|
     
سڤیل:
مەریوان عومەر
ژیانی هەندێك لە سەركردەكان زۆر پڕشكۆ و مەزن
كراوە، جا بۆنا؟ ئەوان لەكۆشكی سەرۆكایەتی
گەورەدا دەژین، لەكاروانی ئۆتۆمبێلی
سەرۆكایەتیشدا دەڕۆن، پاسەوانەكان
دەیانپارێزن، گەشت دەكەن و لەئاستی بەرزدا
پێشوازی فەرمیان لێ دەكرێت، قسە دەكەن و
رۆژنامەكان بۆ قسەكانیان تەرخانن، وتار دەدەن
و خەڵك هوتافیان بۆ دەكێشن و خۆیان بەفیدایان
دەكەن، دەیانخەنە سەرشان و ملی خۆیان، ژیانێكی
پڕشكۆی ئەوتۆیە، كە بەهێز دەورە دراوە، بەهۆی
ئەمەوە هەست دەكەن ئەوان لەهەر هەڵە و تاوانێك
كە دەیكەن، لەسەرووی لێپرسینەوەن.
گەر بەشێك لەم سەركردانە لەدەرگای فرەوانی
كۆشكەكانیانەوە بە سەلامەتی و زیندووی
دەرچووبن و جڵەوی فەرمانڕەوایەتیان دابێتە
دەست كەسانێكی تر و پاشماوەی ژیانیان وەك
سەرۆكی پێشوو بەسەر بردبێت، ئەوا بەشێكی تریان
هەر لە كۆشكەكانیانەوە دەرچوون و خراونەتە
قەفەسی تۆمەتبارییەوە، لەودیو هەمان ئەو شیشی
زیندانەوە كە پێشتر نەیارە سیاسیەكانیانی
لێوەستابوو. بەشێكیان دادگاییەكی دادپەروەرانە
دەكرێن، زۆربەشیان بەزیندانی هەمیشەیی یا
لەسێدارەدان سزا دەدرێن. ئەمە چیرۆكێكی
سەرنجڕاكێشی دەرچوونە لەرۆشنایی كۆشكە
سەرۆكایەتیەكانەوە بۆ تاریكیی قەفەسی
تۆمەتباریی.
سەرۆكی پێشووی میسر "حوسنی موبارەك" كە ماوەی
15 رۆژ زیندانی كرا، بەمەبەستی ئەنجامدانی
لێكۆڵینەوەی سەرەتایی سەبارەت بەدۆسیەی كوشتنی
خۆنیشاندەران لەكاتی شۆڕشی گەلی میسریدا،
یەكەم كەس نیە و رەنگە دواهەمیش نەبێت لەریزی
ئەو سەركردانەی ژیانی سیاسیان لەقەفەسی
تۆمەتباریدا بەكۆتادێت. توندوتیژانەترین
چیرۆك، دەرچوونی "نیكۆلای چاوچیسكۆ"ی سەرۆكی
رۆمانی بوو، كە بۆماوەی 25 ساڵ فەرمانڕەوایەتی
كرد. چاوچیسكۆ كە وەستای دروستكردنی پێڵاو و
لەئاستێكی نزمی رۆشنبیرییدا بوو، لەژیانێكی
پڕسەفای ئەوتۆدا دەژیا، زۆر دژ و پێچەوانە بوو
لەگەڵ ژیانی كولەمەرگی رۆژانە و واقیعی تاڵی
گەلی رۆمانیا، كە دەبوو رۆژانە چەندین كاتژمێر
لەریزی درێژدا سڕە ببەستن تا خۆراكی پێویستیان
بەركەوێت. سەرەڕای ئەوەش چاوچیسكۆ لەرێگای
پۆلیسی نهێنی و تایبەتی خۆیەوە وایلێكردبوون
هەمیشە لەترس و بیمدا بژین. تا لەكۆتاییدا رق
و توڕەیی خەڵكی رۆمانیا لە خۆنیشاندانەكانی
20ی كانوونی یەكەمی 1989دا بەشێوەیەكی
چاوەڕواننەكراو بەڕوویدا تەقیەوە، بەهۆی
كوشتنی قوتابیان لەلایەن دەزگا پۆلیسە
نهێنیەكەشیەوە، زۆرینەی گەلی رۆمانی رژانە سەر
شەقامەكان و ئیتر بارودۆخ لەكۆنتڕۆڵی دەزگا
ئەمنیەكان دەرچوو و خۆنیشاندەران گەمارۆی
كۆشكی كۆماریان دا، پیرە سەرۆكی حەفتا ساڵە
لەرێگای كۆپتەرێكەوە لەگەڵ خێزانەكەیدا
رایانكردە دەرەوەی شار، ویستی حەشارگەیەكی
دەستكەوێت، كەچی بۆ بەدبەختی ئەو جوتیارانی
ناوچەكە دەسگیریان كرد و رادەستی
دەسەڵاتدارانیان كردەوە. دادگاییەكی خێرایان
بۆ رێكخرا، تێیدا چاوچیسكۆ و خێزانەكەی كە
شێتی مەزنیەتی و گەورەیی گرتبوونی، كەوتنە
جنێودان بە دادگا و دەستەی دادوەران،
لەئەنجامی ئەوەدا بەخێرایی فەرمانی
لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. كاتێك چاوچیسكۆ
زانی مەسەلەكە راستیە، وەك منداڵ دەستی
بەگریان كرد، بەتایبەت كاتێك سەربازان خەریكی
بەستنەوەی بوون بەرلەوەی گوللەبارانی بكەن،
كەچی خێزانە تەمەن 73 ساڵیەكەی پەلاماری یەكێك
لەسەربازەكانی دا، كاتێك خەریكی بەستنەوەی بوو
بۆ گوللەبارانكردنی.
كۆتاییە خوێناویەكەی سەدامیش هیچی وای لەهی
چاوچیسكۆ كەمتر نەبوو، ئەو كە ماوەی 22 ساڵ
بەئاگر و ئاسن فەرمانڕەوایەتی دۆڵی رافیدەینی
دەكرد، لە 9ی نیسانی 2003دا لەئەنجامی
داگیركاری ئەمریكا كۆڵەگەكانی رژێمەكەی كەوتن
و لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 30ی كانوونی
یەكەمی 2006دا لەسێدارە درا، دوای
تاوانباركردنی بەپێشێلكاری مافی مرۆڤ لە
شارۆچكەی (دوجێل) ساڵی 1982، كاتێك كاروانی
سەرۆكایەتی ئۆتۆمبێلەكانی كەوتە بەر هەوڵێكی
شكستخواردووی تیرۆركردن، كە لەلایەن حزبی
دەعوەی ئیسلامیەوە رێكخرابوو.
بارودۆخی "موسیە كەتساف" سەرۆكی هەشتەمینی
ئیسرائیلی لەوانی پێشووتری خۆی باشتر نەبوو.
ئەو ساڵی 1981 پۆستی وەزیری لە حكومەتەكەی
"مناجیم بیگن"دا پێدرا، لەهەموو حكومەتەكاندا
ئەو پۆستەی لەدەستدا مایەوە تا بۆ پۆستی
سەرۆكی وڵات هەڵبژێردرا (جگە لە كابینەكەی
ئیسحاق رابین ساڵی 1990). دوای داننانی بەكاری
ئابڕووبەرانە و تەنگپێهەڵچنینی سێكسی،
لەپۆستەكەی دەستی لەكار كێشایەوە، پاشان سزای
7 ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە. كەتساف بۆیەكەم جار
لە ئابی 2000دا پۆستی سەرۆكی پێدرا، كاتێك
دوای "لعیزا فیستمان" لەلایەن كنێستی
ئیسرائیلیەوە هەڵبژیردرا.
ساڵی 2006 بەرلەكۆتاییهاتنی ماوەی
سەرۆكایەتیەكەی، چەند فەرمانبەرێكی دیوانی
سەرۆكایەتی "كەتساف"یان بە دەستدرێژی و
تەنگهەڵچنینی سێكسی تۆمەتبار كرد، پۆلیس دوای
لێكۆڵینەوەكردنی راپۆرتێكی قورسی دژ بە كەتساف
ئامادەكرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەپۆستی سەرۆكدا
بوو، نەدەتوانرا دادگایی بكرێت. پاشان كەتساف
لەگەڵ سەرۆكی داواكاری گشتی ئیسرائیلی گەیشتە
جۆرێك لەرێكەوتن، كە لەبەرامبەر
دەستلەكاركێشانەوەی لەپۆستی سەرۆكی وڵاتدا،
لەبەردەم دادگادا تۆمەتی دەستدرێژی سێكس
لەدژدا بسڕدرێتەوە و تەنیا چەند تۆمەتێكی
بچووكی تری ئاڕاستە بكرێت، كە بەسزای سووك
كۆتایی پێ بێت، بەڵام پاشتر داواكاری گشتی لەم
بەڵێنەی باشگەز بووەوە، دوای فشاری جەماوەریی
و ناڕەزایی رێكخراوە ئافرەتە ئیسرائیلیەكان
بەرامبەر بەو رێكەوتنە دادوەرییە.
گەر چاوچیسكۆ و سەدام و كەتساف راستەوخۆ لە
كۆشكەكەكانی سەرۆكایەتیانەوە دەرچووبن و
خرابنە قەفەسی تۆمەتبارییەوە، ئەوا ئەوانی تر
ماوەیەكی كەم لەئازادی و ئارامیدا ژیاون
بەرلەوەی بخرێنە ئەودیو شیشەكانی زیندانەوە
بەتۆمەتی جیاوازی گەندەڵی و دزینی موڵكی گشتی.
دادگا باڵای تایوان لەئەیلولی ساڵی 2009دا
سزای 19 ساڵ زیندانی بۆ سەرۆكی پێشووی تایوان
"شین شوی بیان" و خێزانەكەی دەركرد، بەهۆی
وەرگرتنی بەرتیلەوە. ئەو ساڵی 2008 بە گەندەڵی
و دزینی ملیۆنەها دۆلار موڵكی گشتی تۆمەتبار
كرا، لەهەرە دیارترین ئەو تۆمەتانەش وەرگرتنی
بەرتیل بوو دوای 8 ساڵ لەوەرگرتنی پۆستی
سەرۆكایەتی وڵات.
لەئەمریكای باشووریشدا سەرۆك "ئەلبێرتۆ
فۆجیمۆری" سەرۆكی "پیرۆ" لەماوەی ساڵانی
1990-2000، لەساڵی 2009دا دووچاری سزای
زیندانی بۆ ماوەی 25 ساڵ بووەوە، بەتۆمەتی
فەرمانكردن بەكوشتن و رفاندنی نەیارانی سیاسی
و مەدەنی خۆی لە سەرەتاكانی ساڵانی نەوەتدا،
هەروەها بەتۆمەتی سەركوتكردنی بزووتنەوە
چەپڕەوە توندڕەوەكانی وڵات. هەروەك لەماوەی
سەرۆكایەتیەكەیشدا بە پێشێلكاری زۆر قورسی
مافەكانی مرۆڤ تۆمەتبار كرا، ئەوە بوو ساڵی
2007 لەلایەن وڵاتی یابانەوە رادەستی
دەسەڵاتدارانی "پیرۆ" كرایەوە.
شەرقلئەوسەت
|