|
 
سڤیل:
بێخاڵ حوسێن
فاڵچییەك: نوشتە بە 2 وەرەقە تا 30 وەرەقە
دەكەم زۆربەشیان كێشەی ژنانە
هەرچی بكرێ دەیكەم، ئەگەر بشزانم ناكرێ پێی
دەڵێم ئەو ئاواتەی تۆ نایەتە دی". ئەمە
فاڵچییەك بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە دەیگوت.
ئەگەرچی ئەو فاڵچییە دەڵێ پشت بەقورئان
دەبەستم، بەڵام مامۆستایەكی ئاینی
رەتیدەكاتەوە سیحر و جادوو لەدیندا رێگەپێدراو
بێ و دەڵێت "ئەوە تاوانە و هەرچیش باوەڕی
پێیان هەبێت بێ ئیمان دەبێت"، توێژەرێكی
كۆمەڵایەتیش ئەمە بۆ "بێ ئیرادەیی مرۆڤەكان"
دەگێڕێتەوە.
مەسەلەی پەنابردن بۆ جادوو كەم و زۆر
لەكۆمەڵگای كوردییدا هەبووە، هەمیشەش زۆرتر
ژنان و كچان پەنایان بۆ بردووە، ئەو پیاوانەش
كە پەنای بۆ دەبەن، هەر پەیوەستە بەمەسەلەی
ژنانەوە، جا بۆ رازیكردنی كچێكە، یان كچێك بۆ
دڵنەرمكردنی كوڕێك، یان ژنێك بۆ مێردەكەی،
زۆرتر بۆ ئەو باسانە روو لەجادووگەرەكان
دەكەن، ئەمەش زۆرتر رەنگدانەوەی بیروباوەڕ و
نەریتەكانی كۆمەڵگایە. وەك توێژەرێكی
كۆمەڵایەتیش دەڵێ، ئەوانەی روو لەو فاڵچییانە
دەكەن، كەسانێكن لەرووی دەروونییەوە ئیرادەیان
لاوازە، بەو پێیەش بێت فاڵچییەكان نانی كەسانی
دەروون لاواز و تێكشكاو دەخۆن.
ئەو رۆژەی چووینە لای، لەماڵەكەیدا پێشوازی
لێكردین. ئەو پێشتر بەهیچ شێوەیەك ئامادە
نەبوو بۆ راگەیاندن قسە بكات، بۆیە ئێمە
سەرەتا وا خۆمان نیشاندا كە كێشەیەكمان هەیە و
دەمانەوێ بۆمان چارەسەر بكات. گوتی "بە 400
دۆلار بۆتان دەكەم"، لەگەڵ باسكردنی كێشە
وەهمیەكەی خۆمان، هەوڵماندا هەندێ زانیاری
لەسەر كاری ئەو وەربگرین. ئەو ناوی (خ)ە و
لەسنوری هەولێر دەژیت. باسی لەجۆری ئەو كەسانە
كرد، كە دەچنە لای و گوتی "ئەو كەسانەی دێنە
لای من، هەموو جۆریكن، مەسئول، دكتۆر،
موهەندیس، مامۆستا، فەرمانبەر، هونەرمەند،
نوسەر و رۆژنامەنوس، قوتابی، ژنی ماڵ، كچی
ماڵ، منیش كێشەكەیان چارەسەر دەكەم، چونكە
ئەوان هانایان بۆ من هێناوە، منیش بەگوێرەی
كێشەكەیان رێگایان بۆ دادەنێم. بەس هەتا
كێشەكە چارەسەر نەبێ، وازیان لێناهێنم. بەخۆشم
پێیان دەڵێم وەرنەوە تاكێشەكە چارەسەر دەبێ".
دەشڵێت "هەندێك كەس نوشتەكە بەیەكجار كاری
لێدەكات، هەندێكیش هەیە بەدوو یا سێ جار".
ئایا كێشەیەك هەبووە هاتبێتە لای تۆ پێت
چارەسەر نەكرابێت؟ پاش ئەو پرسیارەی ئێمە،
دوای ئەوەی جگەرەیەكی داگیرساند، بەبڕوا
بەخۆبوونەوە درێژەی دایەوە قسەكانی و گوتی
"نەخێر، چونكە كە هات سەیری كتاب دەكەم، پێی
دەڵێم كێشەكەی چارەسەر دەبێ یان نا. زۆر كەس
هاتووە سەیری كتابم كردووە، راستەوخۆ
پێمگوتووە تۆ ئەم كێشەیەت چارەسەر نابێ، بێ
ئەوەی گوێ بەوە بدەم، كە ئەو كەسە بێئومێد
دەبێت، چونكە من راستی پێ دەڵێم. كەسی واش
هەبووە، یەكسەر پێمگوتووە چارەسەر دەكرێت،
چونكە كە سەیری كتاب دەكەم، دوو لایەنی
تێدایە، یەكەمیان مەملەكەتی مردن، دووەمیان
مەملەكەتی حەیات".
زانایانی ئاینی جەخت لەوە دەكەنەوە، كە ئەو
كردارە پێچەوانەی دینی ئیسلامە، بەڵام (خ)ی
فاڵچی دەڵێ من بەقورئان نوشتە دەكەم. دەشڵێت
"ئەو رۆژە كچێك هات بۆ لام، گوتی 7 ساڵە
كوڕێكم خۆشدەوێ، ماوەی 2 مانگە لێم توڕەیە،
قسەم لەگەڵ ناكات و وازی لێهێناوم، منیش سەیری
كتابم كرد و گوتم كێشەكەت چارەسەری هەیە.
بەكچەكەم گوت ناوی خۆت و دایكت و ناوی كوڕەكە
و ناوی دایكی كوڕەكەم پێبڵێ؟ سەیرمكرد كوڕەكە
كچێكی دیكە نوشتەی لێكردووە و ئەو كچەی
لەبەرچاو رەشكردووە. منیش وتم دوو نوشتەت بۆ
دەكەم، یەكیان بەختت بەستراوە، بۆت دەكەمەوە و
دووەمیان بۆ كوڕەكەیە و دەبێت بیدەیە كوڕەكە و
چۆن بۆت رێكەوت ئاوا بیدێ. جا لەئاوی دەكەی،
لەشەربەتی دەكەی، لەخواردنی دەكەی، گرنگ
ئەوەیە بیدەیە". وەك فاڵچییەكە دەڵێت
"بەكچەكەشم گوت، پێش ئەوەی ئاوەكە بدەیە
كوڕەكە، مەنجەڵێك بێنە و هەندێك ئاوی تێبكە و
نووشتەكە بخە ناو ئاوەكە، هەندێك با كوڕەكە
بخواتەوە، هەندێكیش چەند جلوبەرگت هەیە، دەبێت
پێی بشۆیت و ئەوەی دەشمێنێتەوە دەبێت خۆت پێ
بشۆیت، بەس بەمەرجێك نابێ ئاوەكە بچێتە
تەوالێتەوە، چونكە بەقورئانم كردووە و
گوناهبار دەبم و نوشتەكەی تۆش بەتاڵ دەبێت".
ئەو فاڵچییە رێگا و شێوازی زۆری فاڵگرتنەوەی
بۆ ئێمە باسكرد. ئەو جگە لەنوشتە، رێگای
دیكەشی هەیە. ئەنگوستیلە و ئەڵقە و ملوانكەش
بەكاردێنێ و دەڵێت "شتێكی نهێنی لەسەر
ملوانكەكە یان ئەنگوستیلەكە یان ئەڵقەكە
دەنوسم و دوعای لەسەر دەكەم، بەڵام بەس دەبێ
ئەو كەسە خۆی بیزانێت، ئەگەر یەكێكی دیكە زانی
و بوو بەدوو كەس، ئەوا نوشتەكە بەتاڵ دەبێت".
دەشڵێت "ئەگەر یەكێ بیەوێ سەرنجی هەر كەسێك بۆ
خۆی رابكێشێت، ئەوا بەرامبەر بەكەسەكە دەست
لەملوانكە و ئەنگوستیلە یان ئەڵقەكە دەدات.
ئەو كەسەی بەرامبەری هیچ قسەیەكی بۆ ناكرێ و
بەهەموو شتەكانی رازی دەبێت".
شێوازێكی دیكەی فاڵ لای ئەو فاڵچییە،
بەكارهێنانی وێنەیە. بەتایبەتی بۆ ئەوانەی
دەزگیرانێك یان خۆشەویستێكیان لەدەرەوەیە،
ئەوەش وەك ئەو فاڵچییە باسیكرد بۆ ئەوەیە، كە
دەزگیرانەكە، ئەوەی لەدەرەوەیە زۆری كچەكە یان
كوڕەكە خۆشبووێت، جا یان زوو بیبات، یان زوو
بێتەوە لای. دەڵێت "هەموو كات وێنە
بەكارناهێنم، بەڵام بۆ ئەوانەی لەیەكتر دوورن
و لەرێگای ئینتەرنێت یەكتریان خۆشویستووە و
ناتوانن نوشتەكە بدەنە یەكتر، وێنە بەكاردێنم.
ئاخیر جاریش لەم رۆژانە بۆ كچێك كردم، كە
دەیویست زوو بەدەسگیرانەكەی بگات".
نرخی ئەو نوشتە و فاڵانەی ئەو فاڵچییە دەیكات،
وەك خۆی دەڵێ لە 2 وەرەقە تا 30 وەرەقەیە.
تەمەنی ئەو كەسانەشی كە دەچنە لای، لەموالید
1994ەوە تا 1961یشی تێدایە و لەهەردوو رەگەزیش
خەڵك دێنەلای، بەڵام وەك ئەو ئاماژەی بۆ
دەكات، ئافرەت بەڕێژەیەكی زۆرتر دەچن و دەشڵێت
"هەرزەكارەكان لەقوتابخانە دەگەڕێنەوە و دێنە
لام. بەرپرسیش دێن، ئەوان پارەی زۆر دەدەن،
داواكاریشیان ئەوەیە فڵان كچ یان فڵان ژن
دڵیان بۆیان نەرم بێت و پێیان بگەن"، ئەوەشی
گوت كە "هەتا ئێستاش كەسێك نەبووە بۆ نوشتە
بێت و دواتر پەشیمان بێتەوە و بڵێ نایكەم".
وەك ئاماژەشی بۆ دەكرێت، فاڵگرتنەوە و
پەنابردن بۆ فاڵ، نە لەئاین، نە لەبواری
رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەوە مەقبول نیە، بۆیە
زۆرتر ئەو كەسانە پەنای بۆ دەبەن، كە
خوێندەوار نین، بەڵام وەك فاڵچییەكە باسی كرد،
پێچەوانەی ئەمەش راستە و چین و توێژی
خوێندەواریش پەنایان بۆ بردووە و تەنانەت وەك
ئەو گوتی "هونەرمەند و رۆژنامەوانیش".
مەلا مەحمود فەقێ، وتارخوێن و پێشنوێژی
مزگەوتی "عوسمانی كوڕی عەفان" لەهەولێر جەخت
لەوە دەكاتەوە، كە فاڵگرتنەوە و پەنابردن بۆ
فاڵ، لەرووی دینەوە جائیز نیە و دەبێتە جۆرێك
لەهاوبەش پەیداكردن بۆ خودا و دین سزاشی بۆ
ئەنجامدەرانی داناوە. دەڵێت "یەك لەدرۆ
گەورەكان، دەڵێ دوعایەكت بۆ دەكەم بەشەرت، كە
گوتی بەشەرت، زەربێكی لێدە، ئەوە درۆزنە،
دەجالە، تیجارەت بەدین دەكات و خەڵك
هەڵدەخەڵەتێنێ، چونكە شەرت لەگۆڕێ نیە".
وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی "عوسمانی كوڕی
عەفان" دەڵێت "من كابرایەك دەناسم
بەناوبانگیشە، لەمۆبایل تەسویر كراوە، ژنێكی
لەلایە، مەلایەكە دەڵێ ئێستا بەگرێنتی چاكی
دەكەمەوە بەزمان بێت، منیش گوتم بەچی گرێنتی
دەدەی كە چاكی دەكەیەوە، ئەگەر دوعات لەسەر
خوێند، بەزمان نەهات فەشەل دەبییەوە. من دەڵێم
ناوەڵڵا وەرەقەیەكت دەدەمێ، زمانی خۆت لاڵ
بكە، من كە دوعاكەم خوێند تۆش قسە بكە. ئینجا
ئەوانەی دەوروبەری هاوار دەكەن (اللە اكبر)
سەد شانۆی ئاوا هەیە. ئەو شتانە زۆرن". ئەو
مامۆستا ئاینیەی شاری هەولێر، دەشڵێت "ئەو
ئافرەتانەی لەبازاڕ و لەسناعە دەگەڕێن،
ئەوانەش هەموو درۆزنن، بەڵام یەك شتیان هەیە،
لەدەروونناسیدا لەخەڵكەكە زیرەكترن. ئەو
مەسەلانە زۆرن، بەڵام كەس نییە ئەوانە بنبڕ
بكات و رادەیەكیان بۆ دانێ، چونكە بەراستی
دەبێت كارێك بكرێت، لەبەر ئەوەی من ئاگام
لێیە، سەدان ئافرەت هەیە پارەی بەهەدەر
دەڕوات". لەبارەی سزای ئەوانەش لەرووی
ئاینەوە، مەلا مەحمود فەقی گوتی "پێغمبەر
(د.خ) دەفەرمووێت هەر كەسێك بەس ئەگەر بچێتە
لای فاڵچی و جادووگەر، ئەوا هەتا (40) رۆژ بێ
ئیمانە، بەس ئەگەر قسەی بۆ كرد و باوەڕی
بەقسەكە هەبوو، ئەوە ئەم كەسە ئیمانی بەقورئان
نیە". مەلا مەحمود باسی لەوەشكرد كە "یەكێك
چووبووە لای فاڵگرەوە و نوشتەی بۆ كردبوو،
گوتبووی نوشتەكە نەكەیەوە دوایی قبوڵ نابێت،
یان چاوت كوێر دەبێت، یان كارەساتێكی خراپت
بەسەر دێت. لەنوشتەكە هەندێك خەتخەتی بۆ
كردبوو، نوسیبووشی چاك دەبی چاكبە، چاك نابیت
سەرت بەقەبری بابت".
ستار باقی (توێژەری كۆمەڵایەتی) لەرووی
كۆمەڵناسیەوە بەم جۆرە لەم دیاردەیە دەڕوانێت
و دەڵێت "ئەو كەسانەی پەنا دەبەنە بەر نوشتە و
جادوو، بەتەئكید كێشەیەكیان هەیە و بەشی
زۆریشیان كێشەی دەروونیان هەیە. بۆیە ئەو
كەسانە لەترۆپكی بێ ئومێدیاندا پەنا دەبەنە
بەر ئەم شتانە". وەك ئەو توێژەرە گوتیشی
"هەندێكی دیكە، پەیوەندی بەپاشخانی
رۆشنبیرییانەوە هەیە. هاوكات پەیوەندی رۆحی،
ئەویش لەمەسەلەكە بوونی هەیە، چونكە ئەوانەی
پەنا دەبەنە بەر ئەم شتانە، كەمتر پشت بەخۆیان
دەبەستن. ئەوان، بەدوای هێزێكەوەن بەدەر
لەهێزی خۆیان". ستار باقی، پێشیوایە ژنان
زیاتر پەنا بۆ ئەم رێگایانە دەبەن و هاوكات
لەبارەی فاڵگرەوەكانیش دەڵێت "ئەوانەی ئەو
ئیشە دەكەن، هەوڵدەدەن فەن بەكار بێنن و
دەیانەوێ باوەڕ بەخەڵك بێنن و زۆربەی شتەكانیش
لەتاریكی دەكەن و شتەكانیان دەپێچنەوە".
وەك دوا سەرنجیشی لەو بارەوە، ئەو توێژەرە
كۆمەڵایەتییە گوتیشی "هیوادارم مرۆڤەكان
ئەوەندە ئیرادەیان بەهێز بێت، پشت بەخۆیان
ببەستن. وەك چۆن ئێمە هەموو هەفتەیەك گوێ
لەوتارێكی ئاینی رادەگرین، ئاواش گرنگە گوێش
لەوتارێكی دەروونی رابگرین".
|