|
سڤیل:
مەریوان عومەر
هاوڕێی خومەینی و سیمبوڵی شۆڕشی ئیسلامی و
ئەقڵی رژێمی ئێرانی بۆتە هەڕەشە لەسەر عەلی
خامەنائی
لەم ماوانەی دواییدا "عەلی ئەكبەر هاشمی
رەفسنجانی" یەكێك لەهەرە دیارترین سیمبولەكانی
شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، چەند گورزێكی یەك
لەدوای یەك بەر خۆی و كوڕەكانی كەوت، لەپێناو
دوورخستنەوەی لەگۆڕەپانی سیاسی و ناوەندی
دروستكردنی بڕیار لەم وڵاتەدا. بەر لە سی ساڵ
و لەكاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی لەم وڵاتە
(1979) هیچ كەسێك پێشبینی ئەوەی نەدەكرد
رەفسنجانی قوتابی و كەسی هەرە نزیك لە
"ئایەتوڵڵا خومەینی" بەم چارەنوسەی ئێستای
بگات و ناچار بكرێت دەسبەرداری سەرۆكایەتی
ئەنجومەنی شارەزایان "مەجلیسی خەبەرگان"
بهێنێت، ئەمەش لەكاتێك دایە، كە
بەردەوامبوونیشی لە سەرۆكایەتی "ئەنجومەنی
دیاریكردنی بەرژەوەندی رژێم" جێگای گومانە.
رەفسنجانی بووە ژمارەیەكی قورس لە هاوكێشەكانی
ئێراندا، پاشانیش بووە هەڕەشە لەسەر رژێمی
كۆماری ئیسلامی و رابەرەكەی "ئایەتوڵڵا عەلی
خامەنائی" كاتێك راشكاوانە پشتیوانی خۆی بۆ
ئۆپۆزسیۆنی چاكسازیخوازی ئێرانی و سەركردەكانی
"میر حوسێن موسەوی" و "مەهدی كەڕوبی"
راگەیاند، لەگەڵ دەستپێكی ئەو پشێویانەی دوای
هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد لە حوزەیرانی
2009 سەریانهەڵدا، هەر بەهۆی ئەمەشەوە رابەری
شۆڕش (خامەنائی) و كەسانی نزیكی ئەو، لە
سەروشیانەوە ئەحمەدی نەژاد، هەوڵیاندا بەهەر
نرخێك بێت خۆیانی لێ رزگاركەن.
هەرچەندە رەفسنجانی یارمەتیدەری خامەنائی بوو،
كە ساڵی 1989 دوای مردنی خومەینی ببێ بە
رابەڕی شۆڕشی ئیسلامی و بڕیار لەسیاسەتە
باڵاكانی وڵاتدا بدات، بەڵام خامەنائی دوای
ئەوەی هەستی بەترس كرد، لەتموح و هەژموونی
رەفسنجانی و مەیل و پلانی چاكسازیخوازانەی،
دوودڵ نەبوو لە جێبەجێكردنی پلانی لادانی و
خۆڕزرگاركردن لێی.
سەرەتای ئەو گورزانەی سرەواندیانە رەفسنجانی،
قەدەغەكردنی پێشنوێژیكردنی رۆژی هەینی بوو لە
تاران، پاشان ناچاركرا دەسبەرداری هەوڵەكانی
بێت بۆ دووبارەكردنەوەی سەرۆكایەتیەكەی
لەئەنجومەنی سەركردایەتی شارەزایان
"خەبەرگان"، ئەو دەستەیەی بەرپرسە لە
دیاریكردن و لادانی رابەری باڵای شۆڕشی
ئیسلامی، دوای ئەوەی "ئایەتوڵڵا محەمەد رەزا
مەهدەوی كانی" خۆی بۆ ئەو پۆستە پاڵاوت.
هەرچەندە محەمەد رەزا تەمەنی لەسەرووی
هەشتاوەیە و كێشەی تەندروستی زۆری هەبوو و
نەدەشا بۆ سەركردایەتیكردنی ئەو ئەنجومەنە،
بەڵام بە پشتیوانی خامەنائی توانی لەكۆی 86
دەنگ 63 دەنگی ئەو ئەنجومەنە بەدەست بهێنێت و
ببێ بە سەرۆك. ئەوكات رەفسنجانی لەبەردەم
ئەنجومەنەكە لەوبارەوە گوتی "پێم وایە
دووپارچەبوون و ناكۆكی لەنێو ئەو ئەنجومەنەدا
كارێكی زیانبەخشە، بۆیە بۆ رێگرتن لەهەر
دووكەرتبوونێك، گوتم گەر (مەهدەوی كانی) خۆی
بپاڵێوێ، من دەكشێمەوە".
رەفسنجانی تەمەنی 76 ساڵە، خاوەن 5 منداڵە، لە
خانەوادەیەكی دەوڵەمەندی كشتوكاڵی لە باشووری
رۆژهەڵاتی ئێران لەدایك بووە، لەكاتی خوێندنی
ئاینی لەشاری "قوم" چاوی بە خومەینی كەوتووە و
خێرا بۆتە یەكێك لە شوێنكەوتە و كەسە
نزیكەكانی. ساڵی 1963 چۆتە نێو كاری سیاسیەوە،
كاتێك قوتابی بووە لە حەوزەكانی قوم. دوای
رووخاندنی رژێمی "شا رەزا پەهلەوی" رەفسنجانی
شوێنپێی خۆی لەشۆرشی ئیسلامیدا قایم كرد و
وردە وردە هەژموون و هێزی زیاتری دەبوو.
لەساڵی 1980-1989 بۆتە سەرۆكی ئەنجومەنی شورای
ئیسلامی. لەدواین ساڵی جەنگی عێراق و ئێراندا
خومەینی كردی بە سەركردەی هێزە سەربازیەكان بە
وەكالەت. لەكاتی جەنگدا پەیوەندی ناڕاستەوخۆی
بە ئەمریكیەكانەوە كرد بۆ دەسكەوتنی چەك،
ئەوكاتەی كە كاری ئابڕووبەرانەی "ئێران گێت"
ئاشكرا بوو، كە تێیدا رۆناڵد ریگانی سەرۆكی
ئەمریكا بەنهێنی لەبەرامبەر ئازادكردنی چەند
بارمتەیەكی رۆژئاوایی لە لوبنان چەكی بە ئێران
فرۆشتبوو. باوەڕیش وایە لەدواین كاتەكانی
جەنگدا رەفسنجانی بووبێتە هۆی ئەوەی خومەینی
بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش رازی بێت، كە
كۆتایی بەجەنگ هێنا.
بەر لە دوورخستنەوەی رەفسنجانی، كوڕە گەورەكەی
بەناوی "موحسن" كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای
"میترۆ"ی ئێران و دەوروبەری بوو، لەلایەن
نەژادەوە لەكار دوورخرایەوە. هەر ئەوكاتەش كچە
بچووكەكەی "فائیزە" دەسگیركرا، كە چالاكوانی
بواری بەرگریكردنە لەمافی ئافرەتان، بەتۆمەتی
بەشداریكردن لە خۆنیشاندانەكانی 14ی شوباتی
رابردوو. بەڵام كوڕەكەی تری كە ناوی "مەهدی"ە
لەترسی دەسگیركردنی بەتۆمەتی پەیوەندی بە
خۆنیشاندانەكانی 2009وە بڕیاریدا هەر لە
لەندەن بمێنێتەوە.
رەفسنجانی ماوەی دووخولی (1989-1997) پۆستی
سەرۆك كۆماری ئێرانی وەرگرتووە، لەمیانەیدا
بەپشت بەستن بە سیاسیەتی كرانەوەی ئابووری
بەڕووی دەرەوەدا و رێگەدان بەوەبەرهێنانی
كۆمپانیا بیانیەكان ئێرانی بنیات نایەوە.
بەڵام هەر لەو ماوەیەشدا پێشێلكاری زۆری مافی
مرۆڤ تۆمار كران و هەڵئاوسان و قەرزێكی زۆریش
كەوتە سەر تاران و گومانیش لە سەروەت و سامان
و تێوەگلانی رەفسنجانی لەچەند كارێكی
گەندەڵیەوە دروست بوو.
رۆڵی رەفسنجانی زیاتر لەوكاتەدا دەركەوت، كە
خومەینی مرد و شۆڕشی ئیسلامی كەوتە بارودۆخێكی
هەستیارەوە. بۆ دیاریكردنی جێگرەوەی خومەینی
دەبوو گەورە پیاوانی ئاینی لەسەر كەسێك رێك
بكەون، رەفسنجانی ئەمەی لەبەرژەوەندی خامەنائی
یەكلایی كردەوە.
عەلی نوری زادە شیكەرەوەی سیاسی و سەرۆكی
ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئێرانی عەرەبی لە لەندەن
لەوبارەوە بۆ شەرقلئەوسەت دەڵێ "رەفسنجانی
خامەنائی دروست كرد، هەموو لایەك دەزانن كە
ئەوكات خامەنائی كەسێكی شیاو نەبوو بۆ
سەركردایەتیكردنی شۆڕشی ئیسلامی، بەتایبەت
لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی زۆر ئایەتوڵڵا و
كەسایەتی ئاینی، بەڵام رەفسنجانی چووە لای
ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان و قسەی لەگەڵ
كردن و پێی گوتن، كە لەدوا ساتەكانی ژیانی
خومەینیدا لێی پرسیوە دوای ئەو چی بكەن،
خومەینیش گوتویەتی ترستان نەبێت مادام
خامەنائیتان لەنێوان دایە. بەوهۆیەوە خامەنائی
لەكۆی 80 دەنگ 54 دەنگی بەدەست هێنا. بەم
شێوەیە رەفسنجانی خامەنائی دروستكرد، كەچی
خامەنائی لەدواوە خەنجەری لێدا و ناچاری كرد
لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی شارەزایان خۆی
بكێشێتەوە. پێشم وایە هەنگاوی دووەم
دوورخستنەوەی رەفسنجانی دەبێت لە سەرۆكایەتی
ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم.
شەرقلئەوسەت
|