ژنە مامۆستایەك دوای شووكردنی بە نەخوێندەوارێك ئاگر لە جەستەی بەردەدات  

 

 

سڤیل: هاوكار محێدین

پاش ئەوەی ژنێك ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات و بەو هۆیەوە گیان دەسپێرێت، دایك و باوكی ژنەكە سكاڵا لەسەر زاوا و خەسوی كچەكەیان تۆماردەكەن و بەوە تۆمەتباریان دەكەن كە ئەوان هۆكاری رەشبینی و خۆسوتاندنی كچەكەیان بوونە.
وەك یەكێ لەدەستە خوشكەكانی ژنە سوتاوەكە بۆ (سڤیل) ئاماژەی پێدا، لەقۆناغی كۆلێژ ئەو كچە داواكاری زۆربووە، بەڵام لەبەر ئەوەی تاقانە و جوان بووە، زۆربەی داواكارییەكانی ئەو كاتەی رەتكردۆتەوە. دەڵێت "قۆناغی كۆلێژی تەواوكرد و بوو بە مامۆستا، تەمەنیشی گەیشت بە 29 ساڵ، بۆیە توشی رەشبینی هاتبوو بەهۆی گەورەیی تەمەنی و نەهاتنی داواكاری لەو ماوەیەدا"، ئەو دەستە خوشكەی ژنە سوتاوەكە كە نەیویست ئاماژە بەناوەكەی بكرێت، ئەوەشی گوت كە "لەو ساڵەدا، (ع) یەكجار بێئومێد ببوو لەشوكردن و گوتی قەت لێناگەڕێم تەمەنم بگاتە 30 ساڵ، ئەوجارە هەركەسێك بێتە داوام شووی پێدەكەم. ئەوەبوو لەرێگای قوتابخانەكەی كە چەند ساڵێكە لەوێ مامۆستایە، كوڕێكی خەڵكی كۆمەڵگایەكی دەوروبەری دهۆك دەبینێ و پاشتر پەیوەندی دروستدەكەن و دواتریش كوڕەكە هاتە داوای و شووی پێكرد".
وەك ئەو كچە هاوڕێیەی باسیشی لێوە دەكات، (ع) هەر لەهەفتەی یەكەمی ژیانی هاوسەری، شەڕێك لەگەڵ پیاوەكەی دەكات و لەماوەی 8 مانگی بێكەوە ژیانیشیان، چەندین شەڕی دیكە دەكەن و چەند جارێكیش بەزوویربوون دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی و پاشان دەچێتەوە لای پیاوەكەی، تا دواجار لەكاتژمێر 11و نیوی شەودا ئاگر لەجەستەی بەر دەدات و خۆی دەسوتێنێ.
هەر لەشەوی خۆسووتاندنی كچەكەشیان، دایك و باوكی سكاڵایەك لەسەر زاوا و خەسوی كچەكەیان تۆمار دەكەن و بەو هۆیەوەش لەلایەن پۆلیسەوە دەسگیر دەكرێن، بەڵام لەدوای نكۆڵیكردنیان لەبەردەم پۆلیس بەوەی كە ئەوان هۆكاربن و توندوتیژیان لەبەرامبەر بەكارهێنابێت، پۆلیس ئەوشەوە بەكەفالەت هەردووكیان (دایك و كوڕەكە) ئازاد دەكات.
رۆژی بەڕێوەچوونی دادگاییەكەش لەدادگای تاوانەكانی دهۆك، كە هاوسەری ژنە سوتاوەكە و خەسوەكەی تێیدا ئامادە بوون، سەرەتا دایكی كچەكە وەكو سكاڵاكار لەلایەن دادوەرەوە رێگای قسەكردنی پێدرا و گوتی "لەو رۆژەی ئەو كچەی من شووی بەو پیاوە كرد (پەنجەی بۆ زاواكەی لەقەفەسی تاوان درێژكرد) ئێمە ژیانمان شێوا و رۆژێكی خۆشمان نەبینی، چونكە بەردەوام پیاوەكەی و خەسوەكەی لێیان دەدا و ئیهانەیان دەكرد و ئەویش بەزوویر بوون دەگەڕایەوە لای ئێمە". دایكی ژنە سوتاوەكە بۆ دادگا ئەوەشی ئاشكراكرد كە لەماوەی ئەو 8 مانگەی كچەكەی شووی كردووە، زیاتر لە 10 جار بەزوویر بوون گەڕاوەتەوە ماڵ و ئەوان بەزۆر ناردویانەتەوە ماڵەكەی خۆی، دواجار بەگریانەوە گوتیشی "ئەو پیاوە خۆی و دایكی، هۆكاری خۆسووتاندنی كچەكەی من بوون، بۆیە داوا لەیاسا دەكەم تۆڵەی ئێمەیان لێوەر بگرێتەوە".
باوكی كچەكە، ئەویش وەكو سكاڵاكار هاتە بەردەم دادوەر و هێمای بەوەكرد، كە زاواكەیان و دایكی هۆكاری خۆسوتاندنی كچەكەی ئەوانن و گوتی "ئەو كچەی من ئەگەر كێشەیەكی گەورەی نەبا بۆچی خۆی دەسوتاند؟ ئەگەر وایە و كێشەی نەبووە، ئەی بۆچی لەماڵەكەی خۆمان كە 29 ساڵ تێیدا دەژیا، خۆی نەدەسوتاند"، باوكەكە بەچاوی پڕ لەگریانەوە گوتیشی "من تەنها ئەو كچە تاقانەیەم هەبوو، بۆیە هیوادارم یاسا تۆڵەی ئەو جەرگسوتانەی من بكاتەوە".
راستەوخۆ لەدوای ئەو قسانەی دایك و باوكی كچەكە، دوو هاوسێی ماڵی ژنە سوتاوەكە، وەكو شایەتحاڵ لەسەر رووداوەكە، هاتنە بەردەم دادگا و لەدوای سوێندخواردن، هێمایان بەوەكرد كە ژیانی ژن و مێردەكە ئاسایی بووەو هیچكات پیاوە لەگەڵ دایكی توندوتیژیان لەبەرامبەر ژنەكە بەكار نەهێناوە.
هاوسەری ژنە سوتاوەكە، بۆ بەرگریكردن لەخۆی و لەسەر داوای دادوەر، لەدوای هێنانە دەری لەقەفەسی تاوان، ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو لەگەڵ هاوسەرەكەی بەخۆشەویستی ژیانی هاوسەریان پێكهێناوەو هیچ كاتێكیش ئەوان بەشەڕ نەهاتوون، بەڵام وەك ئەو گوتی "لەو ماوانە هاوسەرەكەم توشی نەخۆشی دەروونی هاتبوو، هەر ئەوەش هۆكاری خۆسوتاندنەكەی بوو". بەپێی راپۆرتی پزیشكی داد، ژنەكە بەرێژەی لە 80% سوتاوەو هەر بەو هۆیەوەش گیانی سپاردووە.
لەكۆتایی دانیشتنەكە، دادگای تاوانەكانی دهۆك، بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەر لەسەر تۆمەتباركردنی دایك و كوڕەكە كە (هاوسەر و خەسو)ی ژنە سوتاوەكە بوون، دادوەر بڕیاری ئازادكردنی هەردووكیانی دا.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com