خێڵە لیبیەكان.. پارسەنگی هێز و هۆكاری یەكــــلاكــردنەوەی جەنگ و ملمــــــلانێـــــــكان  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

30 خێڵیان گەورەن، قــەزافی لەترسی یەكگرتنیان لەدژیــــدا نـــــاكۆكی و كێشــــەی خستۆتە نێوانیــــان

خۆنیشاندەرانی تونسی و میسری تا راكردنی زێن ئەلعابدین و موبارەك هوتافی "سوپا و گەل یەك دەستن"یان دووبارە دەكردەوە، وەك سوپاسگوزاریەك بۆ ئەو رۆڵە بێلایەن و یەكلاكەرەوەی سوپاكانیان گێڕایان. بەڵام پێدەچیت بارودۆخی لیبیا جیاواز بێت، كە تێیدا خێڵەكان باڵادەستن و رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕن لە لاسەنگكردنی هاوكێشەی هێز بۆ بەرژەوەندی خەڵكی راپەڕیوی لیبیا و رووخاندنی رژێمەكەی قەزافی.
دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی لیبیا، هەرچەندە بەشێكی بەرچاوی سوپای لیبیا چۆتە ریزی جەماوەری راپەڕیو و شۆڕشگێڕانی لیبیاوە، بەڵام هێشتا بەشی گەورەی هێزەكە لەبەرەی قەزافین.
لە لیبیا جگە لەسوپا، خێڵەكانی ئەم وڵاتەش رۆڵی بەرچاو و گرنگ دەگێڕن، لای لیبیەكان بەر لەهەر شتێكی تر، ئینتیما بۆ خێڵە، بۆیە رەنگە لەكاتی ئێستادا گەر دەستێوەردانی دەرەكی روونەدات، داماڵینی ئەو خێڵانە لەقەزافی و تەكینەوەیان لەدەوربەری ئەو، تاكە رێگا بێت بۆ رووخاندنی رژێمەكەی قەزافی. بەڵام قەزافی زووتر هەستی بەو راستیە كردوە، هەر لەسەرەتادا خەڵكی سەر بەخێڵەكەی خۆی "قەزازیفە" لەدەوری خۆی و لەنێو سوپادا كۆكردەوە و پلە و پایای بەرزی لەوڵاتدا پێدان، جگە لەپەیوەندی ژن و ژنخوازی و خزمایەتی لەگەڵ سەرۆك خێڵەكانی تریش.
بەڵام لەوەتەی دەسپێكی ناڕەزایەتیەكانی 17ی شوباتی ئەو وڵاتەوە، بارودۆخەكەش بەم شێوەیە نەماوەتەوە. ژمارەیەك لەسەرۆك خێڵەكان دوای ئەوەی بینیان قەزافی بەزەبروزەنگ خۆنیشاندانەكانی سەركوت كرد، لێی دووركەوتنەوە. چەند كەسێكی ئۆپۆزسیۆنی لیبی لەقاهیرە، پێیان وایە قەزافی دوای ئەوەی گەیشتە دەسەڵات، بەئەنقەست ویستی رۆڵی خێڵەكانی لیبیا زیاتر و رۆڵی سوپاش لاواز بكات، لەترسی ئەوەی رۆژێك لەرۆژان سەركردەیەكی سوپا لێی یاخی بێت، وەك چۆن خۆی لەساڵی 1969 كودەتای بەسەر "شا ئیدریس سەنوسی"دا كرد، كاتێك شا ئیدریس لەدەرەوەی لیبیا بوو، قەزافی ئەم هەلەی قۆستەوە و كودەتاكەی ئەنجامدا، ئەوكات قەزافی تەمەنی 27 ساڵ و پلەی ملازم بوو، لەگەڵ كۆمەڵێك ئەفسەری تری پلە نزمدا كودەتاكەیان رێكخست و ئەنجومەنی سەركردایەتیان دامەزراند و كۆماری لیبیایان راگەیاند. لەوكاتەشدا قەزافی پلەكەی خۆی لەملازمەوە بۆ عەقید بەرزكردەوە.
لەگەڵ لاوازكردنی رۆڵی سوپاشدا، قەزافی دوو لەكوڕەكانی "خەمیس" و "ساعدی" كردە بەرپرسی كەتیبە جەنگیەكانی سوپای لیبیا، كە ئاستێكی بەرزیان لەمەشقپێدان و چەك و تەقەمەنی هەیە.
قەزافی لەوەتەی ساڵی 1979وە دەستی لەهەموو پلە و پۆستێك كێشاوەتەوە و خۆی بۆ سەركردایەتیكردنی شۆڕش تەرخان كردوە. لەو ماوەیەشدا "كتاب الاخضر" كتێبی سەوزی دەركردوە، كە 3 بەشە و وەك دەستوورێكە بۆ ئەم وڵاتە، تێیدا بیروبۆچوونی خۆی لەبارەی دەسەڵاتی گەل و چۆنیەتی جێبەجێكردنی خستۆتەڕوو. لەماوەی 42 ساڵی فەرمانڕەوایەتی خۆیدا زیرەكانە هاوسەنگی نێوان خێڵە لیبیەكانی راگرتووە، باش دەزانێت یەكگرتنی ئەم خێڵانە لەدژیدا مەترسی لەسەر مانەوەی دروست دەكات، بۆیە بەئەنقەست هەوڵی داوە ناكۆكی لەنێوانیاندا دروست بكات، وەك كاركردنێك بە بنەمای "پەرتكە و زاڵبە". لەكاتی ئێستاشدا كە قەزافی تینی بۆ هاتووە، چاودێران پێیان وایە رەنگە قەزافی بۆ بەرگریكردن لەخۆی، خێڵەكانی سەربەخۆی چەكدار بكات و بیانكات بەگژی خێڵە نەیارەكانیدا، ئەمەش هەڵگیرساندنی جەنگێكی ناوخۆی خوێناویە. دەستیشی كردوە بەدانوستان لەگەڵ خێڵەكانی بەری رۆژئاوای وڵات، كە لێی هەڵگەڕاونەتەوە و روویانكردۆتە شۆڕشگێڕەكان، تا بۆلای خۆیان بگێڕێتەوە و رێبگرێت لە جموجۆڵكردنیان لەبەری رۆژئاواوە بەرەو تەڕابلوس.
لەحاڵەتی مانەوەی قەزافی لەدەسەڵاتیدا، تەنیا یەك ئەگەر دەبیندرێت، ئەویش گواستنەوەی پشتاوپشتی دەسەڵاتە لە قەزافیەوە بۆ سەیفولئیسلامی كوڕی، كە لەئێستادا هیچ پۆستێكی فەرمی نیە. ئەو لەساڵی 1972 لەدایك بووە، لەساڵی 2000ەوە لەگۆڕەپانی سیاسی لیبیادا دەركەوتووە، رۆڵی گرنگی لەكاروباری ناوخۆ و دەرەوەی لیبیادا گێڕاوە، هەمیشەش وا باسی دەكرێت، هەوڵ دەدات لەو چوارچێوە و پلانە دەربچێت، كە باوكی بۆی دیاری دەكات. زۆربەی كاتیش وتارەكانی مایەی سەرسوڕمانی خەڵكن، چونكە تێیاندا رەخنەی توند لەرژێمی لیبیا دەگرێت.
بەم شێوەیە خێڵەكانی لیبیا رۆڵی گرنگیان لەژیانی سیاسی ئەم وڵاتەدا هەیە، كە ژمارەیان 140 خێڵ دەبێت، 30 خێڵیان گەورە و خاوەن كاریگەری زیاترن. خێڵی قەزازیفەكان دێهاتنشینەكانی "سیرت" و "سەبها" و "تەڕابلوس" و "بنغازی"ین، بەڵام گەورەترین خێڵی لیبیا، خێڵی "وەرفلە"یە، كە ژمارەیان نزیكەی یەك ملیۆن كەس دەبێت، لەو وڵاتەدا كە ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی تەنیا 6 ملیۆن كەس دەبێت. ئەم خێڵە بەش بەش بووە، دەگوترێ بەشێوەیەكی گشتی هێشتا مەیلی قەزافیان هەیە، بەڵام چەند كەسایەتیەكی گرنگیشیان بەیاننامەیان دەركردوە و پشتگیریی خۆیان بۆ شۆڕشی گەلی لیبیا راگەیاندوە.
لەگەڵ ئاڵۆزی بارودۆخی ئەم وڵاتە و زەحمەتی پێشبینیكردنی رووداوەكانی داهاتوو، ئۆپۆزسیۆنی لیبیا و خەڵكی راپەڕیوی ئەم وڵاتە ماوەی 72 كاتژمێریان بۆ قەزافی دیاریكردوە، تا واز لەدەسەڵات بهێنێت، لەبەرامبەر سەلامەتی گیانی و دادگایینەكردنی. "مستەفا ئەلغەریانی" وتەبێژی ئەنجومەنی نیشتیمانی لیبی لە "بنغازی" لەم بارەوە رایگەیاند "دانوستان لەگەڵ قەزافی لەگەڵدا ئەنجام نادەین، ئەو دەزانێ فڕۆكەخانەی تەڕابلوس لەكوێیە، تەنیا ئەو رێگایەی لەبەردەم دایە وڵات جێبهێڵێت و رێ لەخوێنڕژان بگرێت".
چەند سەرچاوەیەكی عەرەبی و بیانیش ئاشكرایان كردوە، كە پەیوەندی نهێنی لەگەڵ موعەممەر قەزافی لەئارادایە، بۆ رازیكردنی بەوازهێنانی لەدەسەڵات. هەرچەندە بەرپرسێكی نزیك لەقەزافی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، رەتیكردۆتەوە كە قەزافی لەپێناو دەرچوونی لەلیبیا و وازهێنانی لەدەسەڵات هیچ رێكەوتنێكی سیاسی لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی لیبیدا كردبێت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com