|
سڤیل:
هەولێر
بەرپرسی لێژنەی دارایی و گەشەپێدانی مرۆیی
لەئەنجوومەنی كاروباری خانمان، هێما بەوە
دەكات كە لەكابینەی شەشەم هیچكارێك بۆ
ئافرەتان نەكراوە، دەڵێت "لەو كابینەیە كار بۆ
ژن نەكراوە، تەنها ئەنجوومەنی خانمان هەیە،
ئەویش هێشتا نەیتوانیوە كارەكانی بەباشی
جێبەجێ بكات".
كۆسار كەریم، بەرپرسی لێژنەی دارایی و
گەشەپێدانی مرۆیی لەئەنجوومەنی كاروباری
خانمان، لەدوارۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی
توندوتیژی، لەبارەی چۆنیەتی بەرێوەچوونی
هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی،
كە ئەمساڵ لەژێر چەتری ئەنجوومەنی باڵای
كاروباری خانمان بەڕێوەچوو، بۆ (سڤیل) باسی
لەوەكرد كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی
كوردستان، داوا لەئەنجوومەنی خانمان كراوە كە
سەرجەم رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژنان،
بەسەرپەرشتی ئەنجوومەن بەشداری هەڵمەتەكە
بكەن، بۆیە هێمای پێدا كە "لەكۆنفراسێكدا ئێمە
نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و
رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژنانمان
بانگهێشتكرد بۆ ئەوەی بەرنامە و پلان دابڕێژین
بۆ هەڵمەتەكە"، كۆسار دەشڵێت "بەشێك
لەرێكخراوەكان پابەندبوون بەبەرنامەكە و
بەهاوبەشی لەگەڵ ئەنجوومەن پرۆژە و كار و
چالاكییەكانیان سازكرد، بەشێكیش بەشێوەیەكی
سەربەخۆ چالاكیەكانیان ئەنجامدا".
لەبارەی چۆنیەتی بەرێوەچوونی هەڵمەتەكەش،
بەرپرسی لێژنەی دارایی و گەشەپێدانی مرۆیی
لەئەنجوومەنی كاروباری خانمان، گوتی
"بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچوو، چالاكی جۆراوجۆر
ئەنجامدرا و سەرەكیترینیان راگەیاندنی
ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بوو،
كە ئەم ستراتیژییە دەتوانرێت كاری لەسەر بكرێت
و بەر لەتوندوتیژی بگرێت".
كۆسار، لەبارەی رۆڵ و كارایی ئەنجوومەنی
كاروباری خانمان و ئەو رەخنانەی رووبەڕووشیان
دەبێـتەوە، دەڵێت "ئەنجوومەنی كاروباری خانمان
هێشتا نەكەوتۆتە سەر رێڕەوەی خۆی و تائێستا
ئالیەتی فەنیمان بۆ كاركردن لەناو ئەنجوومەن
نییە و هێشتا پەلمان نەهاویشتووە بۆ شارەكانی
دیكە". گوتیشی من وەكو كۆسار دەڵێم، نەوەك
بەناوی ئەنجوومەنەوە، "لەو كابینەیە كار بۆ ژن
نەكراوە، تەنها ئەنجوومەنی خانمان هەیە، ئەویش
هێشتا نەیتوانیوە كارەكانی بەباشی جێبەجێ
بكات".
|