نەرویج داوای پەنابەرێتی كوردێك رەت دەكاتەوەو پێی دەڵێ "بڕۆرەوە و وریای خۆت بە"  

 

 

ئـا: پۆڵ كانینگ


دادگا قەبوڵی بوو كە (ئـ.ح.ر) نێربازە و نێربازەكانیش لەعێراق لەژێر هەڕەشە دان و لەوانەشە بكوژرێن، بەڵام فەرمانیدا بە (ئـ) كە "بڕۆرەوە و خۆت لەگەڵ دۆخی كلتوری و كۆمەڵایەتی عێراق بگونجێنە".
(ئـ) كوردە و بەرپرسانی دەزگای كۆچبەران بانگەشەی ئـەوە دەكەن، كە ناوچە كوردییەكان زۆر جیاوازن لەناوچەكانی تری عێراق و لەكاتی گەڕانەوەیدا (ئـ) دەتوانێت داوا لەدەسەڵاتی كوردی بكات بیپارێزن.
جۆن ئـۆلی مارتنسن پارێزەری (ئـ) دەڵێ "لەڕووی كردارییەوە ئـەمە ئـەوە دەگەیەنێ كە: حەزە سێكسییەكانت بشارەوە، چونكە ئـەگەر پێت بزانن دەكەویتە بەر چەوسانەوە".
لەلێدوانیدا بۆ دەزگای دەنگ و ڕەنگی نەرویجی "ئـێن ئـار كەی" (ئـ) گوتی "خێڵەكەم دەیانەوێ بمكوژن. پیاو و ژنی هاوڕەگەزباز ناتوانن بە كراوەیی لەعێراقدا بژین". ئـەوەی پێی دەوترێ كوشتنی پەیوەست بە شەرەف لەهەرێمی كوردیی عێراق بڵاوە.
بەپێی هەواڵەكان مانگی رابردوو لەكەلار لەهەڵمەتێكی پۆلیسدا بۆ سەر نێربازەكان، 25 كەسیان لێ دەستگیر كراوە.
لەمانگی سێپتەمبەردا كۆمیسیۆنی باڵای یو ئـێن تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و یۆنامی ڕاپۆرتێكیان بڵاو كردەوە و تێیدا ئـاماژەیان بەوە كردووە، كە تا ساڵی 2010 ش لەعێراق هێرش بۆ سەر هاوڕەگەزباز و دوودەگی و رەگەزگۆڕەكان بەردەوام بووە.
(ئـ) لە 2006 و لەوكاتەوەی یەكتریان ناسی لەپەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئـارنی هێنریكسنی نەرویجی، پیاوە نەرویجییەكە گوتویەتی ئـەگەر (ئـ) بنێرنەوە بۆ عێراق منیش لەگەڵی دەچم. ئـەو هەروەها گوتبوی "وا ئـاسان واز ناهێنین، تا كۆتایی بەردەوام دەبین".
بەگوێرەی رۆژنامەی Aftenposten (ئـ) دە ساڵ دەبێت هاتۆتە نەرویج و بە نەرویجییەكی باش قسە دەكات و لەكانتینێكدا ئـیش دەكات و گەلێ هاوڕێی هەیە.
ساڵی پار لەكەیسی كامیرۆنی و ئـێرانییەكدا لەبەریتانیا، دادگای باڵا بڕیاریدا كە نابێ بە هاوڕەگەزبازانی نێر و مێ بوترێ "بڕۆرەوە و وریای خۆت بە".
مارتنسن دەڵێ كە كەیسەكەی (ئـ) دەگەیەنرێتە دادگای باڵای نەرویج.
بەگوێرەی داتای حكومەتی نەرویج ساڵی پار لە كۆی 52 هاوڕەگەزباز كە داوای پەنابەرێتییان كردووە، داواكاری 40 كەسیان رەت كراوەتەوە. لەئـیمەیلێكدا بۆ دامەزراوەی دەنگ و ڕەنگ (ڕاگەیاندن)ی نەرویج، وەزارەتی دادی نەرویج ئـاشكرای كرد كە ڕەنگە شێوازی مامەڵە لەگەڵ هاوڕەگەزبازانی نێر و مێ و دودەگی و ڕەگەزگۆڕەكان بگۆڕین. مارتنسن دەڵێت "نەرویج دەبێ پێشەنگ بێت لە پاراستنی هەموو لایەك بێ گوێدانە ئـاراستە سێكسییەكانیان".
وڵاتانی تری ئـەوروپایی وەكو فەرەنسا پەنابەرە عێراقییەكان نانێرنەوە. رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك UNHCR یش دەڵێ ئـێستاش عێراق شوێنێكی سەلامەت نییە بۆ گێڕانەوەی پەنابەران.
هەفتەی رابردوو دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند كە فڕۆكەخانەی بەغدا چیتر ئـەو پەنابەرانە وەرناگرێتەوە كە بە زۆر لەئـەوروپاوە دەنێردرێنەوە.
وەك دەوترێ فیدراسیۆنی جیهانیی پەنابەرانی عێراق حكومەتی بەغدای بەوە تاوانباركردووە هەستاوە بە ئـیمزاكردنی رێككەوتننامەیەك لەگەڵ وڵاتانی ئـەوروپا كە بەو پێیە وڵاتانی ئـەوروپا بەزۆر پەنابەرانی عێراق بنێرنەوە، لەهەمبەر سوككردنی قەرزەكانیان لەسەر عێراق. لەنێوان ئـەو وڵاتانەی لە 2005 ەوە كەوتونەتە بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانی عێراقی بەرەو فڕگەی بەغدا بریتین لە سوید و نەرویج و فینلەندا و دانیمارك.
بەگوێرەی فیدراسیۆنی جیهانیی پەنابەرانی عێراق تا ئـێستا 5000-6000 پەنابەری عێراقی بەزۆر نێردراونەتەوە كە زۆربەیان كوردن.
بە وتەی ئـامانج عەبدوڵڵا بەرپرسی بەشی كوردستانی فیدراسیۆنی جیهانیی پەنابەرانی عێراق دوای ئـەو بڕیارەی حكومەت كەس بەزۆر نەنێردراوەتەوە. بۆیە ئـەو بڕیارەی بە بڕیارێكی ئـەرێنی لەبەرژەوەندی پەنابەرانی عێراق وەسفكرد.
سەرچاوە: سایتی lgbtqnation.com

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com