هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی میسر.. كێبڕكێی توند و ئەگەری هەمەجۆر  

 

سڤیل: د. رائد ئەلعەزاوی ــ قاهیرە، تایبەت بە سڤیل

عەمر موسا بۆ سڤیل: تەنیا بۆ یەك خول پۆستی سەرۆكایەتی وەردەگـــــــــــرم، پــــاشـــــان دەیـــــدەمە دەست سەرۆكێــــــــكی گەنج

شۆڕشی 25ی كانوونی دووەمی میسر، كە كۆتایی بەفەرمانڕەوایەتی موبارەك و دەستوپێوەندەكەی هێنا، یەكێكە لەو شۆڕشانەی لەمێژووی تازەدا زۆرترین مشتومڕ هەڵدەگرێت. بەهۆی ئەمەشەوە بارودۆخێكی تازە هاتە ئاراوە و دەرگا لەبەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەم وڵاتە ئاوەڵا بوو، كە بەشداری سیاسیان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەشێك لەچاودێران پێیان وایە میسر لە لێواری كارەسات دایە، بەشێكی تریش ئەمە بەزێدەڕۆیی لەگەورەكردنی مەترسیەكان دەزانن.
وەك دكتۆر "یەحیا جەمەل" لە لێدوانێكیدا بۆ سڤیل دەڵێت "میسریەكان كە زۆرجار رەخنەی خەمساردیان لەبواری سیاسیدا لێدەگیرا، لە 25ی یەنایردا رژانە سەرشەقامەكان و رژێمەكەی موبارەكیان گۆڕی، بەڵام ئەركی سەختتر دوای ئەم شۆڕشە دێت، كاتێك ئەم هێزە جەماوەریە گیانی وەبەر هێزە كەم و پەرتوبڵاوەكانی ئۆپۆزسیۆن هێنایەوە، كەچی لەچەند مانگی رابردوودا دەریانخستووە، كە ئەم هێزانە بەم جۆرە زیندوو نین، هێشتا نەیانتوانیوە بڕیارێك بۆ بەشداریكردن یا نەكردن لەهەڵبژاردنەكان بدەن".
بۆ یەكەم جار لەمێژووی میسردا كەس ناتوانێت پێشبینی بكات كێ دەبێتە سەرۆكی وڵات. "دكتۆر جەمال عەسیلی" پسپۆری زانستە سیاسیەكان بۆ سڤیل وتی "قۆناغی راگوزەر دەرەنجامێكی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی دابەشبوونی نێو سیستەمی فەرمانڕەوایەتی تۆتالیتارییە. بۆیە دابەشبوونەكانی نێو حزبی فەرمانڕەوای میسر لەگەڵ كاتدا رەنگە گەورەتر بێت". هەروەك دكتۆر "زەكی عەبدولعەزیز رۆستەم" مامۆستای زانستی سیاسی لەزانكۆی ئەمریكی لەقاهیرە سەبارەت بەهەمان پرس بۆ (سڤیل) وتی "دوای ئەو هەمواركردنە دەستوریانەی دوای شۆڕشی 25ی یەنایر ئەنجامدران و میسریەكان دەنگیان لەسەردا، پێنج پاڵێوراوی بەهێز بۆ سەرۆكایەتی میسر هەن، گەر هی تریش نەیەنە گۆڕەپانەكە، ئەمەش شتێكی چاوەڕوانكراوە، چونكە لەئێستادا هیچ شتێك لەمیسردا جێگیر و رەها نیە".
دكتۆر بەدەوی- حزبی "ئەلوەفد"
یەكێكە لەسیبمولەكانی ئۆپۆزسیۆنی میسری و سەرۆكی حزبی "وەفد"ی میسریە. یەكێكیشە لەپاڵێوراوەكانی پۆستی سەرۆكایەتی میسر. پێشتریش كار لەسەر ئەوە دەكرا، كە "بەدەوی" لەمیانەی پڕۆسەی دروستكردنی كەسایەتیەكی بەهێزی سیاسی، بۆ كێبڕكێكردنی موبارەك ئامادە بكرێت. بەدەوی لەهەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد گەیشتە سەرۆكایەتی حزبەكەی. بەڵام رژێمەكەی موبارەك بەچەندین بیانووەوە هەمیشە رێگری لەبەردەم بەدەوی و حزبەكەیدا دروست كردوە.
رەفعەت سەعید – حزبی "ئەلتەجەموع"
سەرۆك حزبی "تەجەموع" ئەمیش ئێستا پاڵێوراوێكی تری پۆستی سەرۆكایەتیە. پێشتریش لەسەردەمی موبارەكدا بۆ هەڵبژاردنی 2005 پاڵێوراوی هەڵبژاردن بوو، بەڵام پاشان پاشەكشەی كرد و هەڵبژاردنەكەی بە "شانۆیەكی گاڵتەجاڕی" وەسف كرد. بەڵام لەكاتی ئێستادا رەفعەتی 78 ساڵان وەك سەرۆكی حزبی تەجەموع پاڵێوراوی سەرۆكایەتی وڵاتە، گەر كودەتای سیاسی بەسەردا نەكرێت، یا لەكێبڕكێكان پاشەكشە نەكات.
موسا مستەفا- سەرۆكی حزبی "ئەلغەد"
بزنسمانێكی سەركەوتووە لەكارەكانی، بەڵام بەهەمان ئەندازە لەسیاسەتدا سەركەوتوو نەبووە، كاتێك لەحزبەكەی لە "ئەیمەن نور" جیابوویەوە و لەپاداشتی ئەوەدا كرا بەئەندامی ئەنجومەنی شورای میسری، نەیتوانی كۆتایی بەژیانی سیاسی ئەیمەن بهێنێت، بەڵكو حزبی "ئەلغەد" لەحزبێكی گەورەوە كە پاڵێوراوەكەی دووەم دەنگی دوای موبارەك بەدەستهێنا، بوو بەیەكێك لەحزبە بچووكەكان.
ئەحمەد ئەلفەزالی – حزبی "ئەلسەلام ئەلدیموقراتی"
ئەلفەزالی كەسێكی ئاسان نیە، پاڵێوراوێك نیە ئاسان خۆی بەدەستەوە بدات، ئەو دەزانێت چۆن دەسكەوتی گەورە بەدەست بهێنێت، بەتایبەت كە ئەو تەنیا سەرۆكی حزبی سەلام نیە، بەڵكو لەهەمان كاتدا سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمەڵەی لاوانی ئیسلامی جیهانیە، بەهۆی ئەمەشەوە لەگەڵ وەزیری هاوكاری میسری "ئەحمەد موسڵیحی" دووچاری كێشەی گەورە بوو، بەڵام لەكۆتاییدا توانی سەربكەوێت، بێ ئەوەی كەس بتوانێت رێگای لێبگرێت. ئێستا ئەلفەزالیش پاڵێوراوێكی بەهێزی پۆستی سەرۆكایەتیە.
ناجی ئەلشەهابی- حزبی "ئەلجیل ئەلمسری"
لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2005 یەكێك بوو لە 10 پاڵێوراوەكە. حزبی ئەلجیل لە 2002 دامەزراوە، بەبڕیاری دادگای باڵای ئیداری میسری، تا ئێستاش نەیتوانیوە هیچ كورسیەك لەپەرلەمانی میسریدا بەدەست بهێنێت، هەرچەندە ئەلشەهابی سەرۆكی حزبەكە جێگری سەرۆكی خولی پێشووی ئەنجومەنی شورای میسری بوو، ئەمجارەشیان بەدەستنیشانكردن نەوەك هەڵبژاردن هەمان پۆستی پێدرایەوە.
عەمر موسا
لەهەرە بەهێزترین پاڵێوراوانە، خاوەن بنكەیەكی جەماوەری بەرفرەوانە، بەهۆی ئەمەشەوە كێبڕكێكارەكانی هێرشی توندی دەكەنەسەر. موسا كەسێكی دیپلۆماسی زیرەكە و كلیلی كردنەوەی زۆر لەكێشە و ململانێكانی لایە، لەسیاسەتدا دەستێكی باڵای هەیە، كەسایەتیەكی سیاسی كارێزمای هەیە.
عەمر موسا دوای تەواوبوونی ماوەی خولی سەرۆكایەتیكردنی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، سەبارەت بەخۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی میسر بۆ (سڤیل) وتی "رێگای گەیشتن بە پۆستی سەرۆكایەتی، رێگایەكی درێژ و پڕزەحمەتیە. میسر پێویستی بە سەركردایەتیەكی هۆشیار و ئیدارەیەكی بەتوانا هەیە، كە نەخشەی پەیوەندیە عەرەبی میسری و ئیسلامی میسری دابڕێژێژتەوە. وڵاتانی وەك ئێران و توركیا و ئەسیوپیا و زۆر وڵاتی تر هەن، كە دەتوانن لەگەڵ میسردا هێزی ئابووریی گەورە دروست بكەن، چونكە ئابووریی میسر داڕووخاوە، نزیكەی 10 ملیۆن بێكار هەیە، داهاتەكان روویان لەكەمی كردوە، بەجۆرێك زۆر زەحمەت بووە بۆ سەرۆكی داهاتوو، كە وڵات بگەیەنێتە كەناری ئارامی". سەبارەت بەبڕیاری خۆشی بۆ خۆپاڵاوتن و دوای ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنەكان، موسا وتی "نیازم وایە تەنیا بۆ یەك خول پۆستی سەرۆكایەتی وەرگرم، پاشان بیدەمە دەست سەرۆكێكی گەنج، كە بتوانێت ئەم ئەركە لەئەستۆ بگرێت، چونكە میسر لەسەر ئاستی جیهاندا قورساییەكی گەورەی هەیە".
محمەد بەرادعی
میسریەكان پێی دەڵێن "ئەو پیاوەی یاری مشك و پشیلە لەگەڵ ئەمریكادا دەكات". ئەو پیاوە پێشتر فەرمانبەرێكی سادەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بوو، بەپشتیوانی ئەمریكیەكان بوو بە بەڕێوەبەری ئاژانسەكە. هەرچەندە میسریەكان شتێكی ئەوتۆ لەبارەی ئەو پیاوەوە نازانن، بەڵام ئەو لەهەوڵی بێوچان دایە خۆی بەخەڵكی میسر بناسێنێت، ئەو خەڵكەی چەندین نوكتەیان لەسەر بەرادعی و نەتوانینی بۆ روبەروبوونەوەی خەڵك دروست كردوە.
حەمدین سەباحی
ئەو رۆژنامەنوسەی تموحی كورسی دەسەڵاتی هەیە. دەگوترێ سەباحی پێشتر پارەی لەسەدام حوسێن و قەزافی وەرگرتووە. كەسێكی فرەڕەنگە، وەك چۆن رۆژنامەنوسە و رۆژنامەیەكی بەناوی "كەرامە" هەیە، لەهەمان كاتدا حزبێكیشی بەناوی "كەرامە" هەیە. هەندێك كەس پێیان وایە سەباحی راوچیەكی باشی دەرفەتە سیاسیەكانە، بەڵام خەڵكی شارەكەی خۆی "كفر الشیخ" خۆشیان ناوێت، بۆیە "سەباحی" هەڵمەتەكەی خۆی لە "ئەسوان"ی ئەوپەڕی باشووری میسرەوە دەستپێكردوە. باوەڕیش وایە هەریەكە لەسەباحی و بەرادعی لەسەر ئەوە رێككەوتبن، كە لەدوا قۆناغدا یەكێكیان بۆ بەرژەوەندی ئەوی تریان لەهەڵبژاردنەكان بكشێنەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com