|
سڤیل:
رائد ئەلعەزاوی ـــ تەڕابلوس، نێردراوی سڤیل
سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی كاتی لیبی بۆ
سڤیل: بەشانازییەوە پیرۆزبایی سەركردایەتی
كوردمان پێگەیشت، هیوادارین پەیوەندییەكانمان
بەردەوام بێت
دواجار تەڕابلوس كەوتە دەست شۆڕشگێڕانی
لیبیەوە، دوای شەڕ و كوشتارێكی سەخت، كە
نزیكەی 6 مانگی خایاند، لەراپەڕینەكەی 17ی
شوباتی سەرەتای ئەمساڵەوە.
سڤیل لەنێو خاكی لیبیاوە رووداوەكانی جەنگی
نێوان شۆڕشگێڕان و هێزەكانی قەزافی گواستەوە،
ئەوكاتەی لەنێو دڵی جەنگی (شاری مەسڕاتە)
لەدووری 200 كیلۆمەتر لە تەڕابلوسەوە
راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئامادەكرد، ئەمجارەش
لەگەڵ یەكەم هەڵمەت و چوونەژوورەوەی هێزەكانی
شۆڕشگێڕاندا (سڤیل) لەتەڕابلوسی پایتەختی
لیبیاوە رووداوەكان دەگێڕێتەوە.
تەڕابلوس لەناكاو كەوتە بارودۆخێكی ناسەقامگیر
و پشێوییەوە، بێ هۆشداریی و ئاگاداربوونێكی
پێشوەختە، كاتێك وەك موعجیزە ژمارەیەك
لەشۆڕشگێڕان لەشەقامی (تاجورا) و بازاڕی
(الجمعە)وە رۆژی 20ی ئەم مانگە لەنزیكەوە
دەستیان لەكەتیبەكانی سەر بەقەزافی وەشاند
لەناوەڕاستی تەڕابلوسدا، زۆر بەخێرایی ئەو
هێزانە هەرەسیان هێنا و رایانكرد، شۆڕشگێڕانیش
دەستیان بەسەر دەروازەی باشووری پایتەختدا
گرت.
(عەبدوڵڵا مەحمود ئەلفورتیە) یەكێكە
لەسەركردەكانی ئەو هێزەی شۆڕشگێڕان كە چوونە
نێو تەڕابلوسەوە بۆ (سڤیل) گوتی "چەند
كاتژمێرێكی كەم دوای دەسپێكردنی جەنگ،
مۆڵگەكەی قەزافی لە(باب ئەلعەزیزیە) كەوتە
دەستمانەوە، چوینە نێو بارەگا و قوللەكانی
قەزافی، بەڵام ئەو (جورجە) رایكردبوو، ئێستا
دیارە ئێمە یا قەزافی جورجین؟". فورتیە زیاتر
گوتی "ئێمە توانیمان دیوارەكانی كۆشكەكە
بڕوخێنین، هێزەكانی قەزافیش وەك جورج
لەبەردەمماندا رایاندەكرد. هێشتا بەدوای
قەزافیدا دەگەڕێین، چەك و تفاقی زۆرمان
بەردەست كەوتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ پارە و
پولێكی ئەومان نەدۆزیوەتەوە، جگە لەچەند
ئۆتۆمبێلێكی گوللەبەند. هیچ بەرگرییەكیان لەو
شوێنەدا نەكرد، ژمارەیەكی زۆریشمان لێ بەدیل
گرتن، ئێستا تەنیا لەدوورەوە هاوەن دەهاوێن".
سەبارەت بەدەركەوتنی (سەیفولئیسلام)ی كوڕەكەی
قەزافی، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی
دەسگیركردنی، (عەبدولحەفیز هۆغە) جێگری سەرۆكی
ئەنجومەنی كاتیی لیبی لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ
(سڤیل) گوتی "بەرەبەیانێكی ناخۆش بوو بۆ خەڵكی
لیبیا، كە دەركەوت بۆیان كوڕەكەی قەزافی
(سەیفولئیسلام) هێشتا ئازادە و دەسگیر
نەكراوە، بەڵام بەپشتیوانی خوا شۆڕشگێڕان
دەستپێشخەریان كرد لەهێرشكردندا بۆ سەر
كۆمەڵگای (باب ئەلعەزیزیە) و هەرزوو ئازادكرا.
توانا جەنگیەكانی شۆڕشگێڕان لەجەنگی
(مەسڕاتە)دا دەركەوت، كاتێك ماوەی 3 مانگ
لەژێر گەمارۆی كەتیبەكانی قەزافیدا بوون.
لەیەكەم رۆژی پەلاماردانی تەڕابلوسیشدا نزیكەی
2 هەزار چەكدار لەنێو شاردا بوون".
چووینە نێو كۆمەڵگای (باب ئەلعەزیز)یەوە،
چەندەها باڵەخانە و گۆڕەپانی تێدابوو، سەدان
چەكداری سەر بەشۆڕشگێڕان لەنێو كۆمەڵگاكەدا
بوون و دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر چەك و
تەقەمەنیدا گرتبوو. هیچ كام لەقەزافی و
كوڕەكانی لەكۆمەڵگاكەدا نەمابوون. دیمەنەكان
لەهەمان دیمەنی ساتە سەرەتاییەكانی رووخانی
رژێمی سەدام دەچوون. دەبێ قەزافی لەكوێ بێت،
عەبدولحەفیز لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی
"پێمان وانیە وڵاتی جێهێشتبێت، ئەو هەر لەناو
لیبیا دایە. یا لەتەڕابلوس یا لەشوێنێكی نزیك
دایە، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە قۆناغی
داهاتووە، نامانەوێ قۆناغی تەسفیەی حیسابات
بێت".
دیلپۆماتكارێكی رۆژئاوایی كە نەیویست ناوی
ئاشكرا بكرێت، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی
"پسپۆڕانی سەربازی بەریتانی ماوەی چەند
هەفتەیەكە بەنهێنی لەلیبیادا كاردەكەن، بۆ
مەشقپێدانی هێزەكانی شۆڕشگێڕان، لەكاتی
ئێستاشدا لەهەوڵی دەسگیركردن و رادەستكردنی
قەزافیدان بۆ دادگای نێودەوڵەتی، رەنگە هەر
ئەمەش هاوكار بووبێت بۆ شۆڕشگێڕان بۆ
یەكلاییكردنەوەی جەنگی پایتەخت لەبەرژەوەندی
خۆیان".
(مستەفا عەبدولجەلیل) سەرۆكی ئەنجومەنی
نیشتیمانی كاتیی لیبی لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ
(سڤیل) گوتی "جەنگی تەڕابلوس كە 3 رۆژی
خایاند، لانیكەم 400 كوژراو و 2 هەزار
برینداری لەریزی شۆڕشگێڕاندا لێكەوتەوە، بەڵام
ژمارەی بەدیلگیراوان لەهێزەكانی قەزافی نزیكەی
600 سەرباز دەبێت".
عەبدولجەلیل كە ماوەیەكی كەم بەر لەوەی بەرەو
تەڕابلوسی پایتەخت بەڕێبكەوت چاومان پێی كەوت،
وتیشی "ئەو جەنگە زۆر سەختە، پێشموایە ئێستا
قەزافی لەناوچەیەكی كشتوكاڵی رۆژئاوای
تەڕابلوس دایە، رەنگە لەوێدا خۆی حەشار دابێت،
ئەو كاسێتە دەنگیانەشی كە بڵاو دەبێتەوە
چاودێری وردی كراوە و پێمان وایە لەرۆژئاوای
تەڕابلوسەوە بەرەو باشوور دەچێت. بەڵام رژێمی
قەزافی كۆتایی پێهاتووە، پێویستە وڵاتەكەمان
بنیات بنێینەوە، ئاشتەوایی نیشتیمانی بەدی
بهێنین، پێویستە ژیانی سیاسی بگێڕینەوە بۆ ئەو
وڵاتە، ئەمە بەڵێنێكە و لەگەڵ خۆماندا
بڕیومانەتەوە".
سەرۆكی ئەنجومەنی كاتیی لیبی لەبارەی تموحی
سیاسی خۆیەوە گوتی "دەست لەكار دەكێشمەوە
كاتێك دامەزراوە سیاسییەكان بتوانن وڵات
بەڕێوە ببەن، هەموو ئەنجومەن بەگشتی لەژیانی
سیاسی دوور دەكەوێتەوە، هیچ كامێكیشان خۆیان
بۆ هیچ پۆستێكی سیاسی ناپاڵێون لەهیچ كام
لەهەڵبژاردنەكان، ئەركی ئێمە بەرزگاركردنی
لیبیا لە فەرمانڕەوایەتیكردنی 42 ساڵەی پڕ
لەئازار و برسیەتی و ترس بەكۆتا دێت".
هەروەك داواشی كرد ئەو موڵك و ماڵە لیبیەی
دەستی بەسەردا گیراوە، لەپێناو لایەنی مرۆیی
گەلی لیبیادا خەرج بكرێت، كە تا ئێستا هیچی
بەدەست خەڵكی لیبیا نەگەیشتۆتەوە.
عەبدولجەلیل سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی
كرد، بۆ پشتیوانیكردنی سەركەوتنی گەلی لیبیا و
گوتیشی "بەهەموو شانازییەكەوە بەیاننامەی
سەركردایەتی كوردمان بەدەست گەیشت، كە
پیرۆزبایی سەركەوتنی شۆڕشەكەمانی لێكردبووین،
ئێمە رۆڵی برا كوردەكانمان بەرز دەنرخێنین و
هیواخوازین پەیوەندیەكانمان هەر بەردەوام بێت،
بەڵێنی كردنەوەی كونسوڵخانەش لەهەولێر دەدەین،
كاتێك بارودۆخمان سەقامگیر ببێت. هیوادارم رێز
و سڵاوم بەسەركردایەتی كوردی و بەشەخسی سەرۆك
مەسعود بارزانی و سەرۆك وەزیران دكتۆر بەرهەم
بگەیەنن".
|