|
 
سڤیل:
مەریوان عومەر
بەهۆی بەربڵاوی و پەلوپۆهاوێژی و فرەرەهەندی و
گەورەیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەرتاسەری
جیهاندا، ئەو بروسكە و دۆكیومێنتانەی پێیەوە
پەیوەستن و دزەیانكردۆتە ماڵپەڕی "ویكیلیكس"
دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبووە، مەگەر تەنیا
رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر و جەنگەكانی كەنداو
و ئەفغانستان هێندە لەراگەیاندنەكانەوە
گرنگیان پێدرابێت.
هەرچەندە لەماوەكانی پێشوودا هەزاران
دۆكیومێنتی پەیوەندیدار بەجەنگەكانی عێراق و
ئەفغانستانەوە لەو ماڵپەڕەدا بڵاوكراونەتەوە،
بەڵام دواین ئەو دۆكیومێنتانەی دزەیانكردوە و
بڵاوكراونەتەوە، گێژەن و هەرایەكی گەورەیان
لەراگەیاندنەكاندا لێكەوتۆتەوە، كە بریتین
لەبروسكەی ئاڵوگۆڕكراوی نێوان بەرپرسە
دیپلۆماسیە باڵاكان و وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریكا. ویكیلیكس بەوەشەوە نەوەستاوە كە
بەڵگەنامەكان لەماڵپەڕەكەیدا بڵاو بكاتەوە،
بەڵكو وێنەی داوەتە هەرە دیارترین دامەزراوە
میدیاییەكان لەنێوانیشیاندا "نیویۆرك تایمز"ی
ئەمریكی و "گاردیان"ی بەریتانی.
"ویكلیكس-Wikileaks" ماڵپەڕێكی خزمەتگوزاری
گشتی ئەمریكیە، ساڵی 2007 دامەزراوە، تایبەتە
بە پاراستنی ئەو كەسانەی نهێنی و كردە
ئابڕوبەرەكانی پەیوەندیدار بە دامەزراوە و
حكومەتە گەندەڵەكان ئاشكرا دەكەن، بە
پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤیشەوە لەهەر كوێیەكدا
بێت، لەهەرە دیارترین ئەو كەسانەش، كە لەو
ماڵپەڕەدا كار دەكەن "جۆلیان ئاسانگ"یە.
لەهەرە گرنگترین ئەو بنەمایانەی ماڵپەڕەكە
راگەیاندوە، كە پێیەوە پابەندە "راستگۆیی و
شەفافیەتی زانیاری و بەڵگەنامە مێژووییەكان و
مافی خەڵكە بۆ دروستكردنی مێژوویەكی تازە".
"واشنتۆن پۆست" لەبارەی بەڵگەنامە
بڵاوكراوەكانی ئەم ماڵپەڕە نوسیویەتی "هیلاری
كلینتۆن و هەزاران كەسی دیپلۆماسی تر
لەسەرتاسەری جیهاندا توشی نۆرەی دڵ دەبن،
كاتێك بەیانی بەئاگادێنەوە و دەبینن
نێهنیەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا
لەبەردەستی هەموو خەڵكی جیهان دایە".
ماڵپەڕەكە تۆڕێكی بەرفرەوانی لەپارێزەر و
كەسانی چالاك هەیە بەرگری لەبابەتە
بڵاوكراوەكان دەكەن، كە هیچ لایەنێك نەتوانێت
بەدواداچوون بۆ سەرچاوەكانیان بكات.
دواین ئەو بەڵگەنامە و بروسكانەی ئاشكراشی
كردون، كە ژمارەیان 250 هەزار بەڵگەنامەیە،
لەبارەی چەند پرسێكی جیهانی جۆربەجۆرەوەن،
لەوانە:
لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمیەكەی ئێران: جگە
لەئیسرائیل چەند دەوڵەتێكی عەرەبی لەرۆژهەڵاتی
ناوەڕاست ترسی زۆریان لەئێران هەیە و
راشكاوانە داوایان لەئەمریكا كردوە هێرشی
سەربازی بكاتە سەر ئێران و نەهێڵێت ببێتە
خاوەن چەكی ئەتۆمی، بەتایبەت شای سعودیە "شا
عەبدوڵڵا" لەمیانەی دیدارێكی لەگەڵ دەیڤد
پترایۆسدا لە 2008 داوای لەئەمریكا كردوە
"سەری مارەكە ببڕێت" كە مەبەست لێی ئێران
بووە. لەبەڵگەنامەیەكی تریشدا هاتووە كە
"حوسنی موبارەك زۆر بەتوندی رقی لەئێرانە"،
"حەمەد بن عیسا"ی شای بەحرەینیش وتویەتی "دەبێ
ئەمریكا بەهەر جۆرێك بێت ئێران بوەستێنێت"،
"محەمەد بن زاید" وەلی عەهدی ئیمارات وتویەتی
"ئەحمەدی نەژاد جەنگێكمان لەدژدا
رادەگەیەنێت".
لەبارەی پاكستان: چەند نامەیەكی نێهنی ئاشكرا
بوونە، باس لەئەگەری بەكارهێنانی مادە
تیشكدەرەكانی وێستگە ئەتۆمیەكانی پاكستان
دەكەن، لەهێرشە تیرۆریستیەكاندا. ئەمریكاش
لەبەر ئەم مەترسیە هەوڵی داوە پاكستان رازی
بكات مادەی یۆرانیۆمی پیتێندراو لەدامەزراوە
ئەتۆمیەكانی بگوازێتەوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان: چەند بەڵگەنامەیەكی
نهێنی باس لەسیخوڕیكردنی ئەمریكا دەكەن بەسەر
بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە،
لەنێوانیشاندا "بان كی مۆن"ی ئەمینداری گشتی.
هیلاری فەرمانی داوە كە پێویستە زانیاری
لەبارەی بان كی مۆن و بەرپرسانی تری باڵای
نەتەوە یەكگرتوەكان كۆبكرێتەوە.
چین: ئەمریكا زۆر نیگەران بووە لەزیادبوونی
ئاستی كردەی پەلامار و چەتەگەریی ئەلیكترۆنی
لەلایەن چینەوە، كە لەساڵی 2002وە بە پشتبەستن
بەپسپۆرانی كۆمپانیاكانی ئاسایشی تایبەت
توانیویانە دزە بكەنە نێو كۆمپیتەرەكانی
حكومەتی ئەمریكا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی
و تەنانەت كۆمپیتەرەكەی "دەلای لاما"ش.
لەبارەی كۆریاشەوە، بەڵگەنامەكان ئاشكرایان
كردوە، كە ئەمریكا و بەرپرسانی كۆریای باشوور
باسی یەكگرتنەوەی هەردوو كۆریایان كردوە،
لەحاڵەتی هەرەسهێنانی رژێمی كۆریای باكووردا.
گوانتانامۆ: ئیدارەی ئەمریكا هەوڵی داوە
بەرتیل بداتە چەند وڵاتێكی تر، تا چەند
زیندانیكراوێكی گونتانامۆیان رادەست بكات.
لەنێوانیاندا وادەی سەردانێكی سەرۆك ئۆبامایان
بەوڵاتی "سلۆڤینیا" داوە لەبەرامبەر
رازیبوونیدا، داواشیان لەئەڵمانیا كردوە
فەرمانی دەسگیركردن بۆ ئەو كارمەندانانەی
C.I.A دەرنەكات، كە بەهەڵە كەسێكی ئەڵمانیان
خستبۆوە زیندانێكی نهێنیەوە.
بەڵگەنامەكان وڵاتی "قەتەر" بەخراپترین وڵات
لەرووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا وەسف دەكەن، ئەو
وڵاتەی چەندین ساڵ میوانداری بنكەیەكی گەورەی
سەربازی ئەمریكی كرد، هێزە ئەمنیەكانی دوودڵن
لەراوەدونان و گرتنی تیرۆریستاندا، لەترسی
ئەوەی وڵاتەكەیان بەهاوكاریكردنی ئەمریكا
تۆمەتبار نەكرێت و هەوڵی تۆڵە لێكردنەوەیان
نەدرێت.
هەروەك بروسكە نهێنیەكان بەشێوازی جۆراوجۆر
وەسفی سەركردە سیاسیەكانی جیهانیان كردوە،
ئەحمەدی نەژادیان بە "ئەدۆلف هیتلەر" وەسف
كردوە، هەروەها ئەنگیلا مێركڵ بە "ترسی
لەجەربەزەییكردن هەیە و توانای داهێنانیشی
نیە"، نیكۆلا ساركۆزی سەرۆكی فەرەنسا بە
"كەسێكی دەسەڵاتپەرستی لەخۆبایی"، سیلڤیۆ
برلسكۆنی سەرۆكی ئیتاڵیا بە "كەسێكی گەمژە و
لاوازە و بەدوای تیشكی روناكیدا دەگەڕێت"،
ڤلادیمێر پۆتین بە "سەردەستەی چەتەكان" و عەلی
عەبدوڵڵای سەرۆكی یەمەن بە "بێ ئارام" و حەمید
كارازای بە "لاواز" و ئەحمەدی براكەی كە والی
قەندەهارە بە "گەندەڵ و بازرگانی مادە
هۆشبەرەكان" وەسفیان كراوە، لەگەڵ زۆر
سەركردەی تریش.
چەندین نهێنی تریش لەنمونەی ئامادەیی
نیشاندانی چین بۆ وازهێنان لەپشتیوانیكردنی
كۆریای باكوور، رەوانە كردنی ئەندامانی سەر
بەسوپای شۆڕشی ئیسلامی لەلایەن ئێرانەوە بۆ
لوبنان لەرێگای ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەوە،
پەیوەندی هەواڵگری نێوان ئێران و كەنەدا،
پێدانی موشەكی دوورهاوێژی پێشكەوتوو لەكۆریای
باكوورەوە بۆ ئێران، رقی ئەستووری ئۆردوگان
لەئیسرائیل، دووچاربوونی عەلی خامەنائی
بەشێرپەنجە و چاوتێبڕینی شوێنەكەی لەلایەن
هاشمی رەفسنجانیەوە، زیادبوونی گومانی وڵاتانی
رۆژئاوا بەرامبەر بە توركیا.
دوای بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەش، وڵاتانی
جیهان و ئەوانەی ناویان لەدۆكیومێنتەكاندا
هاتووە، كاردانەوەی جۆراوجۆریان هەبوو و
هەریەك بەشێوەیەك بەڵگەنامەكانی بەدرۆ خستەوە.
لەهەموو ئەو وڵاتانەش نیگەرانتر ئەمریكایە،
جۆرج بۆشی سەرۆكی پێشووی ئەمریكاش داوای
سزادانی بەرپرسانی دزەپێكردنی ئەو زانیاریانەی
كردوە.
ئەو بەڵگەنامانەی لە ویكیلیكس بڵاو
كراونەتەوە، سەریەشە و هەڵوێستی ناخۆش و
شەرمەزاری بۆ ئەمریكا دروست كردوە. "لیۆن
بانیتا"ی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریكیش
"سی ئای ئەی" رایگەیاند، كە لەكردەی
دزەپێكردنی زانیاریەكان لەبارەی ئاسایشی
نەتەوەیی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن خۆش نابێت،
كە ژیانی ئەندامانی دەخاتە مەترسیەوە و زیانی
گەورەش بەئەمریكا دەگەیەنێت.
بەڵام دەستەی بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی ویكیلیكس
تا ئێستا بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بیانو و
پاساوێك، دەستیان نەپاراستووە لەبڵاوكردنەوەی
بەڵگەنامەی زۆر هەستیار و زۆر نهێنی، لەگەڵ
بڵاوكردنەوەی هەر كۆمەڵە بەڵگەنامەیەكیشدا،
بەڵێنی بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك دۆكیومێنتی تر
دەدەن لەداهاتوودا. "جۆلیان ئاسانگ"ی
دامەزرێنەری ئەو ماڵپەڕە پێی وایە "هیچ
بەڵگەنامەیەكی نهێنی لەخەڵك قەدەغە نیە"، بەر
لەبڵاوكردنەوەی ئەو زانیاریە نهێنیانەش، هیچ
كەسێك نە جۆلیان و نەماڵپەڕی "ویكیلیكس"یان
نەدەناسی، كە تەنیا 3 ساڵە دامەزراوە، بەڵام
لەچەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی بڵاوكردنەوەی
بێشوومار بەڵگەنامەی نهێنی و هەستیار،
ناوبانگێكی جیهانی پەیدا كردوە و گرنگیەكی
بێوێنەشی پێدراوە.
|