سڤیل لە قاهیرە... یەكەم دادگاییكردنی موبارەك و كاردانەوەی خەڵكی میسر  

 

 

سڤیل: د. رائد ئەلعەزاوی- قاهیرە، تایبەت بە سڤیل

"بینینی موبارەك لەنێو قەفەسی تۆمەتباریدا و لەبەرامبەر دادگادا رووداوێكی گرنگە لەمێژووی میسردا"

پۆلیس و هێزە سەربازییەكانی میسر پشتێنەیەكی ئەمنی توندیان لەشەقامەكانی قاهیرەی پایتەخت و بەتایبەت مەیدانی تەحریر و قاهیرەی تازەدا دروست كردبوو، ئەو شوێنەی بارەگای ئەكادیمیای ئەمنی لێیە و بڕیارە سەرۆكی پێشووی میسر "حوسنی موبارەك" لەوێدا دادگایی بكرێت، 20 كیلۆمەتریش لەمەیدانی تەحریرەوە دوورە، كە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە گەمارۆ دراوە، تا رێبگرن لەكۆبوونەوەی خەڵك تێیدا، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو بەزۆر بڵاوەیان پێكردن.
هاووڵاتیانی میسری كاردانەوەی جۆراوجۆریان بەرامبەر بەدادگاییكردنی موبارەك هەیە، (مەحمود جاد)ی تەمەن 35 ساڵ كە فەرمانبەرە، بێ متمانەیی خۆی بەرامبەر بەو دادگاییكردنە لەلایەن سوپاوە دەربڕی و گوتی "نەخێر ئەو وەلائەی سوپا هەیەتی بۆ موبارەك هیچ ماقول نیە، گەر (موشیر) رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر دادگاییكردنی موبارەك، مانای وایە خیانەتی لەسەركردە باڵاكەی خۆی كردووە، سوپای میسری خیانەت لەسەركردەكانیان ناكەن".
(عەم حەنفی) خاوەن بەناوبانگترین فرۆشگای شیرنەمەنی لەناوەڕاستی قاهیرە، هەر لەبارەی دادگاییكردنی موبارەكەوە بۆ (سڤیل) وتی "پێویستە موبارەك بەتۆمەتی كوشتنی خەڵكی مەدەنی و بێگوناح دادگایی بكرێت، هەر ئەمە دەروونی خەڵك هێور دەكاتەوە. بینینی موبارەك لەنێو قەفەسی تۆمەتباریدا و لەبەرامبەر دادگادا، رووداوێكی گرنگە لەمێژووی میسردا".
(جۆرج ئیسحاق) رێخەری بزووتنەوەی (كیفایە) خۆشحاڵی خۆی بەدادگاییكردنی موبارەك دەربڕی و بۆ سڤیل وتی "هیچ خۆشیەك لەوە گەورەتر نیە، كە ببینی موبارەك دادگایی دەكرێت، ئەو میسری وێران كرد، ملیۆنان خەڵكی برسی كرد، سامانی وڵاتی دزی، چەتە و پیاوكوژی لەگەڵ خۆی هێنا، تا میسر خاپوور بكەن، ئەمە چركەساتێكی مێژووییە و پەندێكیشە بۆ هەموو ئەو كەسانەی لەداهاتوودا فەرمانڕەوایەتی میسر دەكەن، كە گەلی میسری بەشانازییەكی گەورە بەشۆڕشی 25ی یەنایرەوە دەكات".
سەبارەت بەهەڵوێستی سەرانی حزبی نیشتمانی فەرمانڕەوای میسری، یەكێك لەئەندامە دیارەكانی ئەو حزبە و ئەمینداری گشتی رۆشنبیری و راگەیاندنی حزبەكە (دكتۆر علی الدین هلال) بۆ (سڤیل) گوتی "من هەست بە خەم و ناخۆشی دەكەم، كە دەبینم چی بەسەر سەرۆك موبارەك دێت، ئەو شایانی ئەوە نیە، دادگاییكردنەكەش دادگاییەكی سیاسی دەبێت و دادپەروەرانەش نابێت. ئێمە لەمانای دادگاییكردنی سیاسیانە تێنەگەیشتین، كاتێك سەرۆكی پێشووی عێراق سەدام حوسێن باسی لێوە دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو جۆرە لەدادگاییكردنی سیاسیانەی موبارەك لەمیسر دەبینین، بێگومان لەگەڵ ئەو جیاوازیانەش لەنێوان ئەم دوو كەسەدا هەیە".
ئەكادیمیای پۆلیس لەرۆژئاوای قاهیرە، لەگەڵ نزیك كەوتنەوەی دادگاییكردنی موبارەكدا رێوشوێنی ئەمنی توندی بەخۆیەوە بینی. داواكاری گشتی هەریەكە لەموبارەك و دوو كوڕەكانی (جەمال و عەلا)، كە بەشێوەیەكی كاتی دەسبەسەرن، لەگەڵ (حوسێن سالم)ی بزنسمانی میسری كە رایكردوە، هەواڵەی دادگای تاوانی كردن، بەتۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست و هەوڵی كوشتنی خۆنیشاندەران و زیانگەیاندن بەموڵك و ماڵی دەوڵەت و دەسكەوتنی قازانجی دارایی بۆ خۆیان و خەڵكی تریش.
هەروەك داواكاری گشتی تۆمەتی تاوانی كوشتنی ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو لەپارێزگا جۆربەجۆرەكانی میسر و لەیەكەم رۆژی شۆڕشی25ی یەنایرەوە، ئاڕاستەی موبارەك و هاوكارەكەی (حەبیب عەدلی) وەزیری ناوخۆی پێشووی میسری كردووە و هەواڵەی دادگای تاوانی كردوون.
لیستی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی موبارەك كراوە، هاندانی ئەفسەرانی پۆلیس بۆ تەقەكردن لەخۆنیشاندەران و پێ لێنانیان بەئۆتۆمبێلی تایبەتی پۆلیس بەمەبەستی كوشتنی بەشێكیان لەخۆدەگرێت، لەپێناو ترساندنیان و بڵاوەپێكردنیان، لەئەنجامی ئەمەشدا ژمارەیەك لەخۆنیشاندەران گیانیان لەدەستدا.
راوێژكار (ئەحمەد رەفعەت) سەرۆكی بازنەی پێنج لەدادگای تاوانی باكووری قاهیرە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (سڤیل) وتی "دانیشتنەكانی دادگا رۆژانە بەردەوام دەبێت، تا بڕیاری كۆتایی دەردەچێت و سكاڵاكان یەكلایی دەكرێنەوە. رێگاش بەكامێرای كەناڵە ئاسمانیەكان و رۆژنامەكان و مۆبایلیش نادرێت ببردێتە نێو هۆڵی دادگاییكردنەوە، تەنیا لەرێگای كەناڵی تەلەفزیۆنی میسریەوە رووداوەكانی دادگاییكردنەكە دەگوازرێتەوە". ئەحمەد رەفعەت وتیشی "تەنیا رۆژنامەنوسان و پارێزەران و داواكارانی مافی مەدەنی و كەسوكاری تۆمەتباران دەتوانن لەدادگاییكردنەكە ئامادەبن، كە جێگای 600 كەسیان بۆ ئامادەكراوە".
سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئەكادیمیای پۆلیس بۆ دادگاییكردنی موبارەك تێیدا، بەرپرسێكی ئەو ئەكادیمیایە رایگەیاند "ئەمە بەهۆی دووری ئەو شوێنەیە لەناوەڕاستی قاهیرەوە و گونجاوی شوێنەكەیە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی و پارێزگاریكردن تێیدا، هەروەك شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكەی لێیە، دەتوانرێت لەنەخۆشخانەی شەرەم شێخەوە بەفڕۆكە موبارەك بگوزارێتەوە دادگاكە، ئەكادیمیاكەش نەخۆشخانە و ئامێری پێشكەوتووی لێیە".
لیوا (محەمەد عەبدولسەلام ئەلغەمری) جێگری بەڕێوەبەری ئەو ئەكادیمیایە بۆ (سڤیل) وتی "ئەو ئەكادیمیایە تایبەتمەندی گەورەی هەیە لەرووی خزمەتگوزاریی و لەرووی ئەمنیشەوە، لەكاتی ئێستادا قوتابی تێدانیە، دەتوانرێـت ئەو كەسانەی دێنە نێو ئەكادیمیاكە و لێی دەردەچن بپشكێنرێن، رێگاش بگیرێت لەهەر هەولێكی دزەپێكردنی موبارەك بۆ دەرەوەی ئەكادیمیاكە، هەروەك پێشتر لەنەخۆشخانەی شەرەم شێخدا روویدا".
پۆلیس و هێزە سەربازیەكان و ئەمنی مەركەزی شەقامی (القصر العینی) و هەموو ئەو شەقامانەی تریان كۆنتڕۆڵ كردبوو، كە بەرەو ناوەڕاستی قاهیرە دەچن، سەدان سەرباز لەسەر شەقامەكان وەستابوون، بەهۆی گیرانی ئەم شەقامانەش، هاتوچۆی ناوچەكانی ناوەڕاستی قاهیرە توشی قەرەباڵغیەكی بێ وێنە و نیمچە پەككەوتنێك هاتبوو. رێوشوێنەكانیش لەكاتژمێر 12ی رۆژی 3ی ئابەوە دەستی پێكرد، لەیەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی موبارەكدا.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com