|
سڤیل:
هەر چەندە كوڕەكە نكۆڵی لەوەكرد، كە ئەو
هۆكاری شوونەكردنی كچەكە بێت و پارێزەرەكەشی
بەرگری زۆری لێكرد، بەڵام بەهۆی پێداگیری
كەسوكاری كچەكە و هەبوونی چەند شایەدێك لەسەر
مەسەلەكە، دادگا بڕیاری دا بەزیندانیكردنی
كوڕەكە بۆ ماوەی یەك ساڵ.
هەموو بەڵگەكان، وەك كەسوكاری كچە هێمای بۆ
دەكەن، ئەوە دەسەلمێنن، كەوا كوڕەكە (د) تەمەن
25 ساڵ، بەهۆكاری خۆشویستنی كچەكە، هەڕەشەی
لەكەسێك كردووە، كە هاتۆتە داوای كچەكە و هەر
ئەمەش پاڵنەری سەرەكی پەشیمانبوونەی كەسی
خوازبێنیكاربووە لەداواكەی. لەرۆژی
دادگاییكردنی تۆمەتبار (د) كەسوكاری كچە و
چەند شایەدێك لەبەردەم دادوەر ئەوەیان
دوپاتكردەوە كە ماوەیەكی زۆرە ئەو كوڕە ناوی
خۆی هاویشتۆتە سەرناوی كچەكەی ئەوان و
هەركەسێك كە دێتە داوای كچەكەیان ئەو پەشیمانی
دەكاتەوە. هێمایان بەوەشكرد كە دواجار كوڕێك
هاتۆتە داوای كچەكەیان و لەدوای رازیبوونی،
بەماوەیەكی كەم دوای ئەوە، رایگەیاندووە كە
ئەو ناتوانێت كچەكەی ئەوان بخوازێت.
كەسێك لەئەندامانی خێزانی كچەكە، كە نەیویست
ئاماژە بەناوەكەی بكرێت، هێمای بەوەكرد كە ئەو
كەسەی دواجار هاتە خوازبێنی خوشكەكەیان و
دواتر پەشیمان بۆوە، هۆكاری سەرەكی ئەوە بووە
كە ئەو بەدواداچوونی بۆ رابردووی خوشكەكەیان
كردووەو زانیوێتی كە پێشتر خوشكەكەی جارێكی
دیكە بەدەسگیران بووە و چەند جارێك لەگەڵی
چۆتە دەرەوە، بۆیە وەك ئەو دەڵێت "ئەو كوڕە
وایزانیوە كە لەو چوونە دەرەوانە، خوشكەكەم
توشی هەڵە بووە"، لەبارەی ئەو كوڕە گەنجەش (د)
كە ماوەیەكی زۆرە واز لەخوشكەكەیان ناهێنی،
ئەو كەسە نزیكەی كچەكە گوتی "خوشكەكەی ئێمە
زۆر جوانە، بۆیە هەموو گەنجێك كە دەیبینێت
خۆشی دەوێت، بۆیە (د) وەكو هەموو گەنجێكە
بەڵام خوشكەكەی ئێمە ئەوی خۆشناوێت و جیاوازی
ئەویش لەگەڵ گەنجەكانی دیكە ئەوەیە كە
وازناهێنێ".
هەر لەناو هۆڵی دادگا، چەند شایەدێك لەدوای
سوێندخواردن لەبەردەم دادوەر، ئەوەیان
پشتڕاستكردەوە، كەوا كەسوكاری كچە راستدەكەن
لەوەی كە (د) هۆكاری شوونەكردنی كچەكەیانە،
راستەوخۆ لەدوای ئەوەش، دادوەرەكە رێگای دا كە
(د) بەرگری لەخۆی بكات، پاش هاتنە دەرەوەی
لەقەفەسی تاوان (د) هەموو ئەو قسانەی
رەتكردەوە، كەوا كەسوكاری كچە و شایەدەكان
لەبەرامبەر ئەو كردوویانەو گوتی "من و ئەو كچە
یەكترمان خۆشدەوێت و من هیچ تاوانێكم
نەكردووەو بێگوناهم"، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی
دادوەریش كە ئەگەر یەكتریان خۆشدەوێت، بۆچی
نەچۆتە داوای، دیسانەوە (د) گوتی "من ماوەی
دووساڵە ئەو كچەم خۆشدەوێت و لەدڵەوەش
خۆشمدەوێت نەوەك مەبەستی خراپم هەبێت، بەڵام
گوتم تاوەكو تەمەنم دەگاتە 25 ساڵی تەواو،
ئینجا دەچمە داوایی و دەیخوازم، بۆیە من
بەنیاز بووم لەو ماوەیە بچمە داوای، بەڵام
چیبكەم شانسەكەم ئاوای لێهات و كەوتمە ئێرە".
پارێزەری تۆمەتبار (د) كە نەیویست ئاماژە
بەناوەكەی بكرێت، هێمای بەوەكرد كە ئەو كوڕەی
لەخوازبێنی كچەكە پەشیمان بۆتەوە، هیچ
پەیوەندییەكی بە (د)ەوە نییە و كەسوكارەكەشی
ناتوانن ئەوە بسەلمێنن، هاوكات ئەوەشی خستەڕوو
كە ئەگەر هۆكارەكە (د)یش بێت، كەوا كوڕەكەی
پەشیمان كردبێتەوە، ئەوە دیسانەوە هیچ
ماددەیەكی یاسایی نییە، كەوا (د) لەسەری حوكم
بدرێت. ئەو پارێزەرە دەشڵێت "پێویستە دادگا
بریكارەكەی من ئازاد بكات، چونكە ئەوەش راست
نییە كە تەنها (د) یەكلایەنە كچەكەی
خۆشویستبێت بەڵكو كچەش ئەوی خۆشدەوێت و ئەوە
شتێكی حاشا هەڵنەگرە".
سەرەڕای ئەوەی كە تۆمەتبار (د) و پارێزەرەكەی،
زۆریان بەرگری كرد و هەموو قسەكانی كەسوكاری
كچە و شایەدەكانیشیان رەتكردەوە، هاوكات
داواشیان كرد كە دادگا بەچاوی دلۆڤانی سەیری
كێشەكە بكات، بەڵام دواجار دادوەری دادگای
تاوانەكانی دهۆك بە 1 ساڵ زیندانیكردن (د)
حوكم دا.
|