە پلان بۆ
هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران و
هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند پێگەیەكیش لەنێو
سوریادا دابڕێژێت.
بۆش لەو كتێبە تازەیەیدا هیچ رەخنەیەكی
ئاڕاستەی ئۆباما نەكردوە، بەڵام بەرگری
لەشێوازی ئەشكەنجەدانی زیندانیانی گوانتانامۆ
"نقومكردنیان لەئاودا" دەكات، پێشی وایە ئەو
شێوازە كە رەخنەی زۆری لەلایەن رێكخراوەكانی
مافی مرۆڤەوە لێگیرا، هۆكاری دەسكەوتنی ئەو
زانیاریانە بوو، كە رۆحی هەزاران خەڵكی
بەریتانی رزگاركرد، كاتێك پلانی هێرشكردنە سەر
فڕۆكەخانەی "هیسرۆ" و چەند ناوچەیەكی تری
رۆژهەڵاتی لەندەن ئاشكرا كران.
كتێبەكەی بۆش 497 لاپەڕەیە، تێیدا لەبارەی
سوریا باس لەوە دەكات، كە لەسەر داخوازی
ئیسرائیل لەگەڵ گروپێكی ئاسایشی نەتەوەیی
ئەمریكی گفتوگۆی لەبارەی گورزێكی ئاسمانی یا
هێرشێكی نهێنی ئاسمانی بۆ سەر چەند یەكەیەكی
سەربازی سوری و چەند دامەزراوەیەكی
گومانلێكراوی ئەتۆمی لەو وڵاتەدا كردوە. بۆش
راپۆرتێكی هەواڵگری لەبارەی دامەزراوەی
گومانلێكراوی ئەتۆمی لەبیابانی رۆژهەڵاتی
سوریادا پێگەیشتووە، پاشان پەیوەندی بە
"ئەیهود ئۆڵمەرت"ی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی
ئیسرائیلەوە كردوە، تا زانیاری لەبارەی
راپۆرتەكەوە بداتێ، ئۆڵمەرتیش داوای لێكردوە
هێرش بكاتە سەر پێگە ئەتۆمیەكە. بۆیە بۆش
لەگەڵ ستافی ئاسایشی نەتەوەییدا گفتوگۆی
لەباری چۆنیەتی وەشاندنی ئەو گورزە
سەربازییەوە كردوە، چونكە وەك خۆی دەڵێت
"بۆردومانكردنی وڵاتێكی خاوەن سەروەری بێ
ئاگاداركردنەوە و بێ پێشینە، با بیانویەكی
ئاشكرا، رەنگ بوو كاردانەوەی نەخوازراوی
لێبكەوێتەوە". بۆیە بۆش بە ئۆڵمەرتی گوتوە
"ناتوانم بەو شێوەیە هێرش بكەمە سەر وڵاتێكی
خاوەن سەروەری، تا هەواڵگری ئەمریكا زانیاری
دروستم نەداتێ لەبارەی بوونی بەرنامەی ئەتۆمی
لەسوریادا". بۆش پێی باشتربووە هەوڵی
دیپلۆماسی و هەڕەشەی سەربازی بەكاربهێنرێت،
بەڵام ئۆڵمەرت پێی گوتوە "ئەم ستراتیجیەتەی تۆ
زۆر بێزارم دەكات". تا ئیسرائیل خۆی لە 6ی
ئەیلولی 2007 پێگەكەی بۆردومان كرد، بەڵام
ئیسرائیل كردەكەی شاردەوە و نەیهێشت
راگەیاندنەكان قسەی لەبارەوە بكەن.
ئیدارەكەی بۆش بۆ پەلاماردانی ئێرانیش پلانی
هەبووە. بۆش دەڵێت "فەرمانم بەپنتاگۆن دا
لێكۆڵینەوە لەبارەی پلانی وەشاندنی گورزێك
لەپێگە ئەتۆمیەكانی ئێران بكات". بەڵام گروپی
ئاسایشی نەتەوەیی دوو بۆچوونی جیاوازیان
هەبووە، لایەنێكیان پێی وابووە پەلاماردانی
بەهادارترین ئامانج كە ئێران هەیەتی
"دامەزراوە ئەتۆمیەكانی" ئۆپۆزسیۆنی رژێمی
ئیسلامی لەناوخۆدا بەهێزدەكات، بەڵام
بۆچوونەكەی تر پێی وابووە ئەم هەنگاوە
شەپۆلێكی هەستی نیشتیمانی لای ئێرانیەكان دژ
بەئەمریكا دروست دەكات.
بۆیە بۆش لەمبارەوە گفتوگۆی لەگەڵ "تۆنی
بلێر"ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كردوە، كە بە
"هەرە نزیكترین هاوپەیمان" وەسفی دەكات، پێشی
گوتووە، كە ئەمریكا ناچێتە نێو هیچ
گفتوگۆیەكەوە لەگەڵ رژێمی ئێرانیدا، بەڵكو
"تاكە شت كە گومانی تێدا نیە، نابێ ئەمریكا
رێگا بدات ئێران بەبۆمبی ئەتۆمی هەڕەشە
لەجیهان بكات".
لەبارەی هەڵوێستی ئێستای ئەمریكا، چەند رۆژێك
بەر لەهەڵبژاردنەكانی كۆگرێسی ئەمریكی، شكستی
ئۆباما و دیموكراتیەكان شتێكی چاوەڕوانكراو
بوو، بەرای كۆی پسپۆرانیش هۆكاری ئەم شكستە رق
و بێزاری ئەمریكیەكانە لەبەردەوامبوونی
قەیرانی ئابووریی. بەڵام لەگەرمەی دەنگۆ و
هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی كۆنگرێسدا، "دەیڤد
برۆدەر" نوسەر و رۆژنامەنوس و پێشكەشكاری
بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لەكەناڵێكی تەلەفزیۆنی
یەهودی ئەمریكی، پێشنیار دەكات ئۆباما هێرش
بكاتە سەر ئێران، تا ئابووریی ئەمریكا
ببوژێتەوە.
لێدوانەكەی برۆدەر مشتومڕی زۆری
لەراگەیاندنەكانی ئەمریكا لێكەوتەوە، زۆر كەس
رەخنەیان لێی گرت، تەنانەت لەوانەش كە لەریزی
راستڕەوە تازەكانی ئەمریكادان، وەك "دانیال
لاریسۆن" و لەگۆڤاری "زە ئەمریكان
كۆنزێرڤاتیڤ" وتارێكی لەژێر ناوی "جەنگ لەدژی
ئێران ئۆباما وێران دەكات" نوسی و تێدا دەڵێ
"هیچ شتێكی ئەوتۆ نیە بۆ نوسینە گاڵتەجاڕیەكەی
ستوونە مایەپوچەكەی برۆدەری زیاد بكەین، كە بۆ
هەستانەوەی ئابووریی ئەمریكا داوای بەرپاكردنی
جەنگ لەدژی ئێراندا دەكات". بەڵام لاریسۆن
دواتر دەڵێت "ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئەم
نوسینەی برۆدەر بەرجەستەكەری هەڵوێستی
یەكلابووەوەی واشنتۆنە، كاتێك ئێران
بەگەورەترین هەڕەشەی ئەم سەدەیە بۆ سەر جیهان
دادەنێت".
برۆدەر كە هەفتەی دوو ستوون لەرۆژنامەی
"واشنتۆن پۆست"دا دەنوسێت و خاوەن خەڵاتی
بەهاداری "پۆلیتەزر"ە، لەوتارەكەیدا نوسیویەتی
"كێشەكانی ئۆباما لەئایندەشدا هەروا
دەمێننەوە، گەر ئابووریی وڵات باشتر نەبێت، بۆ
ئەو مەبەستەش ناتوانێت تەنیا پشت بەپلان و
پڕۆژەی ئابووریی ببەستێت. جەنگی جیهانی دووەم
هاوكاری زۆری ئەمریكای كرد، تا لەقەیرانە
ئابوورییە گەورەكەی رزگاری ببێت". بۆیە برۆدەر
چەند ئامۆژگارییەكی ئۆباما دەكات، لەوانە:
لەماوەی ساڵانی 2011-2012 كاتێكی درێژ بۆ
خۆرێكخستن و رووبەرووبوونەوەی یەكلاكەرەوە
لەگەڵ ئێران تەرخان بكات، برۆدەر پێی وایە
جەنگ لەدژی ئێران هاوكاریەكی باشی ئابووریی
ئەمریكا دەكات، هەروەك چۆن خەرجیە جەنگیەكانی
ئەمریكا لەماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا كردی.
بەڵام برۆدەر باس لەرێگرتن لەدەسكەوتنی چەكی
ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە ناكات، باس
لەرێگاچارەی دیپلۆماسی و توندكردنی سزاكان و
هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزیش ناكات، بەڵكو تەنیا
یەك رێگاچاری بۆ ئۆباما دەستنیشان كردوە، كە
ئەمیش بەرپاكردنی جەنگە، ئەمیش بەرلەوەی بۆ
رێگرتن لەدەسكەوتنی چەكی ئەتۆمی بێت لەلایەن
ئێرانەوە، بۆ هەستانەوەی ئابووریی ئەمریكا
دەبێت.
|