|

سڤیل:
مەریوان عومەر
"چیتر دژایەتی ئیسرائیل نابێتە بیانوو بۆ
سەركوتكردنی دەنگی ناڕەزایی گەلانی وڵاتانی
عەرەبی"
قەرەزاوی: رژێمێك هاووڵاتیانی خۆی بكوژێت
شایستەی فەرمانڕەوایەتی نیە
پشێویەكانی ئەم دوایەی سوریا زۆر لە كارتی
هاوپەیمانیەتەكانی تێكەڵ بەیەكتر كردەوە،
ئەوانەی تا دوێنێ هاوسەنگەر و هاوپەیمان بوون،
ئێستا بوونەتە دوژمنی سەرسەختی یەكتر. تەنیا
لەكۆتایی هەفتەی رابردوودا دەیان كەس لە
هاووڵاتیانی سوریا بوونە قوربانی، لەئاسۆی ئەم
بارودۆخەشدا كۆتاییەك بۆ پشێوی و ئاڵۆزیەكان
بەدی ناكرێت، كە خەریكە دەچێتە چوارچێوەی شەڕی
ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەوە.
رووداوەكانی ئەم دواییەی سوریا خەریكە دەكرێت
بە بابەتێكی زۆر هەستیاری نێو جیهانی ئیسلامی
و بە ئاقارێكی ترسناكدا دەبردرێت، كە ئەویش
شەڕی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننەكانە.
عەلەویەكانی سوریا كەمینەن، بەڵام زۆرینەی
پۆستە باڵاكانی فەرمانڕەوایەتیان لەسوریادا
لەدەست دایە. ئەوان گروپێك بوون و لە شیعەكان
جیابوونەوە، بەڵام هیچ كاتێك لەجیهانی
ئیسلامیدا شەرعیەتی تەواویان پێ نەدراوە،
تەنانەت دوای ئەوكاتەش كە ئیمامی شیعی "موسا
سەدر" لەسەرەتای حەفتاكاندا رایگەیاند، كە
ئەوان شیعەن.
حافز ئەسەد ساڵانێكی زۆر كاری لەسەر ئەوە كرد،
كە بە برەوپێدانی هەستی نەتەوەییانەی عەرەبی
جیاوازیە تایەفیە قوڵەكانی نێو وڵاتەكەی
پەردەپۆش بكات، بەڵام دوای مردنی ئەو و هاتنی
بەشار لەساڵی 2000، جارێكی تر ئەم جیاوازییە
قوڵانە دەركەوتنەوە و زۆرینەی سوونەمەزهەبی
وڵات لەهەژموون و دەسگترنی عەلەویەكان بەسەر
دەسەڵاتدا یاخی بوون.
لەم دواییانەدا گەورە زانای ئاینی ئیسلامی
"یوسف قەرەزاوی" چووە نێو ململانێ و
بەگژیەكداچوونە مەزهەبی و ئاینیەكانی ئەم
دواییەی سوریا. قەرەزاوی سالانێكی زۆر
پشتیوانی هەر لایەنێكی دەكرد كە بەرەوڕووی
ئیسرائیل بوەستێتەوە، لە نێوانیاندا
"حیزبوڵڵا" و "حەسەن نەسڕوڵڵا"ی شیعە
مەزهەبیش. بەڵام لەماوەی جەنگی دووەمی لوبنان
لەگەڵ ئیسرئیلدا (ساڵی 2006) كاتێك حەسەن
نەسڕوڵڵا وەك پاڵەوانی عەرەب وێناكرا،
قەرەزاوی لە دیمانەیەكی یەكێتی رۆژنامەنوسانی
میسریدا گوتی، كە لەدیدی ئەودا گۆڕینی
بیروباوەڕ لەلایەن سوونەكانەوە بۆ شیعەبوون
هێڵی سوورە.
لەوتاری هەینی رابردووشدا لە قەتەر قەرەزاوی
لەبارەی رژێمی سوریاوە وتی "رژێمێك
هاووڵاتیانی خۆی بكوژێت شایستەی
فەرمانڕەوایەتی نیە". لەوەڵامی قەرەزاویدا
"بەسینە شەعبان" وتەبێژی ئەسەد رایگەیاند، كە
قەرەوازی فیتنەی تایەفی لەنێوان سووننە و
عەلەویەكانی سوریادا دروست دەكات.
لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی سوریا "خالید
مەشعەل"ی سەركردەی حەماسی فەڵەستینیان راسپارد
بۆ وەڵامدانەوەی قەرەزاوی، كە وتارەكانی لە
بەرژەوەندی ئیسرائیلدان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی
مەشعەل سالانێكی زۆر لەلایەن قەرەزاویەوە
پشتیوانی لێ دەكرا و وەك "دەسەڵاتی رووحی
حەماس" پێناسەی دەكرد، بەمەش مەشعەل
پابەندبوونی خۆی بۆ بەرەی دیمەشق-تاران
دووپاتكردەوە.
ئەم هەڵوێست و فتوایەی قەرەزاوی گورزێكی
كوشندە بوو بەر شەرعیەتی رژێمەكەی ئەسەد كەوت،
كە پێی وابوو بیانووی دژایەتیكردنی ئیسرائیل
دەستی واڵادەكات بۆ سەركوتكردنی
خۆنیشاندانەكانی وڵاتەكەی. هەروەك لە سەرەتای
خۆنیشاندانەكانی جیهانی عەرەبیشدا ئەسەد
سەلماندی كە چەندە بەهەڵەدا چووە، كاتێك گوتی
كە بەهۆی پشتیوانیكردن لەدۆزی فەڵەستین و
هەستیاری دۆخەكە لە دوژمنایەتیكردنی
ئیسرائیلدا، لەسوریا خۆنیشاندان ناكرێت،
هەرزووش بۆچوونەكەی پوچەڵ بوویەوە. ئیسرائیل
كە هەمیشە تاكە بیانوی دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرە
عەرەبیەكان بووە، بۆ سەركوتكردنی گەلەكانیان،
چیتر بەس نیە بۆ دەستگرتنیان بە كورسی
دەسەڵاتەكانیانەوە، كاتێكیش
بەگژیەكداچوونەوەكان دەبنە شەڕی مەزهەبی نێوان
شیعە و سوننە، دوژمنایەتی سەهیۆنیەت و
ئیسرائیل دەخرێتەلاوە.
رۆژنامەی "سەندای تەلەگراف"ی بەریتانی
نوسیویەتی، كە بەرلەوەی ئەسەد وتارەكەی ئەم
دواییەی بدات، رۆژئاوا وەك سەركردەیەكی
تاڕادەیەك میانڕەو دەهاتە بەرچاویان، كە
بەخەڵكانێكی توندڕەو لەنێو رژێمەكەیدا دەورە
دراوە، بەڵام وتارەكەی ئەسەد و پاشانیش
مامەڵەی سوپا و دەزگا ئەمنیەكانی لەگەڵ
خەڵكدا، كە دەیان كوژراوی لێكەوتەوە،
پێچەوانەی ئەمەی سەلماند. ژمارەیەكیش لە
بەرپرسانی پێشووی سوریا و ئەندامانی
خانەوادەكەی ئەسەدیش بۆ "تەلەگراف" گوتویانە،
كە بینینی ئەسەد وەك كەسێكی میانڕەو وێنایەكی
پێچەوانەی واقیعە، چونكە بەشار ئەسەد یەكێكە
لەهەرە سەرسەخترین نەیارانی گۆڕانكاری لەنێو
رژێمەكەیدا.
نوسەری بەریتانی "پاتریك سیل" لە رۆژنامەی
"گاردیان" لەبارەی سوریاوە نوسیویەتی، گەر
رژێمەكەی ئەسەد بڕوخێت، هاوپەیمانیەتیەكانی
ناوچەكەش هەرەس دەهێنن، ئەمە تەنیا ئەسەد نیە،
كە بە نیگەرانیەوە چاودێری ناڕەزایەتیەكان
دەكات، بەڵكو گۆڕانی رژێمەكەی سەرلەبەری
هاوپەیمانیەتی و پێكهاتەی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاستیش دەگۆڕێت، چونكە ئەمە زیانی گەورە
بە هاوپەیمانەكانی سوریا (ئێران و حیزبوڵڵا و
حەماس) دەگەیەنێت و مایەی رەزامەندی
ئیسرائیلیش دەبێت، بەڵام بۆ ئیسرائیلیش
بارودۆخەكە بەم شێوەیە نابێت، گەر رژێمێكی
ئیسلامی شوێنی ئەسەد بگرێتەوە، كە ببێتە مایەی
هەڕەشەی گەورەتر بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی
ئیسرائیل.
لە كاردانەوەی ئێرانیشدا لەبەرامبەر
ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی ناوخۆی سوریا، وەزارەتی
دەرەوی ئێران خۆنیشاندانەكانی دژ بە رژێمی
ئێرانی بە "پیلانی رۆژئاوا بۆ هەژاندنی
حكومەتێك كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتیوانی
هێزە بەگریكارەكان دەكات" وەسف كردوە، ئەمەش
پێچەوانەی هەڵوێستی ئێرانە، كە لەبەرامبەر
راپەڕینی ناوچەكانی تری جیهانی عەرەبی هەیبوو
و بە "رابوونی ئیسلامی" دژ بەو فەرمانڕەوا
تاغوتانەی رۆژئاوا پشتیوانیان دەكات، وەسفی
كردبوون.
لەدواین رووداوەكانی خۆنیشاندانەكانی سوریادا،
سوپای سوریا گەمارۆكانی سەر شاری "بانیاس"
سەركەناری رۆژئاوای وڵاتیان توندتر كرد و دێی
"بەیزە"ی دراوسێی شارەكەش بەرەوڕووی تەقەكردنی
چڕ بووە، لەلایەن هێزە ئەمنیە سوریەكانەوە.
شاهێدحاڵەكان لەبارەی مامەڵە و تەقەی رەشاوێژی
هێزە ئەمنیەكانی سوریا باسیان لەوە دەكرد، كە
ئەم هێزانە كوێرانە و رەشەكوژیانە تەقەیان لە
خەڵك كردوە، بەجۆرێك گولە وەك رێژنەی باران
بەسەر ئەو دێیەدا دەباری. پاشانیش ئەم هێزانە
دەیان كەسیان لە خەڵەكەكە دەسگیر كردوە و
ناچاریان كردون هوتاف بەسەر بەشار ئەسەدا
بڵێنەوە.
هەروەك سوپای سوریا شاری "بانیاس"یشی بە تانك
و زرێپۆش تەوق كردوە، بەجۆرێك كەس نەتوانێ لێی
دەربچێ و بچێتە ناویەوە، وەك زیندانێكی
گەورەیان لێكردوە بۆ خەڵەكەكەی. لەگەڵ
پەرەسەندنی زیاتری خۆنیشاندانەكانیش
لەسەرتاسەری وڵاتدا، چەند گرووپێك لە فەیسك
بووك داوای خۆنیشاندانی سەرتاسەریان لەوڵاتدا
كردوە، وەك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدان و
برینداران و دەسبەسەركراوانی خۆنیشاندانەكانی
ئەم دواییە.
|