قـەرز بــەرەو نـــــــــــــــــــــەمان دەچێت... "یاسای قەرز ئاوایە، بە قسەی خۆش دەدرێت و بە شــــــەڕ و قســـەی نـــاخۆش وەردەگیــرێتــەوە"  

 

 

سڤیل: هێمن محەمەد



"تكایە قەرز نییە، بۆ منیش؟ بەڵێ بۆ تۆش"، ئەم رستەیە لە تەنز دەچێت، بەڵام لەزۆر لە دوكان و ماركێتەكاندا هەڵواسراوە، پێدەچێ خاوەن دوكان و ماركێتەكان زۆر بێزار بووبن بەدەست قەرزاریانەوە، بۆیە نوسیویانە "بەڵێ بۆ تۆش".
قەرز، لەناو كورد و بەشێكی زۆری میللەتانی جیهان بوونی هەبووە، بەڵام لەكوردستان قەرزپێدان وەكو دیاردەیەكی مرۆڤایەتی و ویژدانی سەیر كراوە، بەتایبەتی كاتێك كەسێك لەوپەڕی پێویستیدا بووبێت، بەڵام لەئێستادا تادێت بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، كە بەبڕوای زۆربەی شارەزایانی بواری كۆمەڵایەتی كەمبوونەوەی دیاردەی قەرزپێدان هۆكارێكە بۆ زیاتر پوكانەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كەمبوونی متمانە لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگادا.
هاوڵاتییەكی تەمەن 39 ساڵەی شاری هەولێر، لەبارەی قەرز وەرگرتنەوە دەڵێت "من لەئێستادا قەرزاری خزمێكمم، زۆر جاری دیكەش قەرزار بووم، بەڵام تائێستا دیناری هیچ كەسێكم نەخواردووە"، نەسرەدین ئیسماعیل دەشڵێت "دنیا دەورانە، ئەوڕۆ من قەرزارم بەس پێنج ساڵ لەمەوبەر خەڵك قەرزاری من بوون"، لەبارەی هۆكاری كەمبوونەوەی قەرز پێدانیش، گوتی "بەبڕوای منیش لەم سەردەمە قەرز وەرگرتن زۆر كەم بۆتەوە، چونكە خەڵك پارە لەماڵەوە دانانێ، ئەگەر داشیبنێ، ئەوا بەقەرز نایدا". نەسرەدین باس لەحالەتێكی چەند مانگ لەمەوبەری خۆی دەكات و دەڵێت "من سەیارەم كڕی، دوو ملیۆنم كەمبوو، زۆر هەوڵمدا لای برادەران، بەڵام هەرچی پێمگوت وتی لەبەردەستم نییە، دواتر چوومە لای خزمێكم و پارەكەم بۆ ماوەی دوومانگ لێوەرگرت، بۆیە بەراستی گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە خەڵك متمانەی نەماوە و پارە بەقەرز نادەن".
حەسەن حوسێن، كە خاوەنی (نووسینگەی بێخمە)یە بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، لەبارەی كەمبوونەوەی پێدانی قەرز كە ئاخۆ ئەو بۆخۆشی ئێستا قەرز بەخەڵك دەدات، دەڵێت "ئێمە كە یەكێك داوای قەرزمان لێدەكات، وەك كەسێكی ئاسایی ناتوانین بڵێین پارەمان نییە، چونكە ئێمە بەردەوام پارەمان هەیە و ئیشەكەی ئێمە پێویستی بەپارەیە، بۆیە رۆژانە خزم و كەس و ناسیاو دێنە لامان بۆ قەرز، بەڵام ئێمە قەرز نادەین، چونكە ناشكرێت بەڕاستی، ئەوكات ئیشەكەی ئێمەش رادەوەستێت"، ئەو خاوەن نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوییە، گوتیشی "قەرزدان زۆر ئاسانە، بەڵام وەرگرتنەوەی زۆر زەحمەتە، خەڵك هەیە پارەی هێناوە دەڵێ زەوییەكم بۆ بكڕە و ئەوەی كەم بوو بیخە سەری، ئاخر ئەوە چۆن دەبی؟ بۆیە بەگشتی قەرزمان زۆر كەم كردۆتەوە، چونكە دنیا وای لێهاتووە كەم كەس یان بەدەگمەن كەسێك هەیە پێویستی بەپارە نەبێ".
حەسەن حوسێن، باس لەهەندێ تایبەتمەندی قەرز دەكات و دەشڵێت "یاسای قەرز وایە، بەقسەی خۆش دەدرێت و بەشەڕ و قسەی ناخۆشیش وەردەگیرێتەوە، تەنانەت ئەو كەسەی كە قەرزەكە دەداتەوە وادەزانێ پارەكەی لێدەستێنی، بۆیە خەڵك بێزار بووە، ئێستاش خەڵك هۆشیارترە لەجاران، ئەگەر پارەی هەبێ خێرا سەرفی دەكات، ئەوە ناوماڵە، ئەوە خانووە، ئەوە سەیارە، ئەوە سەدان مۆدیلاتە كە رۆژانە گۆڕانیان بەسەر دادێت".
دەرچووی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەلاحەدین (هاوكار عەبدوڵڵا) ئەویش بڕوای وایە كە پێویستە ئەو دیاردەیە (قەرزپێدان) بەردەوامی هەبێت، چونكە وەك دەڵێ، بەهۆیەوە رۆحی هاوكاری و برایەتی و یارمەتی دەبوژێتەوە. مامۆستا هاوكار، دەشڵێت "ئیسلام بەگشتی لەگەڵ هەبوون و پێدانی قەرزدایە، چونكە وەك كوردەوارییەكە دەیڵێ (قەرز دووماڵ ئاوەدان دەكاتەوە)، من بڕواشم وایە كە قەرز دەبێتە هۆی زیاتر پتەوبوونی پەیوەندی دۆستایەتی و خزمایەتی و لەئسلامیشدا پاداشت هەیە بۆ ئەو كەسانەی یارمەتی لێقەوماو و هەژاران دەدەن"، بۆ مەرجی قەرزپێدانیش وەك ئەو مامۆستا ئاینییە، دەڵێت "قەرز دەبێت بەوجۆرە بدرێت، كە ببێتە هۆكاری دەربازكردنی ئەو كەسەی قەرزەكەی پێدەدرێت لەو كێشەیەی لەبێ پارەیی بۆی دروستبووە، چونكە هەندێجار قەرز ژیانی مرۆڤێك رزگار دەكات، یان دڵی منداڵێكی بێ باوك خۆشدەكات. ئەمانە نمونەی هەرەباشی سوودەكانی قەرز بەیەكتردانن، بۆیە دەبێت ئەو دیاردەیە لەناو كۆمەڵگای ئێمە هەر بمێنێ و بەو هۆیەشەوە هەستی برایەتی و خۆشەویستی هەر لەزیادبووندا دەبێت".
لەئێستادا رێژەیەكی زۆری بانك لەشارەكانی كوردستاندا كراوەتەوە، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت هاوڵاتیان كەمتر متمانەیان بەبانك هەیە، بەبڕوای شارەزایەكی ئابووریش لەم قۆناغەی ئێستادا خەڵك زیاتر هەوڵ بۆ خوشگوزەرانی دەدات، بۆیە كەمتر پارە لەماڵەوە دادەنێ یان كە یەكێ داوای قەرزی لێكرد، پێی بدات. (ئیسماعیل مەجید) شارەزا لەبواری ئابووری، بڕواشی وایە كە كەمبوونەوەی دیاردەی قەرز، هاوكاتە لەگەڵ كەمبوونەوەی دیاردەی خەواندنی پارە لەبانكەكان، دەشڵێت "كۆمەڵگای ئێمە لەقۆناغێكی تەواو جیاوازدایە بەڕابردوو، ئەوەی ئێستا خەڵك خولیاو ئاواتییەتی هەڵگرتنی پارە نییە، بەڵكو سەرفكردنی پارەیە، لەروانگەی ئابووریەوەش ئەوە شڕۆڤەی خۆی هەیە"، دەشڵێت "ئەوەندەی من تێبینم كردبێت و پرسیارم كردبێ، خەڵك زۆركەم متمانەی بەبانكەكان هەیە و زۆر بەكەمیش پارە دەباتە بانك، بۆیە خەڵكی ئەگەر پارەیان هەبێ، نە بەقەرزی دەدەن و نە دەشیبەنە بانك، بەڵكو سەرفیدەكەن لەپرۆژەی بازرگانی و كڕینی كەلوپەلی ناوماڵ و خانوو و چەندان پێداویستی دیكەی خۆشگوزەرانی و سەفەر و رەفاهییەت".
توێژەرێكی كۆمەڵایەتی، هێما بەوە دەكات كە هەر لەكۆنەوە لەناو كورداندا، رۆحی هاوكاری و برایەتی هەبووە، كە یەكێك لەبەرهەمەكانی ئەو هاوكاری و برایەتییەی نێوان خەڵك، بریتی بووە لەقەرز بەیەكتردان و متمانە بەیەكتر كردن، ئەوەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە بەهێزەی كە لەناو تاكەكانی كۆمەڵگادا هەبووە، بەڵام لەم سەردەمەدا دیاردەی پارە بەقەرزدان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و لای زۆر كەسیش هەر نەماوە. بەبڕوای ئەو شارەزایەی بواری كۆمەڵایەتی، دیاردەی كەمبوونەوەی پێدانی قەرز لەكۆمەڵگای كوردەواری، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، چونكە وەك ئەو هێمای بۆ دەكات، سەردەم و لاوازی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، هۆكاری سەرەكین بۆ كەمبوونەوەی ئەو دیاردەیە. توێژەری كۆمەڵایەتی (سۆزان محەمەد) بۆ (سڤیل) دەشڵێت "دیاردەی قەرزدان و قەرز وەرگرتنەوە، هاوكێشەیەكی كۆمەڵایەتی كۆنە، قەرز تەنها لەپارەدا نییە، لەكۆنەوە قەرز هەبووە لەچەندین كەلوپەل، تەنانەت رۆژە ئیش و چەندان شتی دیكەش"، دەشڵێت "لەم سەردەمەدا دیاردەی قەرز زۆر بەرەوكەمی رۆیشتووە، بۆ ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بەلاوازبوونی ئاستی پەیوەندی كۆمەڵایەتی خەڵكەوە هەیە"، لەبارەی هۆكارە سەرەكییەكانی كەمبوونەوەی پێدانی قەرزیش لەناو كۆمەڵی كوردەواری، وەك ئەو گوتی "لەئێستادا زۆر بەكەمی خەڵك پارە بەبێ ئیشی لەماڵەوە دادەنێت، متمانەش بەشێوەیەكی بەرچاو لەنێوان خەڵك كەمبووە، بۆیە ئەو دیاردەیە بەو بەرچاوییە كەمی كردووە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com