|
مەریوان
عومەر
كەی رێگە
بە كوشتنی خەڵكی نایەهودی دەدرێت؟ ئەمە ئەو
پرسیارەیە كتێبی «عەقیدەی مەلیك» وەڵامی
دەداتەوە، ئەو كتێبەی هەردوو حاخامی یەهودی
«ئیسحاق شەبیرا» سەرۆكی قوتابخانەی «یوسف
هێشتا زیندووە» لە كۆمەڵگەی «یەتسەهار»ـی نزیك
نابلس و حاخامێكی تری قوتابخانەی «یوسی
ئەلیتسور» دایانناوە. كتێبەكە لە 32 لاپەڕەدا
باس لە رێساكانی كوشتنی خەڵكی نایەهودی دەكات.
هەرچەندە ئەو كتێبە بە شێوەیەكی ئاشكرا و وەك
هەر كتێبێكی ئاسایی تر بڵاو نەكراوەتەوە،
بەڵام لە لایەن لایەنە راستڕەوەكانەوە پێشوازی
گەرمی لێكراوە و لە دەستپێكی كتێبەكەدا چەند
حاخامێكی ناوداری لە نمونەی «ئیسحاق گینزبۆرگ»
و «دۆف لیئۆر» و «یەعقوب یوسف» و چەند كەسێكی
تریش راسپاردەكانیان نوسیووە.
لە قۆناغی یەكەمدا كتێبەكە لە رێگای
ئەنتەرنێتەوە بە نێو قوتابخانە ئاینییە
یەهودییەكاندا بڵاو كراوەتەوە، بە نرخێكی كەم
«تەنیا 30 شكیڵ بۆ هەر كۆپییەك». هەفتەی
رابردووش لە ئاهەنگی یادكردنەوەی 29 ساڵەی
تیرۆركردنی حاخام «موئیر كەهانا» لە شاری
قودس، چەندین كۆپی ئەو كتێبە فرۆشران و
دابەشكران.
هەریەكە لەو دوو حاخامەی دانەری كتێبەكە، بە
درێژایی كتێبەكە تیۆرە قوڵەكانی بابەتی كوشتنی
خەڵكی بێگانە و نایەهودیان روون كردۆتەوە،
هەرچەندە هەردوو وشەی «عەرەب» و «فەڵەستینی»
بە راستەوخۆ باسیان لێوە نەكراوە و كتێبەكەش
خۆی لە هەر ناوهێنان و لێدوانێكی راستەوخۆ
پاراستووە، كە بیانوو بۆ یاسا بەدەستەوە بدات.
هەروەها سەدان سەرچاوەیان لە تەورات و فیقهی
ئاینی یەهودی بەكار هێناوە. لە میانەی
باسكردنی پرس و بابەتەكانی تریشدا، چەندین
دێڕی حاخامی گەورە و باوكی سەهیۆنیەتی ئاینی
«حاخام كۆك» و «حاخام شائۆل یسرائیلی» سەرۆكی
قوتابخانەی «مركاز هراف»ـیان وەرگرتووە، ئەو
قوتابخانەیەی بە مۆڵگە و مەڵبەندی سەهیۆنیەتی
ئاینی نیشتیمانی دادەنرێت و بارەگاكەشی لە
شاری قودسە.
سەرەتا كتێبەكە باس لە قەدەغەبوونی كوشتنی
خەڵكی بێگانە دەكات، ئەمەش لە پێناو رێگەگرتن
لە دوژمنكاری و بەدناوبوون، بەڵام كتێبەكە هەر
زوو لە باسی قەدەغەبوونی كوشتنەوە دێتە سەر
لایەنی رێگەپێدانی كوشتنی خەڵكی بێگانە و
نایەهودی، كە بە بۆچوونی دانەرانی كتێبەكە
ئەركێكی سەرشانی یەهودیەكانە، لە پێناو
جێبەجێكردنی حەوت ئەركە سەرەكییەكەی ئاینی
یەهودی، كە دەبێ هەموو یەهودییەكان لە
سەرتاسەری جیهان پێیەوە پابەند بن.
لە كتێبەكەدا هاتووە «ئەو خەڵكە بێگانە
(نایەهودی)ـیانەی حەوت ئەركە ئاینییەكە
بەجێناگەیەنن، ئەوا لە پێناو جێبەجێكردنی ئەو
حەوت ئەركە ئاینییەدا، كوشتنیان حەڵاڵە و
ئەركێكی ئاینیشە».
هەر بە گوێرەی فتوای كتێبەكە، ئەو كەسە
مەدەنییانەی یارمەتی چەكدار و شەڕكەرانی
دوژمنی ئیسرائیل دەدەن، كوشتنیان حەڵاڵە. هەر
كەسێك بە هەر شێوەیەك یارمەتی سوپای
شەڕانگێزان بدات، ئەوا چەوسێنەرە و كوشتنی
حەڵاڵە. هەر كەسێكی مەدەنی لە وڵاتێكی دوژمنی
ئیسرائیلەوە پشتیگریی جەنگ لە دژی ئیسرائیل
بكات، ئەمە هێزێك بە پادشا و سەربازەكانی ئەو
وڵاتە دەبەخشێت، تا لە جەنگانیان لە دژی
ئیسرائیل بەردەوام بن، هەر كەسێكش بەو جەنگە
لە دژی ئیسرائیل خۆشحاڵ بێت، چەوسێنەرە و
كوشتنی حەڵاڵە. ئەو كەسەی تەنانەت بە قسە یا
بە هەر شێوازێكی تر وڵاتەكەمان لاواز بكات،
چەوسێنەرە و كوشتنی حەڵاڵە.
بە بۆچوونی هەردوو حاخامی یەهودیی دانەری ئەو
كتێبە، منداڵەكانی ئەو خەڵكانەش كە دژ بە
ئیسرائیل دەوەستنەوە و رێگرن لە سەركەوتنی
ئیسرائیل و بەكۆتاهێنانی دژایەتیكردنی
یەهودیەت. كتێبەكە دەڵێت «تەنانەت
منداڵەكانیشیان كوشتنیان حەڵاڵە، چونكە زۆرجار
دەبنە قەڵغانی مرۆیی بۆ دوژمنانی ئیسرائیل،
هەرچەندە ئەوان بە ئیرادەی خۆیان ئەم كارە
ناكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كوشتنیان حەڵاڵە.
ئەگەری ئەوەش هەیە، كاتێك گەورە دەبن، دژ بە
ئیسرائیل بوەستن و زیان بە یەهودییەكان
بگەیەنن، لەو حاڵەتەشدا كە ئەمە بسەلمێت، دەبێ
تەنانەت شیرەخۆرەكانیشیان بە شێوازی تایبەت و
بكرێنە ئامانج و بكوژرێن، نەوەك لە كاتی
كوشتنی گەورەكانیاندا بەربكەون. ئەوان بۆ
درێژەدانی دوژمنانی ئیسرائیل بە كوشتنی
یەهودییەكان هۆكارێكی یارمەتیدەرن، بۆیە
كوشتنی ئەوانیش حەڵاڵە».
ئەوان كوشتن و دەستدرێژیكردنە سەر ماڵ و
منداڵی سەركردەی بەرەی دژ بە یەهودییەكانیش بە
حەڵاڵ دەزانن، كاتێك كوشتنی منداڵەكانیان
فشارێك لەسەریان دروست بكات و دەست لە
دژایەتیكردنی ئیسرائیل هەڵبگرن. لە كتێبەكەدا
دەڵێن «كوشتنی خەڵكی دەستدرێژیكار لە كوژرانی
خەڵكی تر باشترە». لە فەسڵێكی تری كتێبەكەدا
لە ژێر ناوی «دەستدرێژیكردنە سەر خەڵكانی
بێتاوان» باس لەوە دەكات، كە لە بنچینەدا جەنگ
دژ بە چەوسێنەرانە، بەڵام ئەو خەڵكانەی سەر بە
گەل و بەرەی دوژمنانی ئیسرائیلن، ئەوانیش بە
دوژمن لە قەڵەم دەدرێن، چونكە یارمەتی
پیاوكوژان دەدەن.
تۆڵەسەندنەوە لە كتێبەكەی هەردوو حاخام
«شبیرا» و «ئەلیتسۆر» گرنگی زۆری پێدراوە،
ئەوان دەڵێن «لە پێناو سەركەوتنی بەسەر
شەڕانگێزاندا، پێویستە بە شێوازی مامەڵەی
هاوشێوە و تۆڵەسەندنەوە مامەڵەیان لەگەڵ
بكرێت».
لە شوێنێكی تریشدا رێگە بە خەڵكی ئاسایی
دەدەن، كە بەدەر لە چوارچێوەی بڕیار و
بەرنامەی حكومەت و سوپای ئیسرائیل، دەست لە
خەڵكانی بێگانە و نایەهودی هەڵبێنن، وەك خۆیان
دەڵێن «هیچ پێویستییەك بۆ بڕیاری نەتەوە یا
حكومەت نییە، بۆ حەڵاڵكردنی خوێنی شانشینی
شەڕانگێزیی، تاكەكەسەكانیش دەتوانن لە لایەن
خۆیانەوە دەست لە بەرەی شەڕانگێزان بوەشێنن».
بەشێك لە چاودێران سەرسوڕمانی خۆیان لە بارەی
بوێریی ئەو دوو حاخامە یەهودییە دەربڕی، كە بێ
ترسان لە لێپرسینەوەی یاسایی ئەو جۆرە فتوا و
لێدوانانەیان داوە، بەڵام قوتابییەكی
پەیمانگای ئاینی «یوسف حەی» لە وەڵامدا دەڵێت
«پێویست ناكات ئەوان بترسن، گەر لێپرسینەوە
بكرێت، دەبێ لەگەڵ حاخامی گەورە «ئەلرمبام»
بكرێت، چونكە كتێبەكە پشتی بە فتوا
ئاینییەكانی ئەو بەستووە، لە دەوڵەتی
یەهودیشدا هیچ یەهودییەك لەسەر گواستنەوەی
فەرموودەكانی تەورات ناخرێتە زیندانەوە».
|