|
سڤیل: رزگار كۆچەر
لەهەموو ئەو 19 ماڵەی كە رێباز و هاوڕێكانی
دزیان لێكردبوو، رێبازی تەمەن 13 ساڵ
پاشەرۆكەی خۆی، لەكونجێكی ماڵەكە جێ هێشتبوو،
ئەوەش ببووە هۆكارێك بۆ ئەوەی گومان لەخزمی
ئەو ماڵانە بكرێت، كە دزیان لێكراوە، بەڵام
پاشان بەهەوڵێكی زۆری پۆلیس، توانرا ئەم
گرووپە دەستگیر بكرێن.
ئەگەرچی رێباز بەتەمەن لەهاوڕێكانی دیكەی
گەورەتر بوو، بەڵام لەوانیش چاوكراوەتر بوو،
بۆیە (حەسەن)ی هاوڕێی رێباز، لەدوای
دەسگیركردنیان بەخەمباریەوە گوتی "ئێمە
رۆژانەی خۆشمان دەدا بەرێباز، بەڵام ئەو
هەمیشە هەڕەشەی لێدەكردین و دەیگوت ئەگەر دزیم
لەگەڵ نەكەن، دەچم بەدایك و باوكتان دەڵێم یان
دەچم لەئاسایش خەبەرتان لێدەدەم". ئەو چوار
هەرزەكارەی دانیشتووی گەڕەكی سەروەران لەشاری
هەولێر، هەر لەم ناوچەیەش 19 دزیان ئەنجام
دابوو، بەڵام بەگوتەی (حەسەن) زۆرجار پاش
دزیكردن، رێباز دزی لەهاوڕێكانی خۆشی كردووە،
بۆیە وەك حەسەن دەڵێت "جارێكیان 19 وەرقەمان
لەمالێك دزی، پاشان هەریەكە و وەرەقەیەكمان بۆ
خۆمان برد و ئەوەی دیكەشمان لەشوێنێك شاردەوە،
دواتر بۆمان دەركەوت رێباز چۆتەوە شوێنەكە و
پارەكەی خۆشمانی دزیوەتەوە".
سەبارەت بەهەڕەشە لێكردنیشیان تاوەكو لەگەڵی
دزی بكەن. حەسەن، دەڵێت "ئەو كوڕە وازی لێمان
نەدەهێنا، زۆرجار بۆ ئەوەی بمانترسێنێ دەچووە
بەردەم بنكەی ئاسایش و دەیگوت ئەوا خەبەرتان
لێدەدەم، بۆیە ئێمەش دەترساین و هەر بەردەوام
بووین لەدزیكردن لەگەڵی تاوەكو دەستگیر
كراین".
نەقیب كاروان عەبدولكەریم، بەرپرسی راگەیاندنی
پۆلیسی هەولێر، سەبارەت بەدەستگركردنی ئەم
گرووپە، دەڵێت "ئەم چوار هەرزەكارە تەمەنیان
لەخوار 14 ساڵییەوە، هەموویان دانیشتووی یەك
گەڕەكن، لەم ماوەیەش 19 دزیان لەم ماڵانەی
چواردەوری گەڕەكی سەروەران ئەنجام دابوو، بۆیە
ئێمە لەگەڵ پۆلیسی نەهێشتنی تاوان،
هەوڵەكانمان چڕكردەوە تاوەكو توانیمان لەكاتی
دزیكردن ئەو چوار كەسە دەستگیر بكەین و
بۆخۆشیان دواتر دانیان بەتاوانەكانیان ناوە".
|