بەڵگەنامە نهێنیەكان... سازشی بێوێنەی فەڵەستینی و نانیازپاكی ئیسرائیلیەكان  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

دوای بڵابوونەوەی سەدان هەزار بەڵگەنامەی نهێنی لەماڵپەڕی ویكلیكس، كە هەڵوێستێكی ناخۆش و پڕ شەرمەزاری بۆ واشنتۆن و ژمارەیەكی زۆر لەوڵاتان و سەركردەی وڵاتانی جیهان دروست كرد، ئەم جارەیان چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی دانوستانی نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلیەكان، كە دەست كەناڵی ئەلجەزیرە و رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی كەوتوون و بڵاویان كردوونەتەوە، زنجیرەیەك لەسازشكردنی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی ئاشكرا دەكات، سەبارەت بە هێشتنەوەی كۆمەڵگا جولەكەنشینەكانی قودسی رۆژهەڵات، كە بەشێوەیەكی ناشەرعی دروستكراون، هەروەك ئامادەیی سازشی بێوێنە و بێ پێشینەی نیشانداوە، لەبارەی "حەرەم ئەلشەریف" و گەڕەكەكانی "ئەرمەن" و "شێخ جەڕاح".
ئەمە جاری یەكەمینە دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی لە دانوستانی ئاشتیدا دەسبەرداری گەڕەكی "ئەلئەرمەنی" بێت. بەڵگەنامە نهێنیەكان ئاشكراشیان كردە، كە گەورە دانوستانكاری فەڵەستینی "سائب عورەیقات" پێشنیارێكی بێ پێشینەی كردوە بۆ دابەشكردنی شاری قودس و شوێنە پیرۆزەكان. یەكێك لەبەڵگەنامەكان كە رۆژنامەی گاردیان بڵاوی كردۆتەوە، لەدەمی "ئەحمەد قورەیع"ی گەورە بەرپرسی رێكخراوی فەتحی فەڵەستینی گواستۆتەوە "ئەمە یەكەم جارە لەمێژوودا هەڵوێستی لەو شێوەیە بنوێنین، پێشتر لەكامپ دەیڤد ئەمەمان رەتكردبۆوە".
نزیكەی نیو ملیۆن یەهودی لە 100 نشینگەی تازەدا نیشتەجێكراون، كە ئیسرائیل دوای داگیركردنی كەرتی رۆژئاوا لەساڵی 1967دا بەشێوەیەكی ناشەرعی و پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی بنیاتی ناون. بەڵام لەدانوستانێكی نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلیەكاندا قورەیع نەخشەی دەوڵەتی فەڵەستینی خستۆتە بەردەم ئیسرائیلیەكان، تێیدا ئامادەیی دەسبەرداربوونی لەناوچەكانی "جەبەل ئەبو غەنیم" و "مەعالیە ئادومیم" دەربڕیوە، كە كۆمەڵگای جولەكەنشینن لەكەرتی رۆژئاوا (رۆژهەڵاتی قودس)دا، لەبەرامبەر پێدانی هەمان رووبەر لەزەوی لەناوچەیەكی تردا. سائب عورەیقاتیش بەشاندی ئیسرائیلی گوتووە "ئێمە گەورەترین ئۆرشەلیممان بۆ خستونەتەڕوو لەمێژوودا، بەڵام پێویستە باس لەقودسیش بكەین. ئێمە بەشێك لە بەرژەوەندیەكانی ئێوەمان لەبەرچاو گرتووە، ئەمە جاری یەكەمە لەمێژووی ئیسرائیل و فەڵەستیندا پێشنیاری ئاوا بۆ ئێوە پەسەند بكەین". بەڵام شاندی ئیسرائیلی هێشتا ئەم پێشنیارەیان بەدڵ نەبووە و "تسیبی لیڤنی" وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیسرائیل پێی گوتوون "ئەم پێشنیارەمان بەدڵ نیە و لەگەڵ داخوازیەكانی ئێمەدا یەك ناگرێتەوە. رەنگە بۆ ئێوە ئاسان نەبووبێت كە ئەمە بخەنەڕوو، ئەمە بەهەند وەردەگرین، بەڵام پێم وایە پێویست دەكات دانوستانەكانمان بەردەوام بێت.
لەساڵی 2009شدا عورەیقات بە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا "دەیڤد هێڵ"ی گوتووە، كە ئامادەیە بیر لەرێگاچارەیەكی زۆر گرنگ بۆ كێشەی "حەرەم ئەلشەریف/جەبەل ئەلهەیكەل" بكاتەوە و وتوشیەتی "دەكرێ تەنانەت لەبارەی ئەو شارە كۆنەش بگەینە چارەسەر، تەنیا ئەو حەرەمە نەبێت كە بە جەبەل هەیكەل ناسراوە". بەڵگەنامەكان دەریانخستووە، سەرەڕای ئەو سازشە بێوێنەیەی لایەنی فەڵەستینی بۆ ئیسرائیلیەكان پێشكەشیان كردوە، كەچی عورەیقات لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ نێردراوی ئەمریكی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "جۆرج میشیڵ" لەساڵی 2009دا سكاڵای لە ئیسرائیلیەكان كردوە، كە ئامادە نین تەنانەت بۆ ماوەی 6 مانگیش دروستكردنی كۆمەڵگا جولەكەنشینەكان بوەستێنن، بۆ نیشاندانی نیازپاكیان لەدانوستاندا. لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە كە عورەیقات گوتویەتی "19 ساڵ بەسەر بەڵێنەكاندا تێپەڕی بڕیارتان هەر نەدا، چیمان بەسەردێنن؟! تەواو پابەندبووین بەنەخشەی رێگا، تەنانەت (ئیڤین یۆفال)ی بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیلی لەبارودۆخی ئەمنی رازی بووە، كەچی ئیسرائیلیەكان ئامادە نین 6 مانگ نشینگەكانیان بوەستێنن".
"دەیلی تەلەگراف"یش ژمارەیەك لەو بەڵگەنامە نهێنیانەی بڵاوكردۆتەوە، كە ئاشكرای دەكەن، هەواڵگری بەریتانی ئامۆژگاری دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی كردوە بزووتنەوەی حەماس و گروپە چەكدارەكانی دیكەی كەرتی رۆژئاوا لەرێی دەسگیركردنی سەركردەكانیانەوە سەركوت بكات. پلانی بەریتانیەكان بۆ دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی ئەوە بووە، كە ئەفسەرە خاوەن پلە مامناوەندەكان دەسگیر بكات، لەبزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی و كەتائبی ئەقسا و ئەو گروپانەی كردەی خۆكوژی و هێرشە موشەكیەكان دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن، ئەمەش لەپێناو رازیكردنی ئیسرائیل بە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان، بۆ ئەو مەبەستەش بەریتانیا مەشقی بە ژمارەیەك لە كادیری هێزە ئەمنیە فەڵەستینیەكان داوە.
ئەو بەڵگەنامە نهێنیانە، بەتایبەت ئەوانەی كەناڵی ئەلجەزیرە بڵاوی كردنەوە، كاردانەوەی توند و خێرای لای سەرانی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی لێكەوتەوە. لەخێراترین كاردانەوەدا، بەرپرسە فەڵەستینیەكان رایانگەیاند، كە ئەو بەڵگەنامانە ساختەن و ئامانجی سیاسی لەپشت بڵاوكردنەوەیان هەیە، هەروەك گوتیشان خەریكی بەراودركردنی بەڵگەنامەكانن، لەگەڵ ئەوانەی لەئەرشیفی فەرمانگەی كاروباری دانوستانی فەڵەستینیدا هەن.
رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی نوسیویەتی "محەمەد دەحلان"ی ئەندامی لێژنەی مەركەزی فەتح بۆ تۆڵەكردنەوە لەمەحمود عەباس دزەی بەبەڵگەنامەكان كردوە، بەڵام ئەمریكیەكان پێیان وایە ئامانج لێی ئەوەیە حكومەتەكەی بنیامین ناتانیاهۆ بخەنە هەڵوێستێكی ناخۆشەوە و فشاریش بخەنە سەر ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما. لەنێو فەڵەستینیەكانیشدا، چ ئەوانەی باوەڕ بە بەڵگەنامەكان دەكەن، یا بەدرۆی دەزانن، كەناڵی ئەلجەزیرە بەلایەنێكی كێشەی فەڵەستینی دەزانن و پێیان وایە ئەو هەڵمەتەی چەند رۆژێكە دەستی پێكردوە، تەواو سیاسیە و كاری راگەیاندن نیە.
ئەمینداری لێژنەی جێبەجێكاری رێكخراوی ئازادی فەڵەستینی "یاسر عەبد رەبە" كەناڵی ئەلجەزیرەی بەشێواندنی وێنای دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی لەبەرەم رای گشتیدا تۆمەتبار كرد، داوای كرد لێژنەیەكی سەربەخۆش بۆ لێكۆڵینەوە لەراستی بەڵگەنامەكان پێك بهێنرێت. سائب عورەیقاتیش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو خزمەتەی بەڵگەنامەكان بەئیسرائیلی دەكەن وتی "ئاشكرایە بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە خزمەت بە كێ دەكەن، لەكاتێكدا ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەیەكی سەختداین لەگەڵ ئیسرائیلدا".بزووتنەوەی فەتحی فەڵەستنی كەناڵی ئەلجەزیرەی بەهەوڵی تیرۆركردنی سیاسی سەرۆكی بزووتنەوەكە "مەحمود عەباس" تۆمەتبار كرد.
لەبەرامبەریشدا رێكخراوی لیبڕاڵی یەهودی لەئەمریكا و كەنەدا "جی ستریت" داوایان لەسەرۆك ئۆباما كرد، كە بەپەلە فریای رزگاركردنی پڕۆسەی ئاشتی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەوێت، پێشیان وایە ئەم بەڵگەنامانە نیازپاكی و جدیبوونی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی لەپرۆسەی ئاشتیدا دەردەخەن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com