|
سڤیل:
تەرزە بەختیار
ئوم
مەهــــدی: ســاڵ بە ساڵ ژمارەی ژنـــان
لەمەراسیمی عاشورا لەهەولێر زیاتر دەبێت
لەهەر شوێنێك هاوڵاتی شیعەی پابەندبوو
بەمەزهەب هەبێت، مەراسیمی عاشورا و سینگ كوتان
و لەخۆدان هەیە، ئەمساڵ لە هەولێر ژنانی شیعە
مەزهەب مەراسیمی عاشورایان سازكرد، ئوم مەهدی
كە سەرپەرشتی مەراسیمەكەی دەكرد، دەڵێ ساڵ لە
دوای ساڵ ژمارەی ئامادەبووانی ژن
لەمەراسیمەكەدا زیاتر دەبێت.
ئیحترام قودرەت، كە بە ئوم مەهدی بانگ دەكرێ،
ژنێكی شیعە مەزهەبە، گەنم رەنگە، تەمەنی 44
ساڵە، ماوەی 27 ساڵە شوویكردووە، خاوەنی پێنج
كوڕە، شەش ساڵە لە هەولێر دەژیت، لە شەوی
عاشوورادا بە رێكەوت یەكترمان ناسی، كاتێ وەك
رۆژنامەنووس خۆتی پێدەناسێنی خۆشحاڵ دەبێت. لە
ماڵەكەی خۆی لەشاری هەولێر پێشوازی لێكردین،
لەگەڵ هاوسەرەكەی كە بەرپرسی دەزگای شەهیدی
میحرابە لە هەولێر، لەبارەی شێوازی كاركردنیان
و كۆبوونەوەیان لە كاتی بۆنەكانی تایبەت بە
مەزهەبی شیعە ئوم مەهدی دەڵێت "حەوت مانگ لە
دەزگای شەهیدی میحراب لە بەشی كاروباری ژنان
كارمكرد، بەڵام دانەمەزرام، چونكە رەگەزنامەی
عێراقیم نەبوو، زمانی عەرەبیشم باشنەبوو،
بەڵام لە هەموو بۆنەو یادەكان دەچمە مزگەوت و
لەگەڵ ژنەكان كۆدەبمەوە، سەرپەرشتی بۆنەكان
دەكەم".
شیعە مەزهەب مەراسیمی عاشورا وەك یادێكی
خەمناك ساز دەكەن، ئەو رۆژە شین دەگێڕن بۆ
كوشتنی ئیمام حوسێن، لە ئێران دوو رۆژ كە
(تاسوعا و عاشورا)ی پێدەڵێن دەبێتە پشوی
رەسمی، بەڵام هەر بە تەنیا پشوی دامودەزگا
رەسمییەكان نابێت، بەڵكو پشوی سەرجەم دەزگا
حكومی و ناحكومی و شوێنە بازرگانییەكان و
تەنانەت دوكانی ئاساییش ناكرێنەوەو لەم دوو
رۆژەدا شارەكانی ئێران بەتایبەتی فارسنشینەكان
شاری خامۆشن و تەنیا دەنگی مەراسیمی لەخۆدان و
سینگكوتان و سرودی دینی دەبیسترێت، بەڵام
لەعێراق تەنیا رۆژێك پشوەو تەنیاش دامودەزگا
رەسمییەكان لە پشودا دەبن، بەڵام خەڵكی شیعە
مەزهەب لەهەر كوێ بێت ئەو رۆژانە یادەكە
دەكەنەوەو لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە
جیاوازی دەبێت لەشێوە و ئاستی مەراسیمەكە.
(سڤیل) لە مەراسیمی یادی عاشورای ژنانی شیعە
مەزهەب لە هەولێر ئامادەبوو، كە بە جلی رەش و
سینگ كوتان و پاڕانەوە بە چاوی بە فرمێسكەوە و
دەنگی بەرزی سرودەكان، سروتێكی ئاینی –
مەزهەبی بە كەشی نێو هۆڵەكە بەخشی بوو.
دایكی مەهدی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە
وەزارەتی ئەوقاف و لایەنی ئەمنی شاری هەولێر
زۆربەی كات هاوكاری ئەوانی كردووە، زەمینەسازی
بۆ كردوون، ئاشكراشی دەكات هەندێ جار لەلایەن
كەسی نەخوێندەوار بەربەستیان بۆ دروست دەكرێت،
دەڵێت "ئەو كەسانەی رێگریمان لێدەكەن، لە ئێمە
تێناگەن، جاهیلن، ئەگینا ئێمەش خودا دەپەرستین
و بڕوامان بە قورئانی پیرۆز هەیە، تەنێ
مەزهەبمان جیاوازە، رێزی مەزهەبی بەرامبەریش
دەگرین".
چێشتی عاشوورا
چێشتی عاشوورا یاخود ئەو خواردنەی لە رۆژی
عاشوورادا لەلایەن شیعە مەزهەبەكان ئامادە
دەكرێت و پێشكەش دەكرێت، بەلای زۆر كەس جێگای
پرسیارە، بەشێكیش لە سونە مەزهەبەكان نەهی لەو
چێشتە ئامادەكراوە دەكەن، دەڵێن "ئەو خواردنە
حەرامە بخورێت".
دایكی مەهدی بە نیگەرانیەوە لە بەرامبەر ئەو
قسانەی بەرامبەر بە چێشتە ئامادەكراوە دەكرێت،
گوتی "چێشتی عاشوورا تایبەتمەند نیە بە
عاشوورا، بۆ تێركردن و خێرە، چونكە لەو رۆژە
ژمارەیەكی زۆر لەخەڵك كۆدەبنەوە، ئێمە هەر
تەنیا لەو رۆژە خواردن دروست ناكەین، بەڵكو بۆ
رۆژی لەدایكبوونی ئیمانی زەمانیش (ئیمام
مەهدی)و تەنانەت لە رۆژی لەدایكبوونی
پێغەمبەریش ئەو چێشتە دەكەین".
لە ئێران كە دەوڵەتەكە شیعە مەزهەبە و زۆر
گرنگی بەو بۆنەیە دەدرێت، لە رۆژانی تاسوعا و
عاشورادا خواردنێكی زۆر دابەش دەكرێ و خەڵك
سەرەی بۆ دەگرن، تا بەریان دەكەوێ، ئوم مەهدی
لە بارەی گرنگی ئەو خواردنە دەڵێ "هەندێك
بڕوای زۆریان بەو خواردنە هەیە، وای دەبینین
بە خواردنی كەوچكێك لەو خواردنە هەموو ئاوات و
خۆزگەیەكیان دێتەدی، هەندێكجار كەسی نەخۆش بە
خواردنی ئەو خواردنە چاك دەبێتەوە، چونكە
بڕوایەكی زۆری هەیە، ئەو چێشتە لەسەر ناوی
حوسێن هاتووە، خێرە، گوناه نیە".
مەراسیمەكان كۆیان دەكاتەوە!
مەراسمی عاشوورا لەلای شیعە مەزهەبەكان
تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەشوێنی بەرێوەچوونی
مەراسیمەكان بەبێ گوێدانە مەترسی و دووری رێگا
ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لەو رۆژە لەشوێنی
دیاریكراو ئامادەبن، دایكی مەهدی خۆشحاڵی خۆی
دەردەبڕێت لەوەی ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی
ئامادەبووانی ژن زیاتر دەبێ لەمەراسیمەكە،
دەشڵێت "ئێمە زۆر لە هیچ كەسێك ناكەین، ئەوان
خۆیان دێن بۆ مەراسیمەكە لە هەموو ناوچەكان"،
بەڵام لەهەمانكاتدا گوتیشی "مەترسی لەسەر
ژیانمان هەیە، ئێمە بە هێڤی خودا دەژین، خودا
یارمەتی ئێمە دەدات". بەسەیركردنێكی
مەراسیمەكە دەڵێ "خزمەتكاری ئیمام حوسێنم، بۆ
خودا ئەو كارە دەكەم".
|