سڤیل لە مەیدانی تەحریری قاهیرەوە ... بارودۆخی هەستیاری میسر سەردانی سەرۆك وەزیرانی میسری بۆ هەولێر هەڵوەشاندەوە  

 

 

سڤیل: د. رائد ئەلعەزاوی-قاهیرە، تایبەت بە سڤیل


هەفتەی یەكەمی ئەم مانگە خۆنیشاندان و مانگرتن سەرتاسەری میسری گرتەوە، لە 8ی مانگیشەوە تارۆژی هەینی 15ی ئەم مانگە نزیكەی نیو ملیۆن كەس لەمەیدانی ئازادی قاهیرە كۆدەبوونەوە و جەختیان لەسەر داواكارییەكانی شۆڕش دەكردەوە، لەنێوانیاندا دادگاییكردنی خێرای موبارەك و یاریدەدەرانی. خۆنیشاندەران هوتافی "خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت"، "كوا بكوژی خۆنیشاندەران"، "پاكسازی و دادگایی و حكومەتی جدی"یان دووبارە دەكردەوە.
داواكارییەكانی شۆڕشی یەنایری میسری بریتی بوون لەدادگاییكردنی خێرای بەرپرسان و سەرۆكی پێشووی میسر، بەتۆمەتی گەندەڵی و كوشتن. ئیخوانەكان بەشداری سەرەكی خۆنیشاندانەكان بوون، ئینجا حزبی وەفد و بزووتنەوە چەپەكان و زیاتر لە 40 رێكخراو و كۆڕبەندی لاوان. لەیەكێك لەلافیتەی خۆنیشاندەران نوسرابوو "تۆڵە لەبكوژی شەهیدان بكەنەوە"، كە لەوەتەی شۆڕشی یەنایرەوە 840 كەس كوژراون.
لەگەڵ دەسپێكی خۆنیشاندانەكاندا، لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا، لەنێو مەیدانی تەحریر پێنج سەكۆی گەورە دامەزرێندران، هەرە گەورەترینیان هی ئیخوانەكان بوو. دوای ئەویش لاوانی ئیئتیلافی شۆڕشی یەنایر، ئینجا سەكۆی حزبی وەفد و تەجەموع، دواهەمینیشیان سەكۆی هاوپەیمانیەتی حزبە بچووكەكانی تر بوو، كە نزیكەی 27 حزبی لەخۆدەگرت. بەهۆی جیاوازی سەكۆكانیان و ناكۆكیان سەبارەت بە شوێنی خوێندنەوەی وتاری هەینی، خۆنیشاندانەكان بەدەمەقاڵێ و شەڕەقسە لەنێوان خۆنیشاندەران دەستی پێكرد.
لەنێو خۆنیشاندەراندا گەنجێك كیسەڵێكی بەرز كردبووەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ هێواشی و لەسەرخۆیی دادگاییكردنی بەرپرسانی پێشوو، پیاوێكی بەتەمەنیش لەولاترەوە قەمیسی كوڕە كوژراوەكەی بەرزكردبووەوە. ئەو پیاوە بەساڵاچووە ناوی "حاجی كەریم" بوو، كوڕە كوژراوەكەی ناوی "ئەحمەد" بوو، بەحەماسێكی زۆر و رقێكی ئەستوورەوە بۆ (سڤیل) قسەی كرد و هاواری دەكرد "بڕوخێ بڕوخێ موشیر"، مەبەستی موشیر حوسێن تەنتاوی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای هێزە چەكدارەكانی میسر بوو، كە پێشتر ماوەی 20 ساڵ وەزیری بەرگری بووە و ئێستاش دوای موبارەك جڵەوی دەسەڵاتی میسری گرتۆتە دەست.
سەفوەت حیجازی بانگخوازی ئیسلامی لەوتاری رۆژی هەینیدا گوتی "شۆڕش بەردەوام دەبێ و سەركەوتووش دەبێ بەكوێرایی چاوی ناحەزان. گەلی میسریش چاوی ناچێتە خەوەوە تا وڵات پاك نەكاتەوە، هیچ رووبەڕووبوونەوەش لەنێوان گەل و سوپادا روونادات".
دكتۆر حەسەن نافعە مامۆستای زانستە سیاسیەكانی زانكۆی قاهیرە بۆ (سڤیل) گوتی "ئەو خۆنیشاندانانەی ماوەی هەفتەیەكە بەردەوامە، یەكهەڵوێستی هێزە سیاسیەكان دەردەخات بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی شۆڕش، هەروەك ئەم شۆڕشەی لەسەر دەستی لاوەكان هەڵگیرساوە بەردەوام دەبێت، تا تەواوی داخوازییەكانی بەدیدەهێنێت".
لە نێو گۆڕەپانی تەحریردا پۆلیس و سوپا دیار نەبوون، زۆرینەی دوكان و فرۆشگاكانیش داخرابوون. لەكۆڵانەكانی نزیك و دەوروبەری وەزارەتی ناوخۆ، سەدان گەنج و لاوی بەشداری شۆڕش و خۆپیشاندانەكان كۆببوونەوە بۆ پاراستنی بارەگاكە لەهەر دەستدرێژیەك، چونكە وەزارەت دەرگاكانی داخرابوو و تاكە كەسێكیش تێدا نەبوو بەرگری لێبكات. هەروەك گروپێك لاوی تر مۆزەخانەی میسریان دەپاراست. (ریحاب ئوسامە) راگەیاندنكار لەبارەی ئەو لاوانەوە بۆ (سڤیل) گوتی "ژمارەیان 150 لاو دەبن و پارێزگاری لەمۆزەخانە دەكەن، ئەمەش بەهەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و هێزە چەكدارەكان".
لەهاوینەهەواری (شەرەم ئەلشێخ) نزیكەی (10) هەزار كەس لەمزگەوتی "مستەفا" كۆببوونەوە و داوای دادگاییكردنی موبارەك و خێزانەكەی و تەواوی دارودەستەكەی و گەندەڵكاران و پیاوكوژان و پاككردنەوەی وڵات لێیان دەكرد. خۆنیشاندەران بەدەنگی بەرز هوتافیان دەكێشا "موبارەك بڕۆ با شەرەم شێخ رۆشنایی ببینێ"، "ئەی شەهیدان ئاسوودە بن، درێژە بەخەبات و تێكۆشانتان دەدەین".
بەهۆی ئەو بارگرژی و ئاڵۆزیەی میسر پێیدا تێپەڕ دەبێت، دكتۆر عیسام شەرەف سەرۆك وەزیرانی میسری سەردانێكی خۆی هەڵوەشاندنەوە، كە بەنیازبوو بۆ بەغدا و هەولێر ئەنجامی بدات. (ئەحمەد سەممان) وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی میسری لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (سڤیل) وتی "بڕیاربوو رۆژی هەینی سەردانی هەولێر بكات، بەڵام بەهۆی بارودۆخی هەستیاری میسرەوە سەردانەكەی هەڵوەشاندەوە". سەممان وتیشی دكتۆر عیسام پەیوەندی بەسەركردە عێراقیەكانەوە كردووە و داوای لێبوردنی خواستووە، وادەیەكی تازەی لەناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو دیاریكردوە، گەر ئەوكاتیش نەیتوانی، ئەوا شاندێكی پایەبەر بەسەرۆكایەتی جێگرەكەی خۆی دكتۆر یەحیا جەمەل و وەزیرانی دارایی و كارەبا و نەوت و بازرگانی و پیشەسازی و كار و ژمارەیەكی زۆر لەپیاوانی كاری میسری دەنێرێت".
ئەم سەردانەی دكتۆر عیسام لەسەر بانگێشتی سەرۆك وەزیرانی عێراقی (نوری مالیكی) و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان (دكتۆر بەرهەم)ە، لەپێناو كێشكردنی وەبەرهێنانی عەرەبی و پاڵپشتی ئابووری میسری و دەرگاواڵاكردن لەبەردەم كەرتی تایبەت و ئەو پسپۆریی و شارەزاییەی میسر لەبوارە جۆربەجۆرەكاندا هەیەتی.
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی میسری ئاشكرای كرد، بڕیارە دكتۆر بەرهەم لەمانگی ئەیلولی داهاتوودا سەردانی میسر بكات، دوای ئەمیش جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق، دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی میسر. موشیر تەنتاوی سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانە چاوەڕوانكراوە دەربڕی.
سەبارەت بەبارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای میسریش، سەرچاوەیەكی پایەبەرزی سەربازی ئاشكرای كرد، كە ئەنجومەنی سەربازی پلانێكی گشتگیر و بەرفرەوانی بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم قەیرانە داڕشتووە، گەر بەرەو ئاڵۆزی زیاتر چوو و بۆشایی بێمتمانەیی نێوان جەمار و ئەنجومەنی سەربازی زیاتر بوو، دوای ئەوەی چەند ئەفسەرێكی تۆمەتبار بەكوشتنی خەڵك، لەدادگاییكردنیان بێتاوان دەرچوون. ئەو سەرچاوەیە بۆ (سڤیل) روونی كردەوە، كە بەدوور نازانرێت هەمان كەشی پێكدادان و نەمانی ئاسایش و پاشاگەردانی سەردەمی شۆڕشی یەنایر دووبارە ببێتەوە، بۆیەش ئەنجومەنی سەربازیی لەئامادەكاری دایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە. پلانی ئەنجومەنەكەش چەند ئەگەرێك دەگرێتە خۆی، یەكەمیان گەیشتنە بەتەوافوقێكی سیاسی و چۆڵكردنی مەیدانی تەحریرە، دووەمیان لەحاڵەتی نەگەیشتن بەرێكەوتنێكی سیاسی، مەترسی لەدروستبوونی بۆشایی ئەمنی و پشێوی و پاشاگەردانی دەكرێت، لەم حاڵەتەدا دەبێ ئەنجومەنی سەربازی بیر لەچارەسەری جێگرەوە بكاتەوە، لەوانە: راسپاردنی كەسایەتیەكی سەربازی جێگای كە جێگای متمانە و رێز بێت، بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، تا متمانەی خەڵك بۆ وەزارەت بگێڕێتەوە، كە رەنگە (لیوا موحسن فەنجری) بێت، ئەو پیاوەی بە سڵاوە سەربازیە بەناوبانگەكەی بۆ گیانی شەهیدانی شۆڕشی یەنایر ناسرا، لەنێو خەڵكیشدا رێز و متمانەیەكی زۆری هەیە. هەروەها ئەنجومەنی سەربازی دەیەوێ سوود لەهەڵەكانی رابردوو وەربگرێت، لەحاڵەتی روودانی پشێوی و بۆشایی ئەمنی بەباشترین شێوە رووبەڕووی ببێتەوە و ئەو هەڵانە دووبارە نەكرێنەوە. سوپا بخرێتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و سنورەكانی ئیسرائیل و لیبیا و سودان و ئەو شوێنانەی نەوتیان پێدا تێپەڕ دەبێت كۆنتڕۆڵ بكرێن. هەروەها پلانێكی خێرا بۆ پاراستنی بەنكەكان و دامەزراوە داراییەكان و بارەگای بانكی مەركەزی و باڵوێزخانە و قونسوڵخانە بیانیەكان لەقاهیرە دابنرێت، لەگەڵ راگەیاندنی حاڵەتی ئامادەباشی لەفڕۆكەخانەكان و بەندەرەكان. خاڵێكی تری گرنگ پەلەكردنە لەدادگاییكردنی موبارەك لەدادگایەكی سەربازیدا، لەجیاتی ئەوەی لەدادگای مەدەنیدا دادگایی بكرێت، دیاریكردنی وتەبێژێكی فەرمی ئەنجومەنی سەربازی، كە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندندا هەبێت، دواهەمین خاڵیش راگەیاندنی حكومەتێكی ئیئتیلافیە لەحزبە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەكان و ئەو هێزانەی لەشۆڕشدا بەشدار بوون، لەحاڵەتی دەستلەكاركێشانەوەی لەناكاوی دكتۆر عیسام، یا كاتێك ئەنجومەنی سەربازی ناچار دەبێت دەستی پێ لەكار بكێشێتەوە.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com