گەنجە مەسیحیە رفێـنراوەكە چۆنیەتی رفاندنی خۆی دەگێڕێـتەوە  

 

 

سڤیل: قائید میرۆ مزووری


دوای ئەوەی لەشارۆچكەی عەنكاوەی نزیك شاری هەولێر گەنجێكی مەسیحی لەلایەن چەند كەسێكی عەرەبەوە رفێنرا، هێزەكانی ئاسایش توانیان لەماوەی سێ رۆژدا گەنجە رفێندراوەكە ئازاد بكەن و چوار هاوڵاتی عەرەبیش دەستگیربكەن.
رۆژی دووشەممەی رابردوو گەنجێكی مەسیحی لە عەنكاوە رفێنرا، چیرۆكی رفاندنی ئەو بەوشێوەیە دەست پێدەكات، كاتژمێر3ی دوای نیوەڕۆی رۆژی 12/12/2011 سێ كەس دەچنە دوكانێكی پەردە لەشارۆچكەی عەنكاوەو داوا لەشاگردی دوكانەكە دەكەن لەگەڵیان بچێت بۆ وەرگرتنی پێوانەی پەردەی ماڵەكەیان لەشاری هەولێر، بەڵام دواتر گەنجە شاگردە ناگەڕێتەوە بۆ دوكانەكەی و لە رۆژی دواتر كەسێك بە نامەی مۆبایل ئاگاداری كەسوكاری رفێندراوەكە دەكات، كە كوڕەكەیان لەلایەن ئەوانەوە رفێندراوە و لەبەرامبەر ئازادكردنی داوای پەنجا هەزار دۆلاری ئەمریكی دەكەن.
(سەرمەد سەلاح پەترۆس) لەدایكبووی ساڵی 1982، دوای ئازادكردنی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوردەكاری رفاندنەكەی كردو گوتی "كاتژمێر نزیكەی سێی دوای نیوەڕۆی دووشممەی رابردوو، لەشوێنی كارەكەم لەعەنكاوە سێ كەس هاتن بۆ دوكانەكە و داوایان كرد، لەگەڵیان بچمە ماڵیان بۆ وەرگرتنی قیاسی پەنجەرەی ماڵەكەیان لەشاری هەولێر بۆئەوەی دواتر پەردە لای ئێمە بكڕن، یەكێك لەو سێ كەسە عەرەبە بەمنی وت، ئۆتۆمبێلی خۆمان هەیە و برایەكەم دێت بەدوامان، بەڵام تا لای چێشتخانەی كەباب فاروق بە تەكسی دەڕۆین، ئەوەبوو بە تەكسیەك تا بەردەم چێشتخانەی فاروق چووین، لەوێ ئۆتۆمبێلێكی جۆری هیوندای رەنگ سپی هات و ئێمە لەگەڵی چووینە كۆمەڵگای پیرزینی نزیك شاری هەولێر و چووینە ناوماڵێك تا پێوەری پەردەی ماڵەكەیان بگرین، كە چووینە ژوورەوە بە منیان وت، تو ئێستا دەستبەسەری و ئەگەر دەنگ بكەی دەتكوژین، منیش نەوێرام هیچ بكەم".
سەرمەد باسی لەوەكرد كە دواتر ئەویان گواستۆتەوە شوێنێكی تر، "دواتر دەست و چاوی منیان بەست و گوتیان دەتبەین بۆشوێنێك، نزیكەی دە خولەك بەئۆتۆمبێل رۆیشتن، بەڵام زانیم هەر لەهەولێرم، چونكە ماوەكە زۆركەمبوو، منیان بردە ماڵێك و لەوێ مامەوە، گروپەكە بەمنیام گوت، دەبێت 35 دەفتەر دۆلار بدەم بەو سێ كەسە، ئەگەرنا ئازاد ناكرێم و دەكوژرێم منیش پێم گوتن بەس مەمكوژن، چەند پارەتان دەوێ بۆتان دێنم، یەكێك لەو سێ عەرەبە گوتی ئێستا لەبەر دەستی ئێمەی، ئەگەر پارەكە نەهێنی رەوانەی لای حاجیت دەكەین، مەبەست لەحاجی سەرۆكی باندەكە بوو لەكەركووك و وتیان حاجی پێی راگەیاندوین سی و پێنج دەفتەری لێ وەربگرن، بەڵام سی دەفتەر بێنە لەناوچەكانی دیكەی عێراق بیدەن بە ئێمە، ئینجا ئازاد دەكرێی، ئەوان نەوێران پارەكە لەهەولێر وەربگرن، چونكە زۆر لەئاسایش دەترسان بیانگرن، دواتر وتیان چاوەڕێی نامەی حاجین و گوتوویەتی بیكوژن، دەبێت پارەمان بۆبێننە بەسرە".
سەرمەد سەلاح، كە خێزاندارە و سێ برای دیكەشی هەیە لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی "بۆ رۆژی دواتر ئەوان بە مۆبایلی من پەیوەندیان بە ماڵی باوكمەوەكرد بۆ وەرگرتنی پارە، بەڵام من نەمدەزانی داوای چەندیان لەماڵی باوكم كردووە، جارێك هاتن وتیان ماڵی باوكت دیارە ئامادەنین ئەو مەبلەغە پارەیە بدەن و تازە دەتكوژین، وتم بەس بمبەنەوە ماڵی باوكم پارەتان بۆ پەیدا دەكەم، بەڵام رازینەبوون، لەو سێ رۆژەی گیرابووم بەهیچ شێوەیەك منیان ئازار نەدەدا تەنیا داوای پارەیان دەكرد".
سەلاح پترۆس باوكی سەرمەد بۆ(سڤیل) باسی ئەو پەیوەندیە دەكات كە گروپەكە بە خێزانەكەیانی كردووەو لەبەرامبەر ئازادكردنی كوڕەكەی داوای پەنجا دەفتەر دۆلار دەكەن، باوكی سەرمەد دوو خولەك جارێك وەڵامی ئەو پەیوەندیانەی دەدایەوە كە بەبۆنەی ئازادكردنی كوڕەكەیەوە بۆی دەهاتن و گوتی "جگە لەسەرمەد سێ كوڕی دیكەشم هەیە و سەرمەد دووەمیانە، ماوەی سی و پێنج ساڵ لەناو هەولێر ژیاین و دواتر هاتوینەتە عەنكاوە"، سەرمەد خێزاندارە و دەرچووی كۆلیژەو بەیانیان فەرمانبەری وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە و دوای نیوەڕۆش لای یەكێك لەمامەكانی لەشوێنی عەنكاوە بۆپەردە شاگردە، باوكی دەڵێ "ئەو رۆژەی سەرمەدی كوڕم رفێندرا لەدوكان ئیشی دەكرد، كاتژمێر سێ و نیو لەگەڵ ئەو عەرەبانە رۆیشتبووە ماڵیان تا كاتژمێر شەشی ئێوارە سۆراخی نەبوو، ئێمە زۆر دڵتەنگ بووین، بەنەگەڕانەوەی كوڕەكەمان پەیوەندیمان بە تەلەفۆنەكەیەوە دەكرد رەفزی دەدا، دواتر ئاسایشی هەولێرم لەبابەتەكە ئاگاداركردەوە و ئەوانیش هەر زوو هەوڵیاندا بۆ دۆزینەوەی سەرمەد، بەڵام رۆژێك بەسەر نەگەڕانەوەی سەرمەد تێپەڕی هیچ هەواڵێكی نەبوو، رۆژی دواتر واتە سێشەممە بە مۆبایلی سەرمەد نامەیەك بەزمانی عەرەبی بۆمن هات و تێیدا نوسرابوو، ئەگەر پەنجا دەفتەر نەهێنی كوڕەكەت ئازاد ناكرێت، دانەیەك لەو نامەیە بۆ دایك و یەكێكی دیكەشی بۆ هاوسەری سەرمەد رەوانە كرابوو، زۆر هەڵماندا قسە لەگەڵ ئەو كەسانە بكەین، رازینەبوون و پێیان راگەیاندین، تەنیا بەنامەی مۆبایل دەتوانین قسەبكەین، ئێمەش ئەو پارەیەمان نەبوو نامەكەمان گەیاندە ئاسایش". باوكی سەرمەد كە ڕیشێكی سپی هەبوو، قسەكانی بڕی و بە زمانی سریانی وەڵامی تەلەفۆنەكەی دایەوەو پێی گوت "بڕۆن بۆماڵی ئێمە من و سەرمەد لەئاسایشین شاییەكە دەست پێ بكەن، جەماعەت لەوێن ئێمەش كەمێكی دیكە دێینەوە عەنكاوە". دوای وەڵامدانەوەی ئەو تەلەفۆنە بەردەوامی بەقسەكانی داو گوتی "كاكە دەبینی چەند تەلەفۆنم بۆدێن و هەموویان خزم و برادەرن چیبكەین، خوا پاسەوانی لەكوڕەكەی من كردووە، دەستی ئاسایش ماچ دەكەم، دوای نامەكەی سێشەممە رۆژی چوارشەممە نامەیەكیان بۆ دایكی سەرمەد نارد و تێیدا نووسرابوو، دیارە تۆ لەخەمی كوڕەكەت دانیت، پارەكەی نەهێنی فاتیحەی بۆ كوڕەكەت بخوێنە، ئێمەش بە گۆڕینەوەی نامە هەر لەسەر خەتبووین و لەماڵی خۆمان ژوورێكی عەمەلیاتمان پێك هێنابوو، بەڵام هەوڵەكان بێ سوود بوون".
تارق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، لەبارەی رفاندنی ئەو گەنجە مەسیحیە لەلێدوانێكیدا ئاماژەی بەوەكرد، كە دوای دوو رۆژ لەڕفاندنی ئەو گەنجە هێزەكانی ئاسایشی هەولێر بە هاوكاری ئاسایشی كەركووك توانیان سەرمەد لەدەست رفێنەران ئازاد بكەن و چوار تۆمەتباریش دەستگیربكرێن، تارق گوتی "دوای ئاگاداركردنەوەمان لەرووداوی رفاندنی سەرمەد سەلاح هێزەكانی ئاسایشی هەولێر هەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنی ئەوگەنجە خستە گەڕوو توانیمان شوێنی سەرۆكی ئەو گروپە لەشاری كەركوك دەستنیشان بكەین، كە ناوی (حوسێن ئەحمەد)ەو لەشەوی پێنج شەممەی رابردوو بەهاوكاری هێزێكی ئاسایشی كەركووك لە گەڕەكی رووناكی ئەوشارە دەستگیری بكەین، كە بە نامە داوای پارە لەخانەوادەی رفێندراوەكە دەكردو بۆبەرەبەیانی هەمان رۆژ شوێنی رفێندراوەكەش ببینەوە، كە لەلایەن سێ كەسی بەڕەگەز عەرەبەوە دانیشتوی شاری هەولێرن و سەرمەدیان لەنێو ماڵێكی گەڕەكی ئاشتی سەر رێگەی كەسنەزان حەشاردابوو، ئاشكرابكەین و تەواوی ئەندامانی باندەكەش دەستگیربكەین، كە ژمارەیان چوار كەس بوون بەناوەكانی (حوسێن ئەحمەد سەرۆكی باندەكە عەرەبە و دانیشتووی كەركووكە، عومەر خەلدوون، عومەر عەبود جاسم، ویسام عەلی، كە هەرسێكیان بەڕەگەز عەرەبن و لەشاری هەولێر نیشتەجێن).

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com