|
سڤیل:
محەمەد هەسنانی
هەژار ئۆغز سەرۆكی فەخری دەستەی دامەزرێنەری
لقی نابینایانی سۆران بۆ (سڤیل) دەڵێ "پێویستە
باروگوزەرانی نابینایان باشتر بكرێت لەوەی
ئێستا هەیە". ئاماژەشی بەوەكرد، كە دەبێت
نابینا باوەڕی بەخۆی هەبێت و رووبەڕووی كێشە و
گرفتەكانی ژیان ببێتەوە.
سەرۆكی فەخری دەستەی دامەزرێنەری لقی
نابینایانی سۆران لەدەسپێكی قسەكانیدا بۆ
(سڤیل) گوتی "لەوكاتەی لقی نابینایانی سۆران
دامەزرا، من تاكە كەس بووم بەكردنەوەی ئەو لقە
هەڵبستم، بەرەزامەندی و توانای منەوە بۆ
یەكەمجار لەسۆران دامەزرا، ئەمەش وایكرد
لەسەرەتاوە بێ ئەنجامدانی كۆنفڕاس ئەو پۆستەم
پێبدرێت، دوای دامەزراندنی لقیش هەڵبژاردنی
ئەندامانی نابینا و كەمبینایان ئەنجامدرا و
دەرئەنجام یاسین حەمەد، وەك سەرۆكی لق
هەڵبژێردرا". هۆكاری هەڵنەبژاردنیشی وەكو
هەژار دەڵێت "لەكاتی هەڵبژاردنەكە تەمەنی من
گونجاو نەبوو خۆم هەڵبژێرم و پۆستەكە وەربگرم،
بۆیە لەكاتی كۆنفڕانسەكە پۆستی سەرۆكی فەخری
دەستەی دامەزرێنەر بە من بەخشرا و تائێستاش
بەبەردەوامی لەگەڵ ئیشوكار و چالاكیەكان هیچ
كارێك بەبێ من ئەنجام نادەن، واتە لەهەموو
شتەكان لەگەڵ یەكتر داین و تەواوكەری
یەكترین".
لەبارەی كاریگەری لقەكەیان لەسەر نابینایانی
دەڤەرەكەیان، سەرۆكی فەخری دەستەی دامەزرێنەری
لقی نابینایانی سۆران، دەڵێت "دامەزراندنی ئەو
لقە زۆر لایەنی ئیجابی هەبوو، ئێمە توانیمان
كۆمەڵێك قوتابی نابینا، كە لەخوێندن دابڕابوون
و لەماڵەوە دانیشتبوون بەگۆشەگیری، وایان لێ
بكەین بتوانن لەخوێندن و ئەو خزمەتگوزاریە
بێبەش نەبن، توانیشمان دەرماڵەی هاتووچۆیان بۆ
ببڕینەوە و لەماوەی خوێندندا بەبڕی 30 هەزار
دینار هاوكاری بكرێن". هەژار گوتیشی "نابینا
هەبوو نەیدەوێرا پڕۆسەی زەواج بكات، كوڕ
دەیگوت ئەگەر من ژن بهێنم، یان كچ دەیگوت
ئەگەر من شووبكەم، بۆ من زۆر شتێكی ئاستەمە
بتوانین ئەو پڕۆسەیە ببەین بەڕێوە، كەچی ئێمە
بۆمان روونكردنەوە، كە شتێكی ئاساییە،
نموونەشمان زۆرە و یەك لەوانە من خۆم سەرەڕای
نابینایم، هاوسەرگیریم كردوە و ئێستا خاوەن
منداڵم و توانیومە رووبەڕووی ژیان ببمەوە".
هەژار ئۆغز سەرەڕای نابینایی توانیوێتی درێژە
بەخوێندن بدات و بڕوانامە بەدەست بێنێت، وەك
خۆی دەڵێت "لەپۆلی پێنجەمی سەرەتای بووم، ئەو
كاتەی بەهۆی روداوێك تووشی نابینایی بووم،
بەڵام بیروبڕوام بەهێز بوو، درێژەم
بەخوێندنەكەمدا و لەرێگای تۆماركردنی دەنگ و
خوێندنی نابینایان تادوا قۆناغی خوێندن توانیم
سەركەوتوو بم، ئێستاش دەرچووی كۆلێژی یاسام
لەزانكۆی سۆران و بڕیارە لەو نزیكانە بكرێم
بەبەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی ئەوقافی سۆران"،
بۆیە وەك هەژار دەڵێت "باوەڕ بەخۆبوون و
بەردەوامیم لەخوێندن بوو بەهۆكارێك ئەو پلەیەم
پێبدرێت".
سەرۆكی فەخری دەستەی دامەزرێنەری لقی
نابینایانی سۆران، باسیشی لەكێشە و گرفتەكانی
نابینایان كرد و گوتیشی "زۆر بەداخەوە تائێستا
كەسانێك وەك پێویست رێز لەنابینایان ناگرن و
هاوكار نین لەگەڵیاندا، بەڵكو زۆرجار بەهۆی
قسە و تانەلێدان نابینا یان كەمبینا تووشی
داڕووخانی دەروونی دەبێت".
لەبارەی ئەو بڕە موچەیەش كە نابینایان وەری
دەگرن، هەژار ئۆغز گوتی "ئەو بڕە موچەیەی بۆ
نابینایان دیاریكراوە، كە 150 هەزار دینارە،
بەشی نابیناكە ناكات پێداویستیەكانی پێ دابین
بكات، چونكە ئەگەر ئەو نابینایە قوتابی بێت،
دەبێت پاتری موسەجەل و كاسێت و پێداویستیەكانی
خوێندن بۆ خۆی دابین بكات، ئەوە جگە لەهاتوچۆ
و پێداویستیەكانی دیكە، خۆ دەشبێت ئەو كەسە كە
نابینایە، كەسێك بۆ خۆی دابین بكات، كە دەستی
بگرێت و هاتوچۆی پێبكات. لەهەمان كاتیشدا
ئەگەر نابینایەكە پڕۆسەی هاوسەرگیری
پێكهێنابێت، بەدڵنییایەوە ئەو بڕە پارەیە بەشی
باروگوزەرانی ناكات"، بۆیە وەك هەژار دەڵێت
"داواكارم هەوڵ بدرێت موچەی نابینایان زیاتر
بكرێت لەوەی كە لەئێستادا هەیە"، سەبارەت
بەئیمتیازاتی وەك خانوو و زەوی و
پیداویستییەكانی دیكە، گوتی "بۆ سەرووی خۆمان
نوسرامان كردووە، بەهیوام بەپیر داوانمانەوە
بێن و باروگوزەرانی نابینایان لەهەموو
روویەكەوە باشتر بكرێت".
|