سڤیل وردەكاری رووداوەكەی تاسڵوجە بڵاو دەكاتەوە... پیاوێك ژنەكەی دەكاتە شەش پارچە و پارچەكان لەچەند شوێنێك فڕێدەدات  

 

 

سڤیل:

تائێستا چوار منداڵەكەیان رووداوەكەیان نەزانیوەو بەردەوام هەواڵی دایكیان دەپرسن

پیاوێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بەهۆی كێشەیەكی خێزانی كۆمەڵایەتیەوە لەتاسڵوجەی پارێزگای‌ سلێمانی، پاش لێدانێكی زۆر هاوسەرەكەی خۆی دەكوژێت و بۆشاردنەوەی لاشەكەشی دەیكات بە شەش پارچەوەو لەنزیك چەمی تانجەڕۆ فرێی دەدات، لەكاتی دانپێدانانی تاوانەكەشیدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە پەشیمان نییە لەو كارەو ئەگەر جارێكی تریش زیندوو ببێتەوە دەیكوژێتەوە.
ئێوارەیەكی درەنگی لەدەمەو مەغریبدا پیاوێكی بەتەمەنی خاوەن پێداویستی تایبەتی قژماش و برنجی خۆی دەكات بە بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە لە رۆژئاوای شاری سلێمانی و دانی بەوەداناوە كە هاوسەرەكەی خۆی كوشتوەو پاشان پارچە پارچەشی كردوەو داوایكردوە دەستگیری بكەن، سەرجەم پۆلیس و ئیشگرەكانی ئەو ئێوارە لەو بنكەیە سەریان سوڕماوەو هێشتا ئەو رووداوە لەمێشكی خۆیاندا لێك دەدەنەوە.
بەوتەی دراوسێیەكی ئەو ماڵەش ئەو ژن و پیاوە بەردەوام كێشەو گرفتیان هەبووەو چەند جارێكیش شەڕیان بووەو خەڵك كێشەكەی بۆ چارەسەركردوون، سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە ئەوەی بۆ (سڤیل) ئاشكرا كرد، كە هێشتا كەسوكاری ئەو ئافرەتە تەرمەكەیان وەرنەگرتووەتەوەو منداڵەكانیشی نەیان زانیوە كە دایكیان كوژراوە، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو تۆمەتبارەكە (ج.ج) و لەدایكبووی‌ ساڵی‌ (1974)ەو كەمئەندامەو خانەنشینەو هاوسەرەكەشی ناوی (ش، ك)و ژنی ماڵەوەیەو تەمەنی 1973یە خاوەنی چوار منداڵچی كچن كە گەورەكەیان تەمەنی 13 ساڵە.
سەرچاوەیەكی تری ئاگادار لەپۆلیس چۆنیەتی رووداوەكەی بەم شێوەیە گێڕایەوە، كە لەئێوارەو شەوی 8 – 12 دەمەقاڵەیەكی زۆر روودەدات لەنێوان ئەو ژن و پیاوەداو پیاوەكە بەدارێك لەژنەكەی داوەو پاشان ژنەكە لەهۆش خۆی‌ چووە و گیانی‌ لەدەستداوە، بۆ رۆژی دواتر بۆ شاردنەوەی تەرمەكە جەستەی ئەو ژنەی بەمشار پارچە پارچە كردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی گێڕایەوە كە بۆ رۆژی دواتر پیاوەكە دەزانێت خێزانەكەی گیانی لەدەستداوە هەرچوار منداڵەكەی دەنێرێت بۆ ماڵی برایەكی و خۆشی هەوڵی شاردنەوەی تەرمەكەی دەدات، بەپێی وتەكانی ئەو تۆمەتبارە كە لای پۆلیس دركاندویەتی پاش خواردنەوەی چەند قتوە بیرەیەك زۆر هەوڵیداوە تەرمی هاوسەرەكەی بخاتە ناو سندوقی‌ ئۆتۆمبێلەكەیەوە، بەڵام لەبەرئەوەی‌ جەستەكە قورس بووە و خۆشی‌ كەمئەندام بووە نەیتوانیوە ئەو كارە بكات، بۆیە بەناچارییەوە بیری لەوەكردوەتەوە بەمشارێكی‌ ئاسنبڕینەوە جەستەكە پارچە پارچە بكات، بەوتەی سەرچاوەكەی پۆلیس پێشوەخت ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ شاردنەوەی جەستەكەی و پێوانەی‌ ئەو گونییانەی‌ كردووە كە جەستەكەی‌ تێدەكات، تاوەكو بڕینەوەی‌ دەست و قاچەكانی‌ ژنەكەشی‌ بەپێی‌ پێوانەی‌ گونییەكان و عەلاگە رەشەكان بێت و جێیان ببێتەوە، سەری بەجیا لێكردوەتەوەو (42سم)ی‌ لەقاچەكانی‌ لەئەژنۆوە بۆ خوارەوەو (20سم)ی‌ لەهەردوو قۆڵی‌ بڕیوەتەوەو جەستەكەی كردووە بە شەش پارچەی جیاوازەوەو لە دوو جێگادا فرێی داوە.
رائید جەزا محەمەد بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل)، ئەوەی خستەڕوو كە دوای ئەوەی ئەو هەواڵەیان پێگەشتووە لەگەڵ تۆمەتبارەكەدا رووداوەكەیان پێ دووبارە كردوەتەوە، لەگەڵ تیمێكی‌ تایبەتی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ بەڵگەی‌ تاوان چوونەتە نزیك (معەسكەر سەلام) لەشیوێكدا لاشەكەی‌ و قاچەكانیان دۆزیوەتەوەو پاشان چوون بۆ سەر رێگای‌ قەراغ لەشیوێكی‌ پێش چەمی‌ تانجەرۆ لەوێش كەللەسەر و دەستەكانیان دۆزیوەتەوەو بەوەتەی ئەو رائیدە بەشێك لەدەستی ئەو ژنە نەدۆزراوەتەوەو پێدەچێت سەگ خواردبێتی، چونكە ماوەی نزیكەی 12 رۆژ بەسەر رووداوەكەدا تێپەر بووبوو.
ئەو ژنە كوژراوە لەبنەڕەتدا خەڵكی ناوچەی سەیدسادقەو پەیامنێری سڤیل پەیوەندیكرد بەخزمە نزیكەكانی ئەو ژنە كوژراوەوە، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن، بەڵام یەكێك لەحزمەكانی ئەو ژنە كە ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، ئەوەی خستەڕوو كە لەرێگەی بەرێوەبەری بنكەی‌ پۆلیسی‌ تاسڵوجە نیوەڕۆی رۆژی 5 شەممە لەرووداوەكە ئاگادار كراونەتەوەو بە رووداوەكەیان نەزانیوە، بۆیە تا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە تەرمی ئەو ژنە لەپزیشكی دادوەری وەرنەگیراوەتەوەو هیچ كەسێكیش سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو تۆمەتبارە نییە.
سەرچاوەیەكی ئاگاداری پۆلیس سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشكرابوونی رووداوەكە ئەوەی خستەڕوو، پاش ئەنجامدانی تاوانەكەو شاردنەوەی تەرمەكەی ئەو پیاوە هەستاوە بە فرۆشتنی ماڵەكەی و كەلوپەلەكانی و بۆ كەمكردنەوەی ئێش و ئازارە دەروونیەكەی رووی لەناوچەی دهۆك و زاخۆ كردووەو ماوەی نزیكەی 12 رۆژ لەوێ بووە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی براكەی و رووداوەكەی بۆ باسكردووەو براكەشی داوای ئەوەی لێكردوەو كە خۆی رادەستی پۆلیس بكات.
بەوتەی هەمان سەرچاوە ئەو تۆمەتبارە زۆر بەورە بەرزییەوە هاتوەتە بنكەكەو لەكاتی‌ دانپێدانانەكەیدا هۆكاری‌ تاوانەكەی‌ بۆ كێشەی‌ خێزانی‌ و كۆمەڵایەتی‌ گێڕاوەتەوە و جەختی‌ لەوەشكردۆتەوە كە پەشیمان نییە لەو رووداوەو ئەوەی دووپاتكردوەتەوە كە ئەگەر جارێكی تریش زیندوو ببێتەوە، ئەوا ئامادەیە جارێكی تریش بیكوژێتەوە. یەكێك لە پۆلیسەكانی ئەو بنكەیە ئەوەی خستەڕوو تەنها داواكاری ئەو پیاوە ئەوە بووە كە بە منداڵەكانی نەڵێن باوكتان دایكتی كوشتوەو سەری بڕیوە.
رائید جەزا محەمەد بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە، ئەوەشی خستەڕوو كە هێشتا منداڵەكانی ئەو ژن و پیاوە بەرووداوەكەیان نەزانیوەو ئەوەیان پێڕاگەیاندوون كە بەهۆی شكاتێكی دایكیانەوە باوكیان لەسجندایەو هەر چوار منداڵەكە ئێستا لای براكانی پیاوەكەن لەشاری سلێمانی، گوتیشی "هێشتا بەتەواوەتی بۆمان روون نەبوەتەوە ئەو تاوانە بەیەكەس كراوە یان هاوكاری هەبووە".
بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە، ئەوەشی گوت "بەپێی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، تۆمەتبارەكە بە مادەی‌ 406 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ لەزیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانیدایەو دۆسێكەی‌ لای‌ دادوەری‌ لێكۆڵینەوەیەو لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە بەردەوامە". یەكێك لەدراوسێكانی ماڵی ئەو ژن و پیاوە ئەوەی خستەڕوو كە ئەو ژن و پیاوە كێشەیان زۆر بووەو بەردەوام شەڕ و دەمەقاڵەیان بووەو ژنەكەش چەند جارێك لای دراوسێكانیان سكاڵای لەسەر خراپی رەفتاری پیاوەكە خستوەتەڕوو. ئەو دراوسێیەیان گوتیشی "بەپێی زانیاریەكانی ئێمە پیاوەكە زۆر لەژنەكەی دەداو بەردەوام گلەیی لێی هەبووە، بەهۆی ئەوەی پیاوەكەشی خانەنشین بووەو كەمئەندام بووە بەردەوام لەماڵەوە بووە زۆر بە كەمی چوەتە دەرەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com