|
سڤیل:
دكتۆر سەپان
نازە سەپان لە 21-12-1999 لەشاری ستۆكهۆڵم
لەدایك بووە، كە دەكاتە هەمان رۆژ و مانگ، من
و دایكی چەند ساڵ پێشتر لەیەك لەمەمەرەكانی
بەشی ناوخۆ لەشاری سانكت-پیتربورگ ئاهەنگی
هاوسەرگیریمان گێڕا. لەدایكبوونی نازە لەم
رۆژە، ئاهەنگی بووك گواستنەوەی ئێمەی زۆر
گەورەتر و دەوڵەمەندتر كرد. ئەم یاد و ئاهەنگە
خۆشە بەزۆر جۆر دەكەینەوەو زۆربەی جاریش
منداڵەكانمان خۆیان شێوە و جۆری یادكردنەوەكان
هەڵدەبژێن.
من لەهەولێر و لەماڵەوە دانیشتووم و خەریكی
نووسینم، زەنگی مۆبایلەكەم لێیدا:
- نازە دەیەوێ ئاهەنگی جەژنی لەدایكبوونی ئەم
ساڵی زۆر گەورە بێت. لیزا بەتەلەفۆن پێم دەڵێت
لەهەمان كات بۆ بڕیاردان و جێبەجێكردن دەیەوێ
رای منیش وەربگرێ.
- باشە، ئەگەر ئەو ئاهەنگی گەورەی بوێت، ئێمەش
ئاهەنگی گەورەی بۆ ساز دەكەین. من وەڵامی
دەدەمەوە، بێئەوەی هیچ بیر بكەمەوە.
هەر لەم ئێوارەیەو لەپاش ئەم تەلەفۆنە، ناوی
هەموو ئەو میوانانەی بۆ ئەم ئاهەنگە بانگ
دەكرێن، دەنووسرێت و ژمارەیان بە گەورە و
بچووك دەگاتە نزیكەی 30 كەس.. روس پەندێكیان
هەیە دەڵێت (ئەگەر میوان شوێنی لەدڵ ببێتەوە،
لەماڵیش دەبێتەوە). من غەمی شوێنم نەبوو،
لەگەڵ ئەوەش نازە و دایكی بەپێویستیان زانی،
ئەو هۆڵەی تایبەتە بەبۆنەكان بۆ شوقەكانی
ئێمە، كە نزیكەی 50 مەتر لەماڵمان دوورە بۆ
ئەم جەژنە وەریبگرن.
ئەو قوتابخانەی نازە لێی دەخوێنێ، تایبەتە بە
مۆسیقا و گۆرانی و گروپی ئەوانیش لەپۆلی شەشی
بنەڕەتی دیارە لەتەواوی ئەم قوتابخانە كۆن و
گەورەیەو لەناو1500 قوتابی، لەهەموویان
باشترە. باشتر دەكاتە دەنگخۆشی و رێكی و
ئاسانی كاركردن لەگەڵیان و نەبوونی گرفت
لەنێوان قوتابییەكان. بۆ تەواوی كۆنسێرتەكانی
كریسمێس و یادەكانی دیكەی مانگی دوازدە لەشاری
ستۆكهۆڵم، زیاتر ئەوان بانگ دەكران. تەنیا
لەبیست رۆژی یەكەمی ئەم مانگە یانزە كۆنسێرت
لەهۆڵ و كەنیسەی جیا جیا لەگەڵ دوو كۆنسێرتی
تایبەتی پیانۆ لێدان هەبووە. لەهەموو ئەوانەش،
دایكی دانیشتووەو بەشانازییەوە سەیری كچەكەی
لەسەر ئەم هەموو شانۆ بەناوبانگانەی سوید
كردووە. لەزۆربەی جارەكان ئەو گۆرانی لەگەڵ
كۆرس گوتووەو رووشیداوە، خۆی كۆپلەیەك مۆسیقای
بەپیانۆ لێداوە. نازە شەش ساڵە یەك لەباشترین
مامۆستای پیانۆی هەیەو هەفتەی یەك جار دەچێتە
لای و خۆی فێری پیانۆ دەكات. لەم شەش ساڵە،
زۆر فێر بووە، بۆیە دایكی بەر لەسێ ساڵ ویستی
پیانۆیەكی بۆ بكڕێ. لەڕێگای رێكلامێكی رۆژنامە
تەلەفۆن بۆ پیرەژنێك دەكات و ئەو پیانۆكەی بە
خۆرایی پێدەبەخشێ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو
پیرەژنە لەنهۆمی سەرەوەی شوقە دەژی،
گواستنەوەی پیانۆكە زۆر گرانتر بۆ لیزا
دەكەوت، پیرەژن ئەمە دەزانێ و بەڵێن دەدات،
پیانۆیەك لەنهۆمی یەك بۆ ئێمە پەیدا بكات و
دواتر بە تەلەفۆن ئاگاداری لیزا بكاتەوە.
هەمووی راست دەرچوو، پیرەژن، كەسێكی دۆزییەوە
پیانۆی خۆی ببەخشێ و لەنهۆمی یەكەمیش بژیت.
ئەوان پشتگیری پێشكەوتنی فەرهەنگ بەمشێوەیە
دەكەن. ئەوانەی پیانۆ لێدەدەن، لەهەموو كەس
زیاتر رێزی هونەر دەگرن و هەموو ئەوانەشیان
خۆش دەوێ، كەلەسەر ڕێگای ئەوان بەردەوامن،
بەتایبەتیش ئەگەر ئەو كەسە منداڵ بێت. پینا
پەیداكرا و تەنیا گواستنەوەی بۆ ماڵی ئێمە و
دانانی نزیكەی 200 دۆلاری تێ چوو.
هێنانی وەستا و چاككردنی نۆتەكانیش نزیكەی 150
دۆلار درا و ئێستا نازە بۆتە خاوەنی پیانۆی
تایبەتی خۆی. لەو رۆژەوە، بەردەوام لەماڵیش
پیانۆ لێدەدات و هانی نۆنیای خوشكیشی داوە،
ئارەزوو لەپیانۆ لێدان بكات، بۆیە ئەویش
مامۆستای بۆ گیراوەو هەفتەی جارێك بۆفێربوون
بۆلای ئەو دەچێت.
- ئەگەر نازە پێیخۆش بێت، ئاهەنگی گەورەی بۆ
ساز بكەین، پێویستە ئارەزووەكەی بهێنینە دی،
بەتایبەتیش ئەو جگە لەوەی لەقوتابخانە زۆرباش
دەخوێنێ، لەماڵەوەش زۆر یارمەتی دایكی دەدات،
بۆیە ئەوەی دەیەوێ، پێویستە بۆی بكرێ، ئەوەی
دەیەوێ پێویستە بۆی بكڕین.. ئەوەی سەرەوە
بیروڕای منە.. من بەتەلەفۆنیش پێی دەڵێم
خۆشترین ئاهەنگت بۆ ساز دەكەین. ئەو رازی
دەبێت و خۆشی لەبانگكردنی میوانان بەشدارە،
ئەگەر بشیەوێ برادەرانی خۆی بانگ بكات، ئێمە
دژ نین. لەراستیدا، منداڵەكانی ئێمە، برادەری
یەكترن. ئێمەی گەورەكان پێش ئەوەی ژن بهێنین
برادەر بووین و ئێستاش هەموومان منداڵی خۆمان
هەیە، منداڵەكانیشمان بوونەتە برادەری نزیكی
یەكتر.
رۆژەكانی ئاهەنگ نزیك دەبنەوە، دەبێ منیش
لەگەڵیان بم. ئەو بلیتەی من كڕیومە،
كۆمپانیاكە تووشی گرفت بووەو فرۆكە نەك تەنیا
لەكاتی خۆی نافڕێ، بەڵكو تا رۆژەكانی سەرەتای
مانگی كانونی دووش هەر نافڕێ، بۆیە ناچارم بە
تەكسی تا شاری دیاربەكر بچم و لەوێش بەفڕۆكە
لەسەرەتا بۆ ئیستانبۆل و دواتریش بۆ ستۆكهۆڵم
بفڕم. من كاتژمێر پێنجی بەیانی گەیشتمە
دیاربەكر و دەبینم لەبەر تەمومژ سەد مەتر
دوورتر چاو بڕناكات. فڕۆكە تا نیوەڕۆ نەفڕی و
تەمومژ بووە هۆی هەشت كاتژمێر دواكەوتنم.
ئەوانەی بۆ ئەم ئاهەنگەی نازێ دێن، جاری یەكەم
پێش سێ هەفتە ئاگادار كراونەتەوەو دوو رۆژ پێش
جارێكی دیكەش هەر هەموویان بەتەلەفۆن وەبیریان
هێندراوەتەوە. دەبێ خواردن بكڕین و لێی بنێین،
سەوزە بكڕین و سەلاتەی لێ دروست بكەین، ساردی
و كێكی تەمەنیش بكڕین و دروستی بكەین. من
بەبانگكردنی ئەم هەموو میوانانە هیچ مشەوەش
نەبووم، چونكە جاری یەكەم نییە ئێمە یەكتر
دەبینین لەلایەك و لەلایەكی دیكەش، ئەگەر لە
شەوەكە كەمێك كەموكورتی هەبێت، هیچ گرنگ نییەو
من بەگرفتی دانانێم.
دروستكردنی خواردنەكانم گرتە ئەستۆی خۆم. یەك
مەنجەڵی گەورە شلەی سووری تێكەڵاو بەمشێوەیە
ئامادەكرا: دوو مریشك لەئاوی خۆی كوڵا، سێ
قوتییە تەماتەی وردكراوی تێكرا، دوو سەلكە
پیاز وردكرا، یەك باینجانی گەورە، دوو كودی
گچكە لەگەڵ یەك لیمۆ، سێ گێزەر، بەهارات لەگەڵ
یەك مڵاكی چای شەكر و هەندێك خوێ و كەمێكیش
دۆشاوی تەماتە و روبە هەنار.. هتد هەمووی
نزیكەی 90 خولەك لەو مەنجەڵە گەورەیە كوڵا و
خۆشترین شلە دەرچوو بوو. مەنجەڵی دووەم زۆر
بچوكتر بوو و من سۆسی قیمەم بۆ سپاگێتی تێیدا
دروست كرد. رەچێتەی سۆسەكە بەمشێوەیەی
خوارەوەیە: یەك كیلۆ قیمە لەئاوی خۆی سەرەتا
كوڵا و دواتر سووربۆوە، دوو قوتی تەماتەی
وردكراوی تێكرا، یەك گێزەر و 250 گرام كوارگ،
یەك سەلكە پیازی وردكراو، یەك مڵاك روبە
هەنار، نیو لیمۆ بەپەلكەوە، یەك مڵاكە دۆشاوی
تەماتە، یەك مڵاك سۆیە لەگەڵ كەمێك كەرەوز و
بەهارات.. هەمووی نزیكەی یەك كاتژمێر كوڵا و
بۆ خواردن ئامادە بوو. ئەوە هەموو خواردنەكان
نەبوو، من یەك مریشك و سێ كیلۆ باڵی مریشكم،
رۆژێك زووتر بەمشێوەیە ئامادە كردبوو: باڵەكان
پێشتر بەشی كۆتاییان لێكرابۆوەو من جارێكی
دیكەش كردمنە دوو بەش، سێ سەلكە پیازم بۆی ورد
كرد، 200 گرام كوارگ ورد كرا، كەمێك كەرەوز
ورد كرا، چوار گێزەر ورد كران.. هەموویان
لەناو یەك مەنجەڵی گەورە خوێی لێدرا، بەهاراتی
پێوە كرا لەناو تەلاجە داندرا و بۆ بەیانی بۆ
ناو فرن ئامادە كرا. لەو كاتەی خەریكی لێنانی
شلەكان بووم، باڵەكان لەناو فڕن سەرەتا
بەداپۆشراوی بۆ ماوەی نزیكەی 90 خولەك كوڵان و
دواتریش بۆماوەی نیو كاتژمێر بۆ سووربوونەوە
لەناو چەلاوی خۆی مانەوە. ئێمە فێر نەبووین
تەنیا شلە بەنان بخۆین، بۆیە یەك مەنجەڵ برنج
و لەویش كەمتر ساواری سورم لێنا و هەموویم بۆ
هۆڵی ئاهەنگ رەوانە كرد. پێش ئەوەی خۆم بچم،
خواردنەكان لەگەڵ هەندێك لەمیوانەكان لەوێ
ئامادە بوون. روسەكان بەسەلاتەی خۆش
بەناوبانگن، بۆیە خوشكی لیزا بەمكارە هەڵسا و
جگە لەدروستكردنی سەلاتە، سێ جۆر كێكی
تەمەنیشی بۆ نازە دروست كرد.
هەموو میوانەكان پێیان گوترابوو، كاتژمێر چوار
ئامادەبن، بۆ ئەو كات هۆڵ رازاندرابۆوە، منداڵ
بەختەوەر و دایك و باوكیش لەگەڵ یەكتر قسەیان
دەكرد. ئێمە بۆمان هەبوو، تا كاتژمێر 24 لەوێ
بمێنینەوەو هەرواشمان كرد. خواردن و خواردنەوە
دەستی پێكرد، مۆسیقای خۆش دەنگی لەدوورەوە
دەهات، منداڵەكان سەمایان دەكرد.. منیش
بەهێواشی خۆم خزاندە ناو سەماو سەیرم كرد،
ئەوانەی سەما دەكەن، ژمارەیان زۆر لەوانەی
دانیشتوون زیاترە...
نازە لەشەش ساڵی رابردوو كۆمەڵێك كۆرسی جیا
جیای سەمای بینیوەو زۆر لەوانیشی لەو شەوەی
خۆی تاقیكردەوە. من دەنگی لیزا دەبیستم تكا
دەكات، هەموو منداڵەكان بێنە پێش و خۆیان
بەسەر دوو گروپ دابەش بكەن، گەمەیەك دەكرێ و
بزانین كامە گروپ دەباتەوە.. گەمەكە ئاسانە و
بەمشێوەیەی خوارەوەیە: یەك تەماتەی گەورە
لەسەر مڵاكێكی شیو دادەندرێ و منداڵەكە بەدەم
دەیگرێ و بەخێرا دێتە لای لیزا و دواتر بۆ
شوێنی خۆی دەگەڕێتەوەو مڵاكەكە بەتەماتەوە
بەیەكێكی دیكە دەدات، بەمشێوەیە لەیەكتر
وەریدەگرن و گەمە تا بەربوونەوەی تەماتە
بەردەوام دەبێت و ئەمجارە گەمەیەكی دیكە
بەجۆرێكی دیكە دەست پێدەكات. نزیكەی 30 خولەك
منداڵەكان یاریان كردو ئاگاداركرانەوە، كاتی
كێك خواردن هاتووە. كێك خواردن بۆ منداڵەكان
خۆشترین بڕگەی ئاهەنگ بوو. نازە دوازدە مۆم
لەسەر سێ كێكی تەمەن دەكوژێنتەوە، چەپڵە
لێدەدرێ و گۆرانی جەژنی لەدایكبوون بەزمانی
سوێدی دەگوترێ و كێكخواردن بۆ گەورە و گچەكە
دەستی پێكرد.
من سەیری كاتژمێر دەكەم و دەبینم نزیكەی شەش
كاتژمێر بەیەكەوە دانیشتووین و كاتی كردنەوەی
دیارییەكانیش هاتووە. هەموو میوانەكان
دیارییان بۆ نازە هێنابوو. یەك لەدوای یەك
دیارییەكان دەكرێنەوەو هەموو جارەكانیش
لەخۆشییان خەریكە دەفڕێ و لەگەڵ ئەویش،
منداڵەكان پێدەكەنن، بەڵام ئێرەیی پێنابەن.
لەئاهەنگی جەژنی لەدایكبوونی منداڵان، لەوڵاتی
سوید بەتایبەتیش بەم دواییە، خەڵك زیاتر پارە
دەخاتە ناو زەرفێك و بە خاوەن ئاهەنگ یانی
منداڵەكە دەبەخشێ. ئەمە بیرۆكەیەكی زۆر باشە،
چونكە منداڵەكانی سوید بەشێوەیەكی گشتی جگە
لەوەی لەهیچیان كەم نییە، زۆریش بەناز
پەروەردە دەكرێن. ئەوان بە هەموو جلێك رازی
نین، بە هەموو یاریێك رازی نین، بەهەموو
دیاریێكیش رازی نین، بۆیە زۆربەی جارەكان
پرسیان پێدەكرێ، ئاخۆ ئارەزوویان لە چ
دیاریێكە، تاوەكو لەو ئاهەنگ پێی ببەخشن،
بەڵام ئاسانترینیان وەك لەسەرەوە گوتمان پارە
خستنە ناو زەرف و بەخشینە پێی. ئەو ئاهەنگانەی
من تێیدا بەشداریم كردووە، لە سی دۆلار
بەسەرەوە بەخشراوەو هەیە سەد دۆلاریش دەدات.
نازە لە من و دایكی داوای یەك تەلەفۆنی HTC ی
كردو بۆ بەختی ئێمەش لەوكات كەمێك هەرزان بوو
بوو، بۆیە بە 450 دۆلار بۆیمان كڕی.
ئێستا نان خوراوە، كێك خوراوە، سەلاتە خوراوەو
هێشتاش شەوی نازە زۆری بەبەر وەماوەو سەماش
هەر بەردەوامە. گۆرانی لەدوای یەكتر دەڕۆن و
سەما گەرمتر و خۆشتر دەبێت.. من لەگەڵ نازە
كەمێك سەمام كردو لێی دەپرسم:
- لەم ئاهەنگە رازیت؟
- بەڵێ، زۆر رازیم.. سوپاس.. سەیری چاوم دەكات
و من ئەو وشانەی پێشەوە جگە لەوەی بەدەنگ
دەبیستم، لەلێویشی دەخوێنمەوە و سەماش
بەردەوامە..
هەندێك لەمیوانەكان دەڕۆن، دواتر ئەوانەی
دیكەش لەدوای ئەوان.. كات بۆتە نزیك 24.00 و
چاودەكەمەوە، تەنیا خۆمان ماوین. كەمێك
كەلوپەلەكانی ناو هۆڵەكە كۆدەكەینەوە، ئەوەی
دیكە بۆ بەیانی جێدەهێڵین. هەموومان زۆر رازین
و جارێكی دیكەش نازە ماچ دەكەین و پیرۆزبایی
ئەو ئاهەنگەی لێدەكەین.
ئێمە جاری یەكەمە، بەمشێوەیە ئەم یادەمان
كردەوە. جارێكیان هۆڵی بۆڤلینگمان بۆ ماوەی سێ
كاتژمێر بۆ 15 منداڵ گرت و هەر لەوێش
خواردنیان پێ داین. جارێكی دیكە، نازە لەگەڵ
برادەرەكانی بۆ چێشتخانەی مەكدۆنالدس چوون و
لەوێ مێزیان بۆ رازاوە.. بەڵام زۆربەی جارەكان
برادەرەكانی بۆ ماڵەوە هاتوون، خواردن و كێك و
ساردی و شیرناتیان پێدراوە. هەموو جارەكانیش
لەیاد و دیارییەكان رازیبووەو بەردەوامیش دوو
ئاهەنگی بۆ ساز دراوە، یەكیان كێك خواردن
لەقوتابخانە لەگەڵ مامۆستا و قوتابییەكان و
جاری دووەمیش لەگەڵ ئێمە و برادەرە
نزیكەكانمان.. ئاهەنگی جەژنی لەدایكبوونی نازە
تەواو بوو، خۆمان بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ ئامادە
دەكەین و دواتریش 7ی كانونی دوو جەژنی
لەدایكبوونی لیزایەو سێ رۆژ دواتر جەژنی
لەدایكبوونی منە. لەوەتەی لیزام ناسیوە،
هەوڵمداوە ئاهەنگی لیزا بكەین و ئاهەنگی خۆشم
پشتگوێ بخەم، لەگەڵ ئەمەش زۆربەی جار بەیەكەوە
هەردووكمان لەیەك رۆژ ئاهەنگمان گێڕاوەو
باشترین دیاریشمان بۆیەكتر كڕیوە.
|