دوای مردنی كەسێكی سوتاو، كەسوكارەكەی گلەیی لە نەخۆشخانەكە دەكەن  

 

 

سڤیل:

"راستە نەخۆشخانەكە پێشكەوتووە، بەڵام من نەخۆشی خۆم بەهەموو خەستەخانەكە ناگۆڕمەوە"

دوای سووتانی پیاوێك و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوایی هەولێر، كەسوكاری پیاوە كۆچكردووەكە گلەیی لەسیستەمی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەكە دەكەن و یەكێ لەمامەكانی كۆچكردوو، ئاماژە دەكات، كە سیستەمی نەخۆشخانەكە هەمان سیستەمی بەندیخانەی تاكەكەسیە، سەرۆكی پزیشكان لەنەخۆشخانەكەش پێیوایە سیستەمەكە لەبەرژەوندەی نەخۆش و نەخۆشخانەكە دایە.
لەگەڕەكی (شەهیدانی سێتاقان)ی ناوشاری هەولێر، رۆژی 18/11/2011 كاتژمێر 9:30 شەو (فاخیر قادر پیرداود) لەدوای ئەوەی بۆڕی زێرابی نزیك ماڵەكەیان پڕ دەبێتەوە، بەو مەبەستەی بۆڕییەكە بكاتەوە، هەندێ بەنزین لەبۆڕییەكە دەكات و پاشتر ئاگری تێبەر دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆكاری لێكەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە و بەهۆی نزیكی لەگڵپەی ئاگرەش، فاخیر ئاگری تێبەر دەبێت و هەرخۆشی جلوبەرگی دادەدڕێت و خۆی دەكوژێنێتەوە.
برا گەورەكەی (فاخیر قادر) ماوەی هەشت رۆژ لەگەڵ برا سووتاوەكەی لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر ماوەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات، كە (فاخیر) تا ئەو ساتەی بەربۆوە و گیانی دەرچوو، باری تەندروستی زۆرباش بووە. (حاجی مشیر) كە براگەورەی فاخیرە، ئاماژەی بەوەش كرد، كە فاخیر بۆی گێڕاوەتەوە كە "وەك شتێك خوا هێنابێتی، بۆیە ئەو كاتەی پەنزینم لەبۆڕی زێرابەكە كرد هیچ بیرم لای ئەوە نەبوو كارەساتێكی ئاوای لێبكەوێتەوە"، حاجی مشیر وتیشی فاخیری برای پێشتر لەئێران جارێكی دیكە نەشتەرگەری دڵی بۆ كرابوو، بەڵام وەك دكتۆرەكان بەویان گوتووە، ئەمە هیچ كاریگەری نەبووە بۆ سوتانەكەی.
بەپێی راپۆرتی پزیشكی رێژەی سوتانەكەی فاخیر 64% بووە و تەنها سوتانی سەرسینگی قوڵ بووە و ئەوانەی دیكە ئاسایی بوونە. فاخیر قادر ماوەی چوار ساڵە ژیانی هاوسەرێتی بەیەكەوە ناوە و دوو كوڕ (سەفا- مەروان) لەگەڵ كچێكی (مەروە) هەبووە و هاوسەرەكەشی لەئێستادا دووگیانە. وەك كەسوكارەكەی دەڵێن، فاخیر ئەمساڵ بووەتە خاوەنی خانووی خۆی لەگەڕەكی (شەهیدانی سێتاقان)ی ناوشاری هەولێر.
دوای مردنەكەی و لەكاتی پرسەكەشی، كەسوكارەكەی فاخیر گلەیی زۆریان لەسیستەمی ئەو نەخۆشخانەیە هەیە، كە فاخیر تێیدا كۆچی دوایی كردووە. مامێكی فاخیر بەناوی (ئیسماعیل پیرداود) ئاماژە بەوە دەكات، كە لەماوەی ئەو هەشت رۆژەی فاخیر لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر ماوەتەوە، تەنها برایەكی لەگەڵ باوكی فاخیر، ئەویش بۆ ماوەی دوو خولەك، ئەو نەخۆشەی خۆیان بینیوە، دەڵێت "باشە ئەوە دەبێت پیاوێك بەساغی ببەیتە نەخۆشخانە و دواتر نەیبینی تاوەكو بەمردوێتی دەتدەنەوە؟ باشە دەكرێت پیاو بشمریت هاوسەری خۆی یان باوكی نەیبینێت؟ بۆیە من پێموایە ئەوە بەندیخانەی تاكەكەسییە نەوەك نەخۆشخانە". ئەو مامەی فاخیر، گوتیشی "راستە نەخۆشخانەكە پێشكەوتووە، بەڵام من نەخۆشی خۆم بەهەموو خەستەخانەكە ناگۆڕمەوە. من مردووی خۆم لەكاتی گیاندەرچوون ببینیبایە و دوو ماچم لێكردبایە، هەموو دنیای دەهێنا بۆ من".
پاش گلەییەكانی ئەو خانەوادەیە سەبارەت بەسیستەمی نەخۆشخانەكە، سەردانێكی (نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر)مان كرد و لەپێش نەخۆشخانەكە (تەحسین میران) لەو كاتەوەی بەرووداوی هاتوچۆ براكەی گەیاندرابووە نەخۆشخانە، لەبەردەم نەخۆشخانەكە بەنیگەرانیەوە وەستابوو. تەحسین نكوڵی لەوە نەكرد، كە زۆر هەوڵیانداوە بچنە ژوورەوە بۆ بینینی براكەی، بەڵام وەك گوتی لەپرسگە رێگەیان پێنەداون جگە لەیەك كەس بچنە ژوورەوە، گوتیشی "بەتایبەتی ژنەكان زۆر هەوڵیاندا خۆیان بگەیننە ژوورەوە، بەڵام سوودی نەبوو". تەحسین لەگەڵ ئەوەی نیگەران بوو لەلای براكەی نەبوو، بەڵام یاساكەی نەخۆشخانەی بەباش دەزانی.
دكتۆر نەبەرد سروود، سەرۆكی پزیشكان لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر، لەبارەی نەهاتنە ژوورەوەی زیاتر لەیەك هاودەمی نەخۆش، ئەمە بەشتێكی باشی دەزانێت و پێیوایە لەبەرژەوندەی نەخۆش و نەخۆشخانە دایە و كار ئاسانییەكی باشیشە بۆ پزیشك و پەرستارەكان.
***
تێبینی: لەژمارەی داهاتوو راپۆرتێكی تێرتەسەل لەبارەی سیستەمی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەكە لە (سڤیل) بڵاودەكرێتەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com