|
سڤیل:
میشیل باكمان ئەستێرەی داهاتووی كۆمارییەكانی
ئەمریكایە، كە رەنگە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا
دەركەوتنێكی دیاری هەبێت و رەخنەی توند
لەباراك ئۆباما دەگرێت و بە كۆمۆنیست و
سۆسیالیست ناوی دەبات.
باكمان ئێستا لەتەمەنی 55 ساڵیە، لەولایەتی
ئایوا لەخێزانێك كە ئینتمایان بۆ
دیموكراتییەكانە لەدایك بووە، خێزانەكە
رەگوریشەی لۆسەری مەسیحی نەرویجیان هەبوو، ئەو
كچە لەتەمەنێكی زۆر بچووكدابووە، كاتێك دایكی
تەڵاق دراوە، بۆیە دایكی لەگەڵ خۆی دەیباتە
ویلایەتی مینیستا، دایكی ئافرەتێكی ئاینپەروەر
بووە و كچەكەی لەسەر ئایین پەروەردە كردووە،
بۆیە ئێستاش میشیل باكمان ئافرەتێكی ئایین
پەروەرە، لەقۆناغی ناوەندیدا باكمان ئایینی
جولەكە دەخوێنێ و لەبارەی یەهودیەتەوە گوتی
"یەهودییەت بنەمای مەسیحیە و یەسوع نامەكەی
موسای دووبارەكردۆتەوە". لەم ساڵانەشدا بایەخی
باكمان لەسەر یەهودیەتەوە بۆ ئیسرائیل
دەگوازرێتەوە.
كاتێك قۆناغی ناوەندی تەواو ناكات، بەرەو
ئیسرائیل دەچێت و پشووی هاوین تەواو دەكات،
ساڵانێكی دواتر باسی ئەو سەردانەی كردو گوتی
"یەكەمجار كە چوومە كیبۆتز لەساڵی 1974 وا
هەستم دەكرد كە لەخاكی میعادم". دواتریش گوتی
"سێ جاریتر چوومە ئیسرائیل ئەو كات ئەندامی
كۆنگرێس بووم، بەڵام خۆشەویستی من بۆ ئیسرائیل
لەیەكەم سەردانمەوە دەستیپێكرد، ئەو كات وەك
كیژۆڵەیەك سەردانی ئیسرائیلم كرد، لەبەر ئەو
ریۆشوێنە ئەمنییە توندە توشی شۆك بووم، كاتێك
لەكیۆتز بووم هەردەم چەند سەربازێكم لەگەڵ بوو
كە كلاشینكۆفیان پێبوو، سەربازی تر لەناوچەكە
بە دوای مین دەگەڕان". میشیل باكمان كە ئێستاش
لایەنگیری ئیسرائلییەكان دەكات، دەڵێ "لەو كات
زۆر شت لەئیسرائیل فێربووم، وام لێهات بەزەییم
بە بارە ئەمنییەكەی دەهاتەوە، وام لێهات بگەمە
ئەو قەناعەتە كە ئاسایشی ئیسرائیل وەك ئاسایشی
ئەمریكایە، ئیسرائیل گولێكی پشكوتووە
لەبیابان، مایەی شەرەفە كە لەشوێنك بم كە
بتوانم یارمەتی ئیسرائیل بدەم، خۆشەویستییەكی
گەورەم بۆ ئیسرائیل هەیە، زۆر سەرسامم بە گەلی
ئیسرائیل، من مەسیحیم، بەڵام توراسەكەم
یەهودیەتە كە بنەمای مەسیحیەتە".
باكمان لەزانكۆی وینۆنا یاسای خوێندووە، دواتر
لەزانكۆی رۆبێرتز مەسیحیەتی خوێندووە،
ئەوكاتەی لەیاسای دەخوێند تووشی ئەو پیاوە بوو
كە بۆتە هاوسەری، ئەوكاتە بە مێردەكەی دەڵێ كە
مەسیح ئامۆژگاری كردووە كە لەیاسادا بخوێنێت و
بچێتە ئیسرائیل لەوێ خزمەت بكات، باكمان سێ كچ
و دوو كوڕی هەیە، خۆی و مێردەكەی ماڵەكەیان
كردۆتە كۆمەڵەیەكی مەسیحی كە داڵدەی منداڵ و
كچانی بێ نەوا دەدەن، لەماوەی بیست ساڵدا
زیاتر لەبیست منداڵیان حەواندۆتەوە، بۆیە
باكمان لەقسەكانیدا دەڵێ "نزیكەی سێ كوڕ و كچم
هەیە". بەرلەوەی تێكەڵی سیاسەت بێت، خۆی بۆ
پەروەردەكردنی ئەو منداڵانە و منداڵەكانی خۆی
تەرخان كردبوو، نوسینگەی پارێزەرێتیشی بۆ
داكۆكیكردن لەمەسیحییەكان بوو.
لەسەرەتای كاری سیاسیدا باكمان وەك خێزانەكەی
لایەنگیری دیموكراتییەكان بوو، زۆر بە سەرۆكی
دیموكراتییەكان جیمی كارتەر سەرسام بوو، بەڵام
چەند رەخنەیەكیشی لەجیمی كارتەر هەبوو،
یەكەمیان رەخنەكەی لەوە بوو كە كارتەر زۆر
بەدین نەبوو، دووەم ئەوە بووم رێگای بە
لەباربردنی كۆرپەلە دەدا، كە باكمان بە روحێكی
بێتاوانی دەزانێت، سێیەم لەبەر ئەوە بوو كە
كارتەر بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە رووبەرووی
ئێرانییەكان نەبۆوە كاتێك لەساڵی 1979 دەستیان
بەسەر باڵوێزی ئەمریكا گرت لەتاران، دواتر
لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە بە رۆنالد ریگانی
سەرۆكی كۆمارییەكان سەرسام بوو.
كە باكمان هاتە ناو كاری سیاسی لەچەند
لیژنەیەكی لۆكاڵیدا ئەندام بوو، لەوانە لیژنەی
بەرەنگاربوونەوەی لەباربردنی كۆرپەلە و
خۆپیشاندان لەبەرامبەر ئەو كلینكیانەی كە ئەو
كارە دەكەن، دووەم لەڕێگای بایەخدان بەو
منداڵانەی كە بێنەوا دەبن، سێیەم لەكاتی
رەخنەگرتن لەقوتابخانەكان، چونكە بەبڕوای ئەو
قوتابخانەكان وەك پێویست بایەخ بە ئایین
نادەن، دژی زیادكردنی باجیش وەستایەوە.
لەساڵی 2000 باكمان بۆوە ئەندامی كۆنگرێس كە
رێك ئەو ساڵەبوو كە جۆرج دەبلیۆ بۆش بووە
سەرۆكی ئەمریكا، لەیانزەی سێپتێمبەر باكمان
یەكێك بوو لەو كەسانەی كە دوای رووداوەكە
لەبەر دەم كۆنگرێس خۆپیشاندانیان بە سرودی
مەسیحیەكان كرد و لەیەكەم كەسەكانیش بوو كە
پاڵپشتی بۆشی كرد لەشەڕی ئەفغانستان و
وداگیركردنی عێراق و جەنگی دژە تیرۆر.
هەفتەی رابردوو باكمان لەمونازەرەیەكی
تەلەفزیۆنی بەشدار بوو، ئەو بۆچوونانەی
دەریدەبڕی وایكرد رۆژی دواتر زۆرترین نوسینی
لەسەر بكرێت و بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووش
بەدیارترین ئەستێرەی كۆمارییەكان دادەنرێت،
بەڵام باكمان نوێنەرایەتی ئەو رەوتە دەكات، كە
بە پارتی چای ناسراوەو لەراستڕەوەكانە، ئەوەی
لەمونازەرەكە دەیگوت بۆچۆنی ئەو رەوتە بوو.
لەبەر ئەوەی باكمان لەلیژنەی هەواڵگری كۆنگرێس
ئەندام بووە، ئەوا زۆرترین زانیاری ئەمنی لا
هەیە، كە رەنگە لەهەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی
سەرۆكایەتی بۆ خۆی بەكاریبهێنێت، بەڵام
بەبڕوای چاودێرانی سیاسیەوە باكمان زۆر
سیاسیانە ئەو زانیارییانە بەكارناهێنێت، ئەویش
لەنێو كاندیدەكاندا تاكە كەس بووە، كە لەو
لیژنەیەدا ئەندام بووە، باكمان رقێكی زۆری
لەئۆبامایە لەراگەیەندراوێكی رۆژنامەوانیدا
گومان لە دلسۆزی ئۆباما دەكات، ئەو لێدوانانەی
دەیدا زۆر لەكۆمارییەكان و دیموكراتییەكان
توڕە دەكات، كۆلن پاول كە خۆی كۆماری بوو
لەلێداوانێكی دەڵێت "من وەك كۆماری بڕیار بوو،
دەنگ بە ماكین بدەم، بەڵام ئەو لێدوانانەی
باكمان وایكرد، كە من بۆچوونم بگۆڕم و دەنگ
بەئۆباما بدەم". بەڵام ئەوە واینەكرد كە
باكمان بۆچوونی خۆی بگۆڕێت و لەسەر توندڕەوی
خۆی بەردەوامە، تەنانەت ئۆبامای بەكۆمۆنیست و
سۆسیالیست وەسفكردووە، زۆر لەمیانڕەوانی
كۆمارییەكان كاتی خۆی سارا پالینیان بەتوندڕەو
وەسف دەكرد، بەڵام ئێستا كە پالین بەباكمان
بەراورد دەكەن، دەڵێن پالین میانڕەوە.
لە الشرق الاوسط وەرگیراوە |