ئامارەكانی توندوتیژی دژ بەژنـــــــــــــــــــان لەگەرمیــــان لە هەڵكشــانە  

 

 

سڤیل: بیلال سەعید


بەسەیركردنێكی ئامارەكانی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2010 و شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2011 بەئاشكرا ئەوە دەردەكەوێت، توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەسنوری گەرمیان روو لەزیادبوونە، هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژ بەتوندوتیژی لەگەرمیان هەیە، بەڵام تائێستا شەلتەرێك لەسنوری گەرمیان بوونی نیە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكەش داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، كە چەند ئۆتۆمبیلێك بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەیان دابین بكات.
سنوری ئیدارەی گەرمیان پێكهاتووە لەهەریەك لەشارەكانی كەلار و كفری و چەمچەماڵ و بەپێی ئامارەكان رێژەی دانیشتوانی ئەو 3 شارە زیاد لە 400 هەزار كەسە، ناوەندی ئیدارەكەش شاری كەلارە كە ئێستا رێژەی دانیشتوانی لەسەروو 196 هەزار كەسە.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتییەكە لەماوەی 10 مانگی رابردوو روویداوە، كە تێدا هاتووە 4 حاڵەتی كوشتن و 6 حاڵەتی خۆكوشتن و 1 خنكان و 20 سوتان و 1 خۆسوتاندن و 90 لێدانی خێزانی و 85 هەڕەشەی ماڵ و 13 حاڵەتی بێزاركردن لەڕێگەی مۆبایلەوە، 10 حاڵەتی زەوتكردنی منداڵ و 6 حالەتی هەوڵی خۆكوشتن.
كۆی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی بەشێوەی (خۆخنكاندن، خۆكوشتن، كوشتنی بە ئەنقەست) مردوون، لەماوەی ساڵی 2009 لەسنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان (29)كەسە، هەروەها 188 حاڵەتی سوتان و 69 حاڵەتی توندوتیژی سێكسی و 815 سكاڵای جۆراوجۆر توماركراوە. بەڵام كۆی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی بەشێوەی (خۆكوشتن، كوشتن بەئەنقەست، كوشتن قەزاوقەدەر) لەماوەی ساڵی (2010) لەسنوری ئیدارەی گەرمیان (9) حاڵەت و سوتاون یان خۆیان سووتاندووە 37 حالەت و توندوتیژی سێكسی 2 حاڵەت و 282 سكاڵا تۆمار كراوە.
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گەرمیان لەشەش مانگی یەكەمی ساڵی (2010) 14 حالەتی خۆكوشتن و كوشتن و خۆسوتاندن و سكاڵای گشتی تۆماركراوە، بەڵام بەپێی ئاماری شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2011 رێژەكە بەرزبووەتەوە بۆ 184 حالەتی توندوتیژی روویداوە، بەپێی ئەو ئامارە رێژەكە لەساڵی 2010، رێژەكە 36 حالەت زیادیكردووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەگەرمیان لە15/1/2008 بەفەرمی كراوەتەوە، بینای بەڕێوەبەرایەتیەكە دەكەوێتە گەڕەكی شەهیدانی شاری كەلار كە بەیەكێك لەگەڕەكە گەورەكانی شاری كەلار ناسراوە، رائید عەدنان محەمەد میرزا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژە بەوەدەكات، بوونی بەڕێوەبەرایەتیەكە لەناو ماڵان كاریگەری نێگەتیڤی هەبووە، چونكە بەشێك لەو ئافرەتانەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە دەكەن بەئاسانی دەبینرێن. ئەمەش وا دەكات "بتوانین بڵێین جۆرێك لەتوندوتیژی".
لەدوایین سەردانی دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەڤەری گەرمیان، بەڕێوەبەری گشتی داواكاری كردنەوەی بینایەكی تازەی بۆ بەڕێوەبەرایتیەكەیان ئاراستەی سەرۆكی حكومەت كردووە، ئەویش رەزامەندی نواندوە. بەڕێوەبەری گشتی گوتی "ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندی دروستكردنی بینایەكی مۆدێرنی سێ نهۆمی داوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، شارەوانی گەرمیانیش زەوی پێویستی بۆ دابین كردووە".
یەكێك لەو كەموكوڕییانەی بەڕێوەبەرایەتییەكە لەئێستادا بەدەستیەوە دەناڵێنی، نەبوونی ئۆتۆمبێلی تایبەتە بۆ راییكردنی كاری رۆژانەی بەڕێوەبەرایەتیەكە. بەڕێوەبەری گشتی باس لەوە دەكات، "لەكاتێكدا قسە بۆ ئێوە دەكەم ئۆتۆمبێلەكەمان لەهەڵمەتێكە لەشاری خانەقین، بۆیە ئەگەر ئێستا دوو حالەتی لەناكاو رووبدات لەگەرمیان مەجبورین ئۆتۆمبێلی شەخسی بەكاربێنین، بۆیە داوام وایە لایەنی پەیوەندیدار چەند ئۆتۆمبیلێكمان بۆ دابین بكات".
بەپێی ئامارێك لەساڵی 2009 توانراوە (149) ئافرەتی هەڕەشەلێكراو لەشەلتەری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەژنان لەپارێزگای (سلێمانی) داڵدەبدرێن و لەكۆی ئەم ژمارەیە توانراوە (147) یان بگەڕێنرێنەوە ناو خێزان و كەسوكاریان و (2) شیان بەداڵدەدراوی تاكۆتایی ساڵی (2009) ماونەتەوە.
لەڕاپۆرتی ساڵی 2010ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتانە داوای باشتركردنی بارودۆخی شەلتەرەكانی پاراستنی ئافرەتان، لەڕێگەی پاراستنی لایەنی ئەمنی و دامەزراندنی ستافی راهێنراو و دروستكردنی بینای گونجاو بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە شەڵتەرێك لەسنوری گەرمیان بوونی نییە. عەدنان ئەوەشی گوت "گەورەترین كێشەیە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیەكەمان چونكە سەرجەمی ئەو ئافرەتانەی كە هەڕەشەیان لەسەرە، پێویستە رەوانەی سلێمانی بكەین، لەكاتێكدا ئەمە كارێكی قورسە، چەند جارێك نوسراومان كردووە، چونكە كاتی واهەیە حاڵەتەكە پێویست دەكات، شەو ئافرەتەكە بگوێزرێتەوە بۆ شاری سلێمانی".
بەپێی پلانی‌ ستراتیژی‌ بەرێوەبەرایەتییەكانی‌ بەدواداچوونی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ئافرەتان لەهەرێمی‌ كوردستان بۆ ساڵی‌ 2011- 2014، وابڕیارە تاساڵی 2014، (15) نووسینگەی دیكە بكرێتەوە، بەڵام تائێستا لەسنوری گەرمیان تەنیا یەك بەڕێوەبەرایەتی و نوسینگەیەك لەشاری چەمچەماڵ هەیە، لەهەریەك لەشارەكانی كفری و خانەقین تائێستا نووسینگە نییە. بەڕێوەبەری گشتی ئاماژە بەوە دەكات "بڕیار وایە نووسینگە بۆ هەریەك لەشاری كفری و خانەقین بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر پێداویستی و كادیری تەواوی بۆ دابین نەكرێت، نەكرێتەوە باشترە".
سەبارەت بەجۆری ئەو توندوتیژیانەی كە لەگەرمیان رێژەیان زۆرە، بەڕێوەبەری گشتی گوتی "رێژەی هەڕەشەو لێدان لەناو خێزان زیادە، حاڵەتەكانی بەزۆر بەشوودان و بێزاركردنی مۆبایلیش هەیە".
هەرچەندە زۆر لەچالاكوانان و رۆژنامەنووسان و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لەسنوری گەرمیان ئاماژە بەوەدەكەن كە رێكخراوەكانی ئافرەتان لەسنوری گەرمیان چالاكیەكانیان زۆر كەمیكردووە، بەڵام بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی دژ بەتوندوتیژی لەگەرمیان رای پێچەوانەی هەیەو باس لەوە دەكات لەگەڵ ڕێكخراوەكانی ئافرەتان هەماهەنگی تەواویان هەیە".
لەبەشێك لەپلانی ستراتیژی بەڕێوەبەرایتییەكانی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ئافرەتان كە بە هاوكاری رێكخراوی یوئین دی پی كاری لەسەر دەكرێت، ئاماژە بەوە كراوە كە لەماوەی پلانەكەدا 1224 سیمینار ئەنجام دەدرێت، كە هەر مانگێك 3 سیمینار لەگەرمیان ئەنجام دەدرێت، كە تێچووی هەر سیمینارێك 100 دۆلار دەبێت، هەروەها ساڵانە 12 ۆرك شۆپ ئەنجام دەدرێت كە 2دانەیان لەگەرمیان دەبێت.
بەڕێوەبەرەكەی گەرمیان باس لەوە دەكات، لەكاتی دانانی پلانەكە پرس و ڕاوێژیان پێ كراوە و بەشێوەیەكی باش پلانەكە داڕێژراوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com