|
سڤیل:
شوان سدیق
پلانی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
خێزانی بۆ وەستاندنی توندوتیژیە دژ بە
ئافرەتان و رەخساندنی دەرفەتی كاركردنە بۆیان
هەفتەی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان،
پلانی ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی
توندوتیژی دژ بەئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی
توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی دژی ئافرەتان
لەهەرێمی كوردستان راگەیاند، كە لەلایەن
وەزارەتی ناوخۆ و رێكخراوی (UNDP) نەتەوە
یەكگرتووەكان لەساڵی (2011 – 2014) دارێژراوە،
خاتوو (ئانو بوری) راوێژكاری جێندەری
پرۆژەكانی (UNDP) نەتەوەیەكگرتووەكان لە
گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ "سڤیل" قسە لەسەر ئەو
بەرنامە ستراتیژیە دەكات، پێیوایە زیادبوونی
كەیسەكان و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان،
مانای ئەوە نیە پێشتر كێشە نەبووبێت.
سڤیل: گرنگی پلانی ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتی
بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان بۆ
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەچیدا
دەبینیت، لەكاتێكدا كێشە خێزانی و
كۆمەڵایەتییەكان روو لە هەڵكشانن؟
ئانو بوری: بەبڕوای من گرنگییەكەی لەوەدایە،
دەبێتە هۆی وەستاندانی توندوتیژی دژی ئافرەتان
لە كۆمەڵگەی كوردەواری، ئەم پڕۆژەیە دانانی
دیدێكە، ئەم دیدەش بۆ ماوەی چوار ساڵە، بۆ
ئەوەی بزانرێت ئایا بارودۆخی ئافرەت و كێشە
خێزانییەكان بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت، واتە
بینینی بارودۆخی ئافرەت لەدوای چوار ساڵ و
چۆنیەتی گەیشتن بەم دید و روئیایە ئەم
ستراتیژیە هەنگاوەكان كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەی چۆن
بگەین بەو میكانیزمەی لەدوای چوار ساڵ
بارودۆخی ئافرەت چی بەسەر دێت، ئەمە ئەو
هەنگاوەیە دەبێت بزانرێت چۆن كێشەكان دیاری
دەكرێت بۆ چارەسەركردنی.
سڤیل: باسی چۆنیەتی گەیشتن بەو میكانیزمانەت
كرد، بەڵام لە ئێستادا رێكخراوەكانی ئافرەتان
و خودی حكومەتیش پێیانوایە كێشەكان روو لەزیاد
بوونە، ئایا ئەم پڕۆژەیە چۆن گونجێنراوە لەگەڵ
دۆخی ئێستا؟
ئانو بوری: مەسەلەی زیادبوونی كەیسەكان و
توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان، مانای ئەوە
نیە پێشتر كێشە نەبووە، بەڵام لە ئێستادا كێشە
هەن، بەبڕوای من ئافرەت لەئێستا ئەو جورئەتەی
بۆ پەیدا بووە رووبكاتە لایەنە پەیوەندارەكان
و باس لەناخۆشی و كێشەكانی خۆی بكات.
سڤیل: بەڵام بەگشتی ئەوەی ژنان و خودی ئەو
كەسانەش كار لەسەر پرسەكانی ژنان دەكەن،
پێیانوایە كێشەكانی ژنان بەشێكی پەیوەندی بە
باروگوزەرانی باری ئابورییەوە هەیە،
پرسیارەكەم ئەوەیە ئایا پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە
چ گرنگیەكی دەبێت بۆ باری ئابووری ژنان؟
ئانو بوری: بێگومان ئەوە راستە بەڵام وەزارەتی
ناوخۆ وەزارەتێك نیە بتوانێـت ئەو كێشانە
چارەسەر بكات، ئەوەی وەزارەت كاری لەسەر
دەكات، تەنیا پەیوەندی بەسەڵاحیەت و
دەسەڵاتەكانی خۆیەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم
ستراتیژییە باس لەدووبارە گەڕانەوەی قوربانیان
دەكات بۆ ناو كۆمەڵگا، ئەوەش لەو رێگایەوەیە
كە خولیان بۆ بكاتەوە و بتوانرێت شیاویان
بكات، بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن داهاتێك بۆ
خۆیان پەیدا بكەن.
سڤیل: مەبەستت لە داهات چییە؟ ئافرەتان بەچ
رێگایەك دەتوانن داهات بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن؟
ئانو بوری: بەوپێیەی بەشێك لە ئافرەتان
نەخوێنەوارن و كاریان دەست ناكەوێت، بەڵام
لەرێگەی ئەو پڕۆژەیەوە زۆر خولی فێربوون و
هۆشیاركردنەوە هەیە، لەوانەیە دواتر شایەنی
ئەوەبن ئیشیان پێ بدرێت، ئەو كاتە ئافرەت
دەتوانێت داهاتێك بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
سڤیل: بەدەر لەو پڕۆژەیە پێتوانییە كاركردن بۆ
هەندێك لە ژنان كارێكی ئاسان نەبێت، بەوپێیەی
كۆمەڵگای كوردی زیاتر لە كۆمەڵگەیەكی
كشتوكاڵیەوە گۆڕاوە بۆ كۆمەڵگەیەكی نەوتی؟
ئەمەش زیاتر وابكات كۆمەڵگا ئافرەتان بواری
ئیشكردنیان كەمتر ببێت؟
ئانو بوری: ئەوە ڕاستە بەڵام بەنسبەت من شتێكی
نوێیە، كە بوونی كۆمەڵگەیەكی نەوتی وابكات
زیاتر ئافرەتان لەماڵەوە بن، لەراستیدا ئەگەر
سەیری دەستوور بكەین، پیاو و ئافرەت پێكەوە
مافیان دراوەتێ بۆ كاركردن، لەگەڵ ئەوەش
دەبینین بێگومان كاركردن وەك حەزێكی مرۆڤ
وایە، كەواتە مەرج نیە ئەگەر هاتو وڵات داهاتی
باش بوو ئافرەتانیش كار نەكەن، بەپێچەوانەوە
ئیش وەك حەزێك وایە لەوانەیە ئەوانیش حەز بكەن
كار بكەن. تۆ پێشتر گوتت ئافرەت داهاتێكی ئەو
تۆی نیە خێزانەكانیش فەقیرن دواتریش باسی
كۆمەڵگەی نەوتیت كرد.
سڤیل: مەبەستم ئەوە بوو كاركردن بۆ هەندێك لە
ئافرەتان شتێكی ئاسان نابێت لە دۆخێكی وەك
ئێستا چونكە خێزانی كورد زیاتر بەرەو
كۆمەڵگەیەكی نەوتی هەنگاو دەنێت، دەركرێت لە
بەڕێزت بپرسم حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكان
چۆن بتوانن كارێك بكەن لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵگەش
كۆمەڵگەیەكی نەوتی بێت، بەڵام خەڵك بەتایبەتی
ئافرەتان بێنە دەرەوە و كار بكەن؟
ئانو بوری: بەڵێ، ئەوەی ئێمە دەیكەین
دروستكردنی فەزایەكە وەك دەرفەتێك بۆ ئافرەتان
كە توانا و تاقەیان بەهێز بكرێت، دواتریش هەر
كەسێك ویستی كار بكات، یان باری ئابوری خۆی
بەرز بكاتەوە، یان بەجۆرێكی تر بێتە دەرەوە،
ئەوە بڕیارێكە خۆی دەیدات، بەڵام ئەوەی ئێمە
دەیكەین رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئافرەتان.
|