|
سڤیل:
مەریوان عومەر
لادانی موتەكی بەم شێوازە بەڵگەی ململانێی
توندی جەمسەرە پارێزگارەكانی نێو بازنەی
دەسەڵاتە لە ئێران
لەكاتی دانوستانە هەستیار و یەكلاكەرەوەكان
سەبارەت بەدۆسیەی ئەتۆمی ئێران، ئەحمەدی نەژاد
بەدیاریكردنی "عەلی ئەكبەر ساڵحی" بۆ پۆستی
وەزیری دەرەوە و لادانی لەناكاوی "مەنوچەهر
موتەكی" جیهانی سەرسام كرد، لەكاتێكدا
چاودێران لەهۆكاركانی لادانی موتەكی
دەكۆڵنەوە، هەندێكی تر پێیان وایە نەژاد
بەدیاریكردنی ساڵحی ئامادەكاری دەكات بۆ
دەستپێكردنەوەی خولێكی تری دانوستانەكان و
سپاردنی ئەو ئەركەش بە كەسێكی شیاو.
لەناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو
ئەحمەدی نەژاد "مەنوچەهر موتەكی" لەپۆستەكەی
لادا، لەكاتێكدا ئەو لەدەرەوەی وڵات و
لەسەردانێكی فەرمیدا بوو بۆ "سەنیگال".
ناوەندە دیپلۆماسیەكان ئەم رەفتارەی نەژادیان
بە سوكایەتیپێكردن بەوەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی
زانی، كاتێك موتەكی بێئاگا لە لەكار لادرانی،
هەواڵەكەی لەخانەخوێیە سەنیگالیەكانی زانی،
ئەو كە وەك وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ
گفتوگۆكردن لەبارەی قەیرانی ئەو كەشتیە
پڕچەكەی لەئێرانەوە هاتبوو و نێجیریا ئاشكرای
كردبوو، سەردانی سەنیگالی كردبوو، وەك
هاووڵاتیەكی ئاسایی گەڕایەوە وڵاتەكەی.
چاودێران ئەم بڕیارەی نەژاد بەبەڵگەی بوونی
ململانێ جەمسەرە پارێزگارەكانی نێو بازنەی
دەسەڵاتی ئێرانی دەزانن، لەنێوان ئەوانەی
بەتوندی دەست بە بنەماكانی رژێمی ئاخوندیەوە
دەگرن، كە بەپارێزگارە تەقلیدیەكان ناسراون و
موتەكی لەپەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكەی
دەوڵەتدا هاوپەیمانیانە، لەگەڵ بەرەی دوومی
پارێزگارەكان بەسەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژاد، كە
لەلایەن سوپای پاسەوانانی شۆڕشی ئیسلامی
ئێرانیش پشتیوانی دەكرێت.
بۆ خۆلادان لەكاردانەوەی ناوخۆ سەبارەت
بەبڕیار و شێوازی لادانی موتەكی، نەژاد هەر
دوای بڕیارەكە رایگەیاند، كە موتەكی بەر
لەگەشتەكەی بۆ سەنگیال لەو بڕیارە ئاگادار
كراوەتەوە، ئاژانسی دەنگوباسی ئێرانیش
"ئێرانا" لە نەژادی گواستەوە، كە بەرامبەر
موتەكی وتبووی "سوپاسی كۆشش و كار و
خزمەتەكانتان دەكەم، كە لەو ماوە درێژەدا
لەوەزارەتی دەرەوە پێشكەشتان كردوە، هیواخوازم
ئەو كۆششانەتان پاداشتی لای خوا بەدەست
هێنابێت و لەژیانی ئایندەشتاندا بۆ خزمەتكردنی
گەلی موسوڵمانتان سەركەوتوو بن". بەڵام موتەكی
لەوەڵامدا وتی "واز لەدرۆكردن بێنن"، رەتیشی
كردەوە كە لەو بڕیارە ئاگادار كرابێتەوە و وەك
ئاماژەیەكیش بۆ نەژاد وتی "ئەو بڕیارەی حكومەت
ناكۆكە لەگەڵ ئیسلام و كەلتووری گەلی ئێرانی
رەسەن".
لەلێكدانەوەی هۆكارەكانی لادانی موتەكی، بەشێك
لەچاودێران پێیان وایە وەستانەوەی موتەكی بووە
لەدژی هەوڵەكانی نەژاد بۆ دیاریكردنی چەند
كەسێكی دیپلۆمات، دەشگوترێ موتەكی نامەیەكی بۆ
"خامەنائی" ناردوە و تێیدا سكاڵای لەهەوڵەكانی
نەژاد بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر
وەزارەتی دەرەوەدا كردوە.
زۆر لەچاودێران پێیان وایە نەژاد بێ گەڕانەوە
بۆ رابەری روحی "عەلی خامەنائی" ئەم بڕیارەی
دەركردوە، بەمەش پەیامێكی ئاڕاستە كردوە، كە
هێشتا دەستی بەجڵەوی دەسەڵاتەوەیە و ژمارەیەكی
قورسیشە لەهاوكێشەی ململانێكانی نێو دەسەڵات
لەئێراندا، لەم هەنگاوەشیدا وای بۆچووە كە
رابەری رووحی لەدژی بڕیارەكە ناوەستێتەوە،
بەڵام بەگوێرەی ئەو رەخنە توندەی پەرلەمانتار
و راگەیاندنكارە نزیكەكانی خامنەئی لەشێوازی
سوكایەتیپێكردنی بڕیارەكە گرتیان، دەریدەخەن
كە خامەنائی بەم بڕیارە رازی نەبووە، بەمەش
پەیوەندی نەژاد و خامەنائیش چاوی پێدا
دەخشێندرێتەوە.
عەلی ئەكبەر ساڵحی جێگرەوەكەی موتەكی، كەسێكە
جێگای متمانەی تەواوی نەژاد و عەلی خامەنائیە،
چیرۆكی ژیانیشی ئەم راستیە دەسەلمێنێت. ساڵحی
سیمبولی دۆستایەتی ئەمریكی-ئێرانی بوو
لەسەردەمی شادا، بەر لەشۆڕشی ئیسلامی 1979،
كەسێكی ئەكادیمی و سیاسیە و پێشتر ماوەی 4 ساڵ
پۆستی نوێنەری ئێرانی لەئاژانسی جیهانی وزەی
ئەتۆمی پێسپێردراوە. بەرلەوەی پۆستی وەزیری
دەرەوەی پێبدرێت، سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی
ئێرانی بووە، مامۆستا و راگری زانكۆی "شەریف"ی
تەكنەلۆجیە، ئەندامی ئەكادیمیای ئێرانی بۆ
زانست و ناوەندی نێودەوڵەتی فیزیای تیۆرییە
لەئیتاڵیا. بەكالۆریۆسی لەزانكۆی ئەمریكی
لەبەیروت وەرگرتوە، پاشان ساڵی 1977 دكتۆرای
لەئەندازەی میكانیكی لەپەیمانگای ماساچوتسی
تەكنەلۆجی لەئەمریكا وەرگرتووە، لەمیانەی
پڕۆژەی مێژوویی هاوبەشی نێوان ئێران و
پەیمانگای ناوبراو بۆ مەشقپێدانی نەوەكی
یەكەمی زانایانی ئەتۆمی ئێرانی.
ساڵحی زانای فیزیای ئەتۆمی جێگای رێزی
رۆژئاواییەكانیشە، بەهۆی هەڵوێستە
"میانڕەو"ەكانی و لەچاوەڕوانی ئەو رێچكە
دیبلۆماسیە تازەیەشیدان، كە لەئایندەدا پێڕەوی
بكات. ئەوان لەبیریان ماوە، كە ساڵحی ساڵی
2003 (بە پیتی یەكەمی ناوەكەی) ئیمزای لەسەر
پڕۆتۆكۆڵی زیادكراوی چاودێریكردنی چالاكیە
ئەتۆمیەكانی ئێران لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی
وزەی ئەتۆمیەوە كرد، كە دواتر نەژاد لە 2006دا
وەستاندی. لەگەڵ ئەمانەشدا بەردەوام ساڵحی
لەدەزگاكانی راگەیاندنەوە دەردەكەوت و باسی لە
بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمیەكانی وڵاتەكەی
دەكرد، رەخنەی بەردەوامیشی لەبەڕێوەبەری
ئێستای ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆمی "یۆكیو
ئامانۆ" دەگرت و بەهەوڵی دروستكردنی گومان
لەسروشتی پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی ئێران تۆمەتباری
دەكرد.
لەگەڵ دەسبەركاربوونی ساڵحی، یەكێتی ئەوروپا
هیوای خواست لادانی موتەكی نەبێتە هۆی
وەستاندنی دانوستانەكان، ساڵحی هەر زوو وەڵامی
دایەوە، كە سەرەڕای هەڵوێستی نادادپەروەرانەی
یەكێتی ئەوروپا بەرامبەر بەئێران، بەڵام كاتی
ئەوە هاتووە "سیاسەتی رووبەڕووبوونەوە بگۆڕین
بەسیاسەتی لەیەك تێكدەیشتن".
سەبارەت بەهەڵوێستی نەیارانی رژێمی ئێرانی،
مریەم رەجەوی خانمە سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو
لەلایەن هێزە نەیارەكانی ئێرانەوە، لادانی
موتەكی بە "شوێنەوارەكانی هەرەسهێنانی
هەژموونی ویلایەتی فەقیه" وەسف كرد، كە
بارگرژی و لەبەر یەكهەڵوەشانەوە و ململانێی
نێوخۆی رژێمی ئێرانی دەردەخات. دەسەڵاتدارانی
ئێرانی بە فەرمی باسیان لەهۆكارەكانی لادانی
موتەكی و دانانی ساڵحی نەكردوە، بەڵام سەرچاوە
نافەرمیە ناوخۆكانی ئەو وڵاتە، بۆ ناكۆكی كۆنی
نێوان نەژاد و موتەكی دەگێڕنەوە.
ساڵحی لەگەڵ دەستبەكاربوونی جەختی لەسەر ئەركە
لەپێشینەكانی كردەوە، كە بەهێزكردنی
پەیوەندیەكانی ئێرانە لەگەڵ سعودیە و
توركیادا، لەوبارەشەوە رایگەیاند "لەئەركە
دیپلۆماسیە هەرە لەپێشینەكانی ئێران
نزیكبوونەوەیەتی لەدراوسێكانی و لەوڵاتانی
جیهانی ئیسلامی، لەو چوارچێوەیەشدا سعودیە و
توركیا دوو وڵاتی خاوەن پێگەی تایبەتن".
|