لە ئاكرێ پێنج كەس 12 ملیۆن دۆلاری خەڵك دەبەن  

 

 

سڤیل: قائید میرۆ مزووری

پێنج كەس لەشارۆچكەی ئاكرێی سەر بەپارێزگای دهۆك، كە پێشتر كادری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوونە، بەوە تۆمەتبار دەكرێن، كە بەناوی بازرگانییەوە پارەیەكی زۆری هاوڵاتیانیان بۆ خۆیان بردووە و دواتر خۆیان ونكردووە. خاوەنی پارەكانیش لەبنكەی پۆلیس سكاڵا لەدژی ئەو كەسانە تۆمار دەكەن، بەرپرسی پەیوەندیەكانی یەكگرتووی ئیسلامیش لەئاكرێ بە (سڤیل)ی راگەیاند، كە دوور و نزیك نە یەكگرتوو پەیوەندی بەو كێشەیەوە هەیە، نە ئەو كەسانەی پارەیان بردووە سەر بەیەكگرتووی ئیسلامین.
خدر مەحەمەد ناوی خوازراوی هاوڵاتیەكی دانیشتوی گوندێكی نزیك شارۆچكەی ئاكرێیە و بۆ (سڤیل) چیرۆكی پێدانی پارەكە بەو كەسانە باس دەكات، كە بەبیانوویی بارزگانیكردن بەپارەكانیان، پارەیان داوە بەچەند كەسێك و سەرەتا بۆ ماوەیەك قازانجیان لەبەرامبەر وەرگرتووە، بەڵام پاش كۆكردنەوەی پارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی ئاكرێ، ئەو پێنج كەسە خۆیان وندەكەن. دەڵێت "بەر لەسێ ساڵ چەند كەسێك كە سەرەتا ژمارەیان 3 كەس دواتر بوونە پێنج كەس، بەخەڵكی ئاكرێ و دەڤەری بادینانیان راگەیاند، كە ئەوان كاری بازرگانی دەكەن و پێویستیان بەپارەیەكی زۆر هەیە، جا هەر كەسێك پارەیان بداتێ قازانجی باش دەخەنەسەر پارەكەیان. سەرەتا ژمارەیەكی دیاریكراو لەخەڵك پارەیان دایە ئەو كەسانە، دواتر پاش ئەوەی باوەڕیان لەلای خەڵك دروستكرد، بەلێشاو خەڵكی پارەیان دایە ئەو كەسانە". خدر لەبەر ناوبانگی خۆی حەزی نەكرد ناوی بڵاوبكرێتەوە. ئاشكرای كرد و گوتیشی "من بەخۆم چەند ئۆتۆمبێلێكم بەقیست داونەتێ و ماوەیەكە بێ پارە ماومەتەوە. ئێستاش لەبنكەی پۆلیس سكاڵام لەسەریان تۆمار كردووە و داواش لەداواكاری گشتی و حكومەتی هەرێم دەكەم كە مافی هاوڵاتیان لەو كەسانە وەربگرنەوە". لەبارەی ژمارەی پارەی بردراو خدر ئەوەشی گوت كە "بەئێمە گوتراوە پارەكە 12 ملیۆن دۆلارە، بەڵام دڵنیام پارەكە چوار ئەوەندەش دەبێت".
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكێشەی ئەو هاوڵاتیانە و كۆمپانیای (كاوە)، بە (سڤیل)ی راگەیاند، لەو پێنج كەسەی بازرگانیان بەپارەی خەڵكی ئاكرێوە دەكرد، بەهۆی ئەوەی ئەوانە پێشر لەریزەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كاریان دەكرد، بۆیە هەندێ باوەڕیان لەلای خەڵكەكە دروستكردبوو، لەبەرئەوەش ئێستا خەڵكێك هەڕەشە لەیەكگرتوو دەكات كە پارەكەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
لوقمان باسكەدێری بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئاكرێی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە لێدوانكیدا بۆ (سڤیل) رەتیكردەوە ئەو كەسانەی لەشارۆچكەی ئاكرێ پارەی هاوڵاتیانیان بردووە، سەر بەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بن و راشیگەیاند، یەكگرتوو دوور و نزیك پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە. گوتیشی "ئێمە وەك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەشارۆچكەی ئاكرێ، بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیمان بەو كۆمپانیا و كەسانەوە نییە، كە پارەی هاوڵاتیانیان بردووە"، وەك ئەویش گوتی "لەو پێنج كەسە، یەكێكیان تەنیا باوكی ئەندامی یەكگرتووە، ئەوی دیكەیان دوو كەسن، بەر لەچەند ساڵێك دەستیان داوەتە كاری بازرگانی و لەحزب دەستیان لەكار كێشاوەتەوە و پەیوەندیان بەرێكخستنەكانی یەكگرتووە نەماوە، تەنیا ئەگەر وەك برادەرایەتی، برادەری هەندێك ئەندامی ئێمە بن". لەبارەی ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ بەردەم بارەگای یەكگرتووش لەئاكرێ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتوو لەئاكرێ گوتی "ئێمە پەیوەندیمان بە برادەرانی لقی پارتییەوە كردووە و بەرپرسی لقی پارتی پێی راگەیاندووین، بەهیچ شێوەیەك مۆڵەت بەكەس نادەین، ئەگەر خۆپیشاندان بۆ بەردەم بارەگای مەڵبەندی ئاكرێی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەنجام بدەن، پارتی وەك تیرۆرست مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكات، كە بچنە سەر بارەگای یەكگرتوو". لوقمان باسكەدێری، گوتیشی كە "پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری ئاسایشی قەزای ئاكرێش كردووە، هەمان هەڵوێستی نیشانداوە و رازینابن خۆنیشان لەدژی یەكگرتوو لەسەر ئەو كێشەیە ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی یەكگرتوو پەیوەندی بەو كارەوە نییە و هەموو حزب و دامودەزگاكانی ناوچەكەش پاڵپشتیان كردووین، لەوەی كەس بۆی نییە لەسەر كێشەیەكی تایبەتی بێتە سەر بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی".
لەبارەی ئەوەش كە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان، پارەی وشكیان داوەتە ئەو كەسانە لەبەرامبەر قازانجێكی مانگانە، (مەلا عەبدولڵا مەلا ئەحمەد) سەرۆكی لقی ئاكرێی یەكێتی زانایانی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەگەر هەر كەسێك پارە بدات بەكۆمپانیایەك و زیادەی بخرێتەسەر، بەپێی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، پارەكە حەرامە و ریبایە. جەزاكەی لەئاخرەت وەك ئەوەیە، ئەو كەسە زینا لەگەڵ دایكی بكات.

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com